رێککەوتنی نەوشێروان لەگەڵ یەکێتی یان لەگەڵ هێرۆ؟

Tuesday, 03/05/2016, 6:01

10565 بینراوە



گۆڕان و یەکێتی لە سەر بیناغەی هەمان رێککەوتنی دەباشان کە لە نێوان تاڵەبانی و نەوشێروان مستەفا ئەمین دا واژوو کرابوو دووبارە رێکدەکەون، ئەم ناونیشانە کە  لە لایەن میدیاکاندا بۆتە سەرەدێری بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵە نیوەی ڕاستییەکە کە نیوەکەی تری ڕاستی پێ داپۆشراوە! ڕاستی ئەو رێککەوتنە لە نێوان یەکێتی و گۆران دا نییە، بەڵکو رێککەوتن لە نێوان "باڵی هێرۆ"ی نێو یەکێتی لەگەڵ نەوشێروان مستەفا ئەمین'ە.

بە درێژایی مێژووی تەمەنی رێکخراوەیی یەکێتی ئەزمون سەلماندویەتی هەر رێککەوتنێک کە لە نێوان جەمسەری کوتلەکانی نێو یەکێتی و تاڵەبانیدا ئەنجام درابێت لە بەرژەوەندیی حزبەکە نەبووە ئەوەندەی لە بەرژەوەندیی و گرتنە  دەستی دەسەڵات بووە لەلایەن سەرکردەکان. ئیمرۆ بەرژەوەندیی هێرۆ و نەوشێروان خوازیارە کە رێکبکەون بەڵام مەرچ نییە ئەو رێککەوتنە لە بەرژەوەندیی و یەکریزی یەکێتی بێت یان لە بەرژەوەندیی یەک ریزی نەتەوەیی کورددا بێت. بۆچی؟

رێککەوتنی نەوشێروان لەگەڵ باڵی هێرۆی نێو یەکێتی دەبێتە هۆکاری ئەوەی باڵەکانی تری یەکێتی بە سەرکردە و لایەنگرانی دژ بەو رێککەوتنە بوەستن. یەکێتی زیاتر بەرەو لێکترازان بڕوا. سەرکردەی باڵەکانی تری نێو یەکێتی تەنیا دەروازەیەکیان هەبێت بۆ مانەوەی خۆیان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە پارتی لە ئێستا زیاتر نزیک ببنەوە، وەک چۆن تاڵەبانی لەو پارتە زیاتر نزیک بوەوە لە سەرەتایی نەوەتەکان، دوای روخانی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣ دا و مۆڕ کردنی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان بنەماڵەی بارزانی  و خێزانی تاڵەبانی. ئەنجامی  ئەم رێککەوتنانە سەلماندویانە کە هیچ یەک لە رێککەوتنەکان نە لە بەرژەوەندیی یەكێتی بوون وە نە لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی کورددا بوون. ئەو رێککەوتنانە تەنیا بە قازانجی زیاتری بەرژەوەندیی کەسە دەسترۆیشتوەکانی نێو هەر دوو پارت بووە. 

میراتگری سیاسیی تاڵەبانی وەک بنەماڵەی بارزانی ئاسا دەستەڵاتدارێکی نا خۆشەویست و نەویستە چ لە سەر ئاستی یەکێتی وە چ لەسەر ئاستی جەماوەردا.  نەوشێروان بیەوێت یان نەیەوێت نزیک بوونەوەی  لە هێرۆ دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە کەسایەتی خۆی دەهێنێتە یەک تای تەرازوو لەگەڵ کەساییەتیەکی لەو جۆرەدا. لە لایەکی تر ئەو نزیک بوونەوەیە لەو جۆرە کەسایەتییە دەبێتە هۆکاری ئەوەی نەوشێروان  زیاتر جەماوەر لە دەست بدات وەک چۆن لە دەستی دا کاتێک لە کۆتاییەکانی هەشتاکان کۆمەڵەی لە نێو یەکێتی تواندەوە. لە سەرەتای نەوەتەکان وازیهێنا چوو بۆ دەرەوەی وڵات.  دواتریش لە ساڵی ٢٠٠٩دا هەموو دەنگە ناڕەزاییەکانی نێو کۆمەڵگایی کوردیی و نێو یەکێتی نیشتمانی وەک ئیسفەنجێک هەڵمژی و بزوتنەوەی گٶڕانی لێ پێکهێنا، لە ساڵی ٢٠١٣دا ئەو بزوتنەوەیەی خزاندە نێو دەسەڵاتی حکومەتی بنەکە فرەوان کە بوو بەهۆی زیاتر بەهێز کردنی دەسەڵاتی بنەماڵەو خێزان لە هەر دوو شاری هەولێر و سلێمانی دا. 

یەکێتی حزبێکە لە چەند باڵ و کوتلەی جیاجیا پێکهاتوە، ناکۆکی ئەو کوتلە و باڵانە رەگێکی مێژووی هەیە لە نێو ژیانی ئەو رێکخراوە سیاسییەدا. ئەم دیاردەیە هەر لە کۆنەوە شاراوە نەبووە بۆ  رێکخستنەکانی یەکێتی، لایەنەگر و دۆستی ئەو حزبە تا دەگات بە نێو جەماوەر و پارتەکانی تر کە لە مەیدانەکەدا لە ڕکابەرن لەگەڵ هەر دوو لادا.
ناکۆکییکانی نێو سەرکردەکانی یەکێتی زۆر جار گەیشتۆتە لوتەکە بەڵام بە  چۆڵکردنی مەیدانەکە لە لایەن هەندێکیان بۆ ئەوی تر بە تایبەتی بۆ تاڵەبانی گەیشتونەتە رێککەوتن کە ئەو رێککەوتنانە ئەوەندەی لە بەرژەوەندیی تاڵەبانی و سەرکردەکانی تری نێو یەکێتی  بووە ئەوەندە لە بەرژەوەندیی یەک ریزی یەکێتی نەبووە. بۆ ئەو جۆڕە رێککەوتنانەش دوو ئامرازی سەڕەکی بەکارهاتوە

یەکەم، "پارە" کارێگەرترین ئامراز بووە کە سەرکردەکانی یەکێتیی ئەگەر بە شێوەیەکی کاتیش بووبێت لە نێوان خۆیاندا رێککەوتون بەرامبەر بە پارە وەرگرتن. مەسەلەی سەرچاوەی ئابووریی و دەرامەتی یەکێتی هەر لە زەمانی شاخەوە لە ژێر کۆنتڕۆڵی تاڵەبانی بووە، یەکێک بووە لە گرفتە سەڕەکییەکان لە قۆناغی شاخ و شاردا، گەلێک دام و دەزگای مالییە دامەزراوە و یەکێک تەنیا وەکو هێمایەک کراوە بە لێپرسراو بەڵام ڕاستییەکەی ئەوە بووە کە کەسەکان و دەزگایەکان تەنیا دیکۆر بوونە. دەرامەت و پارەی یەکێتی لە دەرەوەی وڵاتدا لە ساڵی هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە لە ژێر کۆنتڕۆڵی شانازی خوشکی هیرۆی خێزانی تاڵەبانی بوو.  ئەو دیاردەیە ببوو بە جێگەی ناڕەزایی سەرکردەکانی باڵەکانی تری نێو یەکێتی بە تایبەتی ئەو باڵانەی کە دژ بە تاڵەبانی بوون بە گوێرەی قۆناغەکانی دژایەتی کردن و باڵباڵێنێ و بازدانی سەرکردەکان لە باڵێکەوە بۆ باڵێکی تر.  

سەڕۆکی باڵەکانی نێو یەکێتی هەموو کاتێک گلەیی و گازاندەیان هەبوو لەوەی کە ئاگادار نیین لە باری ئابووریی حزبەکەیان، هەموو پارە و دەرامەت لە ژێر دەستی تاڵەبانی و هێرۆی خێزانی بوو، ئەم گلەییە  ڕاستە و لە جێگەی خۆیدا بوو بەڵام لە پاڵ ئەوەش ڕاستییەکی تریش هەیە کە ئەو سەرکردانە خۆیانی لێ دەدزنەوە و باسی ناکەن ئەویش ئەوەیە کە ئایا  خۆیان ژێر بە ژێر تاڵەبانی چەندێکی لە خەزێنەی یەکێتی دەرهێناوە و داویەتی بەوان؟ بە درێژایی مێژووی ژیانی یەکێتی لە هەر دوو قۆناغی شار و شاخدا!؟ بە دڵنیایەوە هیچ سەرکردیەکی یەکێتی نیشتنمانی نییە  بە وانەی کە وازیشیان هێناوە پارەیان وەرنەگرتبێت لە تاڵەبانی!

ئەزمون سەلەماندویەتی کە رێککەوتنی نێوان سەرکردەی جەمسەرەکانی نێو  باڵەکانی یەکێتی و رێککەوتنیان لەگەڵ تاڵەبانی و دوورکەوتنەوە، بێدەنگ بوونیان و سەفەرکردنیان  نرخەکەی" پارە" بووە،  فەرەیدون عەبدولقادر لە چاوپێکەوتنێکدا کە لە کەناڵی رووداودا پەخش کرا لە بەرنامەی "پەنجە مۆڕدا" گوتی " دوای ئەوەی وازم لە یەکێتی هێنا مام جەلال یارمەتی دام سەرماییەکەم کەوتە دەست و دەستم کرد بە بازرگانی کردن".  کەس نازانێ ئەو سەرماییە چەند بووە؟ چەند جاری تر ئەو بەرێزە پارەی وەرگرتووە لە تاڵەبانی لە بەرامبەر رێککەوتن بۆ وازهێنان و دوورکەوتنەوە لە کاری سیاسیی لە نێو یەکێتی دا؟

کاتێک گرژییەکانی نێوان تالەبانی و نەوشێروان گەیشت بە لوتەکە تاڵەبانی لە میدیاکاندا گوتی لە سەرەتایی نەوەتەکاندا ٢٠٠٠٠٠ هەزار دۆلاری بەخشێوە بە نەوشێروان بۆ ئەوەی بڕوا یەکێتی بەجێبهێلێت، دواتریش نەوشێروان وازیهێنا ١٠میلیۆن دۆلاری تری لە تاڵەبانی وەرگرت و یەکێتی بەجێهێشت بۆ ماڵی تاڵەبانی و هێرۆ.  ئەو رێکەوتنانە مێژوویەکی دووری بەسەردا تێنەپەڕیوە، هەموو لایەک دەرکی پێ دەکات کە ئەو رێکەوتنانە تەنیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی و گیرفان پڕ کردن ئەنجمادراوە نەک بۆ بەرژەوەندیی و یەکریزی نێو یەکێتی و نەتەوەیی کورد. دەرئەنجامی ئەو رێککوتنانە دەریخست کە یەکێتی چەندێک زەرەرمەند بوو، وە چەندێک کاردانەوەی خراپی هەبوو لەسەر یەک ریزی ئەو رێکخراوە سیاسییە و بچوک بوونەوەی و بە گەندەڵ بوونی.

دووەم، فشاری دەرەکیی، رێککەوتنەکانی نێوان سەرکردەکانی یەکێتی  لە ژێر فشاری هێزی دەرکی بووە وەکو فشاری دەستەڵاتدارانی ئێران.  ئەو رێککەوتنانە ئەگەر پروپاگەندەی بۆ کرابێت کە یەک ریزی نەتەوەیی و نیشتمانیی کوردستان دەپارێزێت یان یەکێتی بە یەک ریزی دەهێلێتەوە، ئەزمون پێچەوانەی ئەو پروپاگەندانەی سەلماندوە هۆکاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە کاتێک ئێران هەر لایەنێک یان هەر باڵێک لە یەکتر نزیک دەکاتەوە لەسەر بیناغەی پاراستنی بەرژوەندییەکانی خۆیەتی نەک بەرژوەندیی و یەک ریزی یەکێتی و نەتەوەیی کورد، وە کاتێک سەرکردەکانی یەکێتی بەو رێککەوتنانە رازی بوونە ئەوا تەنیا ویستویانە لە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتدارنی ئیران بمێنن بۆ پارێزگاری کردن لە بەرژەوەندیی مانەوە و گیرفان پڕ کردن. 

لە دەرئەنجامدا ئاییندە دەریدەخات کە رێککەوتنی ئەوجارەی نێوان هێرۆ و نەوشێروان لەسەر چ بنەمایەکدا بووە؟  چ گۆبەندێک و نەهامەتیەک دەنێتەوە بۆ یەکێتی، گٶڕان و نەتەوەیی کورد هەر وەک  چۆن لە رابردوودا  رێککەوتنی ئەو سەرکردانە لە نێوان خۆیان و رێککەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی بۆ میللەتەکەمان و دۆزی کورد تەنیا نەهامەتی و ماڵوێرانی بووە!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە