پــیــاوێـک لــە پــەڕەی گــوڵ

Monday, 16/05/2016, 11:14

2924 بینراوە


لە هەر وڵاتێکدا دەسەڵاتی دیوانی چاودێری دارایی هاوتا و هاوسەنگی دەسەڵاتەکانی یاسا دانان و جێبەجێکردن نەبێت و لە بڕیارە سیاسی و ئابورییەکاندا هەمان هێز و قورسایی ئەوانی نەبێت ، ئەوا دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە تەنها سەرۆکێکدا کۆدەبێتەوە ،  ئەو سەرۆکەش دەبێتە کەسێکی تاکڕەوی  خۆسەپێنەری خۆپەرست و بە تەواوی یاسا فەرامۆش دەکات و بەرژەوەندی تایبەت دەخاتە سەرووی بەرژەوەندی گشتییەوە و  لە ئەنجامدا دەرگای گەندەڵی واڵادەبێت و تاڵانی و بەفیڕۆدانی سەروەت و سامانی گشتی پەرەدەسێنێت و وڵات ڕووبەڕووی وەیشومە و قەیران و قاتوقڕی و برسێتی و مەترسی گەورە دەبێتەوە و هیچ  مانایەکیش  بۆ مافی گشتی و  ئازادی و دیموکراتی نامێنێتەوە .  بێگومان حکومەتی هەرێم لە ڕۆژی دروستبوونییەوە دەکەوێتە خانەی حکومەتە خۆسەپێنەرە تاکڕەوەکانەوە .  نە بەتەنگ ماڵ و موڵکی گشتییەوەیە و نە ڕێز لە یاسا و دەستاودەستی دەسەڵات  دەگرێت و نە بەهای مەینەتی و مێژووی  خوێناوی میللەتەکەی خۆشی دەزانێت ، ئەوەندەش بێ باکە  لە قسەی خۆی زیاتر ، گویێ لە قسەی کەس ناگرێت ...  دیارە لە ژێر سایەی دەسەڵاتێکی خراپی لەمجۆرەدا چاکسازیی و بەرگریکردن لە گەندەڵی کارێکی ئێجگار  ئەستەم و گرانە  .  بەڵام لە هەموو سەردەمێکدا و لە ناو هەموو میللەتێکدا ، کەسانی  ئازا و بوێر و پیاوی پیاوانەی دڵسۆزی  وا هەبووە  لە پێناوی خزمەتکردنی نیشتمان و بەرژەوەندی گشتی و سەروەت و سامانی میللەتدا ئامادەبوون  سەری خۆیان دابنێن  و بە کژ گەندەڵی و تاڵانیدا بچنەوە  و  باکیشیان  لە هەڕەشە  و مەترسییەکانی سەر ژیانی خۆیان نەبێ  .  شایانی باسە یەکێک لەو کەڵە پیاوە پاکانە ،  کە خەمی گەلەکەی لە کۆڵ ناوە  کاک جەلالی عومەری سام ئاغایە .  کاتێک وەک سەرۆکی دیوانی چاودێری کاردەکات ،  بە هەموو هێز و توانایەکییەوە دەیەوێت ئەو دەزگایە چاوی کراوەی گەل بێت و دەسەڵاتەکانی هاوتای دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن بێت ،  تا بتوانێت بە باشترین شێوە چاودێری وردی خەرجکردنی داهاتی ساڵانە بکات و موڵک و ماڵی گشتی بپارێزێت و بەر لە لێشاوی ئەو هەموو  گەندەڵییە  بگرێت ، کە جەستەی  کۆمەڵگاکەمانی داڕزاندووە و ئابوری وڵاتی  بەرەو داڕمان و هەرەس بردووە .  ئەم پیاوە مەردە توانیویەتی لە ماوەیەکی کورتدا ساڵانە دەیان ملیار دینار و دەیان ملیۆن دۆلار بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت و بێ ترس و پرس دەستبکات بە قوڕگی دزە گەورەکاندا و چۆکیان پیێ دابدات  و ببێتە گابەردی سەر دڵیان .  خۆ  کاتێکیش سەرکردەکان و سیاسییە بیرکۆڵەکان و خاوەن کۆمپانیا بێ ویژدانەکان لە هەموو هەستێکی نیشتمانی و نەتەوەیی دەشۆرێنەوە و وەک نەهەنگی برسی  بە ڕاست و چەپدا  هەموو شتێک قووتدەدەن و بە تاڵانی دەبـــەن  ،  ئـــازایــانــە نــاو و دۆســییــەی ( ٨٦ )  کـــەس و  ( ٢٧٢٥ )  ڕاپۆرت  ڕادەستی داواکاری گشتی هەرێم دەکات ،  کە هەتا ئێستا تەنها چوار دۆسییە جوڵێنراون و دەسەڵاتیش ،  کە پشکی شێری لە گەندەڵیدا هەیە ( ٨٢ )  دۆسێیەی لیێ سڕ و فەرامۆشکردووە  ،  کە سەدان ملیۆن دۆلاری دزراو و هەزاران پارچە زەوی و موڵک و ماڵی گشتیی تاڵانکراویان گرتۆتە خۆیان و لە بەرامبەریشدا دزە گەورەکان بۆ شاردنەوەی ئابڕوی خۆیان و پڕکردنی گیرفانیان  بەردەوام ویستوویانە دەنگی ڕەوای  کاک جەلال بە ژەهر و هەڕەشە  کپ و خامۆش بکەن .  بێگومان لەبەر نەبوونی یاسا و بەدەنگەوەنەهاتنی دەسەڵات  بۆ ئەو ڕاپۆرتانە  ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەندەڵی زیاتر پەرەدەسێنێت و دەچێتە ئاستی تاڵانییەوە و  تەنها دەزگایەک  ناتوانێت  بەری پیێ بگرێت ،  بۆیە ئەم پیاوە تێکۆشەرە ، کە بە موو لە ڕاستی لای نەداوە ،  نامەی دەست لە کارکێشانەوە بۆ جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆمار و سەرجەم ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەنێرێت و تێیدا دەڵێت :  ( شەرەفمەندنیم بە وەزیفەکەتان ،  چونکە من جسمێکی غەریبم لە نێوانتاندا )  و پاشان بە ویست و ئارەزووی خۆی واز لە پلەی وەزیریی دەهێنێت ،  بەمەش باشتر ڕێگا بۆ دزینی سەروەت و سامانی وڵات واڵا دەبێت و حاڵی وڵاتەکەمان دەگات بەم ڕۆژە ڕەشەی ئەمڕۆمان ، کە جگە لە داڕمانی ژێرخانی ئابووریمان و نەمانی پارە لە بانقەکاندا ،  ئەوەتا بە چوار پێنج مانگ حکومەت ناتوانێت نیو مووچە بۆ کارمەندەکانی  خۆشی  دابینبکات .
ئەوەی شایانی باسە کاک جەلال لە دەرخستنی گەندەڵییدا خزمەتێکی زۆر گەورەی کردووە ، بە جۆرێک ناو و ناوبانگی  سنوری کوردستانی بڕیوە و گەیشتۆتە دەرەوەی وڵاتیش  ،  ئەوەتا لە لایەن یەکێتی ئابوری ناسان و کارگێریی ناسانی دەوڵەتەکانی ئەوروپاوە ڕێزی لێنراوە و پاداشتی ساڵانەی  لە بواری دەستپاکیدا پیێ بەخشراوە و وەک کەسایەتی ساڵیش دەستنیشانکراوە  ،  سەرباری ئەمانەش  ڕۆڵی گرنگی کاک جەلالی عومەری سام ئاغا  هەر ئەوە نییە ڕووبەڕووی گەندڵکارە زلحۆرتەکان بۆتەوە و پەردەی لەسەر ڕوو لابردوون ، بەڵکو دەیان هەڵویستی دڵسۆزانەی هەیە  ، کە دەکرێت لێرەدا ئاماژە بۆ هەندێکیان بکەم :
١ -  خانووەکەی یەکێکە لە خانووە جوان و دڵگیرەکانی  گردی سەرچناری سلێمانی ، کە لە کاتی خۆیدا بە بڕی ( ٧٠٠ هەزار )  دۆلار خەمڵێنراوە ،  بێ بەرامبەر بەخشیویەتی بە وەزارەتی  تەندروستی  تا دوای خۆی بکرێت بە بنکەیەکی تەندروستی و خزمەتی هاوڵاتیان بکات و  لە ساڵی ٢٠٠٢ وە  تاپۆی ئەو خانووە  خراوەتە سەر وەزارەتی  ناوبراو .
٢ -  لە ناوچەی ئابڵاخ خاوەنی زەوییەک بووە و فرۆشتویەتی و پارەکەی لە بانقدا بە ناوی دەزگای چاودێرییەوە داناوە  و ساڵانە سودەکەی وەک ڕێزلێنان پێشکەشی فەرمانبەرانی سەرکەوتو و چەند خانمێکی سەلاری دیوانی چاودێری دەکرێت . 
٣ – پێشنیار  بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کردووە  ،  کە مانگانە  موچەی خانەنشینییەکەی ببەخشرێت بە دەزگای شەهیدان و کەمئەندامان .
لە دواجاردا ئەوە ماوە بڵێم کاک جەلال چرایەکی گەشی نیشتمانەکەمانە ،  هەموو خەون و خولیایەکی  ژیانی ئەوەبووە خزمەتی خاک و خەڵک بکات ،  دیارە  دزەکان کە وەک  زەروو  بەربوونەتە گیان و جەستەی شەکەتی ئەم میللەتە کڵۆڵەمان  ،   ویستییان بە گەروویەکی پڕ لە ژەهرەوە  فوو لەو چرایە بکەن و بەتەواوی  خامۆشی کەن ،  بەڵام  ئێستا ئەو پیاوێکە لە پەڕەی گوڵ پاکتر و لە جاران گەشترو ڕووناکترە و  جێگای ناخی دڵ و دەروونی هەزاران هەزار کوردی بەشەرەفە و دڵنیام ڕۆژێک لە ڕۆژان ،  کە دەسەڵات دەگاتە دەستێکی  پاک و بێگەرد ،  ئەوا  لە ناوەڕاستی باخێکی پڕ  لە گوڵە باخی سپیدا پەیکەرێک بۆ ئەو چرا گەشەی نیشتمان دەکرێت  و بەردەوامیش  بۆن و بەرام و شنەی  ئەو باخە خۆشەش  باوەشێنی ڕۆحمان دەکات و ناخمان پڕدەکات لە پاکیی و نەوەکانی داهاتووش  فێری دەستپاکی و خۆشەویستی نیشتمان دەکات ...   بێگومان  ئەو کەسانەشی  دەنکە جۆیەکی ماڵی میللەتیان خواردووە  ،  ئەوا  زوو بێت یان درەنگ بەر شەقی زەمانە دەکەون  ، جا  جێگای خۆشییەتی هەر لێرەدا   هۆنراوە بەرزەکەی  شێخ ڕەزای تالەبانی  بیری ئەو کەسە مشەخۆرانە  بخەینەوە ،  کە چاویان بە کەسانی وەک کاک جەلالدا هەڵنایەت و سەرقاڵی دزینی داهاتی میللەتێکی ئەنفالکراون  ،  تا چاک بزانن هەتا سەر ئاوا  نایخۆن  ،  چونکە ئەوەی بە دزی گندۆران بخوا ، دەبێ ڕۆژێک لە ڕۆژان  کوتەکەکانی سەروگوێلاکی خۆشی  بژمێرێ :
لێگەڕێ با کەر لە ناو قەرسیلدا یاری بکا
ڕۆژێک ئەبێ خاوەن قەرسیل کەر دارکاری بکا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە