سیستەمیی پەرلەمانی و دنیایی مۆدرن! واژوو کردنی رێککەوتن لە ماڵی ئاغاژن!

Tuesday, 17/05/2016, 22:51

5306 بینراوە


بەبەغاکانی دەوروبەری باڵە دەستڕۆیشتوەکانی نێو گۆڕان و یەکێتی، کەوتونەتە دوان لە میدیاکاندا باسی سیستەمیی سیاسیی مۆدرن، بە موئەسەسات کردنی دام و دەزگای حکومیی، جیا کردنەوەی حزب لە حکومەت، رزگارکردنی دەسەڵات لە ژێر دەستی بنەماڵە و خێزان و گەڵیک وشەی بریقەداری تر! کەچی تا ئێستا پەیرەوی نەریەتێکی ئێجگار دواکەوتوو دەکەن و ریککەوتنی سیاسیی فەرمیی لە ماڵاندا واژوو دەکەن!
 لە دنیای ئیمرۆدا، رێککەوتنی نێوان دوو پارت یان چەند پارتێک لە شوێنی فەرمی وەک هۆڵی حزبی یان هۆڵی حکومییدا ئەنجامدەدرێت بە تایبەتی ئەگەر هەر دوو پارت بەشدار بن لە بەرێوەبردنی حوکمڕانی و دەزگاو هۆڵی حکومییان لە خزمەتدا بێت. ئاشکرایە کە گۆڕان و یەکێتی هەموو هۆڵ، دامودەزگا حکومییەکانی نێو شاری سلێمانییان لەبەردەستدایە، کەچی ئیمرۆ رێککەوتنی نێوان نەوشێروان و باڵی هێرۆی نێو یەکێتی، لە ماڵی هیرۆ واژوو کرا !؟
کاتێکی باشە ئەو نمونەیە بە بیر سەرکردایەتی یەکێتی بهێنمەوە، سەدام حوسێن سەڕۆکی رابردووی عیراق بەو دڕندایەتیەی خۆی، کاتێک لە ساڵی ١٩٨٣دا کەوتە مفاوەزات کردن لەگەڵ سەرکرداییەتی ینک، سەرکردایەتی یەکێتی هیچ کەسێکیان ماڵی سەدامییان نەدی، ساجیدەی خێزانی سەدام ناوی نەبوو، هیچ کەسێک بە تایبەتی سوپاسی ساجیدەی نەکرد! وەک چۆن ئیمرۆ نەوشێروان مستەفا ئەمین، لە ماڵی هێرۆ پێش واژوو کردنی رێککەوتننامەی نێوان گٶڕان و یەکێتی بە تایبەتی سوپاسی هێرۆ دەکات! ئەوەی شایەنی باسە ساجیدە لەگەڵ باوکی، دوو ئەندامی کارێگەری حزبی بەعس بوون کاتێک کە ئەو پارتە ریکخستنی نهێنی هەبوو دژ بە رژێمی قاسم و دواتر دژ بە عەبدولسەلام عارف. ئەو سەدامە دڕندەیەی کە ئێوە دژی بوون، رێزێکی دادەنا بۆ شوێنی حکومیی و دامودەزگاکانی،  شوێنی کار و ماڵەکەی لە یەکتر جودا کردبووە و نەیکرد بوو بە دیوەخانێکی خاوەن ئاغا ژن، بەڵام ئێوە پاش تەمنێکی دوور و درێژ لە سیاسەت کردن ئێستاش باوەڕتان بە دیوەخانەو ئاغا ژنایەتی هەیە!
سەرکردایەتی یەکێتی، ساڵانێکی دوورو درێژ باسی دیوەخانەکەی ماڵی بارزانی و بە بەنەماڵەکردنی پارتیتان دەکرد و کردبوتان بە شوینی توانج و سەرەنجی خەلکتان بۆ ڕادەکێشا، کەچی پاش ئەو هەموو ئەزمونە دوور و درێژە لە نێو سیاسەتدا خۆتان وەک بنەماڵەی بارزانی ئاسا هەموو شوینە فەرمییەکانی  شاری سلێمانییتان فەرامۆش کرد و ماڵی ئاغا ژنتان دووبارە پیرۆز کرد!  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە