ئەگەر بوم بە سەرۆک

Wednesday, 18/05/2016, 18:20

2933 بینراوە


 رێکارە بەپەلەکانم:
1- سەرەتا ئەبم بەدیکتاتۆرێکی نیشتمانی. دوای 5 ساڵ، پرسی سەرۆکایەتی ئەسپێرم بە رای نەتەوە.
2-بێ مۆڵەت و بێ گشتپرسی، سەربەخۆیی کوردستان رائەگەیەنم و ئەوی بێتە رێم، بەرەنگاری ئەبمەوەو لەرێی لۆبیەکی ئاگرینەوە، ئارامی لەپایتەختی دژکارانا ناهێڵم. 
2-دیموکراسی توڕئەدەم هەتا ئەو کاتەی زانیاریی نەتەوە ئەگاتە ئاستی دیموکراسی.
3-سیستمی ئەو پارتایەتیە ناهێڵم کە بەشەبوجەکەیان لەموچەی فەرمانبەران زیاتربوەو سەرچاوەی گەندەڵی و دوبەرەکی و شەرو پشێویی ناوخۆبون و باڵیان بەدەستی نەیارانەوەبوە.  
4-هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەکەم بە شێوازی بازنەیی و بڕوانامەی پەرلەمانکار لە کۆلێج کەمترنەبێ.
5-هێزێکی سەربازیی و پۆلیسیی و ئاسایشی باوەڕدار لەهەردو رەگەز بۆ سەرتاسەری کوردستان، هەر بەناوی پێشمەرگەوە، دائەمەزرێنم و بژێوییان لەئاستێکی بەرزدا دابینئەکەم و لەتەمەنی 18ساڵیدا مەشقی سەربازی بە هەمو گەنجێک، نێرو مێ، ئەکەم بۆ ماوەی 3 مانگ .
6-بەژمێرەو بوجەی گشتیی هەمو ساڵەکانی دوای راپەڕیندا ئەچمەوەو دوا فلسی دزراو لە گەندەڵکاران ئەسەنمەوەو بە سزای یاساییان ئەگەیەنم.   
7-سامانی ژێر زەوی تەرخانئەکەم بۆ مەبەستی (بەرگری و هێرش) و ئەوەی ئەمێنێتەوە، وەک ماڵی سپی هەڵیئەگرم بۆ رۆژی رەش و تەنیا بەباج و رەسم و گومرگ و کرێ و داهاتی گشتی، دەزگاکانی میری و پرۆژۆکان بەتێروتەسەلی ئەبەمبەڕێوە.   
8-زەوی خۆماڵی (تامیم) ئەکەم و بە گرێبەستی درێژخایەن ئەیدەم بە کرێ بە کەرتی تایبەت و بە کۆمپانیای بیانی، بۆ مەبەستی پیشەسازی و کشتوکاڵی و گەشتیاری و خزمەتگوزاریی گشتی و هەلی گەشەدانیان بۆئەڕەخسێنم و هاوردەو هەناردە ئازاد ئەکەم بۆ هەموان و بۆکەرتی گشتی و کەرتی تایبەتیش.
9-فەرمانگەکان لەنوکەوە، لەسەر سیستمی رۆژئاوایی دائەمەزرێنمەوەو رۆتین ناهێڵم و تەنیا ٢٥% فەرمانبەرانی بەتوانا، بە موچەیەکی تێروتەسەلەوە، ئەهێلمەوەو هەلی کار بۆ ٧٥% ەکەیتری لەکەرتی تایبەت ئەڕەخسێنم و بوار بەکرێکاری بیانی نادەم. گەندەڵیش بەهەمو جۆرەکانیەوە، تاوانێکی نیشتمانی ئەبێ.
10-تەنیا یەک زانکۆ، لەئاستێکی بەرزدا، ئەهێڵمەوە بۆ دەرچوانی زۆر باش. خوێنکارانیتر بۆ پەیمانگەکان، یا رو بکەنە کەرتی تایبەت.. 
11-بیمەی رادەی کەمی ژیان، بە پەککەوتوانی بێ داهات، ئەبەخشم.
12-دڵنیایی تەندروستی بۆ هاولاتیان دابینئەکەم و پەرە بە نەخۆشخانە گشتییەکان ئەدەم و نۆڕینگەو ئەزمونگەو دەرمانخانە تایبەتەکان ناهێڵم و موچەی پزیشک و ئەزمونکارو دەرمانساز بەپێی بارستایی کارەکانیان لە نەخۆشخانە گشتییەکاندا ئەبێ.
13-موچەی مامۆستایان لە هەمو قۆناغەکانی خوێندندا بەپێی بڕی وانەکانیان ئەبێ.
14-موچەی خانەنشینیی سەرۆک و وەزیرو پەرلەمانکارو هەمو ئەوانەی بەدەر لە یاسای خانەنشینیی شارستانی و سەربازین، ئەبڕم.
15-زمانێکی فەرمی دەستەبەرئەکەم و گرنگیش بە شێوەزارەکان ئەدەم.
16-مێژوی کورد لە دیدی نەتەوەییەوە ئەنوسمەوە.
17-هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە، پەروەردە ئەخەمە سەر رێچکەیەکی نەتەوەیی.
18-هەمو مزگەوت و پەرستگەو کەنیسەکان ئەکەم بە ناوەندی خوێندن و زانیاری و هەمو کەسێکیش ئازادئەبێ لەماڵی خۆیدا ئاینداری و خواپەرستیی خۆی بکا، یا نەیکا.
19-پاشگرو پێشگری بەگ و ئاغاو شێخ و حاجی و مەلاو کوێخاو میرزاو هاوشێوەکانیان ناهێڵم.
20- دەستورێک دائەڕێژم سەروەریی یاساو ماف و ئازادیی تاکە کەس و پێکهاتە نەتەوەییەکانی تیا پارێزراوبێ و سنوری کوردستانی تیا دیاریکرابێ و یاساکان لەدەستورەوە سەرچاوە بگرن. 
بنەما گشتییەکانم: 
 ا- کوردایەتی، راگری بون و مانی ئێستەو ئایندەمانە. 
 ب- هەمو نزیکبونەوەیەک لەداگیرکەران، دورکەوتنەوەیە لەسەربەخۆیی.
 ج-سەربەخۆیی کوردستان هەمو کاتێ کاتیەتی ئەگەرچی کاتەکان چونیەکنین.
 د-جگە لە سەربەخۆیی و بەرگریکردن لێی، رەوا نیە بۆ هیچ مافیکی کەمتر،خوێنی نەتەوە بەهەدەر بدرێ.
 ه- پێدانی هەر پۆستێکی وەزاری و پەرلەمانی بە کورد، لەناو دەسەڵاتی داگیرکەراندا، دەرزییەکی سڕکەرە لەجەستەی کوردستان.
 و-نۆژەنکردنەوەی ماڵی داگیرکەران، وێرانکردنی ماڵی داگیرکراوانە.
 ز- ئاشتی و برایەتی لەنێوان داگیرکەرو داگیرکراودا، کۆیلەیەتییە بۆ دوەمیان. کوردستان لەجەنگێکی گەرم یا ساردا ئەبێ تا رزگارکردنی دوا بستە خاکی. 
تێبینی: کۆمەڵگەکان چونیەکنین، هەر کۆمەڵگەو لەهەر سەردەم و بارودۆخێکدا،جۆرە سیستمێکی بۆ ئەگونجێ و گەشەی پێئەدا. واتا ئەبێ کاڵا لەقەد باڵابێ. ئەم بەرنامەیە کاڵای بەقەد باڵای ئەمڕۆمانە و خۆشگوزەرانیش دابینئەکا بۆ گەلی کوردستان . ئایندە، بەرنامەی جیاوازی خۆی ئەبێ. ئەم بەرنامەیەش پێشنیارە بۆ هەر سەرۆکێکی هەڵکەوتو، نەک بۆ خودی خۆم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە