بنەماکانی دەوڵەتی سەربەخۆ

Tuesday, 24/05/2016, 23:42

4482 بینراوە


 ئاشکرایە  ئەمڕۆ  بە هۆی  کێشەکانی  کورسی دەسەڵات و  سیاسەتی چەوتی  حیزب و  سەرکردەکانەوە ، کە نەیانتوانیوە نان و کار و ئارامی و ئاسایش بۆ خەڵکەکەیان دابین بکەن ،  کۆمەڵگای کوردی گەیشتۆتە لێوارێکی پڕ مەترسیی گەورە و گران  ، کەچی کاک مەسعود بارزانی لە ناو گێژاوی ئەو ئاڵۆزیانەدا  بەردەوام بانگاشە بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ دەکات .  بێگومان ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت  ناوبراو یان  بە تەواوی ئاگاداری بارودۆخی نالەباری کۆمەڵگاکەمان نییە ،  یان ئەو دۆزە پیرۆزە بەکاردێنێت  بۆ پڕوپاگەندە و خۆڵکردنە چاوی خەڵکی  بە مەرامی ئەوەی  بە نایاسایی لەسەر کورسی دەسەڵات بەردەوام بێت... ئەوەی شایانی باسە  دەوڵەتی سەربەخۆ هەر تەنها بە بانگاشە دانامەزرێت  ، بەڵکو بریتییە لە  پێناسە و  کۆمەڵێک بنەمای زانستیی  تایبەت بە  خۆی ،  کە وا لێرەدا بە کورتی ئاماژەیان بۆ دەکەین ،  تا بزانیین کۆمەڵگاکەمان  بەم  بارودۆخە خراپەی  ئێستایەوە تا چ ئەندازەیەک  ئەو بنەمایانەی لە خۆگرتووە و تا چ  ڕادەیەکیش   ئامادەی ئەو قۆناغە  گرنگە هەستیارەیە ، کە خواست و ئاواتی بەرز و پیرۆزی هەموو کوردێکی بەشەرەفە و لە پێناویدا  فرمێسک و خەم و خوێنی  ئێجگار زۆری بۆ ڕژاوە  :   
دەوڵەتی سەربەخۆ  بریتییە لە ڕژێمێکی کۆمەڵایەتی ئارامی خاوەن  توانا و داهات ، کە لە ژێر هەژموون و فشار و سێبەری هیچ  دەوڵەتێکدا  نەبێت  و هەر خۆشی بەرپرسیاربێ  لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی ناوەوە و دەرەوەی  بە شێوەیەک شکۆ و سەروەری وڵاتەکەی بپارێزێت  و دەسەڵاتی خۆشی بەسەر دانیشتووانەکانیدا بسەپێنێت ، کە لەسەر ڕووبەرێکی دیاریکراودا دەژین .  بە گشتیش بنەما سەرەکییەکانی  دەوڵەتی سەربەخۆ بریتیین لە :  دانیشتووان  ، خاک  ، ڕژێم ( نظام )  و سەروەری .  هەر دەوڵەتێکیش  بە پێی  ئەو بنەمایانە دانەمەزرابێت ،  ئەوا بێگومان  دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە ، سا یان ژێر دەستەیە ، یان پاشکۆیە .  جا بۆ زانینی ڕاستییەکان و بەرچاو ڕوونی هەمووان   وا چاکە بە خێرایی ڕووناکی بخەینە سەر یەک بە یەکی ئەو بنەما زانستییانە : 
١ -  سەروەری :  ئاشکرایە چەندین ساڵە  بە بێ ڕەزامەندی  میللەتەکەمان سوپای داگیرکەری تورکی فاشست  بارگە و بنەیان لەسەر خاکەکەمان داناوە  و بە بەرچاوی خۆمانەوە  تەراتێن و سیخوڕیی بە سەرمانەوە  دەکەن و بەردەوام وڵاتەکەمان کاول و وێراندەکەن  بەبێ ئەوەی ڕێگایان لیێ بگیرێت .  بەمەش  سەروەری وڵاتمان بە تەواوی  لە دەستداوە .  جا ئەگەر مەسعود بارزانی  بە بوونی ئەو  سوپایەوە   دەوڵەت دروستدەکات  ،  ئەوا ئەو دەوڵەتە دەوڵەتێکی بێ شکۆی پاشکۆیە و ناچێتە خانەی دەوڵەتی سەربەخۆوە ،  ئاخر  ناکرێت لە لایەکەوە لافی سەربەخۆیی لیێ بدەین و لە لایەکی ترەوە هێزی بێگانە  بهێنینە وڵاتەکەمانەوە .  هەمووش باشدەزانیین ئامانجی هێنانی  ئەو هێزانە چین و لە دژی بزوتنەوەی ڕزگاریمان  پەیڕەوی  چ  بەرنامەیەکی مەترسیداردەکەن  .  جا باشتر وایە بەرلەوەی مەسعود بارزانی بیر لە ریفراندۆم و  دەوڵەتی سەربەخۆ بکاتەوە ،  با  لە پێشدا بچێت  وڵات لە هێزە دەرەکییەکانی تورکی فاشست و عەرەبی داگیرکەر  پاکبکاتەوە .  تا  یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی دەوڵەتی سەربەخۆ ،  کە سەروەرییە  بە جوانی  لە دەوڵەتەکەیدا بدرەوشێتەوە .   
٢ -  دانیشتووان :   مەبەست لە دانیشتوان ئەو کەسانە دەگرێتەوە ، کە لە ڕووبەرێکی دیاریکراودا بە بەردەوامی نیشتەجێن  و  ئاستی کۆمەڵایەتییان گەیشتۆتە  ئاستێکی بەرز و تەبای  ئەوتۆ  یەک هیوا و ئامانجی سیاسی کۆیاندەکاتەوە  و دەبن بە  پارێزەر و قەڵغانی  ڕاستەقینەی شکۆ و سەروەری دەوڵەت  ،  لە هەمان کاتیشدا   ملکەچی یاسا و رێساکانیشی دەبن .  بێگومان دانیشتووانی هەرێم لە سایەی سیاسەتی چەوت و خراپی  حیزبەکاندا ئەوەندەی ڕۆژگاری ئەمڕۆمان ناکۆک و ناتەبا و برسی و  پەرت نەبوون ،  بەمەش یەکێکی کە  لە بنەما سەرەکییەکانی  دەوڵەتە سەربەخۆکەی بارزانی  کورت دەهێنیت . 
٣ – خاک :  کاتێک وەک بنەمایەک  ئاماژە بۆ خاک دەکەین ،  ئەوە مەبەستمان لەو ڕووبەرە جوگرافیا  دیاریکراوەیە  ،  کە خەڵکەکەی تێدا دەژی و یاسا کانی  دەوڵەتی تێدا جێبەجێدەکرێت و سنور و کەوشەنی  دەبێتە هێڵی جیاکردنەوە  لە وڵاتانی  دراوسێی  و دەوڵەتانی دنیاش دانی پێدا دەنێن ،  بەڵام  بە داخەوە ئەوە بۆ ٢٦ ساڵدەچێت حکومەتی هەرێم  نەیتوانیوە ناوچە  دابڕاوەکان بگەڕێنیتەوە سەر خاکی پیرۆزی کوردستان و  لەگەڵ ئەو هەموو قوربانییە زۆرانەشدا هەتا ئێستا  نەیتوانیوە نەخشە و  سنورێک بۆ ئەو دەوڵەتە  چاوەڕوانکراوەی  خۆی  دیاریی بکات . 
  ٤ -  ڕژێم :  پێویستە  دەوڵەتی  سەربەخۆی  ئازاد  بۆ ڕاپەراندنی کار و ئەرکەکانی  هەموو دامەزراوە  گرنگەکان  بگرێتە خۆی ،  ئەو دامەزراوانەش بریتیین لە هەرسێ دەسەڵاتە سەرەکییەکانی   یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری  ،  ئەمە سەرباری دەزگاکانی چاودێری دارایی و دەسەڵات .   ئەوەی شایانی باسە لە کاتێکدا مەسعود بارزانی سەرۆکی  دەوڵەت  نەبووە ،  باوەڕی بە هیچ کام لەو دەسەڵاتانە نەبووە و بە ئارەزووی خۆی پەرلەمانی پەک خستووە و ڕێزی لە سەروەری  یاسا و بەرژەوەندی گشتی نەگرتووە  ،  جا  ئەو کاتەی بە نایاسایی  خۆی دەکات   بە سەرۆکی دەوڵەتێکی سەربەخۆ ،  دەبێت لە سایەیدا  ئەو دەزگایانە چ  دەزگایەکی کارتۆنی  شەق و شڕی بێ نرخ و بایەخ  بن . 
  لەبەر ڕۆشنایی  ئەو  خاڵانەی  سەرەوەدا  ئەمڕۆ هیچ بنەمایەکی بوونی دەوڵەتی سەربەخۆ  لە  هەرێمەکەماندا  نییە ،  هۆکارەکەشی دەگەڕیتەوە بۆ ئەو دەسەڵاتە خۆسەپێنەرە  نەزانەی ، کە ساڵەهای ساڵە شەیدای  پۆست و پارە و کورسییە  و  بیریی لە دروستکردنی  بنەماکانی  دەوڵەتی سەربەخۆ نەکردۆتەوە .  بێگومان  تا  ئەو کەموکورتییانەی  ئاماژەمان بۆ کردوون  بە تەواوی چارەسەرنەکرێن  و گشت  ئەو بنەمایانە ئامادەییان نەبێت  ،  ئەوا مەحاڵە دەوڵەتێکی سەربەخۆ و  ئازادی  خاوەن شکۆ  بە چاوی خۆمان ببینیین ،  کە باڵای  بە قەد باڵای  تێکۆشان و  قوربانییە زۆرەکانی  نەتەوەکەمان  بێت .  بە مەش فرسەتێکی گەورەی مێژووی لە دەست خۆمان دەدەین ،  ئاخر هەموو کاتێک فریشتەی بەخت یاری کورد نابێ ... خۆ ئەگەر هاتوو بە بێ ئەو بنەمایانە دەوڵەتمان  دامەزراند  ،  ئەوا بێگومان دەوڵەتێکی پاشکۆی  بێ  سەروەریی دەبێت و لەژێر هەژمون و فشاری داگیرکەری کۆن ، یان  تازەدا  ژیانی ژێردەستی دەباتە سەر ،  ئەمەش  دەرمانی  دەردی کێشەی  کورد ناکات  و لە ئاکامدا  ڕووبەڕووی هەرەس و نسکۆی گەورە و گرانمان  دەکاتەوە  .  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە