ئەدهەم کڕیارە، ئامانە سلێمانیش نەفڕۆشن وەک هەولێر!

Tuesday, 07/06/2016, 12:40

7106 بینراوە


سەیدایێ ئەدهەم بارزانی دبێژێت "شاری سلێمانی زۆنی سەوز نییە" وەک ئەوەی لێبوبێتەوە و "هەولێر زۆنی زەرد بێت"!؟
------------------------------
ئەدهەم بارزانی، لە یاد خۆی دەباتەوە کە تەنیا هەولێر بوو کە بە هەزارن کەس بەرگری دەکرد و لە شەڕدا بوون دژیان، بەڵام ئەوان بە زەبری دەبابەی سەدام دەسەڵاتی خۆیانیان لە هەولێر سەپاند. هێرۆ، میراتگری سیاسیی تاڵەبانی و سەرکردەکانی یەکێتی  لەیاد خۆیان دەبەنەوە کە لە ٣١ی ئابدا ساڵی ١٩٩٦, هیرۆ و فوئاد مەعسوم بە لانکرۆزەری جام ڕەش و پاسەوانی  بنەماڵەی بارزانی لە هەولێرەوە بە رێزەوە گەینران بە شاری سلێمانی وتاڵەبانیش تێتەقاند بوو ڕاوەنەستا بوو تا ئێران، هەتا سەرپەرشتی ئەو پێشمەرگانەی یەکێتی نەکرد بوو کە لە شەڕدا بوون لە نێو هەولێر بۆ دیفاعکردن. لە ئەنجامدا بە هەزاران پێشمەرگە کوڕی خەڵکی هەژاری نێو نەتەوەیی کوردیی باشوور بوون بە قوربانی دەسەڵاتی ئەو ناپاکانە، هیچ کەسێک لە کوڕ، دایک باوک و کەسی ئەو سەرکردانە پێوە نەبوون!
هەموو دەسەڵاتدارانی هەرێم و سەڕۆکی حزبە دەستڕۆیشتووەکان، ئەگەر یەکە بە یەکە لە بنجوبنەوانیان بکۆڵێتەوە دەردەکەوێت کە هیچ کامێکیان لە دەرهاتەی چینی بۆرچوازیی، خێزانی ئۆرۆستۆکراتی و دەرەبەگیی گەورەی خاوەن شکۆ و ماڵوموڵک نەبوون تا ئیمرۆ هەر یەکە لە باوکییانەوە بۆیان بەجێمابێت ببن بە خاوەن چیایی سەریڕەش، پیرمام، دەباشان، قەڵاچۆڵان و گردی زەرگەتە و بە سەدان بیرە نەوت، بە هەزاران دۆنم ئەرز و داگیرکردنی سەنتەری شارەکان، بانکەکان، بازارەکان، دامودەزگا حکومییەکان، دەست بەسەراگرتنی ناوچەکان ناو لێنانیان بە ناوی رەنگی ئاڵای حزبەکانییان زۆنی زەرد، زۆنی سەوز،  نیللی و ئیتر.
سەڕۆکی ئەو زۆنانە، لە یاد خۆیان دەبەنەوە کە ئەو ناوچە دابەشکردنانە بە رێککەوتنی نێوان خۆیان بووە بەرامبەر بە پارە و پۆستە حکومییەکانی عیراق و هەرێم نەوەک بە هەڵبژاردەی خەڵک یان بە ئازاییەتی خەڵکی ناوچەیەک لە خەڵکی ناوچەیەکی تر. ئەوەندەی ئەو سەرکردانە کوردستانیان دابەشکرد پەیمانی سایکسپێکۆ بەو جۆرە نەیتوانیبوو کوردستان دابەش بکات!
هەنوکە ئەدهەم بارزانی لە شاری سلێمانییە، یەکێک دەبێت لەو کەسانەش کە لەگەڵ سەڕۆکی ماوە بەسەرچوو دەچێت بۆ ئێران، کە لەو سەر گەڕایەوە لای هاوری کۆنەکانی ئامۆژگاری کراوە، دەستی پڕ تر دەبێت، دەسەڵاتی زەبەلاح تر دەبێت، قازانجی گرێبەستی گاز و نەوت دێتە گۆڕێ، تکایە ئەو جارە نەکەن خەیانەت لە خەڵکی سلێمانی بکەن هەر چۆن لە خەڵکی هەولیرتان کرد، ئامانە شاری سلێمانی هەرزان فڕۆش نەکەن و تەسلیم بە ئەدهەمی کەن!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە