دژی راسیزم

Saturday, 18/06/2016, 17:54

4409 بینراوە


تێبینی: ئەم نووسینە گەرم و گوڕەی رێبین هەردی، کە لە سایتی ئاوێنەوە بڵاوکراوەتەوە، بە بۆنەی ئەو بڕیارەی پارێزگای سلێمانییەوەیە، کە رێگای داوە بە غەیری کورد لە سلێمانی ماڵ و موڵک و خانوویان هەبێت. رێبین هەردی دەیەوێت بڵێت ئەمە بڕیارێکی مرۆڤدۆستانەیە.
بڕیارەکەی پاریزگاری سلێمانی بڕیارێکی بازرگانیی و سیاسییە، پەیوەستە بەو فلات و شوقانەی قەیوان کە بنەماڵەی تالەبانی لە پشتییەوە وەستاوە، کەس توانا و پارەی نییە ئەمڕۆ بیانکڕێت، دەیانەوێت بە غەیری کوردی بفرۆشن، هەروەها فرۆشتنەوەی شوقەی ئەو کوردانەشە کە پێشتر کڕیبویان و ئیستا لەبەر بێموچەیی ناتوانن پارەکەی بدەن.
ئەو نمونانەی رێبین باسیان دەکات، زۆربەیان فەنتاسی و دروستکراون، یان پێی وتراوە وا بنووسێت، بۆ نمونە لاوێکی عەرەب لە ناو بازاڕی سلێمانی دەست بۆ کچێک دەبات، کچەکەش هاوار دەکات، ئیتر خەڵکی کۆدەبنەوە، ئەمە پەیوەندیی بە راسیست و نەتەوەپەرستییەوە نییە، دوای ئەوە کوڕەکە گیرا، پاش چەند کاتژمێرتێک بەڕەڵاکرا. لەو وڵاتەدا لەبەر ئەوەی یاسا نییە، بە پارە و بەرتیل دەتوانرێت گەورەترین تاوانبار لە زیندان دەربهێنرێت، تا ئیستا دوو سێ رووداوی کوشتن روویان داوە، ئەوانەی گیراون هەرچەند بە رەگەز عەرەب بوون، بەڵام بە پارە بەڕەڵاکراون دووریان خستوونەتەوە ناردوویانەتەوە بۆ شارەکەی خۆیان، لە نەبوونی یاسادا بەرگریکردن دەبێتە مافێکی سروشتی، خەڵک بڕیاریی یاسایی خۆی دەردەکات. رێبین هەردیی و نەبەز گۆران و ئەوانەی کە سەر بە دەزگای پاراستن و دەزگای قەیوان و پیاوی بەرپرس و بازرگانەکانن، هەروەها ئەو نووسەرانەی کە دەسەڵات دروستی کردوون و ناوبانگی بۆ پەیدا کردوون، ئەمڕۆ هەموویان پارە وموچە و خانەنشینی وەردەگرن، ئەوانەش کە خۆیان بە چەپخواز و مرۆڤدۆست دەزانن، بوونەتە راوێژکاری پاریزگاری سلێمانی و بەرپرسەکان، کەوتوونەتە نووسینی ئەو جۆرە بابەتانە، تەنانەت بڕیارەکەی پاریزگار لەلایەن ئەوانەوە نووسراوە.
بۆ زانیارییتان، رێبین هەردی هاوڕێی ئاری هەرسینە، لەلایەن کۆمپانیا قەیوانەوە یارمەتی دەدرێت، یەکێتیش کردویەتی بە عەمید وەکو شاناز و موچەی خانەنشینی وەردەگرێت. باوکی رێبین و باوکی ئاسۆ فەرەیدون هەردووکیان هاوڕێ و دەستەی دروستکەری کاژیک بوون. رێبین هەردی دەیەوێت وەک سیاسیییەک قسە بکات و دەربخات و بنوسێت، گوایە بۆچوونی سیاسیی رێنمانیی زیرەکانەی هەیە، لە کاتی رێککەوتنەکەی گۆڕان و یەکێتییدا، ئەم کوڕە عاقڵە رەخنەی گرت وتی: دەبوو ئەو رێککەوتنە پارتییشی تێدا بوایە! ئەمە وەک ئەوە وابوو، کەسێک داوا لە ناتۆ بکات، کە روسیا و چین بکات بە ئەندامی خۆی.
ئێمە ئەم نووسینە دەخەینە ئەرشیفی کوردستانپۆستەوە و بۆ رۆژی خۆی دەیپاریزین.
------------------------------------------
دژی راسیزم
عەمید رێبین هەردی:
**********************

راسیزمێک لەکوردستاندا هەیە کە بەبێدەنگی لەناو زوربەی خەڵکی کوردستاندا بە بەهێزی هەیە. راسیزمێک هەیە کە بەگیانێکی دڵڕەقانەوە تەماشای هەمو ئەوئاوارە بێگانانە ئەکات کە بەهەر هۆیەک بوە رویان لەکوردستان کردوەو لەناویدا ئەژین. ئەم راسیزمە لەهەموی زیاتر بەرامبەر بەو عەرەبانە دەرئەکەوێت کە بەهۆی بارودۆخی نالەباری ناوچەکەیانەوە چ بەهۆی شەڕی داعش‌و چ بەهۆی شەڕی سونەو شیعەوە رویان لەشارەکانی کوردستان کردوە. بەڵام لەکوردستان بەگشتی‌و لەسلێمانیدا بەتایبەتی نەک هیچ پێشوازیەکی گەرمیان لێ ناکرێت، بەڵکو روبەڕوی ناحەزی‌و دڵرەقیەکی زۆر لەلایەن زۆر کەسەوە ئەبن:
چەند وێنەیەک لەواقیعەوە.. لەشەقامی مەولەوی خەڵکێکی زۆر لەکوڕێکی عەرەب کۆبونەتەوە لێی ئەدەن.. کێ لەوێدابو یان قسەی پێ دەگوت یان دەستی درێژ ئەکردو چەپۆکێکی پیا ئەکیشا.. پۆلیسەکان گرتبویان‌و لەیەخەوە رایانئەکێشا بەدوای خۆیاندا بەڵام خەڵکەکە وازی نەئەهێناو کێ دەستی پێدەگەیشت چەپۆکێک یان شەقێکی تێ هەڵئەدا، زوربەی ئەوانەشی سەیرکەری روداوەکە بون یان دەستخۆشیان ئەکرد یان دو جنێویان ئاراستە ئەکردو بەمەش خۆشحاڵی خۆیان بۆ لێدانی ئەو کوڕە عەرەبە دەرئەبڕی.
مناڵە بچکۆلەکانم بۆ باخچەیەک برد، زوربەی ئەو مناڵانەی لەوێ بون عەرەب بون کە لەگەڵ دایک‌و باوکیاندا هاتبون بۆ ئەوەی یاری بکەن، مناڵەکەم برد بۆ ئەوەی سواری جۆلانێ بێت، بەس ئەبو چاوەڕێ بکەین تا جۆلانەکە کە چەند مناڵێکی عەرەب یاریان لەسەر ئەکرد چۆڵ بێت. هاوڕێیەکی کورد هاتە لامەوە کە پێئەچو بمناسێت وتی مامۆستا بوە بەعەرەبستان‌و وابڕوات ئێمە ئەبینە بێگانە لەوڵاتی خۆمان‌و وەک چاوەڕوانکردنی ئەم جۆلانێیە، ئەبێت چاوەڕێ بکەین ئەوان خێرێکمان پێبکەن‌و ئیشێکمان دەستکەوێت.
هاوڕێیەک بۆی باسکردم کە کرێکارێکی عەرەب لەگەڕەکەکەماندایە، رۆژێک لێی داواکردم ئێواران کە درەنگ ئەڕواتەوە لەگەڵی بچێت، چونکە گەر بەتەنیا بڕواتەوە ئەترسێت کوڕانی گەڕەک لێی بدەن. ئەو هاوڕێیە کە ئەیگوت پێی ناخۆشە وامامەڵە لەگەڵ عەرەبەکاندا ئەکەن، بەس بەپێکەنینەوە گوتی (بۆنیان زۆر ناخۆشە). هاوڕێیەکی خوێندەوارم کە ئەیگوت زۆر دژی راسیزمە بەڵام چی دزو بەدئەخلاقیە عەرەبەکان بڵاوی ئەکەنەوە.
یەکێکی تر ئەیگوت هەمویان داعشن‌و هەمویان بەعسین‌و هەموشیان دوژمنی سەرسەختی کوردن. ئیدی بۆ ئەم هاوڕێیە هیچ گرنگ نەبو کە زۆرینەی ئەوانە لەدەست داعش‌و ئەو جەهەنەمە رایانکردوە کە داعش‌و شەڕی داعش دروستیکردوە. هاوڕێیەک کە چەندان ساڵە لەهەندەران ئەژی‌و خۆی ئاوارەی وڵاتانی ترەو بگرە بەهۆی ئەوەی چەند ساڵە لەوێیە رەگەزنامەی ئەو وڵاتەی وەرگرتوە، لەسەردانێکیدا بۆ ئێرە پێی گوتم چۆن رێگە ئەدەن ئەو هەمو عەرەبە لێرە بژین‌و کاربکەن، بۆ ناچنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، خەڵکی ئێمە خۆی هەزاران بێکاری هەیە، بۆچی کار بۆ ئەمان هەبێت‌و بۆ خەڵکی خۆمان نەبێت. ئەو هاوڕێیە هەرگیز ئەوەی لەخۆی نەپرسی گەر بەهەمان لۆژیک رەفتار لەگەڵ خۆیدا بکەن، لەهیچ شوێنێکی دنیا جێگەی نەدەبۆە.
یەکێکی تر کە (لێشاوی) هاتنی عەرەبەکان بەمەترسیەکی نەتەوەیی گەورە دائەنێت، بیر لەدروستکردنی رێکخراوێک ئەکاتەوە کە ئامانجی سەرەکی رێگری بێت لەهاتنی عەرەبەکا‌ن‌و گەر لەڕوی ئینسانیشەوە وەربگیرێن، ئەبێت کەمپیان لەدەرەوەی شار بۆ دروستبکرێت‌و رێگە نەدرێت لەناو شارو شارۆچکەکاندا بژین. زۆر کەم کەسم بینی کاتێک عەرەبێک لەناو شاردا بەجلی عەرەبیەوە ئەبینێت، جنێوێک نەدات‌و بەجۆرێک لەقێزو رقەوە تەماشای نەکات. دەگوترێت کاتێک عەرەبێک بەخاڵی پشکنینەکان ئەگات لەهەمو کەسێک زیاتر پرسیارو پشکنینی بۆ ئەکەن‌و بەجۆرێک بێزاری ئەکەن کە گەر بەدەستی بێت هەرگیز نەگەڕێتەوە بۆی.
راسیزمیک بەتایبەتی لەسلێمانیدا هەیە کە بەرق‌و دڵڕەقیەکی زۆرەوە مامەڵەی هەمو ئاوارەیەک بەگشتی‌و عەرەبەکان بەتایبەتی ئەکات. تاپێش چەند رۆژێک ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەو بڕیارە زۆر راسیستانەی دەرکردبو کە هیچ عەرەبێک بۆی نیە نە شوقەو نە خانو و تەنانەت نە سەیارەش لێرە بکڕێ (خۆشبەختانە لەم چەند رۆژەی پێشودا ئەو بڕیارەیان گۆڕی‌و ئێستا رێگە ئەدەن بەوەی عەرەبەکان شوقە یان خانو بکڕن).
خوێندەوارانێکی زۆر کە بڕوایان بەدیموکراسی‌و مافەکانی مرۆڤ هەیە، پێیانوایە رێگەدان بەهاتنی ئەم (هەمو) عەرەبەو ڕێگەدان بەکڕینی موڵک، مەترسیەکی نەتەوەیی دروست ئەکات. ئەم خوێندەوارانە باس لەمەترسی تەعریب ئەکەن. گەر عەرەبەکان رێگە بەهاتن‌و مانەوەیان بدرێت، لەدور مەودادا سلێمانیش تەعریب ئەکرێت‌و وەک ناوچە تەعریبکراوەکانی لێدێت. لەم بۆچونەدا تەعریب وا دەرئەکەوێت کە پرۆسەیەکی سروشتی بێت‌و دەرئەنجامی زیادبونی ژمارەی نەتەوەیەک بێت لەناو شاری نەتەوەیەکی تردا.
لەکاتێکدا تەعریب هەرگیز زیادبونێکی سروشتی نەبوە. پرۆسەی تەعریب بەرنامەی سیاسی حزبێکی فاشیە کە بەزۆر خەڵکانێکی بێگانە لەشارێک لەناو جەرگەی شاری نەتەوەیەکی دیدا ئەچێنێت، ئەویش بەڕاگواستنی خەڵکە رەسەنەکەی ناوچەکەو دەرکردنیان. تەعریب پرۆسەیەکی سروشتی نیە، پەیوەندی بەزیادبونی ژمارەی خەڵکی نەتەوەی دیەوە نیە، بەڵکو دیوی ترسناکی پەیوەندی بەڕاگواستنەوە هەیە. بەبێ راگواستنی بەکۆمەڵ‌و هێنانی بەکۆمەڵی خەڵکی دی، قسەکردن لەتەعریب، فوبیایەکی ناسێۆنالیستی بێ مانایە کە تەنها راسیزمێکی داخراو و توندڕەو دروست ئەکات.
بۆ گەلێکی وەک ئێمەش کە رەنگە ئاوارەترین نەتەوەی سەر ئەم زەویە بین، کە سەدان هەزارو بگرە رەنگە ملیۆنێک زیاتر لەخەڵکی هەمو کوردستان لەئاوارەییدا بژین، شەرمێکی گەورەیە دژی ئاوارە بین‌و دوای ئەو فۆبیا ناسیۆنالیستیە ساویلکانەیە بکەوین کە بڕوای وایە بونی چەند هەزار عەرەبێک، ئەتوانێت یەکێک لەگەورەترین پارێزگاکانی کوردستان تەعریب بکات. ئاوارە کوردەکان کە لەهەندێک وڵاتدا رەنگە ژمارەیان دەیان هەزار کەس بێت، چەند تەکریدی ئەو شارو شوێنانە ئەکەن کە تیایدا ئەژین، هەر ئەوەندەش عەرەبەکان ئەتوانن، شارە کوردیەکان تەعریب بکەن.
ئەنجومەنی پارێزگا کارێکی باشی کرد کە ئەو بڕیارەی پێشوی خۆی گۆڕی بەئاسانکاری بۆ هەر کەسێک گەر بیەوێت لەسلێمانی دابنیشێت. کاری راست ئەوەیە پرسگەو برایانی ئاسایش سیاسەتی خۆیان بەرامبەر بەعەرەبەکان لەم راسیزمە رزگار بکەن‌و بەمیهرەبانی‌و دڵفراوانیەوە مامەڵە لەگەڵ عەرەبەکاندا بکەن. هەر ئەوکاتەش کە فێربین رێزی خەڵکی ترو نەتەوەی تر بگرین، ئاسانترو باشتر فێر ئەبین رێزی ئەو جیاوازیانە بگرین کە لەناو خۆماندا هەیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە