ڕیفراندۆم بۆ جیابونەوە لەعیراق یان كۆماری کوردستانی دیموکراتی

Sunday, 21/08/2016, 19:16

2688 بینراوە


لە ئێستادا،  لێك تیگەیشتنێك هەیە (بەهۆی کودەتای تورکیا دروسترە بلێم هەبوو)  لە نێوان تورکیا و سعودیە  لەسەر دروستکردنی پێكهاتەیەکی سیاسی (Political Entity)  نوێ لەناوچەی هەرێمی کوردستان.
دروستکردنی ئەم پێکهاتە سیاسیە هیچ سەرئێشەیەك بۆ سعودیە دروست ناکات. سعودیە هیچ سنورێكی لەگەل کوردستان نییەو کێشەی کوردیش کێشەی ناوخۆی سعودیە نییە. بە پێچەوانە، دروستکردنی پێکهاتەیەکی سیاسی زۆرینە سونی،  هاوسێ و دۆست لە زۆر لایەنەوە قازانجی بۆ سعودیە دەبێت.  سەبارەت بە تورکیاش، بەهۆی ئالوگۆری گەورە لە ناوچەکە مەسەلەی دروستکردنی ئەم پێکهاتە سیاسیە بریتییە لە ژیانکردن (Live with) لەگەل شتیك لەچەشنی ولایەتی موسڵ، کەدەکرێ لە ئێستادا ناویتری هەبێت.  بۆ نمونە میرنشینی باکور، ولایەتی باکور، میرنشینی کوردستان، دەولەتی کوردان یان هەرشتێکتر.  
لە ڕوانگەی تورکیا  ئەم پێکهاتە نوێیە لەروی سیاسی و ئابوری بەتەواوی وابەستەی تورکیا دەبیت و سەرچاوەی داهاتێکی زۆر و زەبەند دەبێت بۆیان.  لەئەگەری دروستبونی ئەم پێکهاتە سیاسیە نوێیە،  ڕەنگە تورکیا پێشنیاری ئەوەش بکات   بۆ نمونە ، بۆ ماوەی پەنجا ساڵی داهاتو سەربەئەوان بێت، واتە لە ژێر  وسایە / ئینتیدابی ئەواندا بێت.
ئەو هەمو سودە مادییەی تورکیا لە دروستکردنی ئەم پێکهاتە سیاسیە نوێیە بەدەستی دێنێت بەکاردەهێنریت بۆ ڕازیکردنی ڕای گشتی تورکیا بۆ قایل بون بەم پێکهاتەیە.  ئەوەی ئەم قایل بونەش ئاسان دەکات ئەوەیە، هەر لەبنەرەتدا دژایەتی کۆێرانەی تورکیا بۆ کوردستان  دژایەتیەکەی بێبنەما و دواکەوتوانەیە  تایبەتە بە ئیلتی شوفێنی سیاسی تورکیا نەك زۆرینەی خەلكی تورکیا. 
ئەم لێك تێگەیشتنەی نێوان تورکیا و سعودیە  لەسەر دروستکردنی پێهاتەیەکی سیاسی نوێ بە گوێی پارتیدا، وەك حیزبی دەسەلاتدار لە کوردستان، دراوە.  پارتیش ئەم مەسەلەیە، واتە مەسەلی زیندوکردنەوەی ولایەتی موسل بۆ تورکیا ،میرنشینێك لەباکور یان هەرشتێکیتر  بۆ سعودیە،  وەك مەسەلەی دروستکردنی دەولەتی کوردی بەشەقامی کوردی دەفرۆشێت و لەبەرامبەر هەمو شتێکیش قوتی دەکاتەوە. 
بابەتی دروستکردنی پێکهاتەیەکی سیاسی نوێ تاکو ئێستا تەنها لەیەك تێگەیشتنە و وردەکاریەکانی دیارنین، ڕەنگە بەتەواویش لەبار بچیت بەهۆی هەلومەرجی نوێی ناوخۆی تورکیا.   بۆ نمونە،  جوغرافیای ئەم پێکهاتە سیاسیە نوێیە کوێ دەگرێتەوە؟ ئێستای هەرێمی کوردستان، هەرێمی کوردستان و دەشتی نەینەوا یان هەریمی کوردستان و  ناوچە کوردستانیەکانی دەروەی هەرێم و دەشتی نەینەوا؟  ناوی ئەم پێکهاتە سیاسیە نوێیە چی دەبێت؟  لێدوانە دژبەیەکەکانی سیاسیەکانی تورکیا  لە چەند مانگی پێش کودەتاکەی تورکیا کە هەندی جار  دژ  و جارجاریش بە رازیبوون،  ناڕونی ئەم لەیەك گەیشتنە  دەسەلمێنێ. 
پارتی هەلپەیەتی بە زوترین  کات  ئەم  پێشنیارەی تورکیا و سعودیە جێبەجێ بکات.  لەم مەسەلەیەدا دو بابەت جێگەی گرنگی پێدانە: 
یەکەم،
بانگەوازی ڕیفراندۆمی بارزانی، بانگەوازە بۆ جیابونەوە لە عیراق نەك پێکهێنانی کۆماری کوردستان یان کۆماری کوردستانی دیموکراتی. تاکو ئەم کاتژمێرەش پارتی و میدیای پارتی نایانوتوە ڕایفراندۆم بکرێت لەسەر پێکهێنانی کۆماری کوردستان.  پارتی دەلێت با ڕیفراندۆم بکرێت لەسەر جیابونەوە لە عیراق، ئەم دو بابەتەش بەتەواوی جیاوازن. پارتی ناڵێت ئەگەر لە عیراق جیابوینەوە چی دەکەین ؟ چی پێك دێنین ؟ 
دوەم، 
پارتی سود لە بابەتی ڕیفراندۆم دەبینێت بۆ مەبەستی سیاسی. واتە، پارتی لەم ڕێگەوە دەیەوێت قەیران و شكستە بێکۆتاکانی بشارێتەوە.   لە چەند مانگی ڕابردوو هەرچی ڕەخنە و کەموکوریەك ڕوبەروی پارتی کرایەوە، لە وەلامدا پارتی وتی ڕیفراندۆم.  وتیان بۆچی هەرێم موچەی فەرمانبەرانی پێدابین ناکرێت؟  بۆچی پەرلەمان لەکارخرا؟  بۆچی دابینکردنی کارەبا چارەسەرنەکرا ؟  کوا پارەی نەوت؟   بۆچی خزمەتگوزاری  لە نەخۆشخانەکان لە خراپترین ئاستدایە؟  بۆچی پرسیارەکانی پۆلی شەشی ئامادەیی ئاشکرا دەبن؟  ئەو هەمو سیاسیانە چۆن ئیستا بۆنەتە خاوەنی مۆل و دەیان کۆمپانیای بازرگانی؟ …تاد.  لە وەڵامی هەمو ئەمانەدا پارتی یەك وەڵامی هەبوو، ڕیفراندۆم. 
گرفتی گەورەی بابەتی ڕیفراندۆمیش ئەوەیە:  خەلکی کوردستان ناتوان  مەسەلەی سەربەخویش بەدەردی مەسەلەی نەوت  وگاز ببەن.  ئەوان جارێك بەدەستی ئاشتی هەوارەمی و نێچیرڤان بارزانی دەستیان سوتاوە نایکەنە دوو.  ئەوان ناتوانن چارەنوسی خۆیان دەستی قەدەر بکەن. ئەوان لەدەستی ئەو کەسانەی بانگەوازی ڕیفراندۆم دەکەن ئەمین نین.  لە ئێستادا ئەم بابەتە  لە باشترین حالەتدا سیاسیە و لە خراپترین باریشدا لە پلانگێری دەچێت تاکو مەسەلەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی کە کۆمەلێك مرۆڤی تێکۆشەر و شۆرشگێر بە لەخۆبردویی ڕابەرایەتی  بکەن.
بۆ تێگەیشتن لە نیەتی ڕاستەقینە،  ڕێگرتن لە پلانگێری ولاتانی دوەروبەر و کۆتاییهێنان بە دەستی دەستکردن بەخەلکی  کوردستان، با پارتی دیموکراتی کوردستان ڕووبەروی ئەم بابەتە بکرێتەوە؛  لەجیاتی پرسیارێك لە ڕیفراندۆم سێ پرسیار بکرێت، پرسیارەکانیش بەم شێوەیە بن: 
پرسیاری یەکەم،  لە گەل پێکهێنای کۆماری کوردستانی دیموکراتی لەڕێگەی جیابونەوە لە ئێراق یان نا ؟
پرسیاری دوەم ، ڕازی کۆماری کوردستانی دیموکراتی لەژێر  ئینتیدابی  تورکیا بێت یان نا ؟
پرسیاری سێیەم، ڕازی مەسعود بارزانی سەرۆکی کۆماری کوردستانی دیموکراتی  بێت یان نا؟  
ڕای خەلکی کوردستان لەسەر ئەم سێ پرسیارەی سەرەوە ڕێگا دەگرێت لە پلانگیری  ولاتانی دەوروبەر، خراپ بەکارهێنانی ڕیفراندۆم  بۆ مەبەستی سیاسی و موغامەرەکردن بەچارەنوسی خەلکی کوردستان. هەروەها، ڕێگاش خۆش دەکات بۆ گەیشتنی خەلکی کوردستان بەداخوازی هەق و مێژوویی خۆی.  ڕیفراندۆم بەم شێوەی  لێرەدا پێشنیارکراوە،  ڕێگا خۆش دەکات بۆ چارەسەرەی هەندێ لە گرفتە سیاسیەکانی ئێستای هەرێمی کوردستانیش.  بۆ نمونە،  پرسیاری سێیەم ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەمانەوە یان نەمانەوەی مەسعود بارزانییە وەك سەرۆکی هەرێم کە لە ئێستادا دایکی هەموو کێشە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان.  
گرنگە هەموان بزانن  وەڵامی بانگەوازی ڕیفراندۆم، دژایەتیکردنی بانگەوازەکە نییە، بەلکۆ کردنیەتی.   بەڵام، ڕیفراندۆم دەبێت لەسەر پێکهێنانی کۆماری کوردستان بێت،  نەك  شتێك لەچەشی ولایەتی موسلی  لە ژێر  وسایە یان ئینتیدابی تورکیا و بۆ خزمەتی ولاتانی دەرەکی.  ئەوەی لە ئێستادا بانگەوازی بۆ دەکرێت زیاتر لە سیاسەت و پلانگێری دەچێت تاکو نیەتی ڕاستەقیەنە.  هەر بۆیە،  پارتی پێویستە ئەستۆ پاکی خۆی بۆ هەموان ڕوون بکاتەوە.  ڕازیبونی پارتی بەم سێ پرسیارەی پێشنیارکراوە ڕێگاخۆش دەکات بۆ دوبارە گەرانەوەی متمانەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بەم حیزبە و سەرتایەکیش دەبێت بۆ چارەسەری کێشە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان.  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە