(ژدانۆڤ)ه کانی کوردستان

Sunday, 11/09/2016, 23:06

3515 بینراوە


له سەردەەمی ستالین له ڕووسیا(سۆڤیەتی کۆن) کچه شاعیرێك له شیعرێك دا دەنوسێت ناخم وەکو زۆنگاوێک وایه و مێشوولە و زیندەوەری تێدا هەڵدەقوڵێت .
ژدانۆڤی ڕاوێژکاری ڕۆشنبیری ستالین ڕەخنەی لێدەگرێت و دەڵێت :لەوەتەی ڕژێمی سۆسیالیستی دامودەزگای سۆسیالیستی دامەزراندووه ، لەم سۆڤیەته 
نه زۆنگاوێك ماوه و نه مێشوولەیەکیش، ئیتر ئەو شاعیره ئەم قسه هیچوپووچانەی له کوێ هێناوه؟
هەموو ڕاوێژکار و قسەکەران و مستەشارەکانی حوکمەت و حیزبەکانی کوردستان هاوشێوەی ژدانۆڤن یان خۆیان گەمژەن یان خەڵك بەلاڕێدا دەبەن ، خەڵك دەڵێت پارە و مووچه نیه ،کارەبا نیه ،دامه زراندنی ڕوون(شه فاف)نیه ،کار نیه ،بەرهه می ناوخۆ نیه ووڵات پڕ بووه له کاڵای بەسەرچووی ئێرانی و تورکی و چینی ، سەدان پێشمەرگەی کرێچی و کوڕە هەژار گەش مرده (شه هید)بوون و بازرگانانی جەنگیش له بەرەکانی جەنگ هەڵدێن ، خەڵك دەڵێت گەندەڵی بنەما و پایەکانی بواری سیاسی و ئابووری و کارگێڕی ووڵاتی کاول و وێران کرد ، کەچی لەولاوه ژدانۆڤەکانی حوکمەت و بنەماڵه و حیزب دەڵێن ئێمه به هۆی سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆکەوه بەرەو سەربەخۆی سیاسی و ئابووری دەچین ، بەڵام له ڕاستیدا حوکمەتی عێراق دەتوانێت به بڕیارێك زەوی و ئاسمان له هەرێم بگرێت ، هەروەكو له بواری ئابووریدا بینیمان ، نەوت و سامانی سروشتی ئەم ووڵاتە بەتاڵان براو حوکمەت کەوتۆتە ژێر قەرزێکی زۆرەوە و باجەکەشی هاوڵاتیان دەیدەن وحوکمەت نیو مووچەشی پێدابین ناکرێت بەردەوامیش کۆمپانیای داناغاز و کۆمپانیاکانی نەوت سکاڵای یاسایی لە دژی حوکمەت دەبەنەوە و بە ملیارەها دۆلار لە حوکمەتەکەی پیاوە دەوڵەتمەدارەکە وەردەگرن .
له زۆنی سەوزیشەوە دەڵێن گەر سیاسەتی حەکیمانه ئێمه نەبوایه دەمێک بوو ئەزموونەکەمان له ناوچوو بوو بەدەست تیرۆرستانی داعش . بەڵام له ڕاستیدا بەهۆی ئەم سیاسەتەوەیه دەبێت له داهاتوو دا شەڕی میلشیاکانی شیعەش بکەین .
ژدانۆڤە ئیسلامیەکان دەڵێن به هۆی دینداری (ئەمیر و ئەمیندار)ەوەیه کڕیزی میللەتمان پاراستووە ، لەکاتێکدا خۆیان ناتوانن خوانێکی پێکەوەیش ئامادە بکەن، یان دەڵێن ئێمە لە هەوڵی گەڕانەوەی دادپەروەری عومەر کوڕی عەبدولعەزیزین . ئێوەیەک لە ناو حیزبی خۆتانا توانای ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتتان نەبێت بەچی ئەو دادپەروەرییە دەگێڕنەوە ؟ کوڕی ئەمیر و ئەمیندار لە دەرەوەی ووڵات خەریکی خوێندن بن و ژیانێکی های لایف بژین و خاوەنی باشترین مووچە بن ، ئەندام و کادرە داماوەکانتان بێ کار و داهاتوو نادیار بن و تەنیا فێری ئیتاعەتان کردبێتن و بڵێن خوا جەزات بداتەوە برای مسوڵمان ئیتر بەچی ئەو دادپەروەرییە دەگێڕنەوە ؟
ژدانۆڤەکانی گۆران باسیان لە سیستمی بانکی و سیستمی ئەلکترۆنی و بە دامەزراوی و نیشتیمانکردنی دام و دەزگا و هێزی پێشمەرگەیان دەکرد تا ئۆپۆزسیۆن بوون ، بەڵام دوو ساڵ لە دەسەڵاتدابوو نەیانتوانی لانی کەمی دروشمەکانیان بکەنە کردار لەو وەزارەتانەی بە دەستیانەوە بوو .تا دوێنێ گۆڕانخوازەکان باسیان لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکرد ڕەخنەی ئەوەیان لە سەرانی پارتی و یەکێتی دەگرت کە لە ماوەی حوکمڕانیاندا نەیان توانیوە نەخۆشخانەیەکی مۆدێرن دابمەزرێنن و متمانەیان بە پزیشک و نەخۆشانەکانی خۆیان نیە بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕوو لە دەرەوەی هەرێم دەکەن . بەڵام ڕێکخەرەکەی خۆیان بۆ وەرگرتنی چارەسەر بۆ نەخۆشی بڕبڕەی پشت حەوت مانگ لە باشترین نەخۆشخانەکانی ئەوروپا بوو لە کاتێکدا بە دەیان گۆڕانخواز کەنەفتی جێگەن بە هۆی نەخۆشی بڕبڕەی پشتەوە برسی و کرێچی و بێکارن ، ئەمەیە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و سەرکردەی خاکی و سادە کە وەکو هەژارەکان دەژیا . لە خۆپیشاندانەکانی دووهەزارو یانزە تەنیا کوڕی فەفیر و هەژار شەهید دەبوو زیندان دەکرا شەقی تێهەڵدەدرا کوڕی ئەمیر و ئەمیندار و ڕێکخەرمان نەبینی لە خۆپیشاندانەکاندا ئۆپۆزسیۆن خۆشی بە خاوەن خۆپیشاندانەکان دەزانی ، ئێستاش داوای خۆپیشاندان و ڕاپەڕین لە میللەت دەکەن دژی دەسەڵات بۆ چارەسەری قەیرانەکان و بۆئەوەی سبەی خۆیان ببنەوە بە تاغوت لە ناو و بەرگێکی دیکەدا ، تا کوڕی ئەمیر و ئەمیندار و ڕێکخەر نەکوژرێت پێش خەڵکەکە نەکەوێت شەقی تێهەڵنەدرێت تاوانە کوڕی فەقیری خۆی بکاتە سوری بەر لە شکر و سبەی ئەوان ببنە خاوەنی دەسەڵات و سامانی ئەم ووڵاتە ، بە هەزاران ڕۆڵەی فەقیری ئەم نیشتیمانە شەهید بوو نەماندی کوڕی ئەمیر و ئەمیندار و ڕێکخەرە سادە و خاکیەکە سەردانێکی بەرەکانی جەنگیش بکەن . ئیدی دەبێت میللەت ووشیار بێت هەرکات بەردێکی لە ناوچەو کۆمیتەکانی پارتی و یەکێتی گرت دە بەرد لە مەکۆ و ناوەند و مەڵبەندو کۆمیتەکانی ئەم سێ هێزەی تر بگرێت . چونکە ئەمان بوون دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیان تۆکمە و درێژکردەوە بە جیاواز نەبوونیان لەوان .
لە کۆتایدا دەڵێین باشترین کار بۆ حیزبه کان و حکومەت ئەوەیه پێشنیارەکەی (بەختیار عەلی) جێ به جێ بکەن حوکمەت وزراتێك و حیزبەکان دەزگایەک به ناوی (دەزگای درۆ یان وەزارەتی درۆ) دابمەزرێنن بۆئەوەی درۆکانیان به جۆرێك بۆ بهۆننەوە لانی کەم خه ڵکه ئاساییەکە لێیان تێنەگات . چونکه ژدانۆڤەکانیان له خۆیان بێزاوتر و کەمترن .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە