لە ئەرشیفی نامەکاندا نامەی هاوڕێیەکی شەهیدم پارێزراو بوو

Tuesday, 09.20.2016, 22:31

3799 بینراوە


 ئەم وێنەیە ساڵی ١٩٨٥ لە گوندی "گاپیڵۆن" گیراوە
لەم سەردەمەدا کە تەکنەلۆژیا بووە بە بەشێکی گەورە لە ژیانماندا، نامە نووسین و نەریتی نامە نووسین، بەرەو لەناوچوون دەچێت، ئیتر کەسمان چاوەڕوانی نامەی کەس نابین بۆمان بێت، خۆشمان تا بۆمان بکرێت نامە نانێرین، بەڵکو لە ڕێگەی مۆبایل و ئێمەیلەکانەوە نامەیەک دەنێرین کە ئەرکێک لەکۆڵ خۆمان دەکەینەوە، لەناو هەموو نامەیەکدا کە دەینێرین، یان پێمان دەگات، چەند دێڕێکی بێمانا دەبینین. گەرچی هەموو ئەو نامە کورت و کوێرانەی ڕۆژانە دەگەنە لامان، یان دەینێرین جێگەی نامەیەک ناگرێتەوە کە لە ڕابردوودا گەیشتۆتە دەستمان یاخود ناردومانە.
 هیچ لەم نامە ئەلکترۆنانە تامی ئەو نامانە نادەن، کە بەعەشق و خۆشەویستی و ترس و نەهامەتییەکاندا ڕێگەیان گرتووە و گەیشتونەتە دەستمان، نامە ئەلەکترۆنییەکان، بێزەرف، کە راستەوخۆ لە رێگای کەسێکەوە وەریناگرین، ناتوانین بۆنی بکەین، ماچی بکەین، یان بیدەینەبەر ڕوناکی تا زیاتر شوێن قەلەم و سێبەری کەسی نامەنووس بناسینەوە.ئێستا هەرلەدوایی خوێندنەوەی نامە ئەلکترۆنییەکان هەر زوو لە هزرماندا نامێنێت و بیردەچێتەوە.
بیرمە ساڵی ١٩٨٢ لە ڕۆژهەڵاتی ووڵات و لەگوندی "بێتوش" لە قاوەخانەی گوندەکە کە لەناو چنارە باڵابەرزەکاندا کوڕێکی باشور بەڕێوەی دەبرد، چێشهەنگاوێک دراوسێیەکیسلێمانی خۆمانم دییەوە کە ماوەی چەندساڵێک بوو هاتبوو ە چیا، ئەو لە من گەورەتربوو، هاوڕێم نەبوو بەڵام یەکمان دەناسی.ئەو بەڕێزە سەری بەسەر نامەیەکدا شۆڕکردبۆوەو دەیخوێندەوە، چاوەکانی پڕببوون لە ئاوی سوێر، دوایی تەواو بوونی بۆنی نامەکەی کرد و بەپشتی دەستی چاوەکانی سڕی و نامەکەی قەدکرد و ماچی کرد و لەباخەڵی نا.دوایی کەمێک من سڵاوم لێکرد و ووتم: دەڵێیت لەشارەوە نامەت بۆ هاتووە ؟ من وابۆی چوم و خۆشی وای ووت: کە لەکەسێکی زۆر ئازیزیزیەوە بۆی نێنراوە.
زەردەخەنەیەکی کرد و ووتی: نامەکە کۆنە، من ماوەی سێ ساڵە ئەو نامەیە هیوام دەداتێ و هەرجارێک دەیخوێنمەوە خوێنی نوێ بۆ جەستەم دەچێت، نامەی خۆشەویستەکەی بوو، 
 ئیتر لەو ڕۆژەوە منیش حەزم لەوە دەکرد کە نامەیەکی وام بەدەست بگات، کە بتوانم هیوای لەسەر هەڵچنم.ساڵێ ١٩٨٥ لە گوندی گاپیڵۆن "دلێری و خۆڕاگری" ئەشرەف دەهقانی چریکی فیدایم خوێندەوە.
هەر دوایی خوێندنەوەی ئەو یاداشتە، بیرمە نامەیەکم بۆ هاوڕێیەکم نووسی بۆ شار و باسی ئەو بیرەوەری ئەشرەفی دەهقانیم بۆ کرد و سۆزم بەهاوڕێکەم دا گەر کەسێکی باوەڕ پێکراوم دەست بکەوێت کتێبەکەشی لەگەڵ نامەکەدا بۆ بنێرم.ئیتر دوای ئەوە بڕیارم دا ئەو نامانەی دەگەنە لام، تائەو جێگەیەی بۆم دەکرێت بیان پارێزم، بەڵام وا نەبوو ، زۆرنامە کە لە هاوڕێکانمەوە لەشارەوە بۆم دەهاتن هەڵم دەگرتن ئەوانیش وەک یاداشتی ڕۆژانەی خۆم کە لە چیابووم و دەمنوسیینەوە فەوتان و لە دەستم دان.
حەمەی هاوڕێم کە لە دووهەمین ڕۆژی ئەنفالدا گیانی بەخشی بەقارەمانێتی لە گوندی" قەرەنگوێ" بە چیاکەوە، زۆزجاران نامەمان بۆ یەکتر دەنووسی، لەگەڵ هەندێک هاوڕێی تریشدا نامەناردن پێشەمان بوو، بەڵام ئەو نامەیەی ئێستا بڵاوی دەکەمەوە خۆیشم نازانم چۆن لەمەرگ ڕزگاری بووە؟ 
هەندێ مرۆڤ سەربەرزی و دڵسۆزی و شكۆی خۆشەویستی خۆیان لە ڕستەیەكدا چڕدەكەنەوە. مرۆڤ ئەگەر نەیەوێت خۆی لێ گێل بكات یان دەوەرییەكانی وەك نەخشی سەر بەرد لە زەینیدا دەمێنێتەوە و نامەیەکی وا گەواهی دەدات بۆمان. من بۆخۆم هەرگیز یادەوەریی دوا ساتەكانی شەهیدبوون و پێکەوە ڕێکردنمان بۆ ناو ژەوەژاوی ژیان و هەڵچون و داچوون و خەباتکردنمان بیرناچێتەوە، هاوڕێم حەمە من و تۆ هەردوکمان کوڕی باوکێکێکی کرێکار و ڕەنجدەری نیشتمانێکی کڵۆڵ بووین، لە مێرد منداڵێوە دەرکمان بەوە کردبوو کە دەبێت خەبات بکەین تا لەوە زیاتر نەهامەتییەکان وەک لیکاو بەسەر ئێمەشدا نەڕژێت و بتوانین داهاتوو بۆ دنیایەکی باشتر بگۆڕین و سەرفرازی ڕامبکەین و تامی ئازادی بکەین.
حەمە ی هاوڕێی و برام کەسێک بوو سادە، ئازا، سەرچڵی لە خۆی دەوەشایەوە، بەڵام هەمووگیانی پڕبوو لە ڕەوشتی بەرز، خۆشەویستی بەڕاستی حەمە شۆڕشگێڕێکی بێ هەڵەبوو، ئەو پڕبوو لە عیرفانییەت و عاشقی نیشتمانیك بوو کە لە پێناویدا گیانی بەخشی و لە هەموو نامەکانیدا دەینوسی "کوردستان یان نەمان".حەمە ڕاستگۆبوو مرۆڤ کە ڕاستگۆبێت لەڕێگەی ڕاسگۆییەوە هەموو بەهاکان بەدەست دێت.
 ئێستا من ئەم نامەیە بەمیراتێکی گەورە دەزانم لەهاوڕێیەکمەوە کە تەمەنێکمان بەیەکەوە بەسەربرد و سەدان شەو و ڕۆژمان پێکەوە کردەوە، لە منداڵیەوە لەناو یارییەکان و شەڕو ئاژاوەکانەوە ڕۆژەکانمان لێ دەڕۆیشت.
حەمە لێوان لێو بوو لەئارامی، لە بێدەنگی و هەمیشە بێدەنگی خۆی بە ئێمە دەبەخشی، ئەو خاوەنی گیرفان نەبوو، هەمیشە شتی بۆ دەکڕین، حەمە دەیووت من ئیش دەکەم باپێکەوە پارەکە خەرج بکەین، بیرمە دەیووت هاوڕێم پارە توڕەهات و بێکەڵکە، حەمە هاوڕیێەک بوو، ئەوسا و ئێستاش لای من ڕەهەندێکی ڕۆحی پێبەخشیم، بۆیە تا لە ژیاندابم ئەو مرۆڤە مەزنەم بیرناچێتەوە و شەرم دەکەم من لە ژیاندام و ئەو شەهیدبووە.
من قەت لە خۆم نەپرسیوە هاوڕێی ڕاستەقینەم کێ یە؟ هەمیشە لەخۆم پرسیوە داخۆ من بەڕاست هاوڕێی ڕاستەقینەم بۆ هاوڕێکانم؟ 
 هاوڕێم چەند ئیرەییم بەشەهید بوونەکەت دێت، چونکە مردنێک مردی، پڕبوو لە جەوامێری، ئێمە کەماینەوە ئەم هەموو تێکشانە دەبینین، ئەم هەموو کەسە پوچانە دەبینین، کە چی دەکەن لەو گەلەیان، ئێمە بۆ ئازادیی لە خەباتدا بووین، کەچی ئێستا بێدەنگین...! ئاخر چۆن ئیرەیی بەمەرگێکی وا نەبەم، لایەنی کەم ئەو هەموو فاسیدە نابینێت و ئەو هەموو هەواڵ و خۆفرۆشی و دزییە نابیستێت، کە لە نیشتمان دەکرێت.
 سڵاو لەڕۆحی پاکت هاوڕێ شەهیدەکەم.




(دەنگدراوە: 19 . زۆرباشە: 2/5)