رۆلى پێشمەرگە لە شەڕى موسڵ دا

Friday, 21/10/2016, 18:49

2409 بینراوە


ئەو بارودۆخەى کە هێزى سەربازى عێراقى تێکەوتووە ئەکرێت بڵێن وەکو ماڵى کورد وایە لەهەرێمى کوردستان  پەرتەوازەییەکى زۆرى پێوە دیارە بۆیە هێزە عێراقیە عەرەبەکان بە( سونەو شیعەشەوە) ناتوانن ڕۆڵى کاریگەر ببینن لە تێکشکاندنى داعش لە موسڵ.
لەم قۆناغەدا تاکە هێزێک کە لە عێراقدا ئامادە بێت بۆ قوربانى دان لە  شەڕى داعش هێزى پێشمەرگەیە کە لە توانایدا هەیە رۆڵى کاریگەرو یەکلا کەرەوە  ببینێت لەم شەڕەدا.
لەپاڵ ئەوەى کە هێزى پێشمەرگە تاکە هێزە  لە پێشتردا توانیبێتى زۆر ترین سەرکەوتن بە سەر داعش تۆمار بکات و پێشڕەویەکانى بوەستێنێت لەعێراق  لەلەکۆى (6) رێگەى ستراتیجى کە لێوەى هێرش دەکرێتە  سەر  داعش لە موسڵ (5)  دانەیان بە دەست هێزى پێشمەرگەوە یە، رێگە کانیش ئەمانەن (سەدى موسڵ، کسکى،خازر،گوێر،ناوران)،تاکە شوێنێک کە هێزە عێراقیە عەرەبەکان بتوانن هێرشى لێوە بکەنە سەر داعش لە موسڵ (قیارە)یە.
کەواتە لەم کاتەدا تەنها یەک رێگە بەدەست هێزە عێراقیە عەرەبەکانەوەیە بۆ ئەوەى هێزە عەرەبەکان بتوانن سەرکەوتوو بن لە هێرشەکەیان دەبێت پیشت بە هێزى پێشمەرگە ببەستن کە لەو خاڵە ستراتیجیەتانەوەى کە بەدەستیانەوە هێرش بکەنە سەر داعش لە مووسڵ .
بەپێى ستراتیجیەتى شەڕ ئەگەر دوژمن لە یەکلا زیاترە وە هێرشت کردە سەرى ئەوە تواناى بەرگریکردنى کەمدەبێتەوە و پەرتەوازەى و نارێکى باڵدەکێشێت بە سەریدا و ئەگەرى تێکشکاندنى زۆرە بێت،هێزە عێراقیە عەرەبیەکان ئەم ستراتیجیەتە بەکار دەیەنن و سود لە پێشمەرگە دەبینن بۆئەوەى شانسى سەرکەوتنیان زۆر بێت.
ئەوەى جێگەى نیگەرانیە بریتیە لەوەى کە ئێمە تازە لە سەرەتاى ئەم شەڕەداین و پۆلێک پێشمەرگە بریندار و شەهید بوون، ئەو پرسیارە گرنگانەى کە لێرەدا دێنە پێشەوە  کورد بۆچى بەژدارى ئەم شەڕە دەکات؟ئایە دەست کەوتەکانى ئەم شەڕە لەئاست ئەو هەمووقوربانیدانەدان؟
پێم وایە لە بەرئەوەى کە ماڵى ناوخۆى کورد  لە هەرێمى کوردستان توشى پەرتەوازەیەکى گەورە بووە ئێمە ناتوانین دەست کەوتى نەتەوەى و نیشتیمانى بە دەست بیەنین لە سەر ئاستى ناوخۆ  و هەرێمى و نێودەوڵەتى لەم شەڕەدا .
 ئەگەر بەژدارى پێکردنى پێشمەرگەش لە سەر ئەو بنەمابێت بۆ ئەوەى هێزو تواناى پێشمەرگە پێشانى ووڵاتانى هەرێمى نێو دەوڵەتى بدرێت ئەمەش هەڵەیەکى گەورەیە چونکە ئەگەر هێزە هەرێمى و نێودەوڵەتیەکان لە ماوەى ڕابردوودا ئەو سەرکەوتنانەى پێشمەرگەیان نەدى بێت ئەوە بروا ناکەم  بەم سەرکەوتنەش بزانن.
دەبوایە سەرکردایەتى کورد بەرلەوەى هێزەکانى پێشمەرگە بجوڵێنن بەرەو سنورەکانى موسڵ  لەسەر ئاستى ناوخۆى عێراق  کۆمەڵێک رێکەوتنى بکردایە لە گەڵ  لایەنە سیاسیەکان  بە سونەو شیعەکانەوە ئەم رێکەوتنانە لەپێناو بەدەست هێنانى دەست کەوتى نیشتیمانى بوونایە وەک گەرانەوەى ناوچە جێناکۆکەکان بۆسەر هەرێمى کوردستان.
هەموو ئاماژەکان ئەو ڕاستیەمان پێدەڵێن کە هێزى پێشمەرگەى کوردستان ئەبێت بە قوربانى یەکەم لەم شەڕەداو زۆر ترین قوربانیشمان دەبێت بەڵام کارەساتى گەورە لەوەدایە ناتوانین کە دەست کەوتى نیشتیمانى بەدەست بیەنین چى لە سەر ئاستى ناوخۆ یان لە سەرئاستى دەرەکى چونکە لایەنە سیاسیەکانى باشورى کوردستان لە ناوخۆیاندا ناکۆکن .
ڕاستە کورد لە سەر ئاستى هێزى پێشمەرگە بە یەک هێز بەژدارى ئەکات کە هەموو ڕەنگ و دەنگەکانى تیادایە بەڵام لە سەر ئاستى پەیوەندى سیاسى لەگەڵ حکومەتى فیدڕڵ و لایەنە عەرەبەکان بە پەرتەوازەى پەیوەندیەکان دروست ئەکات بۆیە ناتوانین وەک پێویست سەنگ و قورسایمان هەبێت.
کاتێکیش کە نەتوانین بە قورساى و سەنگەوە لە سەر ئاستى پەیوەندییە سیاسیەکان دەربکەوینەوە بەهۆى چارەسەر نەکردنى ناکۆکیە ناوخۆیەکانمانەوە ئەوە بێگومان قوربانیەکانیشمان هەرچەند زۆربن  لە شەڕى موسڵدا ناتوانین دەست کەوتى نەتەوەى بەدەست بیەنین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە