(ئەردوگان ) قوربانیی دەستی شەقاوەکانی قاسم پاشا، چیی دەوێت ؟

Monday, 07/11/2016, 0:32

2399 بینراوە


هەمووان دەزانن کە ئەردوگان کوری گەرەکی قاسم پاشای شەقاوەنشینی ئەستەنبولی هاوشێوەی گەرەکی کیفاحی بەغدایە، بە جیاوازی ئەوەی زۆرینەی شەقاوەکانی کیفاح خاوەن کەسایەتی و غیرەت و سیفەتی باش و حەقانی بوون .
ئەم ئەردۆگانە لە کاتێکدا لەدایکبووە و گەورەبووە واتە لەپەنجاکان و  شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی بیستەم، ئەو گەرەکە واتە قاسم پاشای ئەستەنبوڵ لە لوتکەی رەفتاری شەقاوەچێتی و چەقوکێشان و منداڵبازی و دزی و جەردەیی و ململانێ بووە، ئەمیش لەو کەشەدا گەورە بووە، سەرەرای ئەوەی باوکی هەوڵیداوە لە قوتابخانە ئاینیەکان بخوێنێت بۆ ئەوەی دوور بێت لە هەراو هوریا و رەفتاری خراپ، بەڵام لە زەمانێکدا لەدایکبووە هیچ منداڵێک بە ساغو سەلامەتی لەدەست ئەو جۆرە کەسانە دەرنەچون و پەروەردەکەی چەردەیەک لەو سیفەتانەی پێوە دیارە .
ئەو خەسڵەتە تایبەتیەی کە لە منداڵیەوە وەریگرتووە زۆر جار بە رەفتارەکانی لە گەورەییدا دەرکەوتون، لە نێوخۆی تورکیادا چەندین سەرکێشی کردووە و هەلپەرستێکی بە توانا بووە و پشتی نزیکترین هاورێکانی داوە لە ئەرزدا بۆ جێبەحێ کردنی مەرامە شەخسی و سیاسیەکانی و دووربووە لە دڵسۆزی و وەفا و چاکەدانەوە و بەردەوام بێریزی کردووە لە ئاست مامۆستایانی بیرو فکر و عەقیدەی خۆی، چ لەو قوتابخانانەی تێیدا خوێندووە و، وەکو فیڵ کردنی لە ئەربەکان و دژایەتی گولەن بە نمونە .
 ئەگەر بە بەهانەی ئینقلابە شکستخواردوەکە بە بەشداری گروپی گولەن بێت، ئەی خەتای لایەنەکانی تر وەکو لایەنگرانی حزبی گەلی دیموکراتی و حزبی کۆماری و تا حەدێک چەند کەسێکی نزیک لە حزبی نەتەوەیی توندرەو و رۆشنبیران و نوسەران و دادوەران و مامۆستایان و پلە باڵا سەربازیە بەشدارنەبوەکانی کودەتاکە و  بازرگانان و زۆرێک لە دامودەزگاکانی راگەیاندن و رێکخراوە مەدەنیەکان، گوناحیان چیە ئەگەر بۆ مەبەستی تر نەبێت .
ئەم قۆناغەی حزبی دادپەروەری و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی ئەردۆگان بە سەرکوتکەرترین ماوەدا تێدەپەرێت، ئەویش لە پێناو رەخساندنی رێگەیەکی بۆمبرێژکراو بۆ هێنانەئارای سیستمی سەرۆکایەتی بۆ ئەردوگان .
لە تەسککردنەوەی مەودای ئازادی و رای ئازاد و ئازادی راگەیاندن و لەناوبردنی نەیاران و سیخناخکردنیان لە زیندان  و پاکتاوکردنی دوژمنانی نێوخۆیی خۆیەوە، ئەردۆگان بەهەمان بۆچون و فیکرەوە دەیەوێت تاچەند بۆی بلوێت سیاسەتی دەرەوە بۆ مەبەستی بەجێهیچنانی خەونە شەخسیەکانی خۆی بەرێبکات، بەڵام تاوەکو ئەمرۆ بۆی نەلواوە بەو شێوەیەی بیری لێدەکاتەوە بۆی ئاسان نەبووە .
ئاوهاش بە هەمان شێوە و تودتر لەرەفتارەکانی پێشتر، ئەمرۆ دەستی بە پاکتاوکردنی پرسی کوردی بە هێز و توانای خۆیەوە، بە زیندانیکردن و داخستنی بارەگاو بەرتسەکردنەوەی ئازادی جموجوڵی هەدەپە، دەستی پێکردووە و دەیەوێت شەقاوانە دەمی خەڵک داخات و مەسەلەکە دیزە بەدەرخونە بکات، بێ ئەوەی بە قوولی بیری لێ بکاتەوە و بارودۆخی کوردستان و مێژووی گەلی کورد و سیفەتەکانیئەم میلەتەی بە جوانی بخوێنێتەوە ،و دەیەوێت شەقاوەئاساکانی قاسم پاشا مامەڵە لەگەل سەرکردەکانی هەدەپەدا بکات، بێ گوێدانە هیچ پرەنسیپ و بنەمایەکی دیموکراسی و دادپەروەری، کە خۆی ئیدیعایەکی پوچی بۆ دەکات و، دواجاریش هەردوو هاوسەرۆک و نۆ پەرلەمانتار و چەندین سەرۆک شارەوانی هەدەپەی بە بیانوی بێبناغە و  هیچ بنەمایەکی راست زیندانی کرد،  ئەمەش بەو بیر و قەناعەتەی کە ئەم رەفتارە شەقاوەیە کورترین رێگەیە بۆ سیستمی سەرۆکایەتی و نەهێشتنی بەبەرستەکانی بەردەمی، لەگەڵ ئەوەی لەبیرمان نەچێت کە دژایەتی کورد زۆر ئامانجی تریشی لەدواوەیە، لەوانەش کۆکردنەوەی هەوادار ولایەنگرانی لە نەتەوە پەرستە توندرەو و شۆفینیەکان لەدەوری خۆی و حزبەکەی بۆ ئاسان جێبەجێکردنی مەرامە شەخسیەکانی  .
سەرۆکایەتیەک لە سایەی سەرکوتکردنی سەرکردەی حزبەکانی تر و بەرتەسککردنەوەی ئازادیەکان و لێدانی دیموکراسی و ترساندن و تۆقاندن و پاکتاوکردنی نەیاران لەدایکبێت، جگە لە دیکتاتۆریەت و تاکرەوی و حوکمی شەخسی چیی پێ بەرهەم دێنێت .
کۆماری عیلمانیی تورکیا بەیەکجاری کۆتایی هات و، رێگەخۆشکراوە بۆ سەڵتەنەت و پاشایەتی بە بەشداری پارتی نەتەوەیی توندرەو، کە کوێرانەئەم هەڵانەی ئەردوگان بە قازانجی خۆی دەزانێت، سەرەرای ئەوەی سیفەتەکانی ئەردۆگانی بە جوانی نەخوێندۆتەوە کە پێشتر چاکەخوازیەکانی ئەربەکان و گویلەنی لەبەرچاو نەگرتبێت ، بێگومان لەکاتی تایبەتی خۆیدا لە چاوتروکانێکدا ئەم پارتە و باخچەلی وەک ئاو دەخواتەوە و پشتی لێ دەکات بێ ئەوەی هیچ گوێشیبداتێ .  
لە رووی تەماح و مەرامە دەرەکیەکانیەوە، لەم چەند ساڵە و لە پاش گۆرینی بارودۆخی عیراق و سوریا، سەرەرای ئەوەی ئەردۆگان  نیازی ئەوەی هەبوو راستەخۆ بەشداری پرۆسەی دەستێوەردانی هەردوو وڵات بکات، لە پێناو رەخساننی زەمینەیەک بۆ جێبەجێ کردنی مەرامە مێژووییەکەی و بەو هیوایەی هەلێک بقوسیتەوە بۆ فراوانکردنی سەلتەنەتەکەی بە بیری سەردەمی عوسمانی تازەوە، بەڵام کە رووبەروی نارەزایەتی ئیران و روسیا و عیراق و ئەمریکا دەبووە، بۆ ماوەیەک ئەو حەزەی دەشاردەوە، تاوەکو لە بارودۆخێکی گونجاودا دووبارە دەریبخاتەوە، ئەوەبوو لە هەلێکدا بەشداری لە سوریا کرد و ویستی بەشداری لە پرۆسەی رزگارکردنی موسڵ بکات، بەڵام بەربەستی گەورەی لەبەردەمدا قوت بووە و تا ئێستا ناوێرێت هەنگاوێک لەو بارەوە بنێت، سەرەرای هەرەشەکانی و، لە رۆژانی دواتردا جموجوڵەکانی دەردەکەون .
رەفتارشەقاوەکەی قاسم پاشا، ئەمرۆ دەیەوێت هێزێک بداتە بەرخۆی لە بەشداریکردن لە پرۆسەی موسڵ، بۆ ئەوەی لەلایەکەوە لە نێوخۆی تورکیا زاڵ بێت بەسەر کێشەکانیدا و، لە لایەکی ترەوە  جگە لە خەونە مێژوییەکەی، بتوانێت بە یەکجاری خۆی بکاتە سوڵتانی کۆشکی کۆماری ئەنقەرە، واتە لە قاسم پاشاوە بۆ کۆشکی سەڵتەنەتیی ئەنقەرە و حوکمی سەرکوتکردن و خەونی هیتلەری و دەسەڵاتی رەها . 
سەرەرای ئەو هاتوهاوار و قیژەقیژ و  هەرەشەیەی کە لە لاوازیەوە دەیکات، کەچی رووبەروی بارودۆخ و ناجۆری هاوکێشەکان دەبێتەوە و لە وەزعێکی نالەبار و گونجاوی نێوخۆیی تورکیا بۆ گۆرانێکی ریشەیی، ئەوسا گەلی تورکیا بە خۆیان شاربەدەری دەکەن و، هەمووان لەو قەناعەتەدان کە وا بە ئاسانی رێگەکە بۆی مەیسەر نابیت و، ئەگەر لەسەر ئەم رەفتارشەقاوانەی بەردەوام بێت، لەدواجاردا سەری دەدات لەبەرد و سەدام ئاسا دەکەوێتە چاڵەکەوە و تورکیاش توشی وەزعێکی عیراقئاسا دەکات .   

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە