یان جاشێکى باشبە بۆئەردۆغان یان دوژمنێکى سەرسەخت

Monday, 07/11/2016, 0:37

2744 بینراوە


دۆستایەتى نێوان تاکەکانى نێوکۆمەڵگا لەمێژە سنورە (جوگرافى. نەتەوەیى. ئاینى. ڕەگەزى)یەکانى تێپەڕاندوە، بەپێى چەمکەکانى ئازادى و دیموکراسى زۆر واتادارە دۆستایەتى زۆرترین کەس بکەى لەڕوى کۆمەڵناسیشەوە بۆ زانیارى و پەیوەندى یەکانى خود، باشترین جۆرى پەیوەندى،  فراوانى و دۆستایەتى نەتەوە جیاوازەکانە، بەڵام خاڵى جەوهەرى کەدەبێتە بنەمایەک بۆ داڕشتنى پەیوەندى دۆستایەتى نێوان دووکەس یان دوونەتەوە، ئەوەیە لەچوارچێوەیەکى هاوسەنگ و بنەماکانى ئەخلاقى تیا ڕەچاوبکرێت و لەسەر حسابى کەسانیدى نەچیتە چوارچێوەى هیچ دۆستایەتیەکەوە. 
ئەوەى دەبینین لەهەرێمى کوردستان لەسەر ئاستى حکومەت و حزب و کەسى یەکەم و دووەمى حزبەکان، یان کەسایەتى سیاسى و نوسەر و ڕۆشنبیرەکان دۆستایەتى ئەردۆغان دەکەن!!، هەرکەسێکیش لەمانە بدوێنە کۆمەڵێک دەلیلت بۆدێنێتەوە کە شەرعیەت بەدۆستایەتیەکەى دەدات لەگەڵ ئەردۆغاندا، ئەم کەسانە بەناوى حکومەتەوەبێت یان کەسایەتى سەربەخۆ، گەر بێ ئاگابن لە نیەتى ئەردۆغان ئەوە گرنگە بەئاگابێنەوە، کەئەردۆغان جگەلە فاشستێکى خوێنمژى نمونەى (هیتلەر)هیچیترنیە، هەرچەندە لەوباوەڕەدانیم کەس لەنیەتەکانى ئەردۆغان ئاگادارنەبێت، ئەوانە بەوپەڕى زانابونەوە دۆستایەتى دەکەن و لەگەڵ ئەوەشدا دژى نەتەوەکەى خۆیان و مرۆڤایەتى بەقازانجى ئەردۆغان لەهەمووشوێنێک قسەدەکەن!!. 
لێرەدا هەندێک لەو نمونانە دەخەمە ڕوو کە شەرعیەت بەخۆیان دەدەن دۆستایەتى ئەردۆغان بکەن!!. 
پارتى دیموکراتى کوردستان و نزیکەکانى بەناوى حکومەتەوە، دۆستایەتى ئەردۆغان دەکەن، وەک منەتیش بەخەڵکى دەفرۆشنەوە کە ناچارین لەبەر بوارى ئابورى ئەو دۆستایەتیە بکەین، ئەمەلەکاتێکدا وانیە و لەبرى تورکیا دەتوانرێت سود لەعیراق ببینرێت و خاڵى سنورى نێوان (ئەردەن. عیراق. یان دەروازەى سەردەریاى بەسرە)، بەکاربهێنێت بۆ هەرچى پێداویستیەکى(هەناردە. هاوردە)، لەگەڵ ئەوەشدا خاڵە سنوریەکانى نێوان (هەرێم و ئیران)سودى لێببینرێت، گەر بیانوى تریش ئەوەبێت بۆدروستکردنى دەوڵەتى نەتەوەیى و جیابونەوە لەعیراق پێویستمان بەتورکیابێت، ئەوە خەونێکى بەدینەهاتوە تورکیا ڕێگەبە دروستکردنى دەوڵەتى کوردی بدات، بەڵام بۆ دروستکردنى دەوڵەتیش دواجار هەرلەڕێگەى بغدادەوە دەبێت نەک ئەنقەرە. 
کەسایەتى سیاسى و مەدەنى و ڕۆژنامەنوس و هەتا کەسانى ئەکادیمیش بەبیانوى جۆرا و جۆرەوە شەرعیەت بەخۆیان دەدەن بەشان و باڵى ئەردۆغاندا هەڵدەن، ئەمە لایەنەئیسلامیەکانیشى تێدایە، بیانوى لەجۆرەکانى(ناسنامەى ئیسلامى ئەردۆغان. ناسیۆنالیست نەبون. بیر و ڕاى جیاواز. بیروبۆچونى تایبەتى)، بەڵام ئەردۆغان هیچ مواسەفاتێکى هاوشێوەى ئەمانەى تێدانیە، گەرباس لەئیسلامى بونى ئەردۆغانە ئەوا تەنها ئیسلامى بۆمەرامە گڵاوەکانى بەکارهێناوە، باس لەناسیۆنالیست نەبونى ئەمانەى لاى خۆمانە ئەوا ئەردۆغان نەک ناسیۆنالیست بەڵکو خود پەرستیشە، ئەردۆغان کەى بیر و ڕاى جیاوازى قبوڵە تا تۆ بەبیانوى ڕاى جیاوازەوە ماف بەخۆت بدەى بەردەوام تەپڵى بۆلێدەى، نزمترین ئاستى مرۆڤ بون لاى ئەردۆغان نیە تاجەنابت بەبیانوى مرۆڤایەتیەوە سەرچۆپى بۆبگریت و دژى نەتەوەکەى خۆت قسەبکەى، کار و کردەوە فاشیستیەکانى ئەردۆغان لەڕابردوو ئێستادا و لەداهاتویەکى نزیکیشدا چەند بەرامبەردەبن بۆ سەرگەلانى ناو تورکیا و هەتا گەلى کورد لەهەربەشێکى کوردستان بێت. 
تێکدانى مێزى گفتوگۆى (کورد. تورک) بەفەرمانى خودى ئەردۆغان لەناوچو، پێشتریش تەنها مەبەستى کات کوشتن بوە گەروانیە بۆ تێکیدا، مەگەر ئەوە ئەردۆغان نیە ڕێگرە لەبەردەمى چارەسەرکردنى کێشەى کورد لەباکور و تورکیا؟، نابینن بزوتنەوەى کوردایەتى لەباکور و تورکیا داواکاریەکانى هێندە سەرەتایین زۆرجار دەچنە خانەى کۆمیدیاوە سەربارى ئەوەش ئەردۆغان قبوڵى هیچ شتێکى نیە تەنها کۆیلەبون نەبێت.
دۆستایەتى بۆ تورکیا و بەتایبەت لەگەڵ ئەردۆغان بونى نیە، بۆتۆى کورد یەک هەڵبژاردەت لەبەردەمە لەدوو ڕێگادا و ڕێگاى سێ یەم بونى نیە، ئەویش یان دەبێت ببیتە جاشێکى  زۆرباش و گوێڕایەڵى ئەردۆغان، یان دەبێت ببیتە دوژمنێکى سەرسەخت و قاچەکانى بشکێنى تا هەنگاوى قەبەى پێ نەنێت. 
لەڕاستیدا هەرکەسێک بەتەماحێکى تایبەتى خۆى هاوکارى ئەردۆغان دەکات، باوەڕکەن هەیە سەرچۆپى بۆ ئەردۆغان گرتوە و شاباشیش دەدات، تا لەئایندەدا بەهاوکارى خودى ئەردۆغان لە کۆنگرەیەکى حزبەکەیدا دەنگى ئەندامان بەدەست بێنێت تا ببێتە ئەمیندارى گشتى، هەیە تەنها لەبەر کردنەوەى سەنتەرێکى نێودەوڵەتى مۆسیقاى بۆدەژەنێت، هەشە لەبەر دەستکەوتنى بڕێ پارە هەرچى نابوتى هەیە دەیکات. 
تێبینى/ کارە فاشستیەکانى ئەردۆغان لەبەرچاوانە بۆیە نەمویست کاتى خوێنەرى پێبگرم. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە