نەوشێروان و وێستگەی کۆتایی تەمەن!

Monday, 05/12/2016, 22:29

7096 بینراوە


 لە نێو کۆمەڵگای کوردی باشوور، تەمەن کورتی دیاردەیەکی هەستپێکراوە.
بە گوێرەی زۆربەی ئامارەکان کە لە گەلێک سەرچاوە ئاماژەیان پێکردوە موعەدەلی تەمەن لە باشووری وڵات ٦٨ ساڵە، بەڵام  سەرانی پارتە کوردییەکانی باشوور هاوشێوەی یەکتر ئەو ریکۆردەیان شکاندوە وەکو مەلا مستەفا لە تەمەنی ٧٦ساڵیدا لە ئەمریکا مرد. ئیبراهیم ئەحمەد لە تەمەنی ٨٦سالێدا لە شاری لەندەن مرد.  تاڵەبانی ئیستا تەمەنی گەیشتۆتە ٨٤ ساڵ لە تەمەنی ٨٢ دا دوا ووشەی کە لە دەم هاتە دەرەوە لە شاری بەغداد بوو. مەسعود بارزانی تەمەنی ٧٠ساڵە، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد تەمەن ٦٩ ساڵ، نەوشێروان مستەفا ئەمین تەمەنی ٧٤ساڵ. وەک دەبینن ئەمانە تەمەنیان درێژترە لە هەموو هاوڵاتییەکی کوردی باشوور، نهێنی ئەمە لە چیدایە! ؟ با ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین
درێژی تەمەنی سەرانی ئەو پارتانە و درێژی تەمەنی  نەگونجانیان، ناکۆکی و کین و رقی پڕ بوخوازاوی نێوانیان و هەڵپەکردن بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، بووە بە مێژوویەکی درێژی پڕ لە نەهامەتی بۆ میللەتەکەمان.   
سەرانی پارتەکانی باشوور، تەنیا لە قۆناغە جیاجیاکانی تەمنیاندا لە هەڵوێستە سیاسییە دۆڕاوەکاندا هاوشێوەی یەکتر نەبوون، بگرە  لە وێستگەی کۆتایی تەمەنیاندا  هاوشێوەی یەکتر هەموویان لە لووتکەی بێ هەڵویستی و لاوازیدا خاوەن پێگەیەکی لەرزۆک بوون، هەندێکیان لەو پێگەیەوە ماڵئاوایان کردوە، هەندێکی تریان لە هەمان وێستگە و هەمان پێگەدا لە ماڵئاوایکردن نزیک بوونەتەوە.
مەلا مستەفای بارزانی، لە وێستگەی کۆتایی تەمنیدا ئاشبەتاڵی بە شۆڕشی ئەیلول کرد، چەکی بە زیاتر لە سەد هەزار چەکدار دانا و بە خۆی و ماڵ ومنداڵی، بە ئیماکاناتێکی ئێجگار باش رووی لە ئەمریکا کرد و لە تەمەنی ٧٦ساڵیدا لە ئەمریکا کۆچی دوایی کرد. تەنیا میراتێک  کە بۆ میللەتی جێهێشت بریتی بوو لە ژێردەستی، کۆمەڵێک کوڕ و نەوە، کە تا ئیمرۆ، میللەت زەلالەتیەتی بە دەستیانەوە. کوڕ و نەوەکانی بارزانی، وەک شۆڕەسواری مەیدانی دزی و تاڵانی، تیڕۆڕکردنی خەڵکی بێ تاوان، بوون بە جاشی تورکیا، عیراق و ئێران تا ئیمرۆ دەسەڵاتداری سیاسیی باشووری وڵاتن .
 دواتر لە دوای کۆڕەوی ساڵی ١٩٩١ دا لە مەراسیمێکی ئێجگار گەورەدا تەرمی بارزانی دووبارە لە شاری شنۆ دەرهێنرا و بەرەو بارزان بەرێکرا. لەو مەراسیمەدا تاڵەبانی و مەسعود بوون بە دوو کوڕی ئێجگار دڵسۆزی ئەو تەرمە، ئەو تەرمە ئەوەندە بەرز نرخێندرا وەک ئەوەی تەرمی شەهیدێک بوو بێت کە هێشتا کفنەکەی زەرد نەبووبێت و لە سەنگەرەکانی دژ بە دوژمن دا شەهید بوو بێت! 
ئیبراهیم ئەحمەد، لە وێستگەی کۆتایی تەمەنیدا لە شاری لەندەن پاڵی لێدابووەوە، تا کۆتایی پێهێنانی رژێمی سەدام لە لایەن ئەمریکا، مووچەی لە سەفارەتی عیراقی وەردەگرت، بە درێژای ساڵانی هەفتاکان و هەشتاکان لە شاری لەندن وورتە لە دەمی نەهاتە دەرەوە بەرامبەر بە بەعس. دوای کۆڕەوی ساڵی ١٩٩١ مەلا مستەفا ئاسا دوای خۆی کۆمەڵێک لە نەوەکانی ڕەوانەی کوردستان کرد، کەوتنە گیانی میللەت، دەست وبازویان لێهەڵکرد بۆ تیڕۆڕکردن، دزی و داگیرکردنی شاری سلێمانی و دەست تێکەڵکردن لەگەڵ منداڵەکانی بارزانی لە شاری هەولێر بۆ دزی و تاڵانی.  دوای ماڵئاوایی کردنی وەک پاداشتێک تەرمەکەیان لە شاری لەندەن هێنایەوە شاری سلێمانی، حەشامەتێکیان لە خەڵکی شاری سلێمانی بۆ هێنا سەر شەقام و بەسەر فەرشی سوردا تەرمەکەیان ڕەتکرد، لە مەراسیمێکدا وەک ئەوەی تەرمی خەباتگێرێکیان هێنابێتەوە کە تا کۆتایی ژیانی لە سەنگەردا بووبێت و شەهید بووبێت جیڤارا ئاسا!
تاڵەبانی لە وێستگەی کۆتایی تەمەنیدا بوو کە هەموو شتێکی بە قوربابی کورسیەکەی خۆی کرد، دەستی کرد بە دزی، نەوت فڕۆشتن و سامان کۆکردنەوە . بۆ بوون بە سەڕۆک  کۆماری عیراق دەستی لەگەڵ مەسعود تێکەڵاو کرد، هێرۆی کرد بە هەموو شتێک لە نێو یەکێتیدا، کوڕو خزم و کەسی خۆی لە پۆستە باڵاکانی یەکێتی و حکومەتی هەرێم و عیراق دامەزراند، بوو بە هۆکاری گەشە کردنی گەندەڵی لە هەموو جومگە سەڕەکییەکانی نێو پەیکەری رێکخراوەی یەکێتی و حکومەتی هەرێم.
بە گوێرەی یاسای سروشت، ئیمرۆ مەسعود بارزانی و هێرۆ تاڵەبانی، لە وێستگەی کۆتایی تەمەن وەستاون، خاوەن یەک هەڵوێستی لاوازی دۆڕاون. بە جووتە جاشی "تورکیا، ئیران و عیراق"ن. بە جووتە خەریکی دزینی نەوتی کوردستانن و دەستیان بەسەر گشت ئەزر و خاکی وڵاتدا گرتووە، بەجووتە خەریکی تێڕۆکردن و برسی کردنی خەڵکن و دەستیان هەبوو لە بە گورگانخوارد کردنی خەڵکی شەنگاڵ.
هێرۆ و مەسعود، باش دەزانن کە پشتی میللەتی کوردیان لە ئەرز دا، بەڵام ناتوانن دەرەقەت سروشت بێن و پشتی لە ئەرز بدەن. هەنوکە لە وێستگەی کۆتایی تەمەن وەستاون زوو یان درەنگ سروشت ملیان پێکەچ دەکات، کورسییەکانیان پێ جێدێڵێت وەک چۆن بە "مەلا مستەفا و تاڵەبانی"ی جێهێشت. 
وا چاوەڕوان دەکرا ئەزمونی وێستگەی کۆتایی و پێگەی لەرزۆکی سەرانی پارتەکانی باشوور، بۆ سەرکردەکانی تری وەک نەوشێروان مستەفا ئەمین ببێت بە پەند و عیبرەت و هەوڵبدات لە وێستگەی کۆتایی ژیان دا بە هەڵوێستێکی بەرزەوە ماڵئاوایی لە میللەت بکات، بەڵام بەداخەوە ئەویش لە هەمان وێستگە هەمان هەڵەی مەلا مستەفا، ئیبراهیم ئەحمەد و تاڵەبانی دووبارە کردەوە و چووە ریز مەسعود و هێرۆ. 
نەوشێروان مستەفا ئەمین، لە وێستگەی کۆتایی تەمەنیدا لە شاری لەندەنە، لەو وێستگەیدا  بوو کە کاتێک بڕیاری دا بچێتە نێو دەسەڵاتی سیاسیی کرمێ بووی هەرێم  و دەست بخاتە نێو دەستی هێرۆ و مەسعود! سەردانیان بکات لە پیرمام و دەباشان. رێز لە جووتە کچەکەی ئیبراهیم ئەحمەد بگرێت و لەگەڵ ئەو دوو خوشکە دز، پیاوکوژ، ناخۆشەویست و نەویستە لە چێشتخانەکانی شاری سلێمانی دا بخولێتەوە. لەو وێستگەیەدا بوو کاتێک بووە هۆکاری سەڕەکی ئیفلیج کردنی توانا و دەنگە ناڕەزاییەکانی نێو کۆمەڵگایی کوردیی باشوور. لەو وێستگەیدا بوو کە چاوپۆشی کرد لە جینۆسایدکردنی شەنگاڵ لە لایەن هێزی توندڕەوی داعش بە هۆی پارێزگاری لێنەکردنیان لەلایەن هێزی پێشمەرگە و سەرانی پارتی و یەکێتی و تێڕۆکردنی دەیان کەس و میدیاکار. چاوپۆشی کردن لە دزی و تاڵانی دادە هێرۆ و کاکە مەسعود! خۆ نەکردنە خاوەنی دەنگی ناڕەزایی شەقام و وێڵکردنیان. 
لە دوا وێستگەتاندا، بڕیاری مێژوو، سروشت و میللەت رەحم بە کەستان ناکات. بەهۆی هاوشێوە و هاوهەڵوێستیتان بەرامبەر بە کۆی ڕووداوەکانی کوردستان لە دوای کۆڕەوی ساڵی ١٩٩١دا تا ئیمرۆ، خەڵکی ناڕەزیی، ماندووی بێ مووچە، میللەتی برسی بێکەس و بێزاری باشوور، دەنگە نارەزاییەکانی سەر شەقام هەمووتانی خستە نێو یەک تای تەرازوو. لەم لاشەوە بە گوێرەی یاسای سروشت رێگەتان پێ نادرێت پارە، سامان و کورسییەکانتان لەگەڵ خۆتان بەرن، چۆن بە رووتی هاتوون بۆ دنیا، بەهەمان شێوە بە رووتی بەجێی دەهێڵن! ئەوەی دمێنێتەوە تەنیا هەڵوێستی بەرزە، کە نیتانە!  لە دەرئەنجامدا لە دوای جێهێشتنتان، مێژووش رەحم بەکەستان ناکات!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە