ئاڵا ئەو پەڕۆچکەیەی شوناست دەداتێ....!

Thursday, 22/12/2016, 23:46

5531 بینراوە


تا ئێستا دروستبوونی ئاڵا وەکو بەشێک لە مێژووی شاراوەی مرۆڤایەتیی، هیچ کەسێک بە تەواویی نازانێت لەکەیەکەوە ئاڵا بوونی هەیە ؟ لێ هەموو مرۆڤایەتی لەسەر ئەوە کۆکن بوونی ئاڵا لە سەردەمی کۆنەوە کە مرۆڤەکان نیشتەجێبوون لەکاتی شەڕ و جودایی لە یەکتر دروست بووە، ئاڵاش یەکێک بووە لە شتە بەرچاوەکان، بۆ ناسینەوەی کروپ و دەستەو تاقم لەیەکتری.
هەربۆیە لە ناو هەموو ئاڵاکاندا دروشمی جودا و وێنەی جودا دەبینرێت، کە سمبوڵی ئەو تاقم هێز نەتەوە و خێڵ نمایش دەکات.
لەشەڕەکاندا زۆرجاران ئاڵا نمایشی ڕوخان، یاخود سەرکەوتن بووە، هەربۆیە کاتێک هێرشبەر دەچێتە جێگەیەک ئاڵای داگیرکراو دادەگیرێت، ئاڵای هێرشبەر بەرزدەکرێتەوە، کە نیشانەی سەرکەوتن و نەمانی هێزی بەرامبەرە.
 لە نیشتمانی ئێمەدا دەیان جۆر ئاڵا هەیە و ئێمە وەک نەتەوە کۆک نین لەسەر ئاڵایەکی یەکگرتوو، لەباشور ئاڵایەک دوای ڕوخانی بەعسییەکان لەلایەن هێزی هاوپەیمانانەوە بەسەرۆکایەتی ئەمەریکا، یەکەم جار لە سلێمانی ساڵی ٢٠٠٣ لە کارگەی جگەرەکە هەڵکرا، کە پێشتر نە پارتیی و نە یەکێتیی ئەو ئازایەتیی و هەستەیان تێدا نەبوو، خۆیان ئاڵای کوردستان هەڵبکەن!بەڵکو هەر یەکە پەڕۆی سەوز و زەردیان هەڵگرتبوو، ئەویش ناسرابوو بە پەڕۆی شەڕی براکوژیی، هەرچەندە بوونی ئەو ئاڵایە، تا ئیستا قسەی زۆری لەسەرە،  گوایە قازی محمەد ئەو ئاڵایەی هەڵکردووە، پارتییەکانیش دەڵێن قازی محمەد ئەو ئاڵایەی داوەتە دەست بارزانی، بەڵام مێژووی راکردنی بارزانی و هەڵتیزاندنی بەناو ئاوی ئاراسدا ئەو راستییە بەدرۆ دەخاتەوە، چونکە ئاڵا لە کاتی سەرکەوتن و راگرتنی ورەی جەنگاوەران دەدرێتە دەست رابەر و سەرکردەیەک کە لە مەیدانی شەڕدا بمێنێتەوە، نەک وەکو مەلا مستەفایەک هەمیشە لە شەڕەکاندا رایکردووە و وڵات و خەڵکەکەی بەجێ هێشتووە! ئەگەر قازی محمەد کارێکی وای کردبێت، ئەوا مێژوو دەستخۆشی لێناکات، کە دابێتی بە دەست خائینێکی وەکو مەلا مستەفا.
بەهەرحاڵ ئیتر ئەو ئاڵایە ئیستا حکومەتی هەرێم وەک ئاڵای کوردستان جێگیری کردووە، لەهەموو هەرێمدا لەگەڵ ئاڵای عێراق و ئاڵای پارتەکاندا بەرز دەکرێتەوە، هەرچەندە جەلال تالەبانی پێی شەرم بوو، لە زۆر شوێندا ئەو ئاڵایەی فڕێ دەدا و ئاڵای عێراقی دادەنا، هەروەکو لە سەردانێکییدا بۆ ئوستوڕالیا ئەمەی کرد، هەروەها لەزۆر جێگەدا نیشتمانی ئێمە دەڵێ شەخسە پەڕۆینەیە، بەتایبەتی لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا بەکاردەهێنرێت، میتی تورک و حکومەتی ئۆردوغانیش ئەو ئاڵایە لە پاڵ سەردانەکانی مەسعود بارزانیی دادەنێت، کەەکو سومبوڵی جاشایەتی دەسەڵاتی کوردی بۆ داگیرکەران پێناسە دەکرێت، هێندەی دیکە ئالاکەی خستۆتە گومانەوە و بۆتە سیمبوڵی جاشایەتیی و خیانەت.
 مێژووی ئاڵای کورد 
مێژووی ئاڵای کورد وەک دەڵێن لە شۆڕشی کاوەی ئاسنگەرەوە دەستی پێکردوە، سەرەتا بەیداخ بەبەرگی کاوە دروستکراوە کە دژی زوحاک شۆڕشی کردوە، لەمێژوودا ئەم ئاڵایە بەئاڵای کاوە ناسراوە. فارسەکانیش ئەم ئاڵایە بەهی خۆیان دەزانن چاکتر بڵێم گەلانی ئێرانی هەموو لەسەر ئەوە کۆکن کە کاوە شۆڕشی دژی ستەم کردوە و پارچەمی هەڵکردوە کە مانای ئازادی گەشانەوە و ڕزگار بوون لەستەم دێت.
 لەم چەند ڕۆژانەی پێشودا لە ڕێگەی "ئەنەکەسە"ی جاشی تورکیا و پارتی دیمکرات هاوارێک بەرز بۆوە کە لە ڕۆژئاڤا ئاڵای هەرێمیان سوتاندوە.هەموومان دەزانین  کورد لەڕۆژئاڤا کاری وا ناکات، لێ پارتی خۆی کردۆتە سورەی بەرلەشکر و دڵسۆزی ئاڵا، لەکاتێکدا بەر لە ڕوخانی بەعس پارتی نەی دەوێرا باسی ئەو پەڕۆچکەیەش بکات، بیرمە "ئەحمەد سالار" کە ئەوسا پەرلەمانی پارتی بوو بەرگرییەکی سەر سەختانەی لە ئاڵای عێراق دەکرد، مرۆڤ دەتوانێت بچێتەوە سەر ئەرشیفی تەلەفیزۆنی خاک و ئەو ڕاستیە ببینێت، کە پارتیەک چۆن سوکایەتی بەئاڵا دەکرد ؟ 
 کورد و ئیسرائیل، ئاڵا و شوناس و ئاستی تێگەیشتن!
 ئەم باسەی کە لە خوارەوە دەیخوێنیتەوە، نازانم رووداوی راستەقینەیە، یان پرۆپاگەندەیە، بەڵام بۆ من جێگای سەرنجڕاکێشانە، دەڵێن:
لە شەقامێکی دوور و درێژی شاری نیو یۆرکدا چەند گەنجێکی فەڵەستینی ڕێپێوان دژی ئیسڕائیل دەکەن، هاوار دەکەن : بڕوخێ ئیسرائیل و ئاڵای فەلەستینیان پێدەبێت، چەند گەنجێک دەچنە ناو ئەو بازاڕە گەورەیەوە و داوای ئاڵای فەلەستینیدەکەن، خاوەن بازاڕەکە، وەڵامیان دەداتەوە، دەڵێت، بەڕێزینە، ئێوە خۆتان دەزانن کەوا من جولەکەم و جگە لە ئاڵای ئیسڕائیل ئاڵای دیکە نافرۆشم، گەنجەکان بەمە زۆر توڕە دەبن و خەریک دەبن پەلاماری بدەن، بەڵام ئەو هەر لەسەرخۆ پێیان دەڵێت، ئەگەر ئێوە راست دەکەن، وەرن ئاڵای ئیسڕائیلیم لێبکڕن و بچن لە دەرەوە لەناو خۆپیشاندانەکانی خۆتاندا لەت و پەتی بکەن، بیسوتێنن، بیخەنە ژێر پێتانەوە، ! کە ئەمە دەڵێت ئیتر ئەوان پاش کەمێک وەستان، پێشنیارەکە بە باش دەزانن، دەست دەکەن بە کڕینی ئاڵای ئیسڕائیلی  و ئەوانەی لە دەریشەوە دەبن، یەک لە دوای ییەک دەچنە ژوورێ و سەرو ئاڵا دەکڕن، تا بازاڕەکە ئاڵای تێدا نامێنێت، ئیتر خۆپیشاندەرە فەلەستینییەکان بەدەم هاوارکردنەوە و ئاڵاکە دەخەنە ژێر پێیان، دەیسوتێنن.
لە کۆتایی گێڕانەوەی ئەو رووداوەدا، ئەوەی سەرنجی منی راکێشا، ئەوەبوو، کە نووسرابوو، بازرگانە جولەکەکە توانی بەم شێوەیە هەموو ئاڵای ئیسڕائیل بە دوو قات و سێ قات بە فەلەستینییەکان بفرۆشێت. ئەوان ئاڵا ئیسڕائیلییان سوتان، بەڵام بەم کارەیان نە توانیان ئیسڕائیل بسوتێنن، نە توانیشیان فەلەستین رزگار بکەن!
 ئەم هاژوهوژەی پارتی دژی ڕۆژئاڤا هەڵی کردووە، پڕۆژەیەکی ئاک پارتی و ئەردۆغانە، ئەوان بەئاشکرا دەڵێن قەندیلێکی تر لەشەنگال و ڕۆژئاڤا دروست بووە.ئەوەتانێ لەناو گەرمەی ئەو هەموو بێ ڕەوشتی و ئازارەی دەسەڵات دروستی کردوە بۆ خەڵک، نێچیر لە دهۆک هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاڤا و بە نادیمکراسیان لە قەڵەم دەدات، وەک ئەوەی خۆیان دیمکراسیان لێبچۆڕێت، زۆنی زەردیان کردووە بەکۆریای باکور.
 مەسعود بارزانی هەمیشە چیرۆکێکی پڕ درۆمان بۆ دەگێڕێتەوە و دەڵێ "من لە ژێر پەرچەمی ئاڵای کوردستان لەمهاباد لەدایک بووم " کەچی بارزانێکان لەگوندەکانی مەرگەوەڕ و تەرگەوڕ بوون خۆیان حەشار دابوو نەک لە مهاباد، پاشانیش تاکو ئێستاشی لەگەڵ بێت مەسعود نەیتوانیوە ١٠کەسی جوامێر پێبگەیەنێت بەرگری لەئاڵا و خاک بکەن، دیمان لەکاتی قەوماندا لە مەخمور لەشەنگال لە کاتی ڕاپەڕینیشدا بینیمان ئێوە هیچ نەبوون تاکە شتێک ئێوەی هێشتۆتەوە داگیرکەرانە کە وەک مەقاش بەکارتان دەهێنێنن.
 مەسعود یەکەمین کەس نییە کە ئاڵا بەگرنگ دەزانێت، بەر لەماوەیەک مەسعود ملی شکاند چووە کۆشکی چەنکایەی تاوان لە ئەنقەرە، لەوێ پەرچەمی عێراق و هەرێمیان هەڵکردبوو، ئەرسەلان بایز، کە کاک شێخ عەلی یادی بەخێر "خولە کەشکۆڵ" بەم ئەرسەلانەی دەوت ئەرسەلان پلایس، پلایس هەڵکردنی ئاڵاکە شاگەشکەی کردبوو، هەستا وویستی بەچەند ووتارێک لەسەر گرنگی ئەوە قسەبکات، ووتارێکی کرچ و کاڵی بڵاو کردەوە بەندە وەڵامی ئەو پیاوە ترسنۆکەم دایە و نیازیم ڕاگەیاند کە بۆچی ئەم هەڵایەی ناوەتەوە ؟
 بڕیاربوو چەند بەشی لێ بنوسێت، کەچی ئەم بازگان و شەرواڵ پیسەی کە یەکێتییە و ئیستا بووە بە پیاوی بنەمالەی بارزانی بێدەنگ بوو تەنها بەشێکی بڵاو کردەوە، نە خۆی ڕوونکردنەوەی دا، نەخەڵکیش لێیان پرسی ئەرێ دەبەنگ تۆ بڕیار بوو باسی گرنگی ئاڵامان بۆ بکەیت.
لە کۆتاییدا ئەوە دەنووسم، کە نیشتمانی ئێمە ئاڵای ناوێت، بەڵکو لە پێشدا کەسانێکی ئەوێت بەرگری لە ئاڵا بکات کە مانای مانەوەی گەلێک نمایش بکات.
بۆیە تکایە ئەو شەڕە پەڕۆینە ڕاگرن و وانە لە گەلی ئیسرائلی فێربن.ئاڵا سوتاندن کەلتوری ئاینە و هیچ مانایەکی دیکە نادات! وەک هاوڕێ برامان کاک "ڕزگار ساڵح " دەڵی ئاڵایەک لەسەر گۆڕی تەحسین شاوەیس هەڵکرابێت دەبێت پیرۆزی لەکوێدا بێت ؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە