دەقگەرایی و توندوتیژىی

Sunday, 22/01/2017, 0:17

2386 بینراوە


دەقگەرایى (النصوصية)یاخود پێشینەگەرایی(السلفیە)،ئاڕاستەیەکە لە ئایینداریدا کە مرۆڤى ئاییندار تێیدا پابەندە بە ڕواڵەت و تێگەشتنى دەقاو دەقى دەقە ئایینیەکانەوە و لە سەر سروت و داب و نەرێتى شێوەیى و رواڵەتى پێداگرى دەکات و خۆى بە نوێنەر و بە جێهێنەرى راستەوخۆ و ئەمیندار و راستەقینەى ئایینەکە دەزانێت و شێوازى لێکدانەوە و جێبەجێکردنى چەمکە ئایینیەکان بۆ خۆى قۆرغ دەکات...هەروەها پێداگرى دەکات لەسەر ڕەسەنایەتى لە ئایینداو دژایەتیی هەر گونجاندنێکى بنەماو جێبەجێکردنى ئایین دەکات لەگەڵ ئایین و کولتورى ناوچەییدا.هەروەها لەم ئاڕاستەیەدا مەعریفە هەر ئەوەیە لە ڕواڵەتى دەقەکانەوە دیارە و لە پێشینان و یەکەمینەکانەوە و لە رێگەى کەلەپورى دەماودەمەوە وەرگیراوە ئیتر عەقڵ و بارودۆخى نوێ و کاریگەرى کولتورى نوێ هیچ رۆڵێکى لە ژیان و بیرى ئایینیدا نابێت.هەروەکو ئاییندارى ئەم ئاراستەیە بەوە جیا دەکرێتەوە کە توندوتیژە لە جێبەجێکردنى فەرمان و ڕێسا ئایینەکاندا وەکو ڕوکەشى خۆیان و ئەوە دەبێتە ئامانج و فرمانى هەرە گەورەى
ئەم ئاڕاستەیە بەوەى کە هیچ فرەییەک لە بۆچون و لێکدانەوە و شێوازى ئایینداریدا وەرناگرێت و رێگە پێ نادات،میراتگرى راستەوخۆى ئایینى یەکتاپەرستیەو ئاوێنەیەکى رونترە بۆ تایبەتمەندیەکانى ئایینى یەکتا پەرستى،گرنگترین بابەتێکیش لە بیرى ئایینى ئەم ئاڕاستەیەدا بابەتەکانى خواوەندى تاک و خۆ پارێزیە لە هەر شتێک کە بەلاى فرە پەرستیدا بڕوانێت.
ئەم ئاڕاستەیە لە ئیسلامدا لە ئاراستەیەکدا بەرجەستە دەبێت کە ڕەگ و ڕیشەى راستەوخۆى لە بیرى ئایینى ئیسلامیدا هەیە،بەڵام کۆمەڵێک پێشەواو پیاوى ئایینى زیاتر پەرەیان پێ داوە و گەیاندویانە بە ئاکام و ئەنجامە تەواوەکانى و هەندێک لە ئاکار و سروشت و سایکۆلۆجیاى تایبەتییى خۆیشیان داوەتێ،ئەم چەند کەسە لە مێژووى ئیسلامدا زنجیرەیەکى پەیوەست و نەپساوە پێک دەهێنن کە بە درێژایی ئەو مێژوە ئەو ئاڕاستە دەقگەرایی و یەکتاپەرستیە توندەى بوژاندوەتەوە و گەشەى پێ داوە.
لەمانە ئێمە تەنها سەرنجى چەند نمونەیەکى زەق و دیار دەدەین:
لەوانە لە نەوەى سەحابەدا عومەرى کورى خەتتاب(40پ.ک_23ک.584-644ز)کە پێش ئیسلام و دوایشى(بێ گومان پێش ئیسلام و پاش ئیسلام لە لایەنى سۆسیۆ-سایکۆلۆجیاییەوە جیاوازیەکى ئەوتۆیان نییە)سروشتێکى توندى هەبوە و نمونەى کارەکتەرێک بوە کە هێزو مامەڵەى توند بەکاردەهێنێت لە پێناوى ڕاستەقینەو بنەماو باوەڕى خۆیدا،هەر چەند یەکێکیشە لە فەرمانڕەوا دادپەروەرەکانى مێژوو،بەڵام داد پەروەریەکەشى توندى پێوە دیارە،گێڕانەوە ئیسلامییەکان خۆیان ماندوو دەبن لە گێڕانەوەى ئەو دیمەنانەدا کە مرۆڤێک هەڵەیەک دەکات و عومەر داوا لە پێغەمبەر دەکات ڕێگەى بدات لە ملى بدات،دواتریش کە دەبێتە جێ نشین قامچى (درە)ە بە ناوبانگەکەى عومەر هەمیشە ئامادە بوە بۆ تەمێکردنى ئەو مرۆڤانەى
هەڵەیان دەکرد،هەر جۆرە هەڵەیەک،هەندێک جار هەڵەکە ئەوە بوە کە کەسێک قورعانى لە(موێحەف)ێکى بچوکدا نوسیوەتەوە،یان کەسێک(بە تایبەتى عەبدواللەى کوڕى و موعاویە)جارێک پۆشاکى جوان و ڕازاوەى لەبەر کردوە،یان گەنجێک بە هێواشى و سستى ڕۆشتوە،یان ژنێک بۆ مردوى گریاوە،یان کەنیزێک وەکو خانم دەمامکى پۆشیوە،یان کەنیزێک بە کارى با هەندێکى جەستەى دەرکەوتوە،یان کەسێک پرسیارى لێ کروە دەربارەى واتاى ئایەتێک لە قورعان ئەمیش بە هۆکارێکى نادیار پێى ناخۆش بوە،ئیتر عومەر بە قامچیەکەى خۆى کە وا دەردەکەوێت هەموو کات پێى بوە،تەمێى کردوە،یان مرۆڤێک هەندێک پرسیارى لێ کردوە دەربارەى هەندێک دەستەواژەى ئاڵۆزى قورعان یان هەندێک بیروباوەڕى نا ڕۆشن بەڵام عومەر بە بەڵًگەى ئەوەى کە ئەو پرسیارانە گومان و ناکۆکى و مشتومڕ لەناو موسوڵماناندا دروست دەکەن سزایەکى توندى بە لیسى پەلى دار خورما بۆ ئەو مرۆڤە بڕیوەتەوە..گومانیشى تیا نییە کە ئەم شێوازى مامەڵًەیە دەبێتە نمونەو مۆدێل و پێشەنگ لە ئیسلامدا بە گشتى و لە ئاڕاستە دەقگەراییەکاندا بە تایبەتى.
کەسێکى تر لە نەوەى سەحابەدا عەبدوڵڵاى کوڕى عومەرى خەتابە،کە زیاتر ناسراوە بە (ابن عمر) (10پ.ک-73ک-613-692ز).ئەم کەسە هەرچەند هیچ دەسەڵاتێکى لە دەستدا نەبوە و رۆڵێکى ئەوتۆى لە بەڕێوەبردندا نەبوە،بەڵام سەرقاڵى باس و خواسى فەرمودەو فیقهى ئیسلامى بوە و لەم ڕێگەیەوە کاریگەرى خۆى بەجێ هێشتوە.بۆ نمونە ئەو گێڕانەوە ئیسلامییانەى کە گوێگرتن لە مۆسیقا(هەتاکو شمشاڵى شوان)قەدەغە دەکەن دەگەڕێنەوە بۆ ئەم کەسە،وە دوریش نییە ئەم قەدەغە کردنە لە سروشت و سایکۆلۆجیاى خۆیەوە هاتبێت،یان کەسێک چیرۆکەکەى ساز کردبێت و کەسێتى ئیبن عومەرى بە گونجاو زانیوە بیداتە پاڵى،ئەم گێڕانەوەى عەبدواللەى کورى عومەر و بەڵکو کەسێتى خۆیشى یەکێکە لە پێشەنگ و نمونە باڵاکانى گروپ و کۆمەڵە ئیسلامیە توندڕەوەکان.
کەسێکى تر کە لە لایەنى میلیتارى و جیهادیەوە نمونەو مۆدێلێکى تووندڕەوى بەرهەم هێناوە،خالیدى کوڕى وەلیدە(21ک،642ز،مردوە)،کە ناسراوە بە شمشێرى لە کالان دەرهاتوى خوا،ئەم کەسە بەبێ جیاوازى لە نێوان قۆناغى پێش موسوڵمان بوونى و دواى موسوڵمانى بوونیدا جەنگاوەرێک بوە کە خۆى کردۆتە ئامرازى کوشتن و ڕووخاندن..پێش موسوڵمان بوونى بە تایبەتى لە جەنگى ئوحود دا خوێنێکى زۆرى موسوڵمانانى ڕشتوە،دواى موسوڵمان بونیشى وەکو هێزێکى تایبەتى لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتێکى نوێ هەمان ڕۆڵى بینیوە،دواتریش زۆربەى جەنگەکانى هەڵگەڕانەوە(الردە)لە سەردەمى ئەبو بەکردا و (فتوحات)ى سەردەمى عومەرى کوڕى خەتاب بە ئەمیرایەتیى ئەو چوون بە ڕێوە....لە جەنگ و ڕووبەڕووبونەوەکاندا ستراتیج و تاکتیک و پیلانى ئەو هەر کوشتن بوە،کوشتنى دیل یان پەنا دراو(ئەوەى چەک دادەنێت و پەیمانى پێ دەدرێت ژیانى پارێزراو بێت)،ئەوەش راستەوخۆ دواى گرتنەوەى مەککە،بەپێى گێرانەوەکان پێغەمبەر خالید دەنێرێت بۆ بانگەشەى ناوچەکانى تر،ئەویش لەگەڵ هێزێکى زۆردا دەچنە ناوچەیەک کە شوێنى خێڵى(بنو جزیمە)یە و بە خەڵکەکە دەڵێت:هەموو خەڵک موسوڵمان بون و ئێوەش چەک دانێن و خۆتان بدەن بە دەستەوە،ئەوانیش باوەڕى پێ دەکەن و چەک دادەنێن،خالیدیش بە بێ وەستان فەرمان دەدات پەلاماریان بدەن و ژمارەیەکى زۆریان لێ دەکوژرێت،کاتێک هەواڵەکە دەگاتەوە بە
پێغەمبەر،بەریبونى خۆى لە کارەکەى خالید رادەگەیەنێت:(الا لهم إنني أبرأ إليك مما صنع خالد)،پارەیەکى زۆریش بە عەلیدا دەنێرێت بۆ قەرەبووکردنەوەى خوێنەکان و زیانەکان،وەکو نمونەیەکى ترى ئەم کارەش کەسێکى موسوڵمانى لە خێڵى (تمیم)کوشتوە بە ناوى (مالک بن نویرە)کە خالید بە هەڵگەڕاوە (مرتد)ى داناوە بۆیە دەیکوژێت و ژنەکەشى مارە دەکاتەوە،ئەو کەسەش بە یەکێک لە ێەحابە دەژمێردرێت،ئەبوبەکر و عومەریش لەسەر ئەم کارە بە توندى سەر زەنشتى خالید دەکەن بەڵام لە کۆتاییدا ئەبو بەکر لێى خۆش دەبێت،ئەوەى کە واتایەکى زۆرى هەیە و بۆ باس و خواسەکەى ئێمە گرنگە ئەوەیە کە خالید لەگەڵ ئەمانەدا شاکارێکى تریشى بۆ خۆى تۆمار کردوە کە ئەویش شکاندن و ڕوخاندنى هەندێک لە بتەکانى نیمچە دوورگەى عەرەبییە...
ئینجا لە سەردەمى گەشەکردنى ڕێبازە ئیسلامییەکان و قۆناغەکانى ترى مێژووى ئیسلامیدا کۆمەڵێک پێشەواى ئایینى تر ئاراستە دەقگەراییەکانیان پەرە پێداوە و بناغەیان چەسپاندوە،لێرەدا لەسەر سێ دامەزرێنەر و بناغە دانەرى ئەم ئاڕاستە دەقگەراییە لە ئیسلامدا هەڵوێستە دەکەین کە دوا بە دواى یەک هەنگاوەکانى یەکتریان تەواو کردوە،ئەوانیش (ئیبن حەنبەل)و(ئیبن تەیمییە)و(ئیبن عەبدولوەهابن).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە