شەرعیەتى شۆڕشگێڕی و نەهامەتى ژێردەستەکان لەسێبەری هەوای ئازادى

Saturday, 28/01/2017, 1:41

2471 بینراوە


سەرکەوتن بە لەسێدارەدان نابێ بەڵکو بەهەڵوەشاندنەوەى مەبدەئەکەى دەبێت.. ڕەوایی و شەرعییەتى شۆڕشێڕی دەستەواژەیەکى پڕو پووچ و سواوى دیکتاتۆرەکانە، دەستەواژەییەکە لەهەمبەر دنیای دیموکراسی ئەمڕۆ و دنیادیدەى تازە و ڕەوایی دەستووریی و هەڵبژاردنى دیموکراسی شکستى خواردووە.. شەرعیەتى شۆڕشگێڕی وشەییەکى شەڕی ساردى سەردەمى بلۆکى ڕۆژهەڵات و ڕۆژ ئاوایە. لە ئەسڵدا ڕەوایی لەوەدایە سەرکردە و جەنگاوەران دوای سەرکەوتنیان بۆ ئەو قۆناغە چەکەکانیان دادەنێن و دەوڵەت کەشێکى پڕ لە خۆشنوودى و خۆشگوزەرانیان بۆ دابین دەکات کە ئاشنابوون بە دنیای مەدەنیەت و پێشکەوتن و بەتاڵکردنەوەیانە لە بیری شەڕانگێزى و جەنگ و وێرانکاری  کە لە دڵی میللەت بژێن و بۆ هەمیشە بە مەزن و بەرزییەوە بمێننەوە وەک لە پێشەوە ئاماژەمان بە چەند نموونەیەکدا.
کەچی لە هەندێ کونجى ئەم هەسارەدا کەس بۆی نییە بەو ڕژێم[1] و سەرکردە شۆڕشگێڕانە بڵێت: دەى بچنە ماڵەوە ئیدى پشوو بدەن.. چونکە ئەو سەرکردانە تەواوى دەستکەوتەکان بە موڵکى خۆیان دەزانن و بەتوندى بەرەنگاری ئەوانە دەبنەوە قسە لە قسەیان بکات، ئەوەش ڕێک بەو مانایە دێ کە ئێمە خاوەن ماڵین و هەر ئێمەش خۆمان بەخاوەنى ئەو ماڵە(وڵاتە) دەزانین. دیارە بەڵگەى ئەمانە بۆ مانەوە لەسەر دەسەڵات ئەوەیە: هێشتا ئێمە لە قۆناغی شۆڕشداین و ئامانجى گەلەکەمان نەگەیشتووە بە دوا مەنزڵ و کەناری ئارامی، بۆیە دەبێ بەردەوام بین تاوەکو ئەو ئامانجەش دێتە دى. ئەمەش لای هەندێ قبوڵکراو و لای هەندێکى دی ڕەت دەکرێتەوە.
" بیرکردنەوەى بەشێک لە دەسەڵاتى کوردى کە هێشتا باوەڕی بە-شەرعیەتى شۆڕشگێڕی- هەیە، نازانێ سەردەمى تریاکى ئەو هەژموونە لە دنیای موئەسەساتى مۆدێرن و ژیانى شار و پەرلەمان و حکومەت بەسەر چووە، ئێستا سەردەم، سەردەمى شەرعیەتى موئەسەساتی و جەماوەرییە!! "[2]
"ناکرێ لەسەردەمێکدا بژیت تیایدا بەها مرۆیی و پرانسیپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بنیات بنرێ، تۆش بەشڕە کاڵایەکی کۆن پێشبڕکێ بکەی وخۆشت بە براوە بزانیت، ئەوە نەک هەر پەسند نییە، بەڵکو نەوەی ئایندە بەهیچ شێوەیەک لەوانە نابوورێ کە سەرەڕای بوونی زەمینەییەکی لەباری جیهانی بۆ بەمەدەنی کردنی کۆمەڵگە، کەچی بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم ئەکتیڤ بوونی کاراکتەرەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی" [3]
نموونەى هەنجەت و بیانووەکان بۆ شەرعیەتدان بە خۆیان ( موعەمەر قەزافی ) سەرۆکى پێشووى لیبیایە لە وتارێکیدا بە بۆنەى چل و یەک ساڵەى حوکمڕانی، ڕایگەیاند:"  من سەرۆک نیم تا دەست لەکار بکێشمەوە، بەڵکو من سەرکردەى شۆڕشم و هەروا دەمێنمەوە". بەخەیاڵی خۆی هەتا مردن شەرعییەتى شۆڕشگێری هەیە.
موعەمەر قەزافی لەتەمەنى 37ساڵی لەگەڵ کۆمەڵێک ئەفسەر، ناویان لەخۆیاننا(ئەفسەرە ئازاکان) لە1/9/1969 کۆتاییان بە حوکمى پاشایەتى هێنا و شانشین(ئیدریسی سەنووسی یەکەم)یان لە سەر کورسی دەسەڵات هێنایە خوارەوە ، ئەو کابرایە بە جل و بەرگە سەیر و پاسەوانە ئافرەتەکانى ناسراوە، ساڵی1942لە شارۆچکەیەکى نزیک شاری (سرت) چاوى بەدنیا هەڵێناوە، ساڵی1966ژیانى هاوسەری لەگەڵ مامۆستاییەکى دواناوندى پێکهێناوە و کوڕێکى بەناوى (محەمەد) لێی بووە، پاش ماوەیەک لە یەک جیا دەبنەوە، ژنى دووەم دێنێ کە ناوى (ێفیە فرکاش)ە و حەوت منداڵیشی لەو دەبێت، چوار پەرستاری ئۆکرانیشی وەکو ژنى نهێنى هەبووە لە دیارترینیان (جالینا کۆلۆتنیتسکا)یە...موعەمەر قەزافی شۆڕشی بەرپا کرد، وەک دەگێڕنەوە لە هەموو ئەو وڵاتە کرێچییەک نەبوو، بەڵام لەتەکدا دەستی بەسەر تەواوى دامەزراوە سیاسیی و ئابووریی و کلتووریەکانى وڵات گرتبوو، بەشێکى زۆری داهات و دەرامەتەکەى بۆ خۆیی و بنەماڵەکەى خەرج دەکرد، تەنانەت کوڕەکانى لە بەرزترین پلە و پۆست دانابوو، لەوانە (محەمەد): سەرۆکى لیژنەى ئۆڵۆمپی و سەرۆکى ئەنجومەنى بەڕێوەبردنى کۆمپانیای گشتى پۆستە و گەیاندنى بێتەل و مانگە دەستکردەکان بوو..(معتێم): ماوەیەک پلەى عەقیدی لە سوپا هەبوو، دواتر کردیە ڕاوێژکاری ئاسایشیی نەتەوەیی.. (خەمیس): سەرۆکى کەرتێکى سەربازیی بوو کە لەلایەن ڕووسەکانەوە مەشقیان پێ دەکرا و لە خۆپیشاندانەکاندا فەرمانى ڕەشەکوژیی و لەناوبردن و ریشەکێشکردنى خۆپیشاندەرانى بنغازى پێ درابوو.. (ساعدی) پێشتر یاریزان بوو کردییە سەرۆکى یەکێتى تۆپی پێی لیبیا... (هانیپال): سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنانى نەوت بوو و.. هتد. بۆیە لەسەروبەندی سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی دا، موعەمەر قەزافی ئامادە نەبوو واز لە دەسەڵات بێنێ و دەستاو دەستی دەسەڵات بکات و خەڵکە ڕاپەڕیوەکەى بە جورج و بێهۆش لە قەڵەم دەدا  تا ئەو ڕادەیە بە خۆپیشاندەران بڵێت: هەموویان بێهۆشکەرن و حەبێ بێهۆشیان پێدراوە دەبێ کپ و دەمکوت بکرێن. (قسەکان ئاماژەیەکى دیار و ڕوون بوو کە جورج لە شوێنى پیس و بۆگەن دەژێ و بێهۆشیش شێت و بێ ئەقڵە، ئەوانە دەرد و پەتان بۆ خاک و نیشتیمان دەبێ بەگوللە و توند و تیژیی وەڵام بدرێنەوە. جا ئەوەى پێی کرا کردی، سەرەنجام بە زیندوێتى دەستگیریان کرد و بەسزایان گەیاند).  شۆڕش لە ڕوانگەى سیاسی و کۆمەڵایەتى و ئابووریی و فەرهەنگى و کلتوورییەوە، بزوتنەوەیەک یان جوڵانەوەییەکى کۆمەڵایەتى و میللییە لە هەناویدا گۆڕانکاری ڕیشەیی بەرهەم دێنێت. دەکرێ شۆڕش:
1-لە ئەنجامى تەقینەوەى تووڕەیی جەماوەردا کت و پڕو چاوەڕوان نەکراو بێت.
2-پلان بۆ داڕێژراو بێت.
شۆڕش  پرۆسەییەکى درێژخایەنە و هەمیشە لە هەڵکشان و داکشان و هەوراز و نشێودایە و نەفەسی شۆڕشگێری گەرەکە کە ماکینەکەى  تەواوى چینەکان لەخۆ بگرێت کە بە دوو قۆناغی تێپەڕ دەبێت و هەردوو قۆناغەکە بەیەکەوە بەستراوە و ناتواندرێ لەیەک جیا بکرێتەوە، ئەویش:
یەکەمیان: ئەو کاتە دەست پێدەکات کە چەخماخەى شۆڕش لێ دەدات و ئەگەری ئەوەى هەیە خەباتێکى سەخت و دژوار و درێژخایەن بێت(ماوەییەک بخایەنێ).
دووەمیان: بەڕوخانى سیستەمى دەسەڵات و بەکۆتاهێنانى ئەو قۆناغە، کۆتایی بەڕۆڵی ڕابەرایەتیەکەی بێت.
لەم دوو قۆناغەدا ئەگەر جڵەوى شۆڕش بەدەستى کەسانى ئەمین و دەستپاک و دڵسۆز و پسپۆر و تەکنۆکراتەوە نەبێت، بۆی هەیە ئەو شۆڕشە شکست بخوات و مانا و مەدلوول و هەقیقیەکەى لەدەست بدات.
کەواتە شۆڕش ئامادەکارییە بۆ خاڵی وەرچەرخان کە  لە ڕووى کۆمەڵایەتى و سیاسییەوە بە گۆڕینى ئەو ڕووە دەمامکدراوانەی هۆکارن بۆ چەقبەستن و دواکەوتن و نا دادپەروەری هەنگاو دەنێ و دەگونجێ پرۆسەییەکبێ زەمەنەکەى کورت یان درێژخایەن بێت، لەوەشدا بۆی هەیە ئەو شۆڕشە ئاشتیانەبێ یا ئەوەتە توندو تیژ بێت.. بەواتا کارەکتەرەکان بۆی هەیە هەڵگری دروشم بن و تەنیا قسە بکەن، لەتەکدا بۆی هەیە پەنا ببەنە بەر سەرکوتکردن لەڕووى هێرشی جەستەیی و دەروونى، ئەوەش وامان لێ دەکات لە سۆنگەى تەقەکردن و نەکردنەوە ئەو شۆڕشە بە مقاوەمەت و بەرەنگاربوونەوەى چەکداری ببەستینەوە..کە دەڵێن: واز لە کورسی دەسەڵات بێنن، یەکسەر دەم بۆ وشەى شەرعییەتى شۆڕشگێڕی دەبەن بەوەى  ئەوان شۆڕشیان بۆ میللەت کردووە و هەر ئەوان دەتوانن متمانەیان لێ بسەننەوە لە کاتێکدا ئەو میللەتە نە شەرعییەتیان پێ داون و نە هەڵیانبژاردوون تا چەک بەڕووى نەیاران ڕاست بکەنەوە.
کارەساتى گەورەی شەرعیەتى شۆڕشگێڕی[4] ئەوانەی لەڕێی شۆڕشەوە دێنە سەر کورسی دەسەڵات، خراپتر لەوەى پێشوو، خۆیان بەو کورسییەوە دەبەستنەوە و لەسەری هەڵناستن و کورسییەکە بە موڵک و میراتی خۆیان دەزانن و لە پەنای ئەو شەرعییەتەوە یاسا و دادگاکان بۆ بەرژەوەندى خۆ و حزبەکەیان، بەدارودەستەى خۆیان پڕ دەکەنەوە و شەرعیەت بەمانەوەى خۆیان دەدەن، لەکاتێکدا هەموو کەس و گروپ و میللەتێک مافی خۆییەتى داکۆکى لە خۆیی و ئازادییەکان بکات و هەمان مافیش بەو خەڵکەى دیکە بەڕەوا بزانێت، کەواتە کورسی دەسەڵات کورسی هەمووانە، یاسا ئەو هەقە بۆ هەمووان فەراهەم دێنێ، نەک قۆرخکردنى لەلایەن تاکە کەسێکەوە لێرەدا دەتوانین لینین[5] بەداهێنەری ئەم جۆرە شەرعییەتە دابنێین کاتێک باسی لە دیکتاتۆری پڕۆلیتاریی دەکرد کە لەکاتى دەسەڵات گرتنیشدا بۆی هەبێ لە پێناو پرسی کرێکاری بمێنێتەوە. ئەو بیرکردنەوەیە بووە ڕێنیشاندەر بۆ زۆرێ لە دەسەڵاتدارانى جیهانى سێیەم ئەگەرچی کرێکاریش نەبوون و لەڕێی شۆڕشەوە هاتنە سەر کورسی حوکمڕانى و کورسییەکەیان بەجێ نەهێشت... شەرعیەتى شۆڕشگێڕی خۆی لەخۆیدا ناشەرعییە و ژمارەییەکى بێشوماری خەڵک لەو وڵاتە لە بڕیار و بەشداریکردن بێبەش دەکات، تەنانەت لەو جێگەیەی شەرعییەتى دەستووریی و یاسایی کورت دێنێ، پەنا بۆ مێژووی شۆڕشگێڕی خۆیان دەبەن و بەو بیانووەوە شەرعییەتى خۆفەرزکردن و مانەوە بەخۆیان دەدەن و لەهەندێ شوێن سەرکردەى شۆڕش دەسەڵاتێکى مافیایی تیرۆریستى لەسەر بنەماکانى سیستەمى تۆتالیتیری پەیڕەو دەکات[6]
" بنەماکانى سیستەمى توتالیتیری لەسەر بنەمای تیرۆر دامەزراوە. تەنیایی و تەریک کردنى مرۆڤەکان لەیەکتری لەگەڵ تیرۆردا دوو تایبەتمەندى تری ناسینى توتالیتاریزمن. ئایدۆلۆژیای ئەم سیستەمە لەڕێگای گۆشەگیرکردنى مرۆڤەکانەوە لەگەڵ تیرۆری بەردەوامدا درێژە بەمانەوەى ڕژێمەکە دەدات. تیرۆر لای سیستەم و دەوڵەتە توتالیتیرەکان تەواو بوونى بۆ نییە و هەمیشەییە چونکە ئایدۆلۆژیای توتالیتاریزم بەرگەى دایەلۆگى عەقڵی ناگرێت، هەر بۆیە بەردەوام تیرۆری پێویستە. گۆشەگیرکردنیش ئەو زەوییە بەپیتەیە تیرۆری تێدا گەشە دەکات..گۆشەگیرکردن و تەنهاکردنى مرۆڤەکان کردەییەکى پێشینەیە بۆ حەلالکردنى تیرۆر، یان ڕاستر بۆ شەرعیەتدان بەتیرۆر. ژیانى تایبەتى لێرەدا بوونى نییە و کۆمەڵگای مەدەنى لەم سیستەمەدا جێگای نابێتەوە. کەسی تاک لەم سیستەمەدا وەک تاک جێگای نابێتەوە و ماف و ئازادى تاک نییە و پێویستە ببێت بە بەشێک لە کۆمەڵ(الکل). کۆمەڵە"نوێیە"کەى توتالیتاریزم، ئەوەى کە ئەم دەیەوێ تاکى نوێ خەسڵەتى وەلاو وەفایی بۆ سەرۆکى توتالیتیر و ئایدۆلۆژیا و سیستەمە توتالیتارەکە هەبێت لە تیۆری و پڕاکتیکدا. ئەم سیستەمە نایەوێ بۆشایی لەنێوان دەوڵەت و کۆمەڵدا هەبێت.کۆمەڵ پێویستە لێرەدا بەشێک بێت لە دەوڵەت و دەوڵەت دەست وەردەداتە ناو ژیانى تاک و کۆمەڵەوە. شوێنێک بۆ جیاوازى سیاسی نییە. سیستەمى توتالیتیر کۆنتڕۆڵی بیر و فکری تاک و کۆمەڵ دەکات و توتالیتاریزم وەک تەواوى سیستەمە دیسپۆتیزم و ستەمکاران ناتوانێت خۆی ڕابگرێت بەبێ ئەوەى بواری ژیانى گشتى و توانا سیاسییەکانى مرۆڤەکانى کۆمەڵگاکەى تێک نەشکێنێت.. توتالیتاریزم ئینتیمای بۆ ڕژێمێکى وەسفکراوى نوێ هەیە کەتەنها پشت بە (گۆشەگیرکردن) نابەستێ بەڵکو لەهەوڵی ئەوەشدایە ژیانى تایبەتى مرۆڤەکانیش کۆنتڕۆڵ بکات. بەم پێیە مانەوەى دەسەڵاتى ئەم سیستەمە دەوەستێتە سەر ئەوەى تۆ هەست نەکەیت بەوەى  کەمترین ئینمتیمات هەیە بۆ جیهان. قەناعەت پێکردن بە تاکەکانى کۆمەڵ، تیرۆرکردنى نەیارەکان، شەرعیەتدان بە دەسەڵات بەڕێگای جەماوەر و تیرۆری بەردەوام بۆ درێژەدان بەمانەوەى خۆی. کۆمەڵ بەپێی ئایدۆلۆژیای سیاسی سیستەمى توتالیتیر بەسیاسی دەکرێ. بۆ ئەم مەبەستە حزب و دامەزراوەکانى و ڕێکخراوە حکومییەکان بەسەر کۆمەڵگاوە دەبنە چاودێر.. قسە و بڕیار بەناوى گەلەوە دەدرێ و دەردەکرێ بەڵام بێ بەشداربوونى گەل لەهیچ کام لە بڕیارە سیاسیەکاندا"[7]
هەموو ئەمانە کاڵایەکە بە باڵای کەسی دیکتاتۆر دەکرێ..ئەگەر هەڵوەستەییەک بکەین، بیرمان بۆ ئەوە دەڕوات، ئاخۆ دیکتاتۆر هەر لە خۆیەوە سەرهەڵدەدات یان پێشینە و بنەماییەکى پێش وەختەى هەیە؟! ئەو پرسیارە سەرنجمان بەرەو بنەماکانى سەرهەڵدانى دیکتاتۆریەت ڕادەکێشێت، ئەو بنەمایانەى کەسایەتی دیکتاتۆر دروست دەکەن.
+     +     +
[1] - رژێم: لە بنەڕەتدا وشەیەکى فەڕەنسییە و لەم ڕۆژگارەدا وەکو چەمک بۆ دەسەڵاتێکى توندوتیژی قۆرخکار بەکاردێ کە گومان لە پێگە و دیموکراسیەکەى بکرێت.
[2] - سەلام ناوخۆش بەکر: پڕۆژە پێشنیارێک بۆ سەرۆکى هەرێم و خۆپیشاندەران لە دەرەوەى خێوى حیزب و پەرلەمان و حکومەت نەخشەڕێگایەکى نیشتیمانى – گۆڤاری ستاندەر- ژمارە(40)- 2011
[3] - فەرهاد قادر ئۆمەر: گۆڤاری (ستاندەر)، ژمارە (36) ساڵی چوارەم ــ تەموزی 2009 ، ل 48،
[4] - بەڕەوایی شۆڕشگێڕی، دەسەڵاتى تۆلیتاری و دیکتاتۆری داپڵۆسێنەر و سەرکوتکردن بەرهەم دەهێنێت. وڵات دەکات بە ئۆرگانى کۆیلەکردنى هاوڵاتیان و فیداکاران دەبنەوە جەلاد و مەیدانى جەنگ لە شاخەوە بۆ ناو شار دەگوازنەوە تەنانەت هەندێ لە دام و دەزگا سیخورەکانى وڵاتان ئەو فیداکارە دێرینانە بەکاردێنن بۆ کاری تیرۆریستى و لەناوبردنى نەیارانیان.
[5] -پێش (لینین)یش هەر هەبووە، زۆربەى کات لە مێژوودا ئەوانەى سەرکردایەتى شۆڕشیان کردووە، هەر ئەوان دواتر بوونەوە سەرۆک و ئامادەش نەبوونە کورسی دەسەڵات چۆڵ بکەن.
[6] - زاراوەى توتالیتاریزم دەگەڕِێتەوە بۆ وشەى کۆنى لاتینى totalitasکە واتای سەرجەم، موتڵەق (السلگە الشمولیە) دەبەخشێت،ئەم زاراوەیە لە تیۆری سیاسیدا دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆکى فاشی ئیتاڵی بێنیتۆ مۆسۆلینى(benito mussolini). توتالیتاریزم پێناسەیە بۆ شێوەیەک لە دەسەڵات کە دەیەوێ کۆمەڵ و تاکەکانى بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەوە. لە سایەى ئەم سیستەمەدا ئەگەرچی بە شکڵ پەرلەمان و حکومەت هەیە، بەڵام تاکڕەوى لە حوکمدا پەیڕەو دەکرێ و بڕیاری یەکەم و کۆتایی لای سەرۆکە و تەنها ئەو دەتوانێ تەواوى شتەکان یەکلایی بکاتەوە و یەکێک لە سیما هەرە دیارەکانى ئەو سەرکردە و حکومەتانە بریتییە لە جاڕدانى دیموکراسی و ئازادى بیروڕا، لە کاتێکدا ڕەنگدانەوەى حوکمڕانیان جگە لە سەرکوت و تۆقاندن، هیچی شتێکى ئەوتۆی لێ بەرهەم نایێت. 
[7] - د. سالار باسیرە - تۆتالیتاریزم لە سیستەمى سیاسیی دا -28-7-2011 ئینتەرنێت

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە