بۆچی پرۆسەى ئاسایکردنەوەى ناکۆکیەکانى لایەنەکان بە سستى بەڕێوە دەچێت؟

Monday, 30/01/2017, 9:19

2329 بینراوە


گومان لەوەدانییە گۆڕانکاریەکانى ئەمڕۆی جیهان وناوچەکە بەقۆناغێکى یەکجارخێرا و هەستیارگوزەر دەکات و شەپۆڵ و لافاو ئاسا ئەوەى خۆی بۆ گۆڕانکاریەکان ئامادەنەکردبێت، ئەو شاڵاوە لەگەڵ خۆی ڕاپێچ دەکات و مێژوو ڕوحم بەکەس نەکات.
سەرکردەى دڵسۆزوخەمخۆر هەمیشە لەبەرەى گەل و بەپێچەوانەوە سەرکردەیەک هەر چاوى لەدەستى دەرەکى و کەسان و جزب و وڵاتێک بێت تا بینێتە کۆڵ و لەسەر جێ و ڕێیەکى گەرمى دابنێت، ئەوە خەیاڵ پڵاو و خەونى حوشترە.. گەمەکانى مێژوو هەمیشە ئەو ڕاستیەمان بەگوێ دادەدا وەک پەندە کورد ئامێزەى لەمەڕ خۆمان: دار کرمى لەخۆی نەبێت هەزار ساڵ دەژێت، لەوەشدا هەرگیز ئەمسەر و ئەوسەری جەمسەر وزلهێزەکان و ئەوانەى بە مەرحەبایەک بەهارمان  بۆ دێننە چۆکێ، قەت جگە لەدەمامکە شاراوەکەیان، دیوى ناوەوە و ڕاستەقینەى خۆیان پێ نیشان نەداوین، لەوەشدا هاوکێشەیەکى نەگۆڕمان هەیە کە لە سیاسەت بەرژەوەندى هاوبەش کۆکەرەوەیەى  لایەنە پێک ناکۆک و بیروڕا جیاوازەکان، وەئەگینا هیچیان لەوافعی حاڵی  خۆخستنە مەترسی و زیانگەیان بە بەرژەوەندیەکانیان لێ سەوز نابێت تا ئەم و ئەو لەسەر لەوەڕی پشتیان بلەوەڕێت. وەک وتەنێ ئەگەر دوو شتت لێ قازانج نەکات یەک قازانجت پێ ناگەیەنێ.
لەوەشدا بەکەسێک دەوترێ خەمخۆر و پەرۆش کە خەمى نێو ماڵەکەیەتى و  هەمیشە لەهەوڵی ڕێکخستنەوەیەتى کاتێک درک بە دروست بوونى درز و  لێک هەڵوەشانەوە بکات و لەوەشدا ئامادەیە هەموو قوربانیەک بدات.
ئەوەى جێی سەرنجە کوردستان وێڕای  قەیرانە یەک لەدوا یەکەکان و لەسەروویانەوە قەیرانى سیاسی بەجۆرێ بەرۆکى هەرێمى کوردستانى گرتووە ئەگەر نیازپاکى و دڵسۆزى و پەرۆشی گیانى نەتەوەپەرستى  نەگەیشتبێتە چڵەپۆپە، ئەوە داهاتوویەکى ناڕوون و ڕەش چاوەڕوانى دەکات و  باجەکەیش هەر هەموومان دەیدەین.
ئەوەى  جێی سەرنجە پرۆسەى ئاسایی کردنەوەى لایەنە سیاسیەکان هێند بەخاوى بەڕێوە دەچێت خەریکە خەڵک لەچاوەڕوانى بێ ئومێدیدا سیس داگەڕێن و بەتەواوى متمانەیان بەحزبەکان نەمێنێ کە زۆر جار ئەوەى قسەى لەسەر دەکری:
1-   لایەنەکان بوێریان بۆ هەقیقەتى ئەو وافیعە لاوازە و تا ئێستا خەڵک نازانێ ئاخۆ  ئاسایکردنەوەى بارودۆخێکى دروستکراو ئەوەندە زۆری دەوێ؟
2-   کەس  هەقیقەتەکانى ئەو سیستیە ڕوون ناکاتەوە کە بۆچی پرۆسەیەکى لەو جۆرە و بەو بارودۆخەوە بەو شێوەیە گوزەر دەکات؟
3-   حزبەکان تا ئێستا لەتایتەرازووى هەڵسەنگاندن هەڵوێستەکانیان ناڕوونى پێوە دیارە و کەس ئەو بوێریەى تێدا نییە بە ڕاشکاوانە و بەبێ ترس هەقیقەتەکان ئاشکرا بکات.
4-   ئەو کێشەى ئەمڕۆ لەئارادایە لە قالبی وەفد و شاندى ئەندامانى سەرکردایەتى و مەکتەبیسیاسی دەرچووە و تاکە چارە تەنهاو تەنها بەرپرسییەکەمى ئەو پێنج حزبەیە کە دابنیشن و بڕیار لەسەرچارەنووسی ئەوقەیرانانە بدەن وە ئەگینا هەر هاتوچۆی ئەو وەفدانە تەنها راگۆرینەوەیە و  سەرچاوەى بڕیار کەسی یەکەمى حزبەکانن، هیوادارین لوتکە حزبەکان دڵیخەڵک خۆش بکەن و  ئەو بێ ئومێدیە بڕەوێنەوە کە سالانێکە بەرۆکى ئەم هەرێمەى گرتووە. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە