ئەگەرهەڵنەپەڕن، ئەوا دەوڵەت ڕائەگەیەنم

Tuesday, 31/01/2017, 22:05

2885 بینراوە


جەنابى سەرۆک بەرزانى لەوتەیەکى ڕۆژنامەوانى لەگەل ڕۆژنامەى (الشرق الاوسط ) فەرموى ئەگەر مالیکى ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران ئەوا دەوڵەتى کوردى ڕائەگەیەنم ، ئەمە زۆرێک لەناوەندە جیهانیەکانى لێکۆڵینەوەى ستراتیجى وکاروبارى دەوڵەت دارى توشى شۆک کردووە بەوەى کە ئەمە تیوریەکى تازەیە بۆدەوڵەت دروستکردن ، بەلام هەندێکیتر پێیانوایە کە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست رۆژانە بێئەقڵى سیاسی بەرهەم ئەهێنێت ئەم بەرزانیەش لە نمونە دیارەکانێتى .
بەوەى کە حیزبى دەعوەى نورى مالیکى گاڵتەى بەم جۆرە ئەقڵە سیاسیە دێت و قسەکەى بەرزانى هیچ کڕیارێکى نەبووە ، بۆیە پارتى ئەمجارەیان ڕوى لەحیزبە کوردستانیەکان کردووە ، یەکەمجار پێڵاوى غەریبى لاى یەکێتى نیشتیمانى داکەند و وەفدەکە گلەی و بناشتێکى زۆرى لەیەکێتیکرد کە بۆچى وەکو پێویست مۆڵەتى بەخەڵکنەداوە کە بەئارەزوى خۆیان هەڵپەڕن بۆچى پێشنیارى ئەوەیان نەکردووە کەڕۆژێک بۆ هەڵپەڕکێ دابنرێت . بەکورتى پەیامەکەیان گەیاند کە : 
ئەگەر هەڵپەڕکێیەکى سەرتاسەرى نەکرێت ئەوا سەرۆک فوى پیائەکات و جاڕى دەوڵەتى کوردى ئەدات ، یەکێتیش لەوەڵامدا وتویانە : بەداخەوە ئێمە چەند باڵێکین لەوانەیە لەسەر سەرچۆپى لێمان ببێتە هەرا ئەم داوایە ڕوگیرى تیایە ، لەکۆتاییدا وەفدەکەى پارتى هەڕەشەیەکى زەردیان لە یەکێتى کردووە کە سەرۆک هەڵبژاردەى زۆرى لەبەردەمدایە و لەوانە مۆڵەتى هەفتەیەک بۆمام جەلال دائەنێن ئەگەر لەو ماوەیەدا نەکەوتە قسە ئەوا سەرۆک یەکسەر جاڕى دەوڵەتەکە ئەدات . بۆ ئەوەى دڵ عاجزى تێنەکەوێت جەوەکە تۆزێک خۆش بێت مەلا کۆبتەر سپۆنسەرى درۆکانى لەدەست نەچێت وتویەتى : بڕوابکەن لە بیست ودوو هێلیکۆبتەر زیاتر بووە بەڵام کۆبتەرەکان ئەوەندە نزمبون تەپوتۆزێک بوو چاو بە چاوى ئەووت لاکەوە هەر ئەوەندەمان بۆ ژمێردرا ، وەفدەکەى پارتى جارێکیتر نارەحەتیان پێوە دیار بوو ، لەزمانى شێخ جەعفەرەوە گلەییان لە مەلا کۆبتەر کرد کە بۆ وتویەتى ئاوایى حەمەى کەرەم نەیوتوە ئاوایى شێخ مستەفا .
دواتر وەفدەکە سەردانى یەکگرتوى ئیسلامیانکرد و پەیامەکەیان گەیاند و یەکگرتوو موبارەک باییان لەسەرۆک کرد بۆ ئەو وتە بەنرخەیى و لەوەڵامدا وتیان : نیوەى مەکتەب سیاسیەکانمان کە سەربە پارتی یە هەڵپەڕکێان مسۆگەرە بەڵام بۆ نیوەکەى تر ئەبێت چاوەڕێى فتوایەکى شەرعى بکەین یان پرسێک بەئەردۆگان بکرێت هەتا بزانین هەڵپەڕکێ حەڵاڵە یان دەرچەیەکى شەرعى بۆ بدۆزینەوە ، بەڵام دڵناییان بەوەفدەکە دا کەلە پێناوى سەقامگیریدا ئامادەییان هەیە .
   وەفدەکەى پارتى هەر لەمیانەى مانەوەى لەشارى سلیمانى سەردانى گردى گۆڕانى نەکرد ، بەلام لەئوتێل شارى جوانەوە کەبەسەرگردەکەدا ئەڕوانێت ، کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیانکرد و بەزمانێکى زەرد ڕو لەگۆڕان ووتیان ئەگەر لەو هەڵپەڕکی سەرتاسەریە بەشدار نەبن ئەواسەرۆک ئەمجارەیان زۆر بەڕاشکاوى ئەڵێت : ئەگەر یوسف محەمەد ببێتەوە بەسەرۆکى پەڕلەمان بەیەک گوژم جاڕى دەوڵەتەکە کوردیەکە ئەدەم . ئەم پاکێجانەى پارتى جۆرێک گرژى لەناو باڵى پیر و گەنجى گۆڕان ناوەتەوە ، بەڵام ئەو باڵەى ترى گۆڕان کەهەتا ئێستا خەو بەحکومەت و هەولێرەوە ئەبینن بە سەرۆکایەتى ڕێبازى حەمەى حەمڵان پاکێجەکانى پارتیان زۆر بەدڵە و تویەتى من چوم بۆپرسەى باجى ئیقلیمەى خوشکى مەلا مستەفا لە هەولێر بەخێرهاتنیان کردوم و ڕویان پیشانداوم بۆیە ئامادەى هەڵپەڕکێی سەرتاسەریم ئەگەر جڤاتى گشتیش ڕەزامەند نەبێت .
   لە گەڕانەوەى وەفدەکە بۆ هەولێر و لە بەرنامەى لەگەڵ رەنجدا بە ڕاشکاوى باسى ئەنجام و لێکەوتە سیاسیەکەى سەردانەکەیانکرد ، هەر لەوکاتتەدا بینەرێکى تەلەفیزۆنەکە لە پەیوەندیەکیدا بە سکایب ووتى : ئایا ڕاستە سەرۆک فەرمویەتى : هەرکوردێک ئەگەر توانى کچێکى من بینێت  ئەوا دەولەتى کوردى جاڕئەدەم ، مەرجێکى بۆ ئەمە هەیە کەنابێت خەو بەکچەکەیەوە  ببینرێت . ڕەنج  ووتى داوا لەو هاوڵاتیە بەڕێزە ئەکەم کە پەیوەندیەکەى پچڕا زیاتر لە ڕەهەندەکانى هەڵپەڕکیى سەرتاسەرى وورد ببێتەوە ، هەربۆ گرنگى ئەم باسە بەرنامەى داهاتومان لەگەڵ هەندێ شارەزاى بوارى دەوڵەت و هەڵپەرکێ ئەبێت .
 ئێمەش چاوەڕیین ....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە