کوردایەتى یا کوردکوژی

Thursday, 09/03/2017, 2:22

2536 بینراوە


پێگەى کورد و قورسایی لە تای تەرازووى پێوەرە نێو نەتەوەیی و هەێمایەتى چەند بووبێ، شەڕی دژ بەتیرۆریستانى داعش لە عێراق و سوریا کوردى زیاتر بە دنیای دەرەوە ناساند، هەرچەندە دەستخۆشی و هاوکاری ماددى و لۆجستى بۆ پێشمەرگە و شەڕڤانان ناکاتە یەک هەڵوێست کە وڵاتە زلهێزەکان بۆ داهاتووى ئەو نەتەوە ژێر دەست و چەوساوەى سەردەمێک، بە فەرمى پشتگیری سەربەخۆیی و مافی چارەى خۆنووسینیان بدەن، لێرەدا کۆمەلێک پرسیار سەرهەڵدەدات، ئایا بەرپرسانى ئەو زلهێزانەى لەڕێی چاوپێکەوتن  و لێدوانەکانیانەوە باس لەگەورەیی پێشمەرگە و شەڕڤانان دەکەن  و ستایشیان دەکەن، تەنها لەبەر ئەوەیە لەجیاتى دنیا ئەوان ئەو شەڕە دەکەن یان هەر بەڕاستى دوای ئەو هاوکێشەیە  لەسەر هەمان رێچکە درێژە بەو پەیوەندیە دەدەن؟ ئایا زلهێزەکان بە چ پێوەرێک مامەڵە لەگەڵ کورد دەکەن؟ ئایا یەکریزى کورد زەمانى  ئەو وافیعەیە کە ئەوان ناچا ربکات دانى پێدا بنێن یان لەپشت پەردەى پەیوەندیەکان پیادەى واقعێکى تر دەکرێت؟
شەڕی ئەم چەند ڕۆژەى ڕابردووى کورد – کورد لە شنگال ئاماژە و زەنگێکى مەترسیدارە بۆ سەرەتای دەستوەردانى وڵاتانى هەێمایەتى لە کاروباری ناوخۆی کوردستانى باشور، بەمەیش مەترسیەکان بۆ لەباربردنى ئەو کیانە دەبێتە ئەگەرێکى کراوە ئەگەر لایەنە سیاسیەکان بەر لە فراوانبوونى نەگرن و پاساو بۆبڕەودانى لەلایەن ئەم هێز و ئەو هێزە گەرم ببێت، ئەوەى لێرەدا دەکەوێتە سەر شانى لایەنە سیاسیەکان:
1-   هەر یەکە لە حزب و لایەنە سیاسیەکان بەپێی قەبارەى خۆیان ڕۆڵ بگێڕن لە بەرگرتن و ئاساییکردنەوەى ئەو ڕەوشە.
2-   هەوڵ و فشارەکانیان بەبێ لایەنى بخەنە گەڕ.
3-   ڕووى ڕاستەقینە و واقیعی ڕووداوەکان بۆ ڕای گشتى ڕابگەیەنن لەکاتێکدا هەڵمەتەکانى هەڕەشە و ڕاگەیاندنەکان درێژەیان هەبێت.
4-   ئیدانەى ئەو وڵاتانە بکەن کە دەیانەوێ شەڕو شۆ و تەسفیەى حیساباتیان لەسەر خاکى کورد بکەن لەکاتێکدا ئەگەر ئەو هەوڵە نەزۆکانە سەربگرێ دەبێتە دەروازە و رێخۆشکەری ئەو وڵاتانەى دیکە کە لەو کارەدا هیچ ڕۆلێکیان نەبووە و ئەوانیش دوور و نزیک دەست لەکاروباری هەرێم و حزبەکان بکەنە دەسکەلا و چۆنیان بوێ ئاوا ئاڕاستەیان بکەن.
5-    شەڕی کورد وکورد جگە لە براکوژی هیچ واتایەکى دیکە هەڵناگرێ، ئەوەش لە دیدگای زلهێزەکان پێگەى کورد ئەگەر لاواز نەکات، ئەوە لەهەر پشتیوانیەکدا مەرجی قورس بەسەر کورد دەسەپێنن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە