viva جاش

Thursday, 16/03/2017, 22:10

2957 بینراوە


ڤیڤا جاش بە واتای بژی جاش
لەیادی ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ جگە لەوەی سوپاس و پێزانینی خۆمان بەگشت (جاش)ە قارەمانەکان ئەگەیەنین و سەری ڕێز و نەوازش بۆ هەموو شەهیدە جاشەکان کە بەخوێن و هەوڵ و خەبات و هەڵمەتی ئەوان ،توانرا ڕاپەڕین بکرێ،دانەوێنین.ئەو جاشە بەڕێز و قارەمانانە کەهەڵیانکوتایە سەر مۆڵگەو بارەگاو سەربازگەکانی حزبی بەعس و ڕێشەکێشیان کردن و دەریان پەڕاندن، بوە مایەی سەرفرازی بۆ میلەت و ڕزگاربوونمان  لەو مۆتەکەیەی کە چەندین ساڵ بوو بەناو شۆڕشی کوردی و پێشمەرگە نەیانتوانی زەفەری پێ بهێنن. ئەو کوڕە یەکی یەکیانەی فەوجی خەفیفەو تەواری و هەموو جۆرەکانی تری جاش،بروسکە ئاسا وەك هەڵۆی برسی و لەکەمتر لە ٤٨ ساعات لە ڕانیەیەوە دەستیان پێکرد و لە ئەمنە سوورەکە ،کۆتاییان پێهێنان. ئەو داستانەی ئەم جاشانە تۆماریان کرد،کەم وێنەیەو لە ٧٠ ساڵی ڕابردووی بەناو شۆڕشەکانی مەلا مستەفا و جەلال تاڵەبانی و مەسعود و حزب و پارتەکانی  تر هەرگیز ئەو جۆرە سەرکەوتنانە بەدەی ناکرێ. بەڵکە، لەجیاتی ئەوە ،ئاش بەتاڵ،کور کوشتن و شەڕی ناوخۆ بەرهەمی ئەوان بوە.
بژی جاش،لەسایەی ئەو ڕاپەڕینەی ئەوان، بەناو پێشمەرگەی شاخ و بازرگانەکانی نەوت و هەراجکەرانی کوردستان هاتنەوەو ئەوەی جاشەکان بەدەستیان هێنان،خستیانە سەر لەپی دەستیان و دایان بەوان. بەڵام مەخابن،لەبەرئەوەی ئەوان هیچ ئارەقەیان بەو سەرکەوتنەوە نەدیبوو،لەبەرئەوەی ئەوان خوێنیان بۆنەڕشتبوو،لەبەرئەوەی ئەوان هەریەکەیان سەر بەدەوڵەوتێکی هەرێمی بوون و کلک گرێدراوی لایەك بوون. بۆیە ئەم ڕۆژەیان بۆ دروست کردین و خەونی کوردستانی گەورەیان بۆ کردین بە هەرێمێکی بچووکی لەت و پەتکراوی بێ مووچەو بێ کارەبا و بێ ئاوو بێ دەستوور و بێ یاساو بێ داهاتوو.بەڵێ،ئەو پێشمەرگانە  چونکێ خاوەنی هیچ جۆرە شەرمێك و شکۆیەك نەبوون، هەر لەیەکەمین ڕۆژی هاتنەوەیاندا کەوتنە ئاودیوو کردنی ئەوەی بەردەستیان ئەکەوت تا ئەو کاتەی نەوتیان دۆزییەوەو ئێدی کارەکانیان ئاستێکی تری گەورەتری لەخۆگرت و بەو شێوەیە نیشتمانیان کرد بە دۆزەخ بۆ نەوە و گەنجانیان تووشی بێ ئومێدی کرد و کوردستانیان بۆ عەرەب جێهێشت.
زۆربەی خەڵکی پێی ناخۆشە جاش مووچەی شەهیدی بۆ بڕدراوەتە وەیان ئەرزەو زەویان داونەتێ. وەیان لەزۆری شوێنەکان خاوەنی تەکیەو ڤێلاو کۆمپانیا و پارەو پۆست. کاکە ئەوە ئەوان بوون ئەو خێر و بێرەیان بۆ کۆنە پێشمەرگەکان هێنایە کایەوە،ئێدی بۆ لاتان سەیرە جاشێکی وەك تەحسین شاوەیس بکرێ بە کوڕە گەورەی بارزانی و شەهیدانەکەی لەهی مامە ڕیشە زیاتر بێ. گەر جاش نەبوایە ،ئەبوو مەسعود هەتا هەتایە لەکەرەخ نەهاتایەتەوە خوارێ. گەر جاش نەبوایە هەتا هەتایە جەلال تاڵەبانی لەئەوروپا نەی ئەوێرا بگەڕێتەوە بۆ کورستان و دواتر بکرێ بە سەرۆکی عێراق. گەر جاش نەبوایە مەسعود جگە لە هەزار پیاوەکەی خۆی کێ ئەیناسی و کێ بەکڵاو ئەو ئەیپێوا.. جا لەبەر ئەوە جارێکی تر ئەبێ هەموو بڵێین (بژی جاش).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە