ئەم نووسینەم لەسەر کۆمێنتی بەڕێزێك

Saturday, 22/04/2017, 14:10

2702 بینراوە


لەدوا ووتارم لەسەر(عەلی قەراغی)،بەڕێزێك بەناوی(Alexnader Kurdi) بەشێوەی پرسیار وای نووسیبوو؛ حەمە ماوەیەك بوو دیار نەبووی؟
--------------------------------
ئەڵبەتە ناکرێ پرسیاری کەس پشتگوێ بخرێ و وەڵامێکی گەر بەکورتیش بێ،نەدرێتەوە. ئەم بەڕێزە دیارە حەز ئەکا بۆچی ماوەیەکە دیار نیم و نووسینم کەم بۆتەوە. کەئەمەش جێگەی سوپاس و پێزانینە  وحەز ئەکا لە ئەحواڵم بزانێ ،کەئەمەش بۆ من جێگەی دڵخۆشیە کاتێ کەسێك بیەوێ کەمن وەیان هەر کەسێ ئەو لای مەبەست بێ،بۆچی کەمتر لەجاران دەرئەکەوێ. لەکاتێکدا ئەو کەسە لەوەو پێشتر بەشێوەیەکی زیاتر و بەرچاوتر دەرکەوتوەو پاشان لەپڕدا یان دیار نەماوە وەیان کەمتر دەرکەوتوە.
 من وەك کەسێکی گەلێ سادە و ساکار هەروەك مرۆڤێکی ئەم سەردەمە خەریکی کارکردن و ژیانی ئاسایی خۆمم. خاوەنی خێزانم و دوو خزمەتکاری ئێوەم هەیە، ئەگەرچی کوڕەکانم لای خۆم نین و تەنها لەهەفتەیەکدا دوو جار ئەیانبینم،لێ ئەوەندە پێوەیان سەرقاڵم کە ئەوو دوو ڕۆژە  بەتەواوی کاتی خۆیان لەگەڵمدا سەرف ئەکەن. کەئەمەش بۆ من و ئەوانیش جێگەی دڵخۆشی و کامەرانیمە. جگە لە ژیانی کەسێتی خۆم و سەرقاڵ بوونم بەکاری ڕۆژانەوە، بەردەوام خوێنەرێکی گەلێ باشی زۆربەی زۆری سایتە کوردی و هەندێ جار ئینگلیزیەکانیشم. بۆیە خوێندنەوەش بوارێکی باش لەکات بۆخۆی ڕائەکێشێ و لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ جار بابەتیش ئەنووسم و تەنها لە کوردستانپۆستدا ،بڵاویان ئەکەمەوە.
کەمتر نووسین لەجاران و کەمتر دەرنەکەوتن لای من ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە پێویستە ئێمەش کاری نووسین بۆ خۆمان قۆرخ نەکەین و هەموو ڕووپەڕی کوردستانپۆست داگیر نەکەین. ناکرێ ئێمە ڕەخنە لە قۆرخکاری دەسەڵاتی باشوور بگرین و خۆمان هەڵاوێرد نەکەین. ئەشێ ئەوەی دەسەڵاتی ناشرین ئەیکا ، ئێمە پێچەوانەکەی بین و ناکرێ هەموو کات بابەت و نووسینمان پێش نووسەرانی تر بکەوێ و ئەبێ بوار بۆ نووسەری گەنج و نوێ دروست بکەین و دەرگاکان بۆ هەموان واڵا بکرێ. خۆشبەختانە کوردستانپۆست دەرگاو پەنجەرەی بۆ هەموو کەسێ لەسەر پشتەوەو بواری یەکسانی نووسین لایان وەك پرنسیپ،نەخشاندوە. لەزۆر کاتدا گەلێ بابەتمان هەبوە بۆ بڵاوکردنەوە،بەڵام کاتێ بینیومانە  نووسەرێکی دی هەمان شت وەیان هەمان ناوەڕۆکی بابەتەکەی ئێمەی هەبوە، ئێدی بەپێوستمان زانیوە بابەتەکەی ئەو بڵاو بکرێتەوەو ئەوەی ئێمە کەوەك دووبارە بوونەوەیەك ئەبوو،نەینێریم و وازی لێ بێنم.
نووسین لای من بەم شێوەیەیە: بابەتیك،پەیامێك،مەبەستێك،پاشان ئامانجێك. گەر بزانیم نووسینی کەسێكی تر پێش من ئەو پرنسیپانەی لەخۆگرتبێ،ئێدی بۆ من پێوستی نەکردوە دووبارەی بکەمەوە. ئەگەر چی کەمتریش بابەت بنووسم،لێ بەردەوام لەگەڵ برادەرانی ستافی کوردستانپۆست خەریکی ئاڵووگۆڕ پێکردنی چەندین بیروڕاین لەمەڕ سیاسەتی ئەمڕۆ و چۆنێتی کارکردنمان. بۆیە خوێنەرانی بەڕێزی کوردستانپۆست دڵنیا ئەکەمەوە کە پێش ئەوەی زۆرترین بابەت بنووسم،زۆرترین بابەتم خوێندۆتەوەو ڕۆژانە لانی کەم ٣ بۆ ٤ کاتژمێر سەردانی ئەکەم و گەلێ بەووردی لەنووسینەکان ئەڕوانم و تێبینی و سەرنجم داوەتە برادەران. وە گەر لەداهاتووشدا هەروەك ئێستا کەمتر دەربکەوم، ئەو تاکە هۆکار ئەوەیە بتوانین جگە لەئێمەش خەڵکانی تر و گەنجانی تر زیاتر نووسینەکانی خۆیان لەکوردستانپۆستی بوێردا بڵاو بکەنەوەو لەهەمان کاتیشدا هانی هەموو کەسێ ئەدەین گەر بیەوێ پەیوەندی کەسێتمیان پێوە بکەن و بەچاوان ئامادەین ئاڵوگۆری ژمارەی تەلەفون و ئیمەیل و هەر شتێکی تر بیانەوێ ،من لەخزمەتیاندام . تەنها ماوەتەوە ئەوەی بیڵم،کە زۆر سوپاسی ئەو کەسانە ئەکەین کە پێشنیار و بیرۆکەی کۆتایی پێهاتنی ئەم دەسەڵاتە نەگریسەی باشووریان لایە،بێ بەشمان نەکەن و با پێکەوە هەموان بەیەك دەست و بەیەك دڵ کار بکەین و کۆتایی بەو دەسەڵاتە گەندەڵ و تاوانبارو دژە کوردە بێنین. جارێکی تر سوپاس بۆ ئەو بەڕێزەو بۆ هەر کەسێ  لە ئێمە ئەپرسێتەوە. بچووکی هەموانتان و خزمەتکاری گەلەکەمانین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە