زمانی نووسین و خوێندنەوە وەک دوو ماددەی بنەڕەتی

Tuesday, 28/03/2017, 22:41

2312 بینراوە


خوێندن لە ووڵاتێکی وەك ئەمریکا بەتەواوی پشت بەستوە بە دوو ماددەی سەرەکی ئەوانیش (نووسین و خوێندنەوە)ی زمانی ئینگلیزی. ئەو کەسەی هەر بیەوێ هەر شتێك بخوێنێ و لەهەر زانکۆیەك بێ،ئەوا پێویستە لەو دوو ماددیەدا،سەرکەوتووبێ. بەمانایەکی تر؛ ئەم دوو ماددەیە بەشێوەیەك گرنگن کەوا خوێندکار ناتوانێ دەست بەرداریان بێ.
بۆ نمونە ئەو کەسەی کە دەچێتە ئەمەریکا و بیەوێت خوێندن تەواو بکات،ئەوا یەکەمین تاقیکردنەوەی پێویستە لەم دوو ماددەیەدا خۆی هیلاك بکات و تێیان پەڕێنێ.گەر نا ،ئەوا پێویستە جارێکی تر تاقیکردنەوە بکاو پاشان ئەتوانێ درێژە بە خوێندنەکەی بدا. جا گرنگی دان بەزمانی ئینگلیزی و شێوازی خوێندنەوەو نووسینی پایەیەکی گەورەیە لە ڕێڕەوی خوێندن و ئاکامەکانی.
بەداخەوە بەناو خوێندنی باڵای هەرێم بڕیارێکی ناڕەوای سەبارەت بەزمانی کوردی دا کەمرۆڤ شەرمی لێ ئەکا. نازانین چۆن ئەو هەموو مامۆستاو ڕاگرو فەیلەسوفانەی باشوور نقەیان لەخۆیان بڕایوە و هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوو. وەیان چۆن خوێندکاران ڕازی ئەبن ئاوا سووکایەتی بەزمانی کوردی بکرێ و ئاوا بێ بەها بکرێ. ئێمە ئەزانین دەسەڵاتی خۆسەپێن وەك هەر کارێکی تری دژ بەخەڵکی کوردستان ئەم جارەش هاتوەو دزی نەك هەر سامان و سەروەتی ئەکا،بەڵکە ئەم جارە دزی لە زمان و دواتر لەفەرهەنگ و کلتووریشی کرد. لەمێژە ئەم دەسەڵاتە بەنیازی کاری وایە کە دژ بەزمان وکلتووری کوردی و بۆنەکانێتی. بۆ نمونە چەندین جار لە دیوەخانەکەی هەولێر هەوڵیان دا سروودی نیشتمانی ئەی ڕەقیب بگۆڕن بەهەنجەتی ئەوەی دژی ئایینە. چەندین جار وویستیان نەورۆز نەهێڵن و نەیەڵن میلەتەکەمان ئەو یادە نەتەوەییە بکەنەوە.
بەڕاستی ئەم جۆرە کارەساتانە لە هەڵکشاندایەو هەر ڕۆژەی میلەت و زمان و کلتوورمان ئەخەنە بەر چەقۆی داگیر کەرێك. ئەمانە ئەوەی دوژمنی کورد بۆیان ناکرێ،بۆیان جێبەجێ ئەکەن و میلەتیش وەك مەڕ ملی خۆی داوەتە دەستیان. مەلا مەستەفا شاری موسڵی دۆڕاند،هیچ نەکرا. مەسعود کەرکوکی دۆڕاند،هیچ نەکرا. ئەنفال وهەڵەبجە کرا،هیچ نەکرا. نەوت بەتاڵانبرا،هیچ نەکرا.تەقە لە گەنجی کورد کرا،هیچ نەکرا. مەلا و ڕۆژنامەنووس تیرۆر کرا،هیچ نەکرا. ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاری نەدرا،هیچ نەکرا.ژنان ڕەشەکوژی کران،هیچ  نەکرا.کوردی یەزیدی پیشکەش بەداعش کران،هیچ نەکرا...... جا بۆیە ئەم دەسەڵاتە هەر خەریکی کاری وایە و لەداهاتوودا ئەبێ چاوەڕوانی شتی زۆر لەوە گەورەتری لێ بکرێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە