ئەردوغان، چاک بزانە واشینگتۆن ئەنقەرەی پایەتەختی تیڕۆر نییە!

Thursday, 18/05/2017, 10:35

6704 بینراوە


شای ئیران لە ساڵی ١٩٧٧ لە کۆشکی سپی ئەمریکا بوو بە میوانی کارتەر . شا بارودۆخی تەندروستی نالەباربوو و  تووشی نەخۆشی ژێرپەنجە ببوو، لە هەمان کاتدا بارودۆخی وڵاتەکەی ناجێگر بوو،  پارتەکانی کە  لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن بوون دژ بە شا لە ئیران لە ئەوپەری جموجۆڵی گەرمدا بوون. لە ئەنجامدا شا دەرکی بەوە کردبوو کە گڵۆلەی کەوتۆتە لێژی و ئەمریکا زانیاریی هەیە کە ئەو تووشی نەخۆشی ژێرپەنجە بووە و ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەمریکا پێش مردنی ئەو لە بەدیل بگەرێت و ئەو بەدیلەش بۆ شا مسۆگەر نەبوو کە کێ دەبێت؟ لەلایەکی دیکەوە بارودۆخی وڵاتەکەی خراپ بوو، دەنگی ناڕەزایی دژی لە ئیران رۆژ بە رۆژ لە هەڵکشانبوو، خومەینی دوژمنی سەڕەکی شا لە فرەنسا داڵدە درابوو، سەڕەرای ئەو بارودۆخە، شا ناچاربوو ڕوو لە ئەمریکا بکات بۆ گەڕان بەدوای چارەسەری نەخۆشیەکەی.
لە ساڵی ١٩٧٧دا کاتێک کە شا بڕیاری دابوو بچێت بۆ ئەمریکا، دەزگای ساواکی ئیرانی پلانیان داڕشتبوو کە لەگەڵ ئەو کاتەی شا دەگات بە ئەمریکا، کۆمەڵێک خەلکی ئیرانی ئەمریکی بە ئاڵای ئیران لە پێشوازیی راوەستن و ئوتافات بدەن و بەخێرهاتنی رەزا بکەن. ئەو پلانەی ساواک بە نیوەناچلی سەرکەوتووبوو، بەهۆی ئەوەی ساواک توانی خەلکی خۆیان کۆبکاتەوە بۆ پێشوازیکردن لە شا، بەڵام نەیانتوانی رێگربن لەو کەسانەی کە پێشوەخت خۆیان ئامادە کردبوو لەگەڵ گەیشتنی شا خۆپێشاندان دژی شا و حکومەتەکەی ئەنجام بدەن. 
شاژنی ئێرانی لە یادەوەرییەکانیدا دەگێرێتەوە " خۆپیشاندەران ئەوەندە نزیکبوون لێمان کاتێک کە ئەمریکییەکان گازی فرمێسکیان پەرژان بە ناویان دا، گازەکە کاردانەوەی لەسەر ئێمەش هەبوو".
بۆ رۆژی دواتر، لە مانگی یازدەی ساڵی ١٩٧٧دا هەموو میدیای ئەمریکی هەواڵەکەیان ڕووماڵە کرد بەڵام گرنگیان زیاتر بەو لایەنە دا کە دژ بە شا هاتبوونە سەر شەقام نەک ئەوانەی پاڵپشتی بوون!  ئەمە ئامەژەیەکبوو بۆ شا کە ئەمریکا بڕیاری لە چارەنووسی شا داوە و هەموو شتێک بڕاوەتەوە، دوای ئەو بەروارە لە ساڵی ١٩٧٨دا خۆپیشاندان دژی شا هەموو شار و شارۆچکەی ئیرانی تەنیەوە.
رەجەب، هەلتگ هەلتگ چوو بۆ ئەمریکا، بەڵام شا ئاسا بۆ نەخۆشی نەچوو بەڵکو بۆ ئەوە چوو   هەوڵبدات چاڵ بۆ میللەتی کورد هەڵکەنێت. گەشتەکەی رەجەب لە کاتێکدایە کە بارودۆخی تورکیا وەک ئەوسای ئیران ناجێگیرە، دەنگی ئۆپۆزسیۆن رۆژ بە رۆژ لە هەڵکشانە و "گولەن"ی دوژمنی ئەردوغان، خومەینی ئاسا لە ئەمریکا داڵدەدراوە. 
لە رۆژی سێشەمەی رابردوو لە شاری واشینگتۆن، خەڵکێکی نارەزا چووبوون بۆ بەر دەرگای سەفارەی تورکیی و دروشم و ئوتافیان دژی رەجب دابوو، پاسەوانەکانی ئەردوغان، وەک ئەوەی لە تورکیا بن، لەسەر ئەرزی ئەمریکا و لە ژێر دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدا کەوتنە لێدان و کوتانی خۆپیشاندەران. لە ئەنجامدا خەلکێکی زۆریان بریندار کردبوو. پاسەوانە تورکەکان سەریان لێشێوا بوو، لە یادیان نەما بوو کە لە واشینگتۆنن، پێیان وابوو هێشتا لە ئەنقەرەی پایەتەختی تیڕۆرن!. ئەوە دوو رۆژە میدیای ئەمریکی بە زەقی ڕووماڵی ئەو هەواڵە دەکات، ئەگەر سەرنج بدەین لە جۆری ڕووماڵ کردنی ئەو هەواڵەدا میدیا ئەمریکییەکان ئابرووی رەجەب و پاسەوانەکانیان بردوە و وەک ئەوەی دژ بە رەزا نووسیان لە ساڵی ١٩٧٧ دا.
ئەمرۆ مێژوو خۆی دوپات دەکاتەوە، ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٧ بەسەر رەزا هات لە ئەمریکا، هەمان ئەزموون ڕووبەڕووی رەجەب بۆتەوە لە ساڵی ٢٠١٧دا. دیارە ژمارە  ٧ بۆ رەجەب و رەزا  بەختهاوردە نییە و گڵۆڵەی رەجەب، رەزا ئاسا کەوتۆتە  لێژی!


سەرچاوە:


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە