کورتەیەک لە مێژووی رێکخراوی خوێندکارانی سۆسیالیستی کورد لە ئەوروپاـ سۆکسە (بەشی یەکەم)

Saturday, 10/06/2017, 12:17

3063 بینراوە


Socialist Organisation Of The Kurdish Students in Europa( SOKSE)
--------------------
پێشینەیەکی کورتی مێژوویی:
لە نێوەڕاستی سەدەی بیستەمی رابردوودا،سەرەتا ساڵی ١٩٤٩ و پاشان بە دروستی لە ١٩٥٦ دا، دەستەیەک لە خوێندکارانی کورد لە هەندەران،بیریان لە دامەزراندنی رێکخراوێکی سەربەخۆ، جیا لە ترک و عەرەب و فارس بۆ خۆیان کردەوە. پێداویستی ئەم کارەش هەم بۆ پاراستنی فەرهەنگ و ناسنامەی کوردی و هەمیش بۆ پشتیوانی و گەیاندنی دەنگ و رەنگی نەتەوەی کوردی گەمارۆدراو بە چەندین داگیرکەر و دوژمن، بە جیهانی دەرەوە بوو. شایانی باسکردنە، خوێندکارانی کورد بە گشتی، وەک باڵیۆزی نەتەوە وابوون و لە قۆناخە سەختەکاندا،چەندین ئەرکی قورس و گرانیان بە ئەنجام گەیاندووە. 
ڕێبەر و سیمبۆلەکانی ئەم بیرۆکە و وەچەرخانە بریتی بوون لە :{نورەدین زازا،عیسمەت شەریف وانلی،ئەم دوو ناوە بە تایبەت وەک دیارترین و چالاکترین و هەڵسوڕاوترین کەسانی خاوەن بیرۆکە و بزوێنەری کار و چالاکییەکان بوون،شەوکەت ئاکرەیی،ئەبدولقادر عەبدوڵا و سەعدی دزەیی} و چەندانێکی تر. جێ دەستی ئەم دەستە لەخۆبووردووە، لە بزاڤی خوێندکاریی کوردیدا،لە هەندەران، دیارە و بە خزمەتێکی گەورە دێتە هەژماردن. دەبێ ئەوەشمان لەیاد نەچێ، کە خەباتی خوێندکاران لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی ئەوروپادا بەڕێوە چووە و پاشان لە ئەمریکا و کەنەداش هاتە مەیدان.
بزاڤی خوێندکاریی بەدرێژایی بوونی خۆی،جگە لەوەی ئەڵقەیەکی  بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد بووە،هاوسات،زۆربەی هەرە زۆری ساتەوەختەکان لەژێر کاریگەرێتی سیاسەتی گشتی هێزە باڵا دەستەکانی کوردستاندا بووە. هەر بۆیە ساتی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول لە ١٩٦١ دا ، باڵی کێشا بەسەر،چالاکییەکانی کۆمەڵەی خوێندکاران دا،کە ئەودەمە تەنیا  (کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا( KSSEـKurdishe Students,Society in Europa ) لە مەیداندا بوو. خوێندکارانیش،وەک حیزبە کوردییەکان هەڵگری هەمان دروشم و ئامانج بوون،بەتایبەت لەو سەردەمەدا کە باو باوی مارکسایەتی بوو، بەشێکی زۆریان، کەوتبوونە ژێر کاریگەرێتی ئیدیۆلۆژی مارکسایەتی و چەپڕەوییەوە.بەم پێیە هەژموونی ئەم ئیدیۆلۆژییە، بەسەر شۆڕشی ئەیلوولیشەوە کاریگەرێتی هەبوو. کەواتە سیاسەتی گشتی شۆڕش و خۆێندکاران، لە خولگەی پاراستنی بەردەوامێتی بەرژەوەندییەکانی خودی شورەوی بوو.
پاش ئەوەی ژمارەیەک کوردی دیکەش بە نیازی خوێندن و گوزەران پەڕیدەی هەندەران بوون، بەشێک لەمانە هەڵگریی بیروباوەڕی نەتەوەیی بوون و بیر و هزری خۆیان، لە چوارچێوەی پێڕەوپرۆگرام و چالاکییەکانی کۆمەڵەی خوێندکاراندا نەدەدییەوە،لەبەرئەوەی خاوەنی بیرۆکەیەکی تەواو کوردستانی بوون،رەخنەو سەرنجیان لەسەر سیاسەتی شورەوی بەرامبەر بە پرسی کورد هەبوو.هاوکات نەیان دەویست ببنە پاشکۆی سیاسەتی زلهێزەکان،لەسەر بنەمای  بەرژەوەندی باڵای کورد و کێشە رەواکەی،تەماشای رووداوەکانیان دەکرد و هەڵوێستییان وەدەگرت، رێیان نەدراوە بە سانایی بیروڕایان دەرببڕن،بۆیە بیریان لە دامەزراندنی رێکخراوێکی نوێی تایبەت بە خۆیان کردەوە. 
لە رۆژی
 ٢١/٣/١٩٦٥ دا رێکخراوێکی نەتەوەیی،بە ناوی: کۆمەڵەی خوێندکارانی نەتەوەیی کورد لە ئەوروپا(نوکسە)دامەزرا.National Union oft he Kurdish Students in Europa-NUKSE دامەزرێنەرانی ئەم رێکخراوە بریتیبوون لە: جەمال نەبەز،بروسکە ئیبراهیم، ئەحمەد نەقیب، تالب رۆستەم.
ئەم رێکخراوە تا ٣/  ٩/ ١٩٧٧، درێژە بەچالاکییەکانی دەدات و پاشان،بە ئومێدی هێنانە کایەی رێکخراوێکی یەکگرتووی بەهێز،بەرامبەر بە گفتێکی سادە،کە پێیان درا بوو، لە رووی دڵسۆزییەوە، خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە... نوکسە چالاکی جۆراوجۆری هەبوو. خزمەتی ئەدەب و فەرهەنگی کوردی کردووە. بڵاوکراوە و ئۆرگانی بە زمانی کوردی و ئەڵمانی هەبووە و پەخشی کردووە.بۆ زانیاریی زێتر لەمەڕ ئەم رێکخراوە، بڕوانە: جەمال نەبەز، کۆمەڵەی ئازادیی ژیانەوەی و یەکێتی کورد کاژیک ١٩٥٩ پێشخان و پاشخانەکانی ٢٠١٥  سلێمانی/ کوردستان.
پاش نسکۆکەی ساڵی ١٩٧٥ی شۆڕشی ١٤ ساڵەی کورد، سەرهەڵدانی فرە حیزبی لە کۆمەڵگەی باشووری کوردستان دا،بووە دیاردەیەکی نوێ. هاوکات هەر حیزب و هێزێک هەوڵی دەدا، بە هەموو لایەکدا پەلوپۆ بهاوێژێ و بە پەلە بۆشایی  گۆڕەپانەکە پڕ بکاتەوە و بۆ خۆی پاوانخواز بکات...
یەکێ لە سیما هەرە زەقەکانی ئەم قۆناخە، دروستکردنی رێکخراوی پیشەیی و خوێندکاریی بوو،بە تایبەت لە نێو کوردانی ئاوارەی ئەوروپادا...پێداویستی گرنگ و بەرچاوی ئەو رۆژگارە، ئەوەی دەخواست، هەر لایەک نوێنەرایەتی خۆی هەبێت. هۆی سەرەکیش،کۆمەڵەی خوێندکاران،KSSE بە تەواوی کەوتبووە ژێر رکێفی سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە. ئەندامەکانی نەیان دەتوانی ئەرکە خوێندکارییەکان و پابەندبوونی حیزبی خۆیان لێک جودابکەنەوە. بۆیەکا تا دەهات ریزەکانی بەرەو لێکترازان و پارچە پارچەبوون دەچوو. دوای دروستکردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کۆمەڵەی ناوبراو لە کۆنگرەی ١٧ ی خۆیدا تووشی دابڕان بوو،لایەنگرانی ی. ن. کۆمەڵەی  خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات ناسراو بە ئەکسا دامەرزاند.
هەرچەندە وەک بێشکچی دەڵێ: " مەحاڵە بزووتنەوەی رزگاری نەتەوایەتی کوردستان لە مەڵبەندەکانی ئەوروپاوە بەڕێوەببرێن،مانەوە لەو مەڵبەندانە و کردنەوەی نوسینگە  لەوێ کارێکی گرنگە،بەڵام بەو مەرجەی بنکەکان لە کوردستان بن".
ئەم بۆچوونە بە دوو ئاڕاستەدا، بایەخی هەیە.. یەکەم کوردستان مەیدانی ڕاستەقینەی خەباتە. دووەم خەباتی خوێندکاریی و پیشەیی لەدەرەوەی کوردستان گرنگە،بەس جێگرەوە و هاوشانی ئەوەی وڵات نییە.
سەرئەنجامی وابەستەیی توندی کۆمەڵە بە سیاسەتی پارتییەوە و دوورکەوتنەوە لە ئەرکە سەرەکییەکانی خوێندکاران و بڵندکردنەوەی دروشمی سیاسی و سەرسەختی ئەقڵێتی حیزبی و ووردە جیاوازی دیکەش، کۆمەڵەی کەرتوپەرت کرد...
ئەو رێکخراوانەی، لەو ساتەوەختەدا، لە ئەوروپا هەبوون و چالاک بوون،یاخود دەرئەنجامی پارچەبوونی KSSE  هاتنە کایە، بریتین لە :
ـ کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا،KSSE  ،Kurdisahe Students,Society in Europe.KSSE مەڵبەندی بەرلین،نێزیک بە پارتی دیموکراتی  کوردستان.
ـ کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا،KSSE ، مەڵبەندی پراگ، نێزیک بە پارتی کۆمۆنیستی عێراق بوون.
ـ کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لەدەرەوەی وڵات،AKSA، Association of Kurdistan abroad دوای دروستبوونی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هاتە کایەوە و نێزیک بەمان بوو.  لە ساڵی ١٩٨٤ بەدواوە،دەستەیەکیان لێ جیابۆوە ،بە تایبەت لە بەرلینی رۆژاوا و ئەڵمانیا،بەهەمان ناو کاریان دەکرد و وەک ئەکسا،مەڵبەندی بەرلین ،یان ئەکسای جیاوەبۆوە ، دەناسران.
ـ یەکێتی خوێندکاران و لاوانی کوردستان لە ئەوروپا،ساڵی UKSYE،Union oft the 
Kurdistan Student and Youths in Europe نێزیک بوون لە پارتی گەلی دیموکراتی کوردستان،ساڵی ١٩٨٢ دروست بوو.
ـ لاوانی سۆسیالیستیش چەند کەسێکی کەمبوون و لە هەندێ وڵات هەبوون،نێزیک بوون لە حیزبی سۆسیالیستی کوردستان.
 هەر لەم روانگەیەوە سەخت بوو، بۆ کەسێکی نەتەوەیی،لە رێکخراوێکی خوێندکاری وابەستە بە حیزبێکی چەپەوە کار بکات..یاوەکو بەشی هەرە سەرەکی دروشمی ئەو حیزبانەی پاش هەرەس هاتبوونە کایەوە، بە گوتەی ئیمڕۆ لە چوارچێوەی داگیرکەرچێتی عێراقچێتی،ترکیاچێتی،ئێرانچێتی،سوریاچێتی و شورەویپەرستیدا خولیان دەخوارد. کەسێکی نەتەوەیش خاوەنی باوەڕ و هەڵوێستی راستەقینە، هەرگیز ئامادە نەبوو،بچێتە ژێر چەتری سیاسەتی نا کوردستانی ئەم رێکخراوانەوە.
پارت سۆسیالیستی کورد ـ پاسۆک ـ یەک لە حیزبانەیە،کە لە ١١/٩/١٩٧٥ دا، پاش هەرەس ڕسکاوە و پێی ناوەتە نێو قۆناخی خەباتەوە. پاسۆکیش ،وەک هەموو ئەوانی دیکە،ناچار بوو بیری لە دروستکردنی رێکخراوێکی تایبەت بە خۆی، بۆ ئەندام و دۆست و لایەنگرەکانی دەکردەوە. چونکە مەحاڵ بوو،هاوبیرێکی پاسۆک خۆی لە خانەیەکی هزری و چوارچێوەیەکی دیکەی سەددەرسەدی ناکوردستانیدا ببینێتەوە. ئەو ساتەوەختە،کۆمەڵی لە هاوبیرەکانی پەڕیدەی هەندەران بووون، بە تایبەت کاک کوردۆ عەلی، بە پشتیوانیی مامۆستا جەمال نەبەز و کاک بروسکە ئیبراهیم . لە بەر رۆشنایی خەبات و تێکۆشانی نوکسەدا و بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەو رێکخراوە و کەسایەتییەکانیان توانییان رێکخراوێکی نوێ بە ناوی: رێکخراوی خوێندکارانی سۆسیالیستی کورد لە ئەوروپا ـ سۆکسە ـ لە ١١/٩/١٩٨٠ دا دابمەزرێنێ. تا لەم رێگایەوە هاوبیران کۆبکرێنەوە و ببنە خاوەنی دەنگ و رەنگ و سەکۆی خۆیان. بەو واتایەی  هاوبیرانیش، بتوانن بە نەخشی خۆیان رۆڵیان لە خزمەتکردنی دۆزی کورد و رەهەندە فەرهەنگیی و سیاسییەکەیدا بگێڕن. لێرەدا پێویستە ئاماژە بە خاڵێکی یاسایی گرنگیش بکەم، ئەویش ئەوکات،لە ئەوروپا هیچ پارتێکی سیاسی ،رێگەی کاری سیاسی پێنەدەدرا،ناچارانە ئەم رێکخراوە خوێندکارییانە دەبوونە پێش قەڕەوڵی کاروبارەکانیان.
سۆکسە، لە تەمەنێکی کورتی دروستبوونی خۆیدا،کەوتە چالاکی و هەر زوو بووە،یەکێ لە بەهێزترین و دیارترین رێکخراو و لە سەرتاسەری ئەوروپا و دەرەوەی وڵاتدا، لەسەر ئاستی کوردستانی و نێونەتەوەیی، جێ پەنجەی بە تێکۆشانەوە، لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا نەخشاند.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە