پیاوی کورد چییە؟

Friday, 16/06/2017, 20:16

4840 بینراوە


1
ماوەیەک لەمەربەر لەتەک دۆستێکمدا کەوتمە نێو گفتوگۆوە لەسەر "کوردەکانی باکوری ئێراق". با سەرەتا لەم پەیوەندییەدا کێشەیەک یەکلابکەمەوە، چونکە ئێمە لێرەوە بەگیرهاتین. ئەو لە ئاخافتنیدا هەر دەیگۆت: "کوردستانی باشوور"، ئەزیش بەرانبەر ئەوە دەمگۆت: "کوردەکانی باکوری ئێراق". دەمگۆت: "هەرێمی کوردستان" بە فاکتی و لە ڕووی یاساییەوە هەیە، لێ وەک قەوارەی سیاسی بە هیچ شێوەیەک مسۆگەر نییە و کوردەکان خۆیشیان ئاگاییەکی "هەرێمی"یان بۆی نییە، بەڵکو لەنێویدا ناوچەگەرا دەژین و هەر ناوچەیەک لە ئاگایی ئەواندا بۆ خۆی هەرێمێکە. جگە لەوە بۆ من دەستەواژەی "کوردەکانی باکوری ئێراق" کە زۆر سڕ، واتا زەینمەندانە بەکاری دەهێنم، ئاماژەیە بۆ مێتالێتییەکی ئێراقی کە هێدی هێدی لە سەرەتای ١٩٢٠کانی سەدەی بیستەمەوە چێبووە، بۆیە کوردەکان لە زۆر ڕووەوە لە ئارەبەکانی ئێراق نزیکترن وەک لە کوردەکانی ئێران، وەک لە ڕووی خۆراکی چەور و شانازی بە ورگی زلەوە، رواڵەتگەری و کاولکردنی سروشت و هتد. ئەوجا من ڕەخنەییانە لەم دەستەواژەیە تێدەگەم و بەو ڕێیەوە دەخوازم لەو دۆخگۆڕییە کوردییانە تێبگەم کە لە 1961 بەدوواوە لەنێو و بەنێو کوردەکانی ئێراقدا ڕوویانداوە. بەم ڕێیەوە بە دیدی من هاوکات دەرفەت بە خۆمان دەدەین کە جیاوازییە کولتوورییەکانمان لەتەک کوردانی دیکەی ئێران و تورکیا و سوریادا دیاری بکەین. ئێمە ناتوانین بە موجامەلە و هۆزان هەستی نەتەوەیی بهێنینە گۆڕێ، بەڵکو گەرەکە سەرەتا جیاوازییەکانمان بۆ یەکدی دەربخەین: بە دانوستاندن، بە گفتوگۆ، لێرەشەوە دۆستایەتیی کۆمەڵایەتی چێبکەین. لە بنەڕەتدا ئەمڕۆ ئەو مرۆڤانە کە ناودەنرێن "کوردانی باشوور"، نەک تەنیا خۆیان مەترسیی سەرەکین بۆ ناوچە ئۆتۆنۆمەکەیان، بەڵکو بوون بە کێشەیەکی مۆرالی و کولتوریی گەورە، بەڵێ بوون بە مەترسی بۆ کوردانی سێ وڵاتەکەی دیکەی ئێران و تورکیا و سوریا، چونکە دەسەڵاتدارانی سەقامگیریان هەموو شێوەیەکی خیانەتیان لێ دەوەشێتەوە و پیاوان و ژنانی شوێنکەوتوو و قەومگەلی ملنەوێنی پاسیڤ هەموو هەنگاوێکی بەو چەشنەیان ئاسان دەکەن - بۆ بەرپرسان. لێرەوە خۆم گرێدەدەمەوە بەو گفتوگۆیەوە کە لەتەک دۆستەکەمدا بەرمانخستبوو.
ئەو دەیگۆت، گۆیا لە جیهاندا لە پیاوی کورد ترسنۆکتری نەبینیوە، چونکە بوێریی نەبووە هاوشێوەی پیاوانی وڵاتانی دی دەوڵەت دابمەزرێنێت، ئەوجا بۆ ئەوەی نامەردییەکەی خۆی پەردەپۆش بکات، درۆی جیۆگرافیی کوردستان دەکات بە فاکتەری نەبوونی دەوڵەت. ئاخر ئەوە پیاوە کە وەک پرنسیپی دەسەڵات پێویستیی بە دەوڵەتە و تێیدا ژن و زارۆکی خۆی دەپارێزێت.
بە ئاشکرا دیار بوو کە ئەو خۆی بەسەر کوردانی ئێراقدا هەڵدەڕشت، لێ تووڕەییەکەی لە مەسئول و بەناو سەرکردەکان بوو. واتا کینی ئەو لە ئەمان پاڵێهێزی ئەوە بوو کە جوودایی کەسیی و کۆمەڵایەتی و بەرپرسیاری نەبینێت و هەمووی بە یەک تێکەڵ بکات. سەرەڕای ئەوە تێڕوانینەکانی مرۆڤیان دەخستە گومانەوە. مرۆڤ بە تایبەتی دەکەوێتە گومانەوە، چونکە خۆی زۆر شتی سەیری لێیان بینیوە: هەر لە نامەردییەوە بەرانبەر سێ گەلەکەی دروسێی، هەتا ملشۆڕی بۆ ئەو گەلانەی ئارەب و فارس و تورک، هەتا دەگات بە حەشەرێتی بەرانبەر سروشتی وڵاتەکەیان کە چۆن وێرانی دەکەن، چۆن چڵێسییەکیان تەقاندۆتەوە کە دانامرکێتەوە، تەنانەت بە نەخۆشی. ئاخر زۆرینەی هەرە زۆریان نەخۆشن! ئەوجا با مرۆ بڕوانێت لە کیژ کوشتن، لە ملکەچی بۆ مەسئولەکان، ئەوجا ببینێت چۆن لایان
ئاکاری موستەشار بۆ ئێران و تورکیا و سوریا و ئێراق و هتد بەرجەستە دەبێت. ئەوجا کاتێک ئێمە مشتوماڵ دەکەین و بەوە دەگەین کە سیاسەتکار و خەڵکی سادە یەک مێنتالێتییان هەیە و هەردووکیان یەکترییان گەرەکە، جا گەرچی سیاسەتکار بەرپرسیاری بۆ ئایندە دەکەوێتە ئەستۆ، ئەوا لەم ڕەوتەدا دەگەین بەوە کە گەرەکە بەنێو ئەو ترسنۆکییەی پیاوی کورددا (لە ئێراق) شۆڕ ببینەوە. ئەز بۆ ئەم پرسە چەند ڕووداوێکی ڕیال وەردەگرم، چونکە بڕێکی زۆر پرسیار دەوروژێنن، ئەمەش بە تایبەتی دوای بینینی مەردێتی و ژنێتیی کوردانی ڕۆژئاوا کە دەرفەتی بەراوردکارییەکی بەجێمان بۆ دەڕەخسێنن.

2
دەبێت پیاوی کورد لە دێرزەماندا مەردانە بووبێت بەرانبەر بێگانە، بۆ ئەمەش دەتوانین زۆر چیرۆک وەک بەڵگە وەربگرین کە ئارەب و ئەجەم لەسەر کورد هۆنیویاننەتەوە، بەڵێ تەنانەت زانایانی ئیسلامییان هاتوونەتە گۆ و ئەفسانەیان لەسەر کورد هۆنیوەتەوە. کەواتە ئەو دەمەش زاناکانی ئیسلام، هاوشێوەی خومەینی لە هەشتاکاندا، بە ناچاری هاتوونەتە گۆ و حوکمیان داوە (فەتوایان داوە) بەسەر هەموو کورداندا. لەم روانگەیەوە دەبێت ئەو دەمە کوردەکان زۆر سەخت ئەوانیان بەگیرهێنابێت، ئاخر گەر ئەوها نەبووایە، ئەوسا کوردەکانیان ناو نەدەنا "نەوەی جن". ئەم ناونانە دەریدەخات کە کوردەکان لە ڕادەبەدەر زیانیان بە ئارەبە موسڵمانە هێرشهێنەکان گەیاندووە، ئەوەش زۆر تووڕەی کردوون، ئەوجا زانایانی دینییان لە ئەندێشەی تایبەتیی ڕۆژهەڵاتییەوە گوزارشتێکیان بۆ توڕەییەکەیان چێکردووە - لە هەمان ئەندێشەوە کە بۆ نموونە لە داستانی "هەزار و یەک شەوە"دا دەرکەوتووە. جگە لەوە دەبێت سەختی شاخەکانی وڵاتی کوردان، دۆڵە تەنگە تاریکەکان، دارستانی چڕ و خوڕەی ئاوی بەردەوام، داگیرکەرانی ئارەبیان زۆر ترساندبێت، کە پاشان گێڕانەوەکانیان لە ولاتی خۆیان پتر ئەندێشەی کەسانیان بزواندووە و پاشان زۆر کەس، وەک ئەڵمانەکان دەبێژن، بە کەیفی خۆیان لە موبەقی دیعایەی ڕۆژهەڵاتیدا بەهاراتیی زیاتریان بەو چیرۆکانەوە کردووە، کە ئیدی نەوە دوای نەوە بە بەهاراتی خۆیی بە دووی یەکدا گەیاندوویانن. لێ بۆچی ئەم قەومانەی کورد لەنێو چێوەی دەوڵەتیدا نەبوون بە گەل، ئەمە پرسیارێکە کە چێوەی ئەم نووسینە دەتەقێنێتەوە و لە بابەتەکەی دوورمان دەخاتەوە. بە پێچەوانەوە باشترە بۆ خەریکبوون بەو ترسنۆکییە ناوبراوەی پیاوی کوردەوە پنتێک دیاری بکەین. ئێمە دەبێژین، کە ئەو پنتە بریتییە لە ساڵی 1961 وەک دەستپوەک دەستپێکی سەرجەم کارەساتی کوردەکانی ئێراق.
ساڵی 1961 لای کوردەکانی ئێراق بریتیە لە ساڵی هەڵچوونی مێنتالێتیی "موستەشار" کە لە باڵاترین سەرکردە سیاسییەکانەوە بەرەو ژێر تا لای مەسئولە بچووکەکان بەرخرا و بوو بە مێنتالێتیی باڵادەست. ئاخر ئاشکرایە گەر سەرکردە و بەرپرسان ملهوڕ و بچووکی بێگانە بن، ئەوا بەوە دەبن بە نموونەی تەنینەوەی ئەو جۆرەی بەدڕەفتاری و زۆر کەس بە لایانەوە ئاسایی دەبێت ببن بە ئەمن و جاش. ئێمە لێرەدا لەو ساڵە دەدوێین کە بەرخۆدانی "خەڵکی کورد" پتر وەک خۆڕەنجاندن کەوتەوە نەک وەک "ڕا-بوون". ئایا ئەم بەرخۆدانە چۆن بوو؟ ئێمە لەسەر ئەم ڕەوشە توێژینەوەی مێژوویی ئەوتۆمان نییە کە شایانی متمانەپێکردن بن، بۆیە ئەز وەک نموونەی بەرخۆدان هەندێک ڕووداوی سەرەتای شەستەکانی سلێمانی دەگێڕمەوە (هەموو یەکێک دەتوانێت لە شار یان گوند و ناوچەی خۆی لەم جۆرە نموونانە تۆمار بکات).
3
- لە ژوورێکی ماڵێکدا، لە گەڕەکی شێخان، چەند پیاوێک خەریکی کۆبوونەوەن. پیاوەکان "پارچە"یان بۆ هاتووە، دەیانکەنەوە و دوای خوێندنەوەیان دەیانسووتێنن. زارۆکێکی بچووک لە تاقی پەنجەرەی ژوورەکەدا دانیشتووە و بە بۆیەی قەڵەم نیگاردەکێشێت. هەندێک جار لە فزوولییەتەوە بە تیلی چاو تەماشایان دەکات.
- ساڵی 1963، ڕۆژی دووەمی "مەنعلتەجەولەکە"، ترس و دوودڵی ماڵێکی گەڕەکی شێخانیان تەنیوە. خاوەنماڵ ژوورێک و گەنجینەکەیانی بە کرێ داوە بە ماڵی کچەکەی، چونکە سەردەمی بێکارییەوە و ژیان یەکجار سەختە. کچەکەیان بە مەکینەیەکی خەیاتی کاری بەرگدوورین دەکات و بەوەش لە لایەنی خۆیەوە بڕێک ئاستی گوزەرانی خێزانەکە دابینتر دەکات. لێ لەو ڕۆژانەدا مەکینەکە خۆی بووە بە کێشە، چونکە تێیدا و لەسەری ناوی کوردستان هەڵکۆڵراوە و نووسراوە. مەکینەکە تەواو لەنێو قاوغی خۆیدا پێچراوەتەوە، ئەوجا بە پارچەیەک کوتاڵی بۆ دوورراو داپۆشراوە. ئەو ڕۆژە دایکە ساوەری لێناوە. لێ دوای ئەوە نان تێدەکات و خێزانەکە خۆی بۆ نانخواردن ئامادە دەکات، لە دەرگا دەدرێت، پاشان چەند ئارەبێکی قاتلەبەر خۆیان بە ماڵدا دەکەن. خێزانەکە فریای نانخواردن ناکەوێت. دوای پشکنینی وردی ماڵەکە (کە پڕە لە "بەیان") و نەدۆزینەوەی هیچ شتێکی نەخوازراو، قاتلەبەرەکان داوا لە باوکە دەکەن لەگەڵیاندا بڕوات، لێ کاتێک هەوڵ دەدات ڕانکوچۆخە شاڵییەکەی لەبەربکات، یەکێک لە قاتلەبەرەکان "سۆندەیەک" دەکات بە زگیدا و بە تەوسەوە ڕووی دەمی تێدەکات: "ها! پیشمارگا؟" – "لا لا، مو پێشمەرگە"، باوکە وەڵامیاندەداتەوە. کاتێک قاتلەبەرەکان باوکە پێش خۆیان دەدەن، ژن و خەسوو و کچانی دیکەی خەسوو و خەزوور بە گریان شوێنیان دەکەون، ئەوجا منداڵەکان کتوپڕ لە سەربانی ماڵەکەیان "تەپلەسوور"ێكی ڕەشاش بەدەست ئاشکرا دەکەن کە ناو دەنرا "ئینزیبات".
- سەردەمی "قڵیشانەوەکە"یە. لە ماڵێکی گەڕەکی شێخاندا ژمارەیەک "بەیان" هەن. باوکە دیلە لە "سجنەکە". ژنەی هاوسەر دەستی کوڕە گەورەکەی دەگرێت و دەچێت بۆ مواجەی مێردە گیراوەکەی، لێ بەیانەکان لە ماڵەوە جێناهێڵێت، بەڵکو لەتەک خۆیدا دەیانبات بۆ سجن! ئەو دەترسێت لە ماڵ نەبێت و بقڵیشێتەوە، ئەوجا بەیانەکان دوای تەحەڕیکردن بدۆزرێنەوە. لە "سجنەکە" باجی عاسم ژنان دەپشکنێت، کە کوڕەکەی پێشمەرگەیە و خۆیشی لە "سجنەکە" کار بۆ "حیزب" دەکات. باجی عاسم دەستانی بە لەشی دایکەی مواجەهەکەردا دەهێنێت، بە دەست و گوێ دەرکی خشە و قرچەی کاغەزەکان دەکات، ئەوجا بە ئیشارەیەکی نهێنیئامێزی چاو لە دایکەی دەگەیەنێت کە دەتوانێت بچێتە ژوورەوە. دایکە دوای مواجە و پشکنینەوەی سەرلەنوێ بە بەیانەکانەوە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە.
- سەرەتای شەستەکانە. لە سلێمانی "مەنعلتەجەول" ڕاگەیەنراوە. خەباتگێڕێک گەرەکە هەندێک بەیان لە ماڵی خۆیەوە بگوازێتەوە بۆ ماڵێکی دیکە. کوڕە چوار ساڵانەکەی بانگ دەکات، ڕانک و چۆغەی شاڵی جەژنی لەبەردەکات، بەیانەکان لەنێو لەشیدا دەشارێتەوە و دەستی دەگرێت بۆ جێیەک لە باشووری شار. شار کش و ماتە، بە دەگمەن کەسان بەڕێوەن. لەو جێیە کە درنگتر ناودەنرا "فولکەی کانێسکان"، ئینزیباتێک دەیانوەستێنێت، تەفتیشی باوکە دەکات، پاشان ڕێیان پێدەدات بڕۆن. لە قەراغ شار، وەستا نامیق لە ماڵێکی قەرەباڵغ چاوەڕوانە، لەوێ باوکە بەیانەکان لە لەشی زارۆکە چوارساڵییەکەی دەردەهێنێت و تەسلیمی وەستا نامیقیان دەکات، پاشان پێکەوە دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە.
- سەرەتای شەستەکانە. ماڵێک لە گەڕەکی شێخان تازە کوڕەکەیان بە ناوی "ڕەئیس عەبدوڵا" لە کفری شەهید بووە و بە ترسەوە پرسەیان لە ماڵەوە بۆ داناوە. دایک و خوشکەکانی بە نهێنی لە "گەنجینەکە" قوڕدەپێون.
- سەردەمی قڵیشانەوەیە. کتوپڕ دەقڵیشێتەوە و ناوشار چۆڵدەکرێت. خەسوو ئۆقرەی لێدەبڕیت کە داخۆ زاواکەی گەڕابێتەوە بۆ ماڵەوە و هیچی بەسەرنەهاتبێت. خەسوو کچەی تازە مەمککردووی خۆی ناچار دەکات بچێت بۆ ماڵی زاواکەی، تاکو بزانێت گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە یان نا. لەوێ کچەزاکەی ئامادە دەبێت. کوڕەکەی زاوا. لە گەڕەکی شێخانەوە بە پشتی خەستەخانەکە و پاشان بەنێو ئیسکاندا سەردەکەون، بەڵام دەبێت لە کۆڵانی لای ماڵی براکەی بەکرە بێقۆڵەوە بچن بۆ ماڵی بلە حەلاو. زاواکەی و کچەکەی ماوەیەکە کرێچیی ئەو ماڵەن کە دەکەوێتە ڕیزی یەکەمی خانووەکانی دوای "دەشتەکە"وە. لێ لە خوارەوە لە بەردەم "دەشتەکە"دا، لەو جێیە کە درەنگتر بوو بە "فولکەی کاوە"، مودەڕەعەیەک وەستاوە و بە هەموو لایەکدا دەستڕێژ دەکات. ئەوانیش دەبێت بە بەردەم ماڵەکانەوە و بە پڕتاو بەرەو ماڵی بلە حەلاو بڕۆن. هەردووکیان خۆیان لە ترسدا دەچەمێننەوە و بە ڕاکردن دەڕۆن، لێ لە مودەڕەعەکەوە دەبینرێن و بەبێ مەبەستی پێکان دەستڕێژیان بەسەردا دەکرێت (کاکی سەربازی دەستڕێژکەر دەیتوانی بییانپێکێت!). دوای ئەوە کە دەگەنە ماڵی بلە حەلاو، ئەوجا دوای لەدەرگادانی زۆر و چوونە ژوورەوە، کچەی تازە پێگەیشتوو دەبوورێتەوە.
4
گینگلە ئێتینیکییەکان بە هزر دەبن بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیخوازی و بەمەش لەتەک خۆیاندا دەرفەت بۆ هەڵچوونی کولتووری دەڕەخسێنن، وەکو دی دەشێت وەک لای کوردەکانی ئێراق کارەساتاوی بن: ئاشبەتاڵ، ژارباران، ئەنفال، برسیکردنی دانیشتوان لە سەردەمی حەساردا لە لایەن بەرپرسانی کورد خۆیانەوە، ئەمڕۆش ڕووتاندنەوەی وڵات و زەلیلبوونی پتری کوردەکان کە هەر خەریکی کڕوزانەوەن. لەم لایەنەدا کوردەکانی ئێراق و ڕۆژئاوا لە یەک جیادەبنەوە. ئەوانی یەکەم ساڵی 1961 نەک تەنیا هیچ ستراتیژییەکی ڕزگاریخوازییان نەبوو، بەڵکو خزانە نێو شەڕی چەکدارییەوە و "خەباتگێڕەکانیان" تەنیا لە "هەستی کوردایەتی"یەوە خەباتیان دەکرد، ئەوجا لە نێویاندا پارتێکی ترادیسیۆنی باڵادەست بوو کە سەری بە موستەشاری خێڵەکی و ئاغا و "بڕوانامەداران" گیرابوو، بۆیە بەرخۆدانە میللییەکەیان هێدی هێدی بە ڕەفتار و خواستی شەڕکەرانی نێو چیاکان گونجێنرا، کە بە گشتی ئەوداڵی قودسیەتی کوردی بوون. لێ کوردانی ڕۆژئاڤا تیۆرییە سیاسییەکەی ئوێجئالانیان لە پراکسیسدا بەکاربردووە، کە تیۆرییەکی دێمۆکراتیی ڕادیکالە یان جەماوەرییە و لە بەهێزکردنی تاکەکەسەوە هێز بە گرووپ / بە کۆمەڵ دەدات، هەروەها ئاگایی میلیتارییان هەیە کە لە ناخەوە شکۆفە دەکات و لە ڕەفتاردا دەردەکەوێت. بۆ یەکەم جار لە مێژووی سەرجەم کوردەکاندا پ.ک.ک. سووپای مۆدێرنی دامەزراند. ئەم فاکتەرانەن کە وایانکردووە کوردەکانی ڕۆژئاڤا لەنێو خودی جەنگدا بیناکەرانە کارا ببن و بەمەش جیهان بە خۆیان هۆشسام بکەن. کەواتە کاتێک پارتە سیاسییەکانی کوردەکانی ئێراق پارتی بێکەرامەتن (بە "گۆڕان"یشەوە) کە موستەشاران بەڕێوەیان دەبەن ("گۆڕان"ی لێ دەربچێت)، ئەوا ی.پ.گ و خوشکە پارتەکانی لە کوردستانەکانی دی پارتی سیاسیی خاوەن کەرامەتن کە ستراتیژییان هەیە. ئاخر ئەوە "قەندیل"ە کە حسابی وردی بۆ کوردەکانی ئێراقیش کردووە و چاوەکانی ناوچە ئۆتۆنۆمەکەیان دەپارێزێت.
5
ئەزیش وەک ئەو دۆستەم لەو بڕوایەدام کە پێویستە لەم جۆرە پیاوەی کورد بهزرێین. بەڵام گەرەکە هەمەلایەنی پیاوەکە بگرین. مرۆڤ دەتوانێت لای کوردەکانی ئێراق ئاژوتنی یەکجار وەحشیگەرای
ئۆتۆمۆبیل ببینێت، لێ هاوکات دەشێت دەرکی ئەوەش بکات کە چۆن گەنجێک لەسەرخۆ بە ئۆتۆمۆبیلەکەی ڕێز لە پیادەڕەوێک دەگرێت و دەرفەتی پەڕینەوەی لە شەقامەکە بۆ دەڕەخسێنێت؛ یان مرۆڤ دەتوانێت ببینێت، کە بۆ نموونە لە دابەزینی پاسێکی سەر ڕێی هەورازێکدا هەر نەفەرێکی دابەزیو دەرگاکە بۆ نەفەری دوای خۆی دەگرێت. ئەمانە لە بنەڕەتدا کرداری سۆسیالن.
گومانی تێدا نیە کە دوای ڕاپەڕینی 1991 و بە هاتنەوەی پیاوە ترسنۆک و فاشیلەکانی شاخ بۆ شار، واتا شەقاوە دۆڕاوەکان کە هێشتا هەر باڵیان فشدەکردەوە، دۆخی سروشتی چێکرا. مەبەست لە نواندنی دەسەڵاتە لە ماڵ-دیوەخان یان بارەگا-دیوەخانی مەسئولەکانەوە کە تێکەڵ بەو پەیوەندییە دەوڵەتییانەی نێو شارەکان کرا کە تا کاتی ڕاپەڕین بەردەوام بوون. لێ ئەمڕۆ بەهۆی پەرەسەندنی دانیشتوان و تەشەنەی ژمارەی گەنجانەوە، بەهۆی ڕەفاهییەتی ڕێژەیی کۆتایی نەوەدەکان تا نزیکەی هەنووکە، فرەییەکی ڕەفتار دەرکەوتووە کە ڕێمان لێدەگرێت هێندە ئاسان پیاوی کورد بکەین بە بابەتی حوکمێکی گشتگیر. یان ئەوەتا ئێمە پسیکۆلۆژییانە هێندە بارگاوی بووین، کە ئیدی داخمان بە شکستەکان دەمانبزوێنێت بۆ حوکمدان. لێ گەر ساتێک بێینەوە بۆ لای خۆمان و بە سڕی بڕوانین، ئەوسا دەبینین کە ئەمڕۆ بەزۆریی دەشێت تێڕوانینمان هەبێت: بۆ ئەم یان ئەو لایەن کە جارێک ئەم و جارێک ئەو بەرۆکمان دەگرێت و داوامان لێدەکات خۆمانی ڕەخنییانە پێوە خەریک بکەن. بۆیە ئەم پیاوە لە ڕابوردوودا هەرچییەک بووبێت و بۆچی نەیتوانیبێت دەوڵەت دابمەزرێنێت، ئەمە چیدی پرسیارێکی هەنووکەیی نییە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە