نەخۆشیی لەقەبچێتی لای کوردەکانی ئێراق

Sunday, 25/06/2017, 23:06

3701 بینراوە


کوردەکانی ئێراق لانی کەم لە 1961 بەدوواوە لە تەنگژەی کەسێتیدان. ئەم ساڵە کەندکی وەرچەرخانێکی نێگەتیڤە لە مێژووی ئەواندا، چونکە لەم ساڵە بەدوواوە "شار"نشینانی ئەوان نزیکەی بە تەواوی بوون بە پاشکۆی خێڵەکییانی گوندی و سیاسەتکارانی کارەکتەر موستەشار، ئەوەش بە ئاکامێکەوە کە زۆرینەی شارنشینەکان هەستی کەسێتییان لاواز بوو و لە ناخیاندا شانازی بە کارەکتەر موستەشارەکانی نێو زۆرانی چەکدارییەوە پەرەی سەند. مەسەلەکە لێرەدا ئەوە بوو کە زۆرینەی کوردەکان ڕەوشێکی بەو چەشنەیان وەک هەل دەبینی، واتە وەک دەروویەک کە مرۆ دەتوانێت چاوەروانیی شتێکی لێبکات، جا ئەو شتە لە ئایندەدا پۆستێکی فەرمی بێت، وەرگرتن بێت لە خوێندنی باڵا و گەیشتن بە بڕوانامایەک، یان بریتی بێت لە خۆهەڵکێشانی کۆمەڵایەتی وەک خزمی فڵان یان فیسار. ئەمە یەکێکە لە فاکتەرەکانی هەڵواسینی لەقەب بە خۆدا، هەروەها پاڵهێزێکە بۆ ئەوە کە کەسانی دیکەش لەقەب وەک مایەی هاوتاکردنی دەروونی ببینن و بۆی بگەڕێن، ئەوجا لای باپیریان، نەنکیان یان خزمێکی دووریان بیدۆزنەوە.
گومانی تێدا نییە کە هەڵگرتنی لەقەبی ناوچەیی دەگەڕێتەوە بۆ ترادیسیۆنی ئوسمانییانە، وەک لەقەبەکانی سلێمانلی، کیرکوکلی و هتد، هەروەها لە دێرزەمانەوە لەقەبی پشەیی شارییانە هەبوون و خانەوادەیان پێناسراوەتەوە، وەک خەفاف، قەفتان، قەزاز و هتد. لێ لەقەبچێتی بە گشتی لە 1961 بەدوواوە کراوە بە پرسی شوناسی خۆیی، بەڵێ تەنانەت زۆر کەس هێندە تەسلمی بوون کە ئیدی پێیان شەرم بوو و شەرمە ناوی باوکی خۆیان هەڵبگرن. بێگومان نەشیاو نییە کە هەڵگرتنی لەقەبەکانی وەک بەرزانی و تاڵەبانی، قەرەداخی و پشتدەری، شێخ و حەفید و نەقشبەندی، وەک درێژەدان بە ترادیسیۆنی ناونانی ئوسمانیانە ببینین، لێ پرسیار ئەوەیە کە بۆچی زۆر کەسی شارنشین هێندە عەوداڵی لەقەب بوون، ئەوەش بێگومان سەرباری ئەو هەقیقەتە کە شار و شارۆچکەکان هێدی هێدی لە 1975 بەدواوە فراوانتر بوون و پتر مۆدێرنیزەکران، ئەوجا ژمارەی دەوڵەمەندانی شارنشین و شاری پەرەی سەند، هەروەها گوندییانی پارەداری "تەعویزوەرگرتوو" سەربەخۆ بوون و لە شارەکادا شێوەی نوێی ئابووریگەریان ئاوەڵا کرد، وەک بازرگانیی خێزانی کە بە پارەی کۆکراوەی بنەماڵە بەرخرا بوو. یان بۆ نموونە لە شارێکی وەک سلێمانی گەڕەکی "تویمەلیک" لە ناوەڕاستی دووەمی حەفتاکاندا جێی بە گەڕەکی "عەقاری" لێژ کرد کە پێشتر تا نزیکەی ناوەڕاستی حەفتاکان وەک نوێترین گەڕەکی سلێمانی دەبینرا. گومانی تێدا نییە کە پرۆسەی کاولکردنی گوندەکانی کوردستان بە تایبەتی لە هەشتاکاندا ڕوویەکی بەهێزی لادێیانەی بە شارەکان دا، لێ لە بنەڕەتدا داماوییەکەی ژمارەیەکی بەرچاوی شارنشینان فاکتەرێکی کرۆکی بوو کە ئەوان بە کەسێتییەکی لاوازەوە لە بەردەم شەڕکەرانی شەقاوە و کارەکتەر موستەشاری نێو چیاکاندا دەربکەون و ئەوداڵی لەقەب بن. 
 لە بنەڕەتدا لەقەبچێتی دوای ئاشبەتاڵی 1975 هیچی دی نییە جگە لە وەهم کە لە ناخی  و لە ترسنۆکیی کەسەوە بەرانبەر پێگەی سۆسیالی خۆ و ژیان بە گشتی سەریهەڵداوە. بەڵێ زۆرتر لەوەش، بە تایبەتی دوای 1975، بەکارهێنانی لەقەبەکانی وەک بارزانی و تاڵەبانی، قەرەداغی و پشتدەری، یان شێخ و حەفید و نەقشبەندی و هتد، هیچی دیکە نین جگە لە هەڵواسینی ناوێکی بێڕیشە بە خۆدا، هەروەها بە ئاشکرا نیشانەن بۆ هەستی کەمنرخیی خۆیی، یان بۆ رواڵەتگەریی کەس کە لەنێو وەهمدا نقوم بووە، یان لە ڕووی سیاسییەوە بە ئامرازکردنن تاکو مرۆ پێگەی سیاسیی خۆی و بەرەکەی پتر مسۆگەر بکات.
لێ شێوانی هۆشی کوردەکانی ئێراق لەوە تێپەڕ دەکات و دەگات بە مەهزەلە، شێوانێک کە ڕەنگە ئەویش لەتەک خلیسکانە چەکداری-سازشکارییەی 1961دا ڕەوتی گرتبێت. لێرەدا مەبەستمان لەوەیە کە وەهمی هەڵپەچێکەر وا لە هەندێک داماوی شارنشین دەکات کە بوێرن لەقەبی هۆزانڤانانەی باوک و باپیریان بە خۆیاندا هەڵبواسن. ڕاستە کە ئەم ڕەوشە بەهۆی ژمارەی دیاری هۆزانڤانەکانەوە کەمینەیەکی بچووک دەگرێتەوە، لێ لە سەرێکی دیکەوە ئاماژەیە بۆ تەنینەوەی لەقەبچێتی لەنێو قەومگەلێکدا کە تێیدا بەزۆریی وەهم وەک داکەوت (ڕیالێتی) دەسەپێنرێت. لەقەبچێتی لێرەدا چۆتە نێو ئەو پەیوەندییە خێزانییانەوە کە نەدەبوو لەوێ هەبێت، بە پێچەوانەوە دەبوو بە تایبەتی لەوێوە وەک جیهانی تایبەت بە هۆزانڤانان دژایەتی بکرێت. کەچی لەو پەیوەندییانەشدا لەقەب وەک پاسپۆرتی وەرگرتن یان وەک مایەی دەرکەوتنی خێرا لەنێو دانیشتواندا دەبینرێت. پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا مرۆڤ بە چە مافێکەوە دەست بۆ ناوێک دەبات کە هۆزانڤان لە ناسۆری کەسییەوە لە خۆی ناوە؟ ئاخر ناوە هۆزانڤانییەکانی وەک مەحوی، بێکەس، گۆران، قانع، هەردی و هتد، تەنیا و تەنیا ئاماژەن بۆ یەک تاکە کەس وەک هۆزانڤان، کەواتە هیچ پەیوەندییەکیان بە لەقەبەکانی وەک بەرزانی و تاڵەبانی یان پشتدەری و قەرەداغییەوە نییە، هەر بۆیە وەچەکانیان مافیان نییە لە بەرۆکی خۆیانیان بدەن. ئایا چی وەچەکانی ئەو  هۆزانڤانانەی بەوە گەیاند کە بێڕێزی بەرانبەر ئەوان بکەن و ناوە ناسۆرییەکانیان لێ بدزن و خۆیان پێوە با بدەن؟ ئایا ئەوەیان لە ساویلکەیی یان لە هەستی کەمنرخیی کەسییەوە کرد؟ ئایا ئەقڵیەتەکەیان هێندە کورتمەودا بوو کە ئیدی نەیاندەبینی هۆزانڤانێک موڵکی کولتووریی هەمووانە و ئەوانیش بۆیان نییە ناوە هۆزانڤانییەکەی باپیر یان باوکیان بە خۆیاندا هەڵبواسن؟ ڕەنگە هەڵە نەبێت کە ببێژین: نەوێری بۆ ژیان، نقومبوون لەنێو نەریتدا و ترس لە خۆنوێکردنەوە، یان لاساییکردنەوەی شێرکۆ بێکەس-ێک و ئەژی گۆران-ێکی لاساییکەرەوە کە ناوە هۆزانڤانییەکانی بێکەس و گۆرانیان لە باوکانیان دزی، پاڵهێزی ئەو بەدکارەی ئەوان بوون. واتا بەرهەمهێنەرەوە بوون، جا با خۆیان وەک نوێگەرا با بدەن و قسانی زل فڕێ بدەنە نێوانەوە. بەڵێ، لەقەبگەرییەکەیان بەڵگەیە بۆ ئەوە کە لە کرۆکەوە یەک هەنگاو لە ڕێچکەی باب و باپیرانیان لایان نەداوە. بەڵێ، پێیان شوورەییە وەک کوڕێکی یان کچێکی شاریانەی پشت بە خۆ بەستوو دەربکەون کە شانازانە ناوی باوکی خۆی هەڵگرتووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە