بارزانى، لە نێوان خۆسەپاندنء خۆ نواندن لە برۆکسل دا

Tuesday, 18/07/2017, 20:41

2977 بینراوە


مەسعود بارزانى کە بەپێ یاسا لەهەرێمى کوردستان ماوەى سەرۆکایەتییەکەى بەسەرچووە، لە ناو پەرلەمانى ئەوروپاشدا وەک سەرۆکى هەرێم خۆى نیشاندا، بەڵام لەنێوان سەرۆکێکى یاسایىء سەرۆکێکى نا یاساییدا دەرکەوت، هەر بۆیە پێشوازییەکەى بەشێوەیەکى فەرمى نەبوو، بەڵکو زیاتر لەسەر ئاستى شەخسى رێکخرابوو.
پەرلەمانى برۆکسل، لە کۆى 750 پەرلەمانتارەکەى تەنیا 2 پەرلەمانتار ئامادەى گوێگرتن بوون لە مەسعود بارزانىء شاندەکەى، دەبوایە وەک سەرۆکێکى شەرعى لەلایەن سەرۆکى پەرلەمانى برۆکسلەوە پێشوازى لێبکرایە، نەک تەنیا خزمەتگوزارء کارمەندنء ستافى یەکێک لە هۆڵەکانى ناو پەرلەمانء چەند رۆژنامەنوسێک پێشوازى لێ بکەن.
کاتێک بڵاکرایەوە کە بارزانىء شاندێکى یاوەرى سەردانى پەرلەمانى برۆکسل دەکات، پێم وابوو زۆر بابەتى گرنگ باس دەکات،  زۆر پەرلەمانتار ئامادەى دەبێتء بە فەرشى سور پێشوازى لێ دەکەن، بەڵام بەپێچەوانەوە بارزانىء شاندەکەى وەک رۆژنامەنوسێکیش پێشوازى لێ نەکرا، چونکە وەک سەرۆک تەماشایان نەکرا.
سەرەڕاى ئەوەى کە قوباد تاڵەبانى هەفتەیەک پێش سەردانى بارزانىء شاندەکەى لە پەرلەمانى برۆکسل ئامادەکارى کردبوو کە کاتى سەردانى سەرۆکى هەرێم باسى چەندین بابەتى گرنگ دەکات بە تابیەتیش مەسەلەى ئەنجامدانى ریفراندۆم، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەوەندى باسى بزوتنەوەى گۆرانى کرد نیو هێندە باسى بابەتى ریفراندۆمء کێشەى کوردى نەکرد.
لەکاتێکدا بە پێ یاساى بەلجیکا هەموو پەرلەمانتارێک مافى بانگێشکردنى کەسێکى هەیە بۆ ناو یەکێک لە هۆڵەکانى پەرلەمانى ئەو وڵاتە، ئەو پارتەى کە قسەى لەگەڵدا کرابوو بۆ کۆبونەوەیان لە گەڵ بارزانیدا خاوەنى 45 کورسییە لە کۆى 750 کورسى پەرلەمانیداء لە نێو ئەو 45 کورسییەدا تەنیا 2 پەلەمانتار ئامادە بوون گوآ لە بارزانىء شاندەکەى بگرن.
بەشێکى زۆرى ئەو کەسانەى لە نێو هۆڵى کوبونەوەکەدا بوون بەشێک لە کارمەندء ستافى هۆڵى پەرلەمانء چەند رۆژنامەنوسێک بوون، لەکاتێکدا ئەگەر بارزانى سەرۆکێکى شەرعىء یاسای بوایە، دەبوایە لە رێگاى راخستنى فەرشى سورء سەرۆکى پەرلەمانى برۆکسلء سەرۆک فراکسیۆنەکانى ناو هۆڵى پەرلەمان پێشوازى لێ بکرایە.
جێگاى سەرسورمانە لە شوێنێکى واهادا بارزانى لەبرى خستنە بەر باسى ریفراندۆمء مەسەلەى کوردء مافى چارەخۆنوسین، باسى بزوتنەوەى گۆرانء لەکارخستنى سەرۆکى شەرعى پەرلەمانى کوردستانء رێگریکردنیان لە بازگەى دێگەڵەء رێگانەدان بە گەڕانەوەى وەزیرەکانى ئەو حیزبە بۆ هەولێر، کەچى بارزانى بە شانازییەوە باسى لێوە دەکاتء دەبێتە کارى سەرەکى بارزانىء شاندەکەى، ئەوەش هۆکارى بەکەمزانینى پۆستەکەیەتى، ئەگەر نا لەکاتێکى وەها مێژووى زۆر بابەتى دیکە هەبوو کە ئیدعاى بۆ دەکرا باس بکرایە.
بۆیە ناکرێت لەبەرامبەر بردنە دەرەوەى کێشە ناوخۆییەکانء سوکایەتى کردن بە حیزبء بەکارهێنانى پلەء پۆستى سەرۆکى هەرێم بۆ مەرامى تایبەتى خۆىء شاردنەوەى ڕاستییەکان بەکاربهێنێت، چونکە ئەوەندەى باسى کێشە ناوخوییەکانى کرد، ئەوەنە باسى مەسەلەى ریفراندۆمء گرنگى رۆڵى پێشمەرگەء گێرانەوەى ناوچە دابراوەکانى بکردایە، چارەنوسى کورد بە جۆرێکى دیکە دەبوو، چونکە سەرکردەکانى کورد لەوە کاتەى دەسەڵات دەگرنە دەست دژى کورد کار دەکەن، بۆیە هیچ کاتێک خەونى دەوڵەت بوونى کورد لەسایەى ئەم سەرکردانەدا بەدى نایەت.
هەر بۆیە لە ئێستادا مەسعود بارزانىء شانەدەکەى نەک هەر نازانن بۆ چ پەیامێک سەردانى ئەوروپایان کردووە، بەڵکۆ بەردێک ناخەنە سەر بەردێکى دیکە، پێم وانیە ئەوروپاش بێ ئاگابن لەوەى کە بارزانى کێیەء چۆن رێگرییان لە سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان کردءوەو پرۆسەى دیموکراسیان لە ناو بردووەء رۆژانە چەندین کەس دەکوژرێتء چەندین رۆژنامەنوس بێدەنگ دەکرێن لە پێناو بەرژەوەندییەکانى خۆیان.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە