کـــــــــوردبــــــــوون و ناســــــیۆنالیـزم (بەشی یەکەم)

Friday, 28/07/2017, 4:08

4201 بینراوە


هەڵۆ بەرزنجەیی
////////////////////////

کـــــــــوردبــــــــوون
                و
  ناســــــیۆنالیـزم

خوێندنەوەیەیەک بۆ کتێبی                                         

 

د. عرفان مستەفا
بوونی نەتەوەیی کورد،لە نێوان فەلسەفە و سۆسیۆپۆلەتیکدا
چاپی یەکەم ٢٠١١،کوردستان (٦١٥)لاپەڕە  
هەڵۆ بەرزنجەیی                                    ٢٠١٧

 ـ پێشەکییەکی خەست وخۆڵ لە ٢٠ لاپەڕەدا

ـ بەشی یەکەم : بیرۆکەی نەتەوە لە نێوان عەقڵ و واقیعدا

ـ بەشی دووەم : تیورەکانی پەیدابوونی نەتەوە

ـ بەشی سێیەم : تیۆرەکانی نەتەوەخوازی و دروستکردنی نەتەوی

ـ بەشی چوارەم : تیۆرەکانی نەتەوەخوازی و وێناکردنی کورد وەک نەتەوەیەکی خێڵەکی

ـ بەشی پێنجەم : بوونی نەتەوەیی کورد لە نێوان کوردبوون و نەتەوەخوازیدا

بەشی یەکەم.
پێشەکی  پێویست...
دوای دەیان ساڵ و سەدە، هەتا ئێستا لە ناوەندەکانی رۆشنبیریی و ئەکادیمیدا، مشتومڕ لەسەر چەمکی نەتەوە بە دوا قۆناخ و فۆڕمی چەسپاوی خۆی نەگەشتووە. بەتایبەت نەتەوە چییە و بە کێ دەووترێ نەتەوە و لە چی پێکهاتووە؟، نەتەوە گەرەکە کامە بنەما و خەسڵەتی هەبێت؟.. ئەم کێشەیە هەر بەوەوە نەوەستاوە و پرسێکی ئاڵۆزی تریشی بەدوای خۆیدا هێناوەتە ئاراوە. ئایا ناسیۆنالیزم، نەتەوە دروست دەکات؟،یاخود بۆخۆی لە هەناوی نەتەوەدا سەرهەڵدەدات؟...هاوکات خوێنەر ڕووبەڕووی چەندان چەمکی تری وەک  دەوڵەت نەتەوە یاخود نەتەوە دەوڵەت و نەتەوە کولتور دەبێتەوە. لە باسگەلێکی تریشدا، نەتەوە و دەوڵەت یەک مانا و ئاماژەیان وەرگرتووە و بوونەتە دوو دیوی یەک مەدالیا. واتە هەر نەتەوەیەک دەوڵەتی نەبوو، وا بەنەتەوە هەژمار ناکرێ...دەوڵەت نەتەوە دروست دەکات،یاخود بە پێچەوانەوە. هەڵبەت مەخابن چەندین چەمک و زاراوەی تری وەک نەتەوەی بندەست و،دابەشکراو و داگیرکراو،هەڕەشە لەسەر و نککۆڵی لێکراو ناکەونە ناو لیکۆڵینەوەی بەناو ئەکادیمییەوە،هەر لەبەرئەوەی خاوەن تیٶرییەکان ئاماژەیان پێنەداون.
رەنگە ئەم بەرهەمەی بەردەستمان، هەتا ئێستا تاکە سەرچاوەیەک بێت، بە ووردی و قووڵی لە دیدی فەلسەفی و سۆسیۆلۆژی و سیاسییەوە، خوێندنەوەی بۆ چەمکی نەتەوە تێدا بەرجەستە بوو بێت..کارێکە رەنجی فەرهادی لەگەڵدا دراوە. لەبەر گرنگی باسەکە و ئاڵۆزی و سەختی ماناکەیی و فراوانی رووبەری کارکردنەکەی،وام بە باش زانی،لەبەرەوە، پێ بە پێی باس و ناونیشانەکانی کتێبەکە، قسە لەسەر بڕگە و تێزە هەستیار و گرنگەکانی بکەم و هەوڵ بدەم لەم کەناڵەوە و بە زمانێکی بڕەک سادە و کراوەتر، لە رێگەی خوێندنەوە و دەربڕینی تێبینییەکانمەوە،گەوهەرەکەی بە خوێنەر بناسێنم. هاوکات باسەکانی بەشی چوارەم و پێنجەم، کە ڕاستەوخۆ گرێدراون بە پرسی کوردبوونەوە، بابەتەکانی گرنگ و هەستیار و گەلێ جارانیش ناڕوون و سەختن، پێویستیان بە لەسەر وەستانی زیاتر هەیە. بەندە کۆمەڵی پرسیارم ئاڕاستەی د. عرفان کردووە، ئەویش بە وەڵامیدانەوەیان، تیشکی ڕووناککردنەوەی خستۆتە سەر لایەنە دژوارەکان. ئەم کارەش بۆ ئاسانکاری باشتر تێگەیشتنی بابەتەکان، وەک پاشکۆیەک دەیخەوینە بەرچاوی خوێنەر.
هاوکێشەی میللەتی بندەست و کۆیلە، لە خەباتیدا بۆ سەردەستی و سەردارێتی،بریتییە لە وێنەیەکی دروستی واقعی کوردی،کە بەدرێژایی مێژوویەکی زۆر،ئامادەگی نەبووە و هێشتا لەم دۆخەش رزگاری نەبووە.ئاخر گەر مێژوو یاسای پەرەسەندنی شتەکان بێت،چما لای کورد،وا وەرنەچەرخاوە و گرفت و هۆکارەکانی چین و کورد چ رۆڵێکی تێدا گێڕاوە؟. کاتێ کورد لە نێو لیتاوی رووداوەکاندا، دەچەقێ و هەرخەریکی ئەم پێو ئەو پێکردنێکی بێهودە دەبێت،یاسای ناوبراو نایگرێتەوە. بەواتایەکی تر، کورد نە خۆی پێ رزگارکراوە و نە توانیویەتی بگاتە پلەی سەردار و جڵەوی دەسەڵات بەدەست بگرێ. ناچار کاری وەک پیشەکەی سیزیف، هەر خەریکی سەرخستنەوەی بەردی خلۆربووەوەیە و هەتا هەنووکەش نە گەشتۆتە ئامانج.
 ئەم هەوڵەش دوای چەندبارە بوونەوە،چ گۆڕانێکی تێدا روونادات و لە ئاکامدا،بۆ کورد وێناو و پێناسەیەکی تاقانە و بێوێنەی ڕیزپەڕ،لە یاسا و رێسا و تیۆرییە بەرفراوانەکان دەنەخشێنێ، جیاواز لەچاو ئەوانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رەنگە لە تەواوی جیهانیشدا.کورد کاراکتەرێکی کڵۆڵ و جەستە هەلاهەلابووی پانتایی مێژوویەکی نێوان "هەوڵدان و شکستخواردنە"دەقگرتن بەم دۆخەوە،لە مێژوودا،تا ڕادەی وونبوون و نادیاری و نائامادەگی گەیاندووە. کەواتە نەدەکەوێتە خانەی ئەو نەتەوە بندەستانەوە، کە ژێرچەپۆکی بۆتە قەدەریان و ئاڵای خۆبەدەستەوەدانیان بڵند کردۆتەوە، نە لە نێو ریزی نەتەوە سەردارەکاندا دەبینرێتەوە،کە بە سەربەخۆیی گەشتبێ و خاوەنی قەوارەی خۆی،  دەوڵەت بێت. ئەم سیفەت و دۆخەی کورد، ئا لەوێدا ئالۆز و گرفت دروستکەرە، کە لێکۆڵەرەوەیەک دێت و دەیەوێ بە  دەقی تیۆرییە مۆدێرنەکان، یاخود هەموو ئەو تیۆرییانەی دیکەی، کە لە دەرەوەی کۆمەڵگای کورد بۆ واقیع و بارودۆخێکی تر داڕێژراون ،  شیکار و ڕاڤە لە بوویەکی نادیار و بزر بکات و باڵای پێناسە هەڵنەگری کورد، ببڕێ بە قاڵبی تیۆرییە دروستکراوەکەی/ داهێنراوەکەی خۆی دا.
" ئەو حاڵەتەی کە کوردی تێدایە نە حاڵەتی کۆیلەکانی ئەو جیهانەیە و نەحاڵەتی سەردارەکانییەتی،بۆیە هەر هەوڵدانێک بۆ تێگەیشتن لەم حاڵەتە لە رێگەی ئەو میتۆد و تیۆرانەوە کە مۆدێرنیزم بەرهەمی هێناون،تووشی جۆرێک لە گومڕابوونمان دەکات و نامانگەیێنێ بە ناسینێکی راستەقینەی ئەم بوونەوەرە". (١١) 
لەم رۆژگارەدا، مۆدێرنیزم و میتۆدەکانی، کراوەتە تاکە دەستاوێژ و ئامێر و روانگە و پێوانە و ئاینزایەک، بۆ خوێندنەوە و کارکردن لەسەر دیاردەکان. لە کاتێکدا تەمەنی مۆدێنزم هی ئەوە نییە، مێژوویەکی چەند هەزار ساڵەی کوردی پێ بخوێندرێتەوە و هاوکات، بیریارانی ئەم ڕوانینە، هێندە ناواقعین هەرچی لەدەرەوەی  تیۆریەکەی خۆیاندا بێت و بە گەز و پێوانەی ئەوان هەڵسوکەوت نەکات، هەژماری بۆ ناکەن و بە لادەر و دەرچوو لە ئاینی دادەنێن.
مۆدێرنیزم چ قسەیەکی جددی لەسەر حاڵەتی کورد نییە و لە قازانجیشی نییە، خوێندنەوەی بۆ بکات، چونکە حاڵەتی کورد تایبەت و لەدەرەوەی دەقی تیۆرییەکاندایە. بەدڵنییاییەوە، هەر خوێندنەوەیەک لەسەر کورد، دەکاتە هەڵوەشاندنەوەی تەقەڵەکانی تیۆرە دەستکردەکانیان. بۆ نموونە مۆدێرنیزم، دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستانی پێ دەوڵەتی مۆدێرنن و داکۆکییان لێ دەکات و رازی نییە هەڵبوەشێندرێنەوە، جا با لەسەر خوێن و ئێسکی کورد و گەلانی تریش هەڵچنرا بن. تەماشاکەن ئەتاتورک چ پێگەیەکی گەورەی لای  مۆدێرنەکان هەیە و چەند بە نموونەیەکی سەرکەوتوو و پێشکەتوو  نرخاندوویانە. 
"لێکدانەوەی بوونی کورد  لەناو مێژوودا بە پێی ئەو لۆژیکەی کە مۆدێرنیزم بۆ لێکدانەوەی بوونەوەرەکانی ناو جیهانە مۆدێرنەکە هەیەتی،نامانگەیێنێ بە هیچ ،چونکە کورد لەناو ئەو چوار دەوڵەتە مۆدێرنەی کە بەسەریاندا دابەشکراوە بە پێی یاساکانی ئەو یارییەی کە دۆڕاوەکان دەکات بە کۆیلە و براوەکان دەکاتە سەردار یاریی نەکردووە". (١٢)
 کورد، گەر لەناو مێژووشدا نەبێت، وا هەر بوونەوەرێکی ناو کایەی سروشتە و بە خۆڕسکی ڕساکاوە و هاتۆتە جیهانە بەرینەکەی مرۆڤایەتییەوە. بە حوکمی پرۆسە سروشتییەکە ڕەوت دەکات، نەک بە ویست و هێز و پاڵنانی تیۆری دروستکراو، کە بریتیە لە مۆدێرنیزمە. کەواتە بەدەر لە بنەماکانی مۆدێرنەش، کورد بە قورسایی خۆیەوە، بە زمان و کولتوور و مێژووەکەیی و کۆمەڵێ سیفەتی دیکەوە، هەر هەیە و ماوە و دەشمێنێت و بێ هیوا نییە لە گەیشتن بە هەواری ئامانجەکانی.
" کێشەی کورد لەگەڵ جیهانە مۆدێرنەکەدا ئەوەیە کە مۆدێرنیزم کوردی وەک دڕندەیەکی سروشتی بۆ ئەو جیهانە وێناکردووە و بە هۆی ئەمەشەوە بواری بۆ کورد نەهێشتووە کە بوونی خۆی ئاشکرا بکات و بەڵگەکاری بۆ ئەو سیستەمە بکات کە بڕوای پێیەتی". (١٦)
ئاخر ساتێ مۆدێرنە، دەڕوانێتە بوونی کورد و دەزانێ، سەرباری هەموو یاسای تیۆرەکانی و  قسەی کتێبە دەق نەشکاوەکان هەیە و ڕەگی بە بوونی خۆیی و زمان و کولتور و مێژوودا، ئیدی ڕۆچووە، مۆدێرنیزم وەک دێوزمە و لێی دەڕوانێ و پێناسەی دەکات. ئاخر مۆدێرنیزمە لەو شوێنەدا شیاوی پەسەنکردن نییە، کە بیریاران و لایەنگران و لاساییکەرانی، دەیکەنە خواوەندی دروستکەر و داهێنەری بوونەوەر و دیاردەکان. بەتایبەتی ئەو شتگەلەی بوون و پێکهاتەی سروشتییان هەیە، وەک مرۆڤ و نەتەوە، بە هەموو رەهەندە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانیانەوە.
" کورد وەک ئەو سیزیفە وایە کە لە دووپاتکردنەوەی سەرخستنی بەردەکەدا سەرقاڵ نییە بەوەوە بەردەکە سەر بخاتە سەر لوتکەی شاخەکە،بەڵکوو سەرقاڵە بە دروستکردنی بوارێکەوە بۆ ئاشکراکردنی ئەو سیستەمەی کە تەنە قورسەکانی لە زەوییەوە پێ بەرز دەکرێتەوە بۆ ئاسمان".(٢١)
زۆرن ئەوانەی بێ پێشخانێکی زانین و زانیاری، لە پشت چاویلکەی ڕەشەوە، تەماشای کۆمەڵگای کوردەواری دەکەن،  دەستی تۆمەت بۆ کورد درێژ دەکەن و بزووتنەوەکانی بە خێڵەکی و ناتەواو و ئیفلیچ بوو دەزانن. پێیان وایە کورد، لە دۆخێکی بێ سەروبەردایە و چ پێناسەیەک وەرناگرێ. ئەم قسانە زۆر لە نووسەرە کوردەکانیش تووتی ئاسایی دەیکووتنەوە. بەڵێ کاتێ مۆدێرنیزم دەکرێتە دروستکەر و خوڵقێنەری  هەموو شت و دیاردە و بوونەوەرەکان، ئیدی جێی هەناسەدان بۆ مرۆڤ و نەتەوە و بوونەوەرە سروشتی و هەبووە خۆڕسکەکان و مێژووییەکان نامێنێتەوە، یاخود بوار زۆر تەسک دەبێتەوە.
 ئاخر گەر نەتەوەیەکی وەک کورد، بڕوا بەو بانگاشەی مۆدێرنیزمە بهێنێ کە فەتوای بۆ داوە، وا دەبێت دەستبەرداری هەموو بەهای سروشتی و کولتوری بوونەکەی بێت، و خۆی نابووت بکات. ئەی ئەوە نییە تیۆری مۆدێرنە، کوردی توڕ داوەتە دەرەوەی جیهانەکەی خۆیەوە و ئافەرین و دەستخۆشی لە تورک و فارس و عەرەب و ناسیونالیزمەکەیان دەکات و وەک ئایدیا تەماشا دەکرێن، هەر لەبەرئەوەی،ئەوان دەوڵەتیان دروست کردووە و کورد بەم ئەرکە هەڵنەساوە.
  "مەرجی یەکەمی ژیان لەناو ئەم جیهانە مۆدێرنەدا ئیمان هێنانە بەوەی کە مۆدێرنیزم دەتوانێت لە رێگەی زانست و تەکنەلۆجیاوە هەموو کێشەکانی مرۆڤی ئەم سەردەمە چارەسەر بکات و ژیانی بۆ بکات بە بەهەشت"(١٩)
بەڵی ڕاستە تەکنەلۆژیا و زانست، بەشدارییەکی بێهاوتایان لە ئاسانکردنی ژیانی مرۆڤدا کردووە، لێ نەیانتوانیوە و هەرگیزیش نەکارن مرۆڤ دروست بکەن، ـ رۆبۆت هەرگیز جیی مرۆڤ ناگرێتەوە،تەنیا لە ئیشکردندا نەبێت ـ  و هەروەها بە سەدان کێشە و گرفتی دیکە هەن، ئەم دەستکەوتانە خوڵقێنەری رۆبۆت و مرۆڤی ئامێرین، بەس هەرگیز شتگەلێکی سروشتیان پێ نایەتە گۆڕێ، بە تایبەت بوونەوەرێکی وەک مرۆڤ. بۆیە تەکنەلۆژیا و زانستیی ناوبراو دەرکەوتەی نەرێتیشیان هەیە و نەیانتوانیوە، بە قازانجیان هەڵسوڕێ. هەروەک دەبینین کورد، کەموزۆر بێ بەشە لە دەستکەوتەکانی زانست و تەکنەلۆژیا و بگرە ئەم دوو دیاردەیە لەگەلێ حاڵەتدا، بە زیانی شکاوەتەوە. بۆ نموونە داگیرکەرانی وڵاتەکەکەی فرۆکە و تانک و تۆپیان هەیە و نیشتمانی کوردی پێ سوتماک دەکەن و رۆڵەکانی پێ دەکوژن. زۆربەی زانکۆکانی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، دەرەتانی پێویست بۆ خوێندکاری کورد ناڕەخسێنن، تا بەهرەمەند بن لە خوێندن چ پرۆژەیەکی پیشەسازی گەورە لە کوردستاندا ئەنجام نادرێ و بشدرێ،ڕێژەی بەشداریی نییە یاخود زۆر نزمە. د. عرفان بەم جۆرە کورد دەبەستێتەوە بە هاوکێشەکەوە.      
     "گەورەترین کێشەی کوردیش لەناو جیهانە مۆدێرنەکەدا ئەوەیە نەیتوانیوە بڕوا بەو خواوەندە بهێنێ کە ئەم جیهانەی دروستکردووە،ئەمەش وایکردووە وەک کافرێکی ناو سەردەمە مۆدێرنەکە وێنابکرێت و بەرەو دۆزەخەکانی ناو ئەم جیهانە پەلکێش  بکرێت و بخرێتە بەردەستی جەلادەکانی".(١٩)
با، بە نموونە باس لە دەوڵەتی تورکیا، لە دیدی مۆدێرنیزمەوە بکەین. بزانە  چۆن کورد، بە کافر و تیرۆریست و چەتە و شاخاوی پێناسە کراوە، هەر لەبەر ئەوەی کورد، ملکەچی یاسا و رێسای ئەو دەوڵەتە نەبووە و تەسلیمی حوکمەکانی نابێت، کە مۆدێرنە مۆری ڕەزامەندیی خۆی لێداوە و پشتیوانی لێ دەکات و دەیپارێزێ.
 ئاخر کورد هەر ئامادە نەبووە، دەستبەرداری ناسنامەی کوردبوون بێت. تا سەردەمانێکی پێش ئێستا، گەلێ لە ئەوروپاییەکانیش، لەژێر کاریگەرێتی پروپاگەندەی دەزگا بێشومارەکانی تورکیادا، تێڕوانینی نەرێنییان لەسەر کورد هەبوو، کورد بۆ هەمیشە کاری تێکدان و ئاژاوەگێڕی دەکەن و ناتوانن بە ئارامی لەگەڵ تورکدا بژین. لە کاتێکدا تورک و دەوڵەتەکەیان، گەورەترین بەربەستنی بەردەم کوردبوون. کورد بە دەستوور، نکۆڵی لە بوونی کراوە. زوڵم و ناحەقی لەمە گەورەتر، ڕەنگە لە هیچ دەڤەرێکی جیهاندا بەرچاو نەکەوێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە