هەولێریات 41

Monday, 31/07/2017, 23:13

29456 بینراوە


بازاڕی هەولێر لەكۆندا
لەسەردەمی مەدا بازاڕی هەولێر وەكی ئێستا نەبو، ئەو شتانەی لەو زەمانەدا رەواجی هەبو، ئێستا ئینقڕازی كردیە، یان با برێین گۆڕانەكی زۆری بەسەردا هاتیە . لۆ ئەوەی جیلی ئەوڕۆ بزانن لە سارانی پەنجاو شێستو حەفتاكان چ و چ هەبون حەزمكرد هەندەكیان لۆ بگێڕمەوە.با لەرادیۆوە دەست پێبكەم كە تاكە وەسیلەیەك بو لۆ زانینی ئەخباری عالەم وگێگرتن لەگۆرانیەكانی ئەو سەردەمە هەر لەكاوێس ئاغاو سێوەو تاهیر تۆفیقو عەلی مەردانو رەسول گەردیەوە،حەتا فوئاد ئەحمەدو شەماڵ سائیبو عەبدوڵڵا دڵسۆزو جەمال جەلال و محمد ئەحمەد ئەربیلیو ئەكرم كوپرلو عەبدولواحید كورەچی.لەماراندا رادیۆی سەرمێز هەبو كە زۆربەی ماران نەیانبو بەس ئەوانەی ئیقتداریان هەبو، ئەوجا ئەو رادیۆیانە شاشەیەكیان هەبو دەیان رەقەمو ناوی عاسیمەو شارانی وراتانی لەسەر نوسرابو،پەنجەرەیەكی گچكەشی لەزاویەكی شاشەكەدا هەبو  دو خەتی پانی كەسك ئیشارەتی قوەتی پەخشەكەی پیشان دەدای، هەر كاتەكی ئەو دو خەتە زۆر لەیەك نێزیك ببانە مەعنای وایە پەخشەكە زۆر بەقوەتە،چەندی دوریش ببنایە مەعنای گێت لەهیچ شتەكی نابی غەیری هانی هانی. لەو دواییانەشدا رادیۆی ترانسستەر پەیابو كە خەركی لەگەر خۆیان دەبردە سەیران یان ژنان لەپێش دەركەی مارەكانیان لەگەر جیرانەكان دادەنیشتن وبەدەو گولەبەرۆژەوە گێیان لێدەگرت.دوای ئەویش رادیۆی گچكەتر هاتن بەقەدەر پاكەتەكی جغارەی بو گەنجان لەگیرفانیان هەردەگرت.ماركەی رادیۆكانیش( زەنت وریس وسیرا وفلیپس و پای و میندو تلیفۆنكن ومولاردو گرۆندیگ وبلیپۆینت)بون.

لەو زەمانەدا سەعاتی دەستی شتەكی زۆر موهیم بو، هەرچەندە لای كورد عادەتەن زەمەن شتەكی زۆر موهیم نیە،بەرانەكینی هەر لۆ دیكۆرات خەركی سەعاتی هەردەگرت،ماركەكانی ئەو وەختیش زۆری سەعاتی ( سور ) بو كە زۆر هەرزان بو بە 3 دیناری بو، ئەوجا ماركەی( رۆلیكس وكۆڤاداو لونجین و ئۆمیگاو رویال و كوبلر وموریال) لەحەموشیان گرانتر سەعاتی (رادۆ) بو كە بەس شەخسیاتە موهیمەكان دەیانكڕی.لەمارانیش سەعاتی سندوق هەبو هەەندەكیان بەدیواری هەردەواسران، هەندەكیش بەپێیەوە دادەنران ئەوجا چركە چركی شەوان دەگەیشتە ئەو سەری كۆرانێ خەومانی لێ حەرام دەكرد!. بەو ئاخیرەش سەعاتی (كاسیۆ)ی حاسیبە هاتە مەیدان.
جیهازی تەلەفۆنیش زۆر كەم لەماران هەبو، بیدایەتی تەلەفۆنە رەقو تەقە رەشەكانبو  كە هەرت دەگرت یەكسەر مەئموری بەدالە دەهاتە سەر خەتو ئەوجا داوای رەقەمەكت دەكرد، لەسارانی حەفتاكانیش تەلەفۆنی ئەلكترۆنی هاتە گۆڕێ كە خۆت رەقەمەكەت دەسوراند بەبێ بەدالە قسەت دەكرد.

لەبازاڕدا معاملە بە وەزنە كۆنەكان دەكرا، مەسەلەن كێشەكان بە كیلۆ نەبو، زۆربەیان بە(حۆقە) بو كە دەیكردە دو كیلۆو نیوی ئێستا، بەتمانیش هەبو، كەلەبیرم نەمایە كێشی چەند بو. لۆ مەوزوعی پارەش حەتا سارانی حەفتاكانیش خەركی معامەلەی بە چار عانەو هەشت عانەو روپیە دەكرد.لەچایخانەكان مەشروباتی غازیش زۆر نەوعی هەبو لەوانە بێجگە لە بیبسی وكۆكاكۆلا،سیفۆنو سینالكۆی پێنج رەنگ،كراش ومشنی زەردو پرتەقاری،فانتاو كەنەدادرای،میرانداو سێڤن ئاپ.

سەیارەكانی ئەو زەمانەشمان بریتی بون لە"فۆردو شۆفرلیتو دۆج و كاردینیاو بلایموت وموریس وفۆكسواگنی قالۆچە، سكۆدا،مارسریس،فۆلگای رۆسی،كادیلاك وبنتلی،لەسارانی حەفتاشەوە سەیارەی دی هاتن وەكی رینۆ وبیجۆی فەرەنسیو لادای رۆسیو فیاتی ئیتالی، مستەربوشی وكرۆناو كراونی یابانی وهتد.

لەزەمانی مەدا قەساب گۆشتی لەسەر سەبەتە بەناو شاردا دەگێڕا،دۆڵدرمە لەسەر عارەبانە،پاقڵاوەش لەسەر سینی،فەرقی ئەو زەمان لەگەر ئێستادا ئەوەیە خەركی لۆ نانخواردن دەچونە مەتعەمەكانو لۆ چاخواردنەوەش دەهاتنە چایخانە، ئێستا لەفەی گەس لەسەر عارەبانە دەفرۆشرێ لەتەنیشتیەوە چایخانەیەكی سەفەری قیت راوەستایە،لەمابەینی هەردوكیانیش تەكسیەك بێ ئیش  راوەستایە كە ساحێبەكەی مۆزەفەكی قیتو قۆزی یەك لەوەزارەتەكانەو چاوەڕێی (البیان رەقەم واحد) دەكا لەوەزارەوتی دارایی لۆ وەرگرتنی روبعە مەعاشۆكەی. باقی وەلسەلام.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە