ڕیفراندۆم بۆچی ؟ ئەگەر و مەترسییەکانی .

Tuesday, 01/08/2017, 1:41

3219 بینراوە


گوتەیەکی تاتاری هەیە دەڵێت " تەنها ئەو کەسەی کە دایکی نییە دەزانێت بێ دایکی مانای چی، تەنها ئەو کەسەش کە دەوڵەتی نییە دەزانێت بێ دەوڵەتیی یانی چی؟"

زاراوەی ڕیفراندۆم :

زاراوەی ڕیفراندۆم لاتینی( Referendum ) بەواتای ( ئەو شتەی کە دەبێت بۆی بگەڕێیتەوە ) هاتووە . لە ڕێگەی ڕیفراندۆم دەتوانی ڕاستەوخۆ دەربارەی کێشە گرنگەکانی ووڵات ڕای هاونیشتیمانان وەربگریت ، و لە خواست و ئارەزوو و بۆچوونەکانیان ئاگادار بیت .
ڕیفراندۆم یان گشت پرسی لە یۆنانی کۆندا باوبووە و خەڵکی ئەو ووڵاتە هەر ماوە جارێک لە شوێنکدا کۆدەبوونەوە و لەمەڕ یاسا و ڕێساکانی ووڵات بڕیاریان دەردەکرد . پاشان ئەم شێوازە لە ووڵاتانی دیکەش پەرەی سەندو لە مەڕ کێشە گرنگەکانی ووڵات سوودیان لە ڕیفراندۆم و ڕاپرسی وەرگرت ، هەروەها بە مەبەستی سەربەخۆیش چەندین نەتەوە و هەرێم بە هۆکاری پێکەوەنەژیان و نەهێشتنی چەوساندنەوە لەم ڕێگەیەوە گەیشتنە سەربەخۆی و خاوەن دەوڵەت نەتەوە .

مافی چارەی خۆنووسین :

ئەو مافە یاساییانە لە ( UN ) لە ( پڕانسیپەکانی نەتەوەکان ) دیاری کراوە . تیایدا هاتووە هەر نەتەوەیەک دەتوانی چارەنووسی ئابووری و سیاسی تەواوی خۆی دیاری بکا ، لە هەر دوو ماددەی ( 1) و ( 55 ) ی ( میثاق الامم المتحد ) هاتووە ، زۆرجاری تریش دووبارە کراوەتەوە و مافی بەرگری چەکداریشی داوە بە پێی ماددەی ( 1 ) پەرەگرافی ( 2 ) میثاقی دەوڵەتە یەکگرتوەکان ، هەروەها ماددەی ( 55 ) چەند جاریتر لە بڕیارەکانی ( UN ) دووپاتکراوەتەوە ، لە ساڵی 1960 جارێکی تر بڕیارێکی تری ( مافی چارەنووسی ) درا بە ژمارە ( 1514 ) خولی ( 15 ) .

لە بنەچەدا بەم پاساوە یاساییانەی خوارەوە مافی چارەی خۆنووسین هاتووە :
1 . پاراستنی ئاشتی .
2 . قەڵاچۆی چەوساندنەوە .
3 . پێکەوەنەژیانی چەند پێکهاتەیەک پێکەوە .
4 . مافی مێژووییان لە سەر خاکی خۆیان .
5 . نەبوونی ڕاپرسی کە پیشانی بدات کە بە پێکەوە ژیان ڕازی و قایلن .
6 . یان پێشێل کردنی ڕێککەوتننامەیەکی نێوانیان .

هەروەها ئەو مافە هەر میللەتێک دەگرێتەوە بەپێی ئەو مارجانەی دەوڵەتە یەکگرتووەکان دیاری کردووە :
1 . بەگری یەک نەتەوەییان هەبێت وەکو زمان و مێژوو و خاک .
2 . لە نێوان ئەو گەلە پەیوەست و ئیرادەی سیاسی هەبێت .
3 . لە نێوان هەموو ئەوانە و هەرێمەکەیان پەیوەستی سیاسی بە کۆمەڵ هەبێت .
کەواتا کورد بە پێی ئەو مەرج و بنەمایانەی دەوڵەتە یەکگرتووەکان دیاری کردووە ، و هەروەها بۆ وەرگرتنەوەی مافی ڕەوای خۆی و کۆتایی هێنان بە داگیرکار و دابەشکاری و چەوسانەوە و نکۆڵیکردن لە بوونی لە هەر پارچەیەک مافی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و مافی چارەی خۆنووسین و دروستکردنی دەوڵەت نەتەوەی هەیە .

دوای ئەوەی ئیمپڕاتۆریەتی ماد لە ساڵی 553 ی پێش لەدایک بوونی حەزرەتی عیسا لەلایەن هەخامەنشینەکانەوە لە ناوچوو ، ئیدی کورد بەدرێژایی مێژوو داگیرکراو و دابەشکراو بووە ، و بە شێوەی ئەمارات و میرنشین و دەسەڵاتی ناوچەیی دەرکەوتووە ، و نەیتوانیوە ببێتە هێزێکی کاریگەر لە ناوچەکەدا ، بەڵکو هەمیشە پاشکۆ بووە ، و کوردستانیش گۆڕەپانی یەکلایکردنەوەی ململانێی هێزەکانی ناوچەکە بووە ، تا دەرکەوتنی هەردوو ئیمپڕاتۆریەتی سەفەوی شیعە مەزهەب و عوسمانی تورکی سوونە مەزهەب ، کورد نەیتوانی ببێتە هێزی سێیەم لە ناوچەکەدا . کوردستانیش ببووە شوێنی پێکدادانی ئەم دوو هێزە ، تا لە ساڵی ( 1514 لە دایک بوونی عیسا ) جەنگی چاڵدێران لە نێوان هەر دوو ئیمپڕاتۆریەتدا ڕوویدا ، و بە سەرکەوتنی عوسمانییەکان بە هاوکاری کورد کۆتایی هات ، ئیدی لەو ڕێکەوتەو ، دواتریش لە ڕێکەوتننامەی ئەماسیای نێوان هەر دوو ئیمپڕاتۆریەت لە 1555 عیسای دا ، بۆ یەکەمجار لە مێژوو دا کوردستان بوو بە دوو بەشی داگیرکراوەوە بەشێکیان بەر عوسمانی کەوتوو بەشکەی دیکەش‌ بەر سەفەوی کەوت .

کاتێکیدا لە 1914 عیسایدا ، جەنگی یەکەمی جیهان لە نێوان بەرەی ناوەند و هاوپەیمانان دا ڕوویدا ، و لە ساڵی 1918 دا کوتایی هات بە سەرکەوتنی هاوپەیمانەکان ، و ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیش هەڵوەشایەوە ، و تەواوی ناوچەکەش کەوتە دەست زلێهزەکانەوە . لە ساڵی 1923 عیسایدا دا ڕێککەوتننامەی( لۆزان ) لە نێوان زلهێزەکان و چەند ووڵاتێکی دیکەدا ئیمزاکرا ، کوردستان بۆ جاری دووەم لە دوو پارچەوە بوو بە پێنج پارچە ، بەشی خۆرهەڵاتی بەر ئێران کەوت کە لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپریالیزمی بەریتانیادا بوو ، بەشی باکوری بەر یەکێتی سۆڤیەت کەوت ، دواتر بوو بە بەشێک لە تورکیا ، بەشی باشوری بەر عێراق کەوت کە کۆڵۆنیایی بەریتانیا بوو ، بەشی خۆرئاوای بەر سوریا کەوت کە کۆڵۆنیایی فەڕەنسا بوو ، بەشی چیاکانی قەوقاز بەر یەکێتی سۆڤیەت کەوت ، دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت و دروستبوونی ڕووسیا ، هەر ئەم بەشه وەکو گۆشتی خێر لە نێوان چەند ووڵاتێکدا دابەش و پارچە پارچە بوو . تەواوی ئەو نەخشەییەی کە لە لۆزان دا داڕێژرا دوای هەموو ئەو گۆڕانکاریانە وەکو خۆی مایەوە تا کۆتایی دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەک .

سەدەی بیستەم ، سەدەی دەوڵەت نەتەوە بوو تا ئەمڕۆش ئەم مۆدێلە سیاسیە مۆدێلی دەوڵەتدارییە . “مافی چارەی خۆنووسین ” سەرەکیترین مافی سیاسییە کە چەندین نەتەوە لەڕێگای ئەم مافەوە بون‌و دەبن بە‌خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ. 
ئەم قورسایی و کاریگەرییە گەورەیەی دەوڵەتی نەتەوەیی لە‌سەدەی بیستەمدا و نەبوونی دەوڵەت نەتەوەیی کوردی بۆتە هۆی پاشەکشێیەکی گەورەی شارستانیەت و کلتوری کورد لە ناو مێژووی جیهان دا،
هەر ئەم بێ دەوڵەتییەش بۆتە هۆی ڕوودانی تراژیدی و ئیتنۆساید و جینۆسایدی گەورە دژی کورد و هەڕەشەی جۆراوجۆری بەردەوامیش بۆ پاکتاوی ڕەگەزی کورد .

لە دوای ڕاپەڕینەکەی باشوری کوردستانەوە وەکو موزایەدەکی سیاسی بەردەوام باس لە دەوڵەتی کوردی دەکرێت ، بەڵام کاری پێویست نەکراوە بە ئاڕاستەی دامەزراندی دەزگای نیشتیمانی و هێزی یەکگرتووی پێشمەرگە و ئابوری سەربەخۆ و دامەزراندی دەزگای گەورەی ئەکادیمی و ستراتیجی و پێشخستنی کەرتی پەروەردە و تەندروستی و کشتوکاڵ و پیشەسازی کە ئەمانە بنەمای سەرەکی دامەزراندی دەوڵەتن ، بیست و پێنج ساڵە ئەمانە نەکراوە . واتا کاری پێویست نەکراوە بۆ پێشخستن و پتەوکردنی بنەماکانی دەوڵەت لە ڕووی ئابوری و سیاسی و سەربازی و دبلۆماسی و ئاشتی کۆمەڵایەتی .

لە هەموو ئەو ووڵاتانەی بانگەشەی دیموکراسی و دەستاو دەستکردنی دەسەڵات دەکەن ، حوکمەت دوو ئەرکی سەرەکی هەیە ، یەکەم : دابینکردنی ئارامی و ئاسایشە بۆ هاونیشتیمانیان . دووەم : دابینکردنی پڕۆژە خزمەت گوزارییەکان لە هەموو ڕوویەکی کارگێڕی و ئابووری و تەندروستی و پەروەردە و کشتوکاڵی و پیشەسازی ....تاد . بەڵام کوردستان لەم خولەی خوکمداری پارتەکاندا ، بە تایبەتی پارتی و یەکێتی ، لەم دوو ڕووەوە بە تەواوەتی لە پاشەکشێدایە ، لە ڕووی ئاسایش و ئارامییەوە ، چەندین دیاردەی تیرۆر ڕوویداوە ، ئازادی سیاسی و ڕۆژنامەوانی لە دۆخێکی خراپدایە بە هۆی پەکخستنی پەڕلەمانەوە ، هیچ چاودێرییەک بەسەر حکومەتەوە نەماوە . هەروەها ئاشتی کۆمەڵایەتی لە مەترسیدایە بە هۆی دەرکەوتنی چەند ڕووداوێکی نەخوازراوەوە ، زیندوبوونەوەی چەندین کێشەی دوژمنایەتی و عەشایەرییەوە . لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە لەم خولەدا بە هۆی شکستی بانگەشەی ئابووری سەربەخۆوە ، کەمترین پڕۆژەی خزمەتگوزاری ستراتیجی جێبەجێکراوە و تەواوی خزمەتگوزارییەکانی دیکەش وەستاوە ، مووچەی فەرمانبەرانیش ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بووەتەوە ، حوکمەتیش کەوتۆتە ژێر قەرزێکی زەبەلاحی ناوخۆی و دەرەکییەوە ، بەهۆی نەبوونی پلانی ستراتیجی لە بواری کشتوکاڵی و پیشەسازی و نەبوونی بەرهەمی ناوخۆییەوە ، هاونیشتیمانیان لە دۆخێکی سەختدا ژیان دەگوزەرێنن .

بەهۆی ئەوەی حوکمەت لەم خولەدا لەم دوو ڕووەوە کارێکی ئەوتۆی جێبەجێنەکردووە کە جێگەی باس بێت ، ئیدی دەبێت پارتە دەسەڵاتدارەکان بیانوو و پاساوێکیان هەبێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن ، ئەوە ڕیفراندۆمیان خستە پێش هەڵبژاردنی پەڕلەمان و سەرۆکایەتی هەرێمەوە ، تا وەکو بانگەشەی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی حیزبی و بنەماڵەدا بەکاریبهێنن . واتا ئامانجی ڕیفراندۆم سەربەخۆی نیە ، بەڵکو بەکارهێنانی هەست و شعور و موقەدەسات و چارەنووسی گەل لە پێناو بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و خێڵەکی و بنەماڵە دایە .

یەکێک دیکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی ڕیفراندۆم مانەوە دەسەڵاتی مەسعود بارزانییە ، کاتێک لە23 حوزەیرانی 2013 دا دەسەڵاتەکەی بارزانی درێژکرایەوە لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە ، پاساوی ئەم درێژکردنەوەیە دروست بوونی بۆشایی یاسایی بوو لە هەرێم دا ، پاشان کە لە 2015 دا پارتی دووبارە داوای درێژکردنەوەی دەسەڵاتەکەی بارزانی دەکرد ، بیانوو و پاساوی ئەم دووبارە درێژکردنەوەیە شەڕی داعش بوو ، کە دەبێت کەسێک سەرکردایەتی ئەم جەنگە بکات ، ئەویش بارزانی بێ بەدیلە !!. ئەم ڕیفراندۆمەش بیانوو و پاساوێکی دیکەیە بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەی بارزانی ، چونکە دواتر پارتی دەڵێت ئێمە ڕیفراندۆممان ئەنجام داوە ، پێویستە کەسێک هەبێت سەرکردایەتی ئەم ڕیفراندۆمە بکات ، تا دەمانگەیەنێتە سەربەخۆی ، ئەویش بارزانی بێ بەدیلە !! .

ڕیفراندۆم لە باری سەرکەوتن یا شکست دا لە بەرژەوەندی پارتی دایە ، گەر سەرکەوتن بەدەست بێنێت وەکو موزایەدەیەکی سیاسی و نەتەوەیی بەکاریدێنێت بۆ بە جێگەیاندنی پڕۆژە حیزبییەکانی ، بەوەی ئەوە پارتییە پاڵەوانی نەتەوایەتیە و کار بۆ مەسەلە نەتەوایەتییەکان و سەربەخۆی دەکات . ئەگەریش ڕیفراندۆم شکست بخوات ئەوە ئۆباڵی شکستەکە دەخاتە ئەستۆی نەیارە سیاسییەکانی ، کە بانگەشەی ئەم شکستەیان کردووە و دەستی دەرەکییان لە پشتەوەیە .

لە ڕیفراندۆمی ساڵی 2005 دا لە 98 ٪ لە سەدا نەوەد و هەشتی خەڵک دەنگیان دا بۆ جیابوونەوەی باشوری کوردستان لە عێراق . جیابوونەوە لە پێکەوە لکانێکی ئیمپریالیزمی و کۆتایی هێنان بە داگیرکاری و دابەشکاری لە پارچەیەکی ووڵات ، بەڵام سەرانی کورد بە تایبەتی سەرانی پارتی و یەکێتی وویست و ئیرادەی نەتەوەیان کردە قوربانی بەرژەوەندی حیزبایەتی و بە بەغدادیان گووت گەرچی میللەت جیابوونەوەی دەوێت . بەڵام ئێمە لەگەڵ یەکپارچەی عێراقداین ، لەو کاتەدا عێراقی دوای سەدام عێراقێکی داڕووخاو و لاواز بوو ، کورد هێزێکی کاریگەر بوو لە عێراق دا ، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیش و لایەنی نێودەوڵەتی گوێیان لە داوە ڕەواکانی کورد دەگرت ، هەژموون و هێزی ئێرانیش بەم ڕەنگەی ئێستا نەبوو لە ناوچەکەدا کە بۆتە جەمسەرێک لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ، تورکیاش ڕۆڵ و کاریگەری ئەوتۆی نەبوو لە عێراق دا . بەڵام ئێستا هاوکێشەکان بە تەواوەتی گۆڕاوە و ووڵاتیش لە سایەی حوکمێکی شکست خواردوو دا دووچاری چەندین قەیرانی گەورەی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاسایشی و سەربازی و پەروەردەیی بووە ، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە ڕیفراندۆم تەنیا موزایەدەیەکی سیاسی حیزبی و بنەماڵەییە و هیچی دیکە . چونکە سەرەڕای خیانەت و گەندەڵی ، سایکۆلۆژیایی سەرکردەکان بەو ڕەنگەیه کە ئارەزوویانە حاکمی سیاسی یان میر یان والی وویلایەتێکی سەر بە تورک یا فارس بن ، کە ئێستا لەسەر ئەرزی واقیع زۆنی زەرد و سەوز بە پێی نەخشەی عوسمانی و سەفەوی کۆن دابەشبووە .

هەندێک لە پارتەکان پێیان وایە کاراکردنەوەی پەڕلەمان وەکو عاساکەی عیسایە بۆ سەرکەوتنی ڕیفراندۆم و دامەزراندنی دەوڵەت ، بەڵام لەبەر ئەوەی پەڕلەمان سواو و ئیفلیج و دەستەمۆکراوە ، و خاوەنی هیچ بنەمایەکی دەوڵەتداریش نین ، و ووڵات لە چەندین قەیرانی سەختدایە ، و متمانەش لە نێوان خەڵک و پارتەکان نەماوە ، کاراکردنەوەی پەڕلەمانیش هیچ لە بارودۆخەکە ناگۆڕێت و تەنیا یاسایەکی کار پێنەکردە بۆ ڕیفراندۆم دەردەکرێت . چونکە بارودۆخەکە خراپە ئابوری و سیاسییەکە وەکو خۆی دەمێنێتەوە . بەڵام دەتوانین بڵێین پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی زامنی پاراستنی هێز و پێگەی کوردە لە خۆرهەڵاتی ناویندا ئەگەرچی هەندێک لە پارتەکان لەسەر هێڵی خیانەتن ، لە کۆنگرە دا یەکێتیەکی نەتەوەیی دروست بکرێت ، و بناغەی ستراتیجیەتێکی نەتەوەیی و سیاسی و ئابوری و ژینگەی و سەربازی و کلتوری دابڕێژێت ، و ئامادەکاری تەواو بکرێت بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی هەر ئەگەر و مەترسی و پێشهاتێک .

هەروەها ئەم جۆرە مامەڵەیەی کۆمەڵ و گۆڕان و یەکگرتووش لەگەڵ ڕیفراندۆم و مەسەلە نەتەوایەتیەکان دا ، مامەڵەیەکی نادروست و نەتەوەیی و ناتەندروستە . چونکە کورد خاوەن کێشەیەکی نەتەوەییە پیرۆزە ، بەم جۆرە مامەڵەکردنە شکۆی نەتەوە و کێشەکەی بێ نرخ و کاریگەر دەبێت و ئاسۆی داهاتووی کورد تاریک و نادیار دەبێت .

ئەگەر و مەترسییەکانی ڕیفراندۆم :

ڕیفراندۆم لەوەها بارودۆخێکدا کە ئاماژەمان پێکرد چەند مەترسییەکی هەیە :

یەکەم . ڕیفراندۆم دەبێتە هۆی دابەشکاری باشوری کوردستان . ئەگەر ڕیفراندۆم لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی ، ( مادەی 140 ) نەکرێت ، ئەوە باشوری کوردستان دەبێتە چەند پارچەیەک . گەر ڕیفراندۆم لەو ناوچانەشدا ئەنجامبدرێت سەرکەوتوو نابێت . چونکە ڕێژەی کورد لە هەندێ ناوچەدا ناگاتە نیوەی دانیشتوان ، لە هەندێ ناوچەشدا کەمێک لە نیوە زیاترە ، واتا کۆی ڕێژەی کوردیش لەو ناوچەیەدا دەنگ نادات ئیدی لە ژێر کاریگەری مەزهەبی دا بێت ، یان لە ژێر هەر فشارێکی دیکەدا بێت ، ئەگەر کۆی ڕێژەی کوردیش لەو ناوچانەدا دەنگ بدات ، هەر سەرکەوتوو نابێت چونکە ڕیفراندۆم دەنگی بەڵێی لە نیوە زیاتری پێویستە ، ئەمە جگە لەوەی حوکمێکی جوانی کوردی لەو ناوچانەدا پێشکەش نەکراوە ، و تورکمان و عارەب هەرگیز ئامادەنین دەنگ بە بەڵێ بدەن بۆ گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر کوردستان . هەروەها قەزای شەنگال دوای خیانەتی پارتی بەشێکی زۆری لە ژێر دەسەڵاتی پەکەکە و هێزەکانی نزیک لە پەکەکەن ، ئایا پەکەکە و ئێزدییەکان ڕازین ڕیفرانۆم لەو ناوچانەدا بکرێت و دواجاریش بخرێنەوە سەر باشوری کوردستان ؟ ئەمە جگە لەوەی ڕۆژ بە ڕۆژ پانتایی دەنگی نەخێر و ناڕازی لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دا فراوانتر دەبێت . واتا ڕیفراندۆم لەو ناوچانەدا بە هەر بارێکدا بێت دەبێتە هۆی دابەشکاری باشوری کوردستان ، کوردستانی گەورە لە پێنج پارچەوە دەکاتە شەش ، حەوت پارچە . لەبەرئەوە باشترین ڕێگە ئەوەیە ئەو ناوچانە کە ئێستا لە ڕووی سەربازی و سیاسی و کارگێڕییەوە کۆنتڕۆڵکراوە بە هیچ جۆر و نرخێک پاشەکشێی لێنەکرێت . هەوڵبدرێت هێزی بەرگری لەو ناوچانەدا دروست بکرێت ، و پاڵپشتیەکی نێودەوڵەتیش بۆ کێشەی کورد پەیدا بکرێت ، و لە ڕێگەی یەکێتی نەتەوەییەوە ئامادەکاری بکرێت بۆ پارستنی ئەو ناوچانە لە هەموو ڕوویەکەوە بە تایبەتی لەڕووی نەتەوەیی و سەربازییەوە .

دووەم . ووڵاتانی دراوسێ فشارێکی زۆر دەخەنە سەر باشوری کوردستان تا ڕادەی جەنگ ، بەهۆی ئەوەی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگا کراوە بە مووچە خۆری بێ بەرهەم و کۆی کۆمەڵگاش بووە بە کۆمەڵگایەکی بەرخۆر و بەکاربەر ، ئەوە بەمەبەستی شکست پێهێنانی ڕیفراندۆم ووڵاتانی تورکیا و ئێران فشارێکی گەورەی ئابوری دەخەنە سەر باشور ، لە لایەکی دیکەوە بۆ ئەوەی ڕایفراندۆمی باشور نەبێتە هۆی بەهێزبوونی جوڵانەوە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی خۆرهەڵات و باکور و خۆرئاوا ، تورکیا و ئێران هەموو ڕێگەیەک دەگرنەبەر بۆ شکست پێهێنانی گشتپرسی باشور . بەڵام گەر ئێستاش کار لەسەر پتەوکردنی بنەماکانی دەوڵەتداری بکرێت و بتوانین ووجودی خۆمان بپارێزین ، بە ئیرادە و بەرخۆدان دەتوانین ڕووبەڕووی هەموو مەترسییەکان ببینەوە .

سێیەم . بانگەشەکارانی ڕیفراندۆم دەڵێن : ڕیفراندۆم وەکو کارتێکی فشار لە دژی بەغداد بەکاردەهێنین ، بۆ بەدەستهێنانی زیاتری مافەکانی کورد . بەڵام بە بڕوای ئێمە بە هۆی ئەوەی سەرانی کورد ناتوانن ڕیفراندۆم بکەنە بنەمای سەربەخۆی ، ئەوە بەغداد و شیعە فشاری زیاتر دەخەنە سەر باشور ، گاڵتەجاڕی بە هەست و شعوری میللەت و سەرانی کورد دەکەن ، و جگە لە فشاری ئابووری بە هۆی بڕینی مووچەوە ، فشاری سیاسی و یاسایی و کارگێڕ و بازرگانی و سەربازیش دژی باشور بەکاردەهێنن ، لە ڕێگەی تورکیا و ئێرانەوە سنورەکان لە کوردستان دادەخەن و بواری ئاسمانی و فڕۆکەوانیش پەکدەخەن ، و تەنانەت ئەو پۆستانەش کە پارتەکان وەریانگرتوە بۆ بەرژەوەندی حیزبی ، ئەوانش ناداتەوە بە کورد ، ئیدی بەغداد چۆنی بوێت ئاوا مامەڵە دەکات و سەرانی کوردیش دەبنە ڕێوی دەرەوە و شێری ماڵەوە .

چوارەم . هەندێ لە پارتەکان و میللەت بە گشتی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و گۆڕینی دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتیانە هەموو ڕێگەیەکی مەدەنیانەیان تاقیکردەوە ، هەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و خۆپیشاندان و ڕێپێوان و مانگرتن و بایکۆت و یاداشت نووسین و ئۆپۆزیسیۆن بوون و چوونە دەسەڵات و ڕێکەوتن و دروستکردنی هاوپەیمانیەت و تەواوی ڕێگاکانی دیکە ، بەڵام بەهۆی ڕاگ داکوتانی دیکتاتۆری و خیانەت ، ئەم ڕێگەیانە شتێکی ئەوتۆی لێ سەوز نەبوو ، خەڵکیش بە ئەزموونکردنی ئەم حوکمدارییە گەندەڵە و فاشلە ترسی گەورەی هەیە لە دروستبوونی کۆمارێکی ویراسی دیکتاتۆری . لەبەرئەوە بۆ گۆڕینی دەسەڵات جەنگی ناوخۆی ڕوو دەدات ، ئابوری سەربەخۆ قەیرانی گەورەی ئابوری بە دواوە بوو ، دەوڵەتی کوردییش لە سایەی ئەم دەسەڵاتەدا کاولکاری لێدەکەوێتەوە .

پێنجەم : لە ئەگەری بوونی فشاری دەرەکی و ململانێی ناوخۆیدا ، خراپبوونی زیاتری بارودۆخی ئابووری و سەختتربوونی قەیرانەکان و دەرکەوتنی گروپی مافیایی گەورەی گەندەڵی و بازرگانی ناشەرعی لێدەکەوێتەوە . واتا بڵاوبوونەوەی گران و هەژارییەکی سەخت ، لەسەر ئابوورییەکی مایە پووچ و بێ بەرهەمی ناوخۆیی . چونکە هەستنەکردن بە بەرپرسیارێتی و گەندەڵی و کۆکردنەوەی سەرمایە لە ناو هەموو چین و توێژەکاندا بڵاووبۆتەوە ، دەسەڵاتی کوردی لە ماوەی حوکمڕانیەکەیدا ڕۆڵی گەورەی خراپی بینی لە نابووتکردن و داماڵینی تاک و کۆمەڵگا لە هەموو بەها ئەخلاقییەکان ، هەر ئەوەندەی مەترسییەک هەبوو لەسەر بارودۆخەکە ئیدی بازرگان و چینی خاوەن سەرمایە دەست دەکەن بە شاردنەوەی کەلوپەل و خواردن و پێداویستییەکانی ژیان و هەڵگرتنی بۆ ڕۆژ و بازاڕی ڕەش ، کە لە ئێستاوە ئەم دیاردەیە دەستی پێکردووە . واتا گەر سەرکردەکانمان خەونیان مانەوە بێت لە دەسەڵات بە هەر ڕێگە و بیانوویەکی ناشەرعی ، ئەوە سەرمایەدارەکانیش دورن لە هەموو بەهایەکی ئەخلاقی و مرۆڤی و نەتەوەیی . لە کاتێکدا دەبێت ئێمە بۆ ڕزگاری نەتەوەکەمان تێکۆشان و ئینتیما و دڵسۆزییەکی ئیسڕائیلیانەمان هەبێت بۆ نەتەوە و نیشتیمانمان ، ئەوە بوو لە شەڕی عەرەب - ئیسڕائیلدا بازرگانە جوولەکەکان بەپێی بەردەوام بوونی شەڕەکە و سەختی جەنگەکە و بەرژەوەندی خەڵکە کە نرخی کەل وپەل و خواردن و پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان کەمدەکردەوە تا ئاستی دابینکردنی پێداویستییەکان بێ بەرامبەر بۆ خەڵکەکەیان .

ڕۆشنبیر و نووسەران و ڕەخنەگران و خوێندەواران کاتێک هەست بە مەترسییەک دەکەن ، یان پێشبینییەک دەکەن ، وەڕاست وەرگەڕانی پێشبینییەکە خۆشحاڵیان ناکات ، بەڵکو تەمەنا دەکەن پێشبینییەکەیان وەڕاست نەگەڕێت و میللەت سەرکەتوو و پارێزراو بێت .

لە کۆتایی دا دەڵێین ، کاتێک مام جەلال ووتی : دەوڵەتی کوردی خەونی شاعیرانەیە . مەبەست لەوە نەبوو کە ئەم خەونە هەرگیز نایەتە دی ، و کورد شایستەی دەوڵەت نیە . بەڵکو تاڵەبانی ئیرادە و توانا و ئامانج و لێهاتوویی خۆی و تەواوی سەرکردەکانی دیکەی باشوری باش دەزانی ، کە ئەو ئیرادەیەیان نیە کورد بگەیەننە سەربەخۆی سیاسی و ئابوری و ئاواکردنی دەوڵەتێکی دیموکراتی.

 


Top of Form

 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە