ڕیفراندۆمەکەی مەسعود بارزانی سەر دەگرێ، یاخود وەک تەڵە پێدا دەتەقێتەوە!؟

Saturday, 12/08/2017, 11:22

1931 بینراوە


ئەو هەموو هاش و هووش و فشە و پۆز لێدانەی کە چەند ساڵێکە خودی مەسعود بارزانی و بارزانی یەکانی تر و کۆیلەکانیان وە ڕێ یان خستووە سەرەنجام وایان بڕیار لێداوە کە لە ٢٥ی سێپتێمبەر دا ڕیفراندۆم بکەن، گوایە بۆ پرسی سەربەخۆیی کوردستان! چەند ساڵێک لە مەو بەر و لە پێش نەورۆزەکاندا دەیانووت کە هەواڵ، یاخود مژدەیەکی خۆش بەڕێوەیە. ئەو مژدە خۆشەی ئەوان فشەیان پێوە دەکرد سەرنجام دەرکەوت کە ڕیفراندۆمە. ئەو ڕیفراندۆمە کە لە سەرەتای ٢٠٠٠ەکاندا زۆربەی خەڵكی کوردستانی سێ پارێزگایەکی بندەستی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا و گەر ئەو کاتە دەسەڵاتدارێتی یەکێتی و پارتی بۆ پلەو پایەی کۆیلەیایەتی یان نەبایە بۆ عەرەبەکان لە بەغدا، ئەوا ئێستا کورد دەمێک بوو سەربەخۆ ببوو وە ببووە دەوڵەت، بەڵام دوای دوازدە ساڵ لەو هەلە زێڕینەیە ئێستا مەسعود بارزانی کە جێگەی کوردسی یەکەی لەق بووە و بە زۆر و زۆرداریش خۆی گرتۆتەوە لە سەر کورسی یەکەی و هەرچی پینەو پەڕۆ هەبوو بە کاری هێنا کە ئێستا وا چوار ساڵە بە دیکتاتۆری و سەرشۆڕی هەرئەوە جێگەی خۆی خۆش دەکا و دوا هەمین هەنگاویش بۆ مانەوە لە سەر کورسی دزی و تەخشان و پەخشان ئەوەیە کە فێڵی ڕیفراندۆمیان هێناوەتە پێشەوە.
بێ گوومان ئەوەی زۆڵ و خۆفرۆش نەبێ لە کورد هەمووی پێی خۆشە کە دەوڵەتی کوردی دروست ببێ و کورد کیان و قەوارەیەکی خۆی هەبێ، بەڵام ئەم ڕیفراندۆمەی مەسعود و کۆیلەکانی بانگەشەی بۆ دەکەن، تەنها بۆ کڵاو لە سەر نان و فریودانی کوردی ساویلکەیە، ئەگینا ئەو ڕیفراندۆمە کۆتایی یەکەی بە گران بۆ خودی مەسعود بارزانی تەواو دەبێ، دەبێتە تەڵەیەک و پێ یدا دەتەقێتەوە.
ئەو ڕیفراندۆمەی مەسعود و کۆیلەکانی بانگەشەی بۆ دەکەن، لە کاتێکدایە کە پاڕلەمان پەکی خراوە و وەزیرەکانی گۆڕان و سەرۆکی پاڕلەمان هەولێر و پاڕلەمانیان لێ بڤە کراوە و ناتوانن بچنە سەر کارەکانی خۆیان. باری ناوخۆیی کوردستان لە خراپترین کاتی خۆیدایە. ئەم ڕیفراندۆمە وا پێدەچی کە تەنها لەو سێ پارێزگایە (هەولێر و سلێمان و دهۆک) بەڕیوە بچێ و کەرکوک و خانەقین و ناوچەکانی کوردنشینی موسڵ نەگرێتەوە. با باسی سەعدییە و مەندەلی و بەدرە و جەسان توزخورماتو هەر نەکەین کە لای مەسعود و پارتی ناویان لە کولەکەی تەڕیشدا نەماوە بۆ ناوچەی کورد بوون. جا ئەگەر ڕیفراندۆم تەنها بۆ ئەو سێ پارێزگایە بێ؟ ئەوا ئەو سێ پارێزگایە شێوەیەکی سەربەخۆییان هەیە و ئەگەر حکومەت حکومەتێکی خزمەتگوزار بوایە ئەوا چەند قات لە سەربەخۆیی باشتر بوو، بەڵام سەربەخۆیی بە بێ کەرکوک و خانەقین و موسڵ و توزخورماتو لە بەرژەوەندی کوردە یاخود عەرەب؟ بێگومان لە بەرژەوەندی عەرەب و تورکیا و ئێرانە.
ژیانی مەسعود بارزانی و کۆیلەکانی پڕن لە خیانەت بۆ هەر چوار داگیرکەرەکەی کوردستان. لە شەڕی براکوژیدا پشکی زێڕیان بەردەکەوێ. مەسعود بارزانی لە تەنگاناندا ئەوپەڕی ملشۆڕی و گەردنکەچی دەکا بۆ دوژمنان وەک هێنانی دەبابەکانی بەعس بۆ سەر هەولێر و پاڕلەمان لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦دا هێنانی هێزی تورکی بۆ هەولێر و دهۆک کە ئێستاش ١٧ بنکەی سەربازی تورکی لە وێن. مەسعود لە بەرامبەر کوردا زۆر کەل'لە ڕەق و موغریز و شەڕانی و دیکتاتۆرە. لەو ڕیفراندۆمەدا پێناچی هیچ دەنگ و ئاوازێکی ناوچەیی و نێونەتەوەیی هەبێ لە بەرژەوەندی مەسعود بارزانی، چونکە هێشتا دوو دەوڵەتی گەورە و داگیرکەری کوردستان بەرژەوەندی گەورەیان لە گەڵ وڵاتانی جیهان بە تایبەتییش پێنج وڵاتەکانی مافی ڤیتۆیان هەیە، هەیەو لە دژی ڕیفراندۆم هەموو هەنگاوێک دەگرنە بەر. بێگومان وڵاتانی جیهانیش و لە سەرووی هەموویانەوە پێنج وڵاتە هەمیشەییەکانی یو ئێن هیچ کارێ ناکەن کە دڵی ئێران و تورکیا لە خۆیان بڕەنجێنن.
ئێستا کوردستانی باشوور دوای زۆرتر لە چارەگە سەدەیەک لە دەسەڵاتدارێتی یەکێتی و پارتی هێشتا لە سەرەتاییترین مافەکانی مەدەنی بێبەشن، وەک کارەبا، ئاو، قوتابخانە، نەخۆشخانە، ڕێگاو بان ...هتد، جگە لەوەی کە لە ڕووی بژێوی یەوە توانای خۆ بەڕێوە بردنی نی یە لە ڕووی داهات و بەرووبوومی کشتوکاڵی و ئاژەڵی یەوە کەم و کورتی زۆرە. ئێستا تەنانەت زۆربەی سەوزە و میوە لە وڵاتانی ئێران و تورکیاوە دێ. حکومەتی بە ناو کوردی کە هەیە ئێستا کە هیچ ئابڵۆقەیەکی نەخراوەتە سەر لە لایەن ئێران و تورکیاوە ناتوانێ لە سەر پێی خۆی ڕاوەستێ. موچەی چەندین مانگی ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٧ ماوە بیدا، دوای ئەوەش ئێستا سیستەمی پاشەکەوتی موچە پەیڕەو دەکا، کە زۆربەی خەڵکی کوردستانی کردۆتە میللەتێکی برسی و بێکار. ئەی ئەگەر لە دژی ڕیفراندۆم ئێران و تورکیا ڕێگە و دەروازەی سنوورەکانیان بەست، ئەبێ حاڵی حکومەتی کوردی و مەسعود چۆن بێ؟ بێگوومان زۆر خراپتر و سەرشۆڕانەتر و ملکەچکردووانەتر هەموو شتێک دەکا بۆ ئێران و تورکیە تاوەکو لە سەر کورسی دەسەڵات بمێنێتەوە.
مەسعود بارزانی عەقڵیەتێکی عەشایەری هەیە و لە عەشایەریشدا ئەو قسەیە باوە کە دەڵێ پیاو خاوەنی قسەی خۆیەتی، لەبەر ئەوە مەسعود تا بۆی بکرێ ئەو قسەیەی دەباتە سەر بۆ فریودانی میللەت، بەڵام بێگومان هیچ شتێک ئەوەندەی کورسی یەکەی گرنگ نی یە لای ئەو، لەبەر ئەوە هیچ کاتێ وەک ئێستا باری دەروونی نەشڵەژاوە کە ئاخۆ ئەم ڕیفراندۆمە چی لێ بێ؟ بێگومان ئەو تەڵەیەی کە دەمێکە یاری پێ دەکا، سەرەنجام ووردە ووردە کاتەکانی نزیک دەبێتەوە لە تەقینەوە و کلکی بەردەکەوێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە