پیرە پیاوێک مێژووی ١٧ی شوباتی نووسییەوە

Tuesday, 29/08/2017, 19:22

4224 بینراوە


منداڵ و پیر هەمیشە دوو مرۆڤن کە پڕن لە ڕاستگۆیی، منداڵ فێڵ نازانێت، پیریش حەوسەڵەی فێڵکرنی نامێنێت و پێویستی پێی نییە، بۆیە سەرنج ڕاکێشن کاتێک لەوێنەیەکدا لەهەڵوێستێکدا دەردەکەون.
-------------------------
ئێمە مەبەستمان خەڵکی سادەیە.....! نەک پیرە سەربۆیاخکراوە بازرگانە سیاسییەکان، کەهیچ لە سیاسەت نازانن.
 وێنەی ئەم پیاوە پیرە چنگ پڕ لە بەردە پێمان دەڵێت : دەسەڵاتی کوردی چ جۆرە دەسەڵاتێکە، کە حاکمی هەرێمێکی داگیرکارە، تەنیا بە جلوبەرگ و زمانیاندا لە کورد دەچن، دەنا، گەورەترین دوژمنی گەلەکەمانن، کە هیچ مێژوویەک نەینووسیوەتەوە و هیچ داگیرکەرێک ئەوەندەی بە سەر کورددا نەهێناوە.
ئەم پیاوە مەردە پێمان دەڵێت: من دەمەوێت بەو بەردانەی دەستم دۆزەخێک داگیرساوە، کە ئەم دەسەڵاتە بەدفەڕە ئاوری دیایەوە هەرئێستا بیکوژێنمەوە.
 ئەم پیاوە بەم بەردانەی دەستییەوە بانگی ئەوە دەکات کە نایەوێت ژیانە کورتەکەی ماوێتی لە دۆزەخێکدا بەسەر بەرێت.ئەو ناچێت وەک زۆربەی کەسە سادە و نەزانەکان گوێ لەمەلایەکی درۆزن بگرێت لەمزگەوتێکا و بەنوزاندەوە و نزاکردن خەمەکانی بڕەوێنێتەوە! ئەو هاتۆتە سەر شەقامەکە و دەیەوێت وەک گەنجێک یاخی بێت و بەرخورد بکات و مانایەک بدات بەژیان و سەرکەشی.
 ئەم لالۆ پیرە بێ ئەوەی بانگەشەی هیچ بکات بەسەر هەموو پڕوپاگەندەی حیزب و ئایدۆلۆژیەکاندا دەفڕێت و دەبێتە نمونەی زیندوو، وێنەکەی دەبێتە سیمبوڵێک بۆ بەرگریی، بۆ یاخیبوون، بۆ گەڕانەوەی کەرامەت، بۆ مرۆڤ بوون.
 ئەم پیاوە بانگەشەی هیچ ناکات، کەچی ب ەبەردەکانی دەستی ناعەدالەتی، بێکەرامەتی، ڕسوایی، داگیرکاریی، خۆپەرستی، شەهوەتبازی، خۆفرۆشیی، هەراجکردنی نیشتمان و بێمنەتی دەسەڵاتێکمان بۆ وێنە دەکات.
 ئەو زۆر بەسادەیی هیچ ناڵێت و هەموو شتێکیشمان پێدەڵێت.
لە هەر وڵاتێکدا وێنەی پیرێک ئاوا ببینرێت، کە بە بەرد ناڕەزایی لە دەسەڵاتەکەی دەردەبڕێت، هەر زوو لە سەرمەزارییدا وازیان لە هەموو شتێک دەهێنا، تۆ بڵێیت ئەم بەرپرس و حیزبانەی کورد مانای شەرم بزانن!؟ ئەمان کە شەرم نەکەن، نیشتیمان بفرۆشن، کە ئەو بەردەش بەشێکە لە نیشتیمان ئیتر بۆچی شەرم بکەن، ئەوان کە خۆیان شەرەفیان نەبێت، چۆن لە مانای ئەو بەردە دەگەن کە بەرەو روویان گیڤە دەکات!؟ ئەم وێنەیە نەک جوێنە پێتان دەدرێت، بەڵکو پێتان دەڵێت دڵنیابن کە لە سەدام و قەزافی هەموو دیکتاتۆر و دەسەڵاتێکی ستەمکار زیاتر نین و ئێوەش دەکەونە بەرنەفرەتی خەڵکی.
 ئەڵمانێکان دەڵێن "کات هەموو شتێک یەکلادەکاتەوە" ئەوە کاتە کە هات وەک لافاو ئێوەی بەد دەماڵێت.
وێنەی ئەم پیاوە وێنەیەکە پڕێتی لە ڕامان بۆ داهاتویەکی جوانی پڕ لە ئارام، کە لەو کاتەدا کەرامەت و مرۆڤبوونمان بۆ دەگەڕێنێتەوە، من بەدڵ حەزم دەکرد ئەم پیاوە یەکێک بوایە لەکەسە نزیکەکانم، تاکو لەجێگەی هەموو شتێک شانازیم پێوەبکردایە، کە بەدڵنیاییەوە ئێستاش جێگەی شانازیمە، چونکە هەست بەکوردبونی خۆم و مرۆڤ بوونی خۆم و کەرامەتی خۆم دەکەم کە لەم وێنەیە دەڕوانم.
 کێ ناڵێ ئەم پیاوە پیرە لەو ڕۆژەدا کە تاوی داوەتە ئەو خڕکە بەردانە و لەو شەقامە وەر بووە قسەی فەیلەسوفی مەزنی چینی "کۆفۆشیۆس"ی بیر نەکەوتۆتەوە کە دەیووت:" ئەو کاتەی کەسێک دەگاتە تەمەنی ٤٠ یان ٥٠ ساڵی و خەڵک هیچیان لە بارەوە نەبیستبێت ئەوە من دڵنیانم کەشتێک نەبووە کەشایستەی ڕێز گرتن بوبێت ".
 بۆیە بەر لەوەی ماڵئاوایی بکات دەیەوێت بەردێک بخاتە سەر کۆشکی سەرفرازیی.دەستخۆشی لەو مرۆڤە جوانە دەکەم کە وێنەکەی چرکاندوە، کەمانای داوە بە یاخی بوونی شارێک.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە