وروژاندنی سیاسی سیناریۆ نییە

Tuesday, 26/09/2017, 20:58

4425 بینراوە


لە بنەڕەتدا تێگەی سیناریۆ دەگەڕێتەوە بۆ تیاتەر و واتای کردارنوێنی دەگەیەنێت. لە ئەدەبدا ئەوە کەسێکی ئافرێنەوە کە ئازادانە کردارنوێنییەکە لەنێو خۆیەوە بە نووسین دادەڕێژێت. لێ داڕشتن نە هەستەکییە و نە زەینییە (ئینتەلێکتییە)، بەڵکو تێیدا هەردووکیان کاران و نەشیاوی جیاکردنەوەن لە یەکدی. کاری هەستەکی بەبێ بەشداریی زەین شێواوە (بێ فۆرمە)، چونکە ئەوە زەینە کە بابەت دەسازێنێت، واتا فۆرمی پێدات، لەم ڕەوتەشدا ڕێ نادات داڕشتنەکە کەلێندار بێت یان بە پێوەنانی زیادەڕەو ورگبدات؛ بە کورتی بابەتەکە دەکات بە هونەر. لێ لە لایەکی دی کاری زەینی بە تەنیا سڕە، بۆیە زانست یان فەلسەفە بواری زەینن – نەک هونەر. ئەم پێکەوەبوونەی هەست و زەین بنەمای ئێستێتیکە.
بێگومان سیناریۆ لە بواری دیکەشدا دادەڕێژرێت، بۆ نموونە لە پیلانی موخابەراتیدا، یان لە ئامادەکردن و پیادەکردنی جەنگدا لە لایەن ژەنەڕالێک و هاوکارانییەوە. هەروەها سیناریۆی سیاسی هەیە. گومانی تێدا نییە کە دەبێت لەم ڕەوشانەشدا سیناریۆکە بهۆنرێتەوە. بۆ نموونە کردارێکی کوشتن کە تیمێکی دەزگایەکی هەواڵگری پێکەوە لەتەک سەرتیمێکدا دەیهۆننەوە، یان پلانێکی جەنگی کە سەرژەنەڕالێک لەتەک هەندێک ژەنەڕالی دیکەدا دەیهۆننەوە و پاشان "ئیخراجی دەکەن". کەواتە لێرەش زەین چاوساغی هەنگاوەکانە. زۆر جار پیلانە بەرخراوە موخابەراتییەکان، یان بەرخستنەکانی جەنگێک، هێندە تەواوکراون (پێرفێکتن) کە پرسیار دەخەنەوە و لە ڕەوتی کاتدا دەبن بە داستان. لەم پەیوەندییەدا دەتوانین ببێژین کە پیلانگێڕی موخابەراتی هونەرمەندی کوشتنە.
ئێمە ناتوانین لە سیناریۆی سەرنەگرتوو بدوێین. ئاخر تەنیا لەبەر ئەوەی سیناریۆیە، ئەوا هەمیشە سەرگرتووە. گەر ئەوها نەبێت، ئەوسا سیناریۆ نییە، بەڵکو شتێکی دیکەیە و مرۆ لە نەزانییەوە، یان لە هەستی هەڵئاوساوی لاساییکرەوەوە ناوی ناوە سیناریۆ - بە زمانی بازاڕ ببێژین: لە فشەکەرێتییەوە. کارێکی هەرزەیی بەم چەشنە دەشێت لاسایی فیلمێکی هۆلیوود بێت، یان وەک کرداری کوشتن لاسایی سیناریۆی بیستراوی موخابەراتی بێت. مرۆ لەم ڕەوشانەدا نازانێت کە سیناریۆ "تێگە"یە (مەفهومە)، بەڵکو ئەمیش هاوشێوەی تێگەکانی شۆڕش و پارک، دێمۆکراتی و پێشمەرگایەتی، وەک وشە وەردەگرێت و بەکاری دەهێنێت. ئەم جۆرە لاساییانە بە تایبەتی لەنێو ئەو قەومانەدا ڕوودەدەن کە تێیاندا ئاستی مەئریفی بە گشتی زۆر نزمە، هەروەها کەم یان زۆر لە ترادیسیۆنی خۆیان ڕووت بوونەتەوە و خۆیان لە گشت ڕوویەکەوە داوەتە دەست رواڵەتگەری. بە شێوەی بەرجەستە ببێژین: لەنێو ئەم جۆرە قەومانەدا سنگدەرپەڕیوێک دێتە پێشەوە و بەدەم قاقای پێکەنینەوە ڕووی دەمی دەکاتە هاوکارانی خۆی: "دەی کوڕینە، با سیناریۆیەک بۆ کوشتنی فڵان دابنێین"، ئەوجا بە شێوەی زۆر قێزەوەن لاسایی فیلمی ئەمەریکی دەکەنەوە. لێرەدا کێشە کرۆکییەکە ئەوەیە کە کابرای مرۆڤکوژ (یان سیاسەتکاری لاساییکەرەوە) نازانێت، کە ئەوی سنگدەرپەڕیو وەک کەسێکی لاساییکەرەوە ناتوانێت سیناریۆی کوشتن دابڕێژێت، چونکە لە ئاستێکی مەئریفیی ئەوتۆدا نییە کە ئیدی بتوانێت هەموو وردێتیەکانی ڕەوتی ڕووداوەکەی کوشتن پێشبینی بکات. بۆیە کاتێک ئەم سنگدەرپەڕیوانە کردارێکی کوشتن بە یاریدەی پیاوەکانیان ئەنجام دەدەن، ئەوا بەرهەمەکەیان ترس و ڕاچڵەکاندن ناخاتەوە، بە پێچەوانەوە زۆر جار دەبێت بە مایەی قێزلێهاتنەوە. هۆی ئەمە لەوەدایە کە کردارەکەی کوشتن ئەوەندە پڕکەلێنە، کە ئیدی تەنانەت کەسانی سادە کەلێنەکانی دەبینن. کەواتە نەهۆنراوەتەوە. بۆ نموونە گەر گەنجێک بفڕێنرێت و پاشان دڕندانە گوللە بە نێو دەمییەوە بنرێت، ئەوجا تاوانەکە بخرێتە ئەستۆی تێرۆریستێکی ئایینی کە گۆیا کەسەکەی وەک هاوکاری خۆیان کوشتووە، ئەوا ئاشکرایە کە ئەمە کەرەسەیەکی ئاڵۆزە و وەک تاوان زۆر سامناکە. لێ دەبێت ئەو سامناکییە هێندە تۆکمە بهۆنرێتەوە، کە ئیدی مرۆ بە ڕاستی باوەڕ بکات کە کەسی کوژراو لە کرۆکدا تێرۆریست بووە، یان بکەوێتە گومانەوە کە داخۆ بەڕاستی تێرۆریست نەبووبێت و هاوکارانی لەبەر هەر هۆیەک لەناویان بردبێت. لێرەدا سیناریۆکەی کوشتن بەوردی ڕەچاوی ئەوە دەکات کە کەی و چۆن و لەکوێوە کەسەکە دەفڕێنرێت، بۆ کوێ دەبرێت و لە کوێ و کەی دەکوژرێت، ئەوجا چۆن تەرمەکەی ئاشکرا دەکرێت. ئەم هۆنینەوە پرۆسەییە کە پابەندی کات و فەزایە (سپەیسە)، دەبێت بە وردی ئیخراج بکرێت. لێ ئەم جۆرە تاوانبارانە هەرگیز دەرک بەم وردێتییانە ناکەن، چونکە ناخێکی هەڵئاوساو و زەینێکی لاوازیان هەیە، هەروەها ڕوو دەدات کە وەک چڵیتی تازە پیاکەوتوو تەنیا وەک کوڕی فڵان یان فیسار دەرفەتی پیادەکردنی دەسەڵاتیان بۆ ڕەخساوە، ئەوجا لەژێر ڕکێفی چڵیتێکدان کە ئەویش وەک کوڕی فڵان یان فیسار بە دەسەڵاتەکەی گەیشتووە. کەواتە ئەو جۆرە زەلامانە کەسانی ئەوتۆ نین کە لە پلە سەرەتاییەکانی دەسەڵاتەوە شەڕیان بۆ گەیشتن بە ئاستی بەرز و بەرزتری دەسەڵات کردبێت و بەوەش هۆشیان پتر ئاوەڵا بووبێت. بەڵی، ئەوان تەنانەت لە منداڵییەوە نەیانتوانیوە فێرببن، چونکە وەک بەچکە دەسەڵاتدار لە خوێندنگە دەرچوێنراون، ئەوجا گەر تەنانەت ئەوەیان نەویستبێت، هێشتا هەر زۆرینەی مامۆستاکانیان وەک پیاوان و ژنانی خۆنەوێن بە پلەی بەرز دەریانچواندوون، پاشان بەڕێوەبەری خوێندنگە بەبێ پرسی مامۆستایانی لاری لێ بوو بە ئەژنۆی لەرزۆکەوە بڕوانامەی سەرکەوتنی پێداون.
لەم ڕوانگەیەوە مرۆڤانی سنگدەرپەڕیو و هەڵئاوساو لە ژینجیهانیان جیانابنەوە، واتا لەو دەڤەرە کە تێیدا کاری هۆشەکی، پراکتیکی (کەواتە سیاسەتیش بە هەموو شێوەکانییەوە)، هەروەها بەرهەمهێنانی زانستی و کولتووری، ئەنجام دەدرێن. ئەوجا لەبەر ئەوەی کەسەکان دەسەڵاتنوێنن، ئەوا بەڕێی ئەوانەوە بەدترین بیچمی نێو قەومەکە دێنە نێوەندی ژیانی سیاسی و ئابوورییەوە، ئەوجا پێکڕا دەبن بە هۆیەک بۆ تەنینەوەی پتری تاوانباری لە دەوروبەریاندا. ئەوان هەرچی هەڵپەکەر و جرپن و شەللاتییە، هەرچی تەمەڵە کە توانای کاری شەرەفمەندانەیان نییە، لە خۆیانی کۆدەکەنەوە. ئەوان ڕەنگە بگەن بە ڕادەیەک کە ژیانی نێو شاران و ناوچان گۆج بکەن، کە ئیدی بەدەگمەن بوێری بۆ دەرخستنی ئاگایی ڕەخنەیی بمێنێت، بەڵێ مرۆ تەنانەت لە پێکەنینی ئاشکرا بترسێت، نەبا بەوە تۆمەتبار بکرێت کە گۆیا بە کوڕانی کاکۆڵزێڕین یان باب و باپیریان پێکەنیوە.
کوڕانی مەسئولان وەک کردارنوێنە سەرەکییە پیلانگێڕییەکان باوەڕ دەکەن کە پارە دەرفەتیان دەداتێت هەموو شتێک بکەن. لێ ئەوان نازانن کە باپیرانیان زۆر لە خۆیان وردتر بوون و پتر حسابیان بۆ کار و مەبەستیان کردووە: ئەوانی سادەی گوندی! یان شارنشین! بە پێچەوانەوە کوڕەکان وا دەزانن کە چاکەت و پانتۆڵ و تەوالێت، یان خەندەی ئەمەریکییانەی نمایشکراوی سەر ڕوخسار، سەنگی مەحەکن. جگە لەوە پێدەچێت کوڕەکان بەهۆی دۆخی دژواربووی کوردانەوە زۆر بەزەبرتر لە باوانیان پێگەیشتبن، یان دوای دۆڕاندنێکی سیاسی دەربەدەر بووبن و لە کوچەکانی شارۆچکەیەکی وڵاتی پەنابۆبردوودا گەورە بووبن، بۆیە نەشیاو نییە کە ئەوان لە باپیران و تەنانەت باوانیان بەزەبرتر دەرچووبن. جیاوازیەکەیان بە رواڵەت ئەوەیە کە ئەمان لە باوانیان کەشخەترن، لێ لە ناوەرۆکدا باوانیان وردترن. کاتێک باوانیان لە دۆخی ترادیسیۆنیتردا پێگەیشتوون و بەو هۆیەوە هەنگاوی لەسەرخۆتریان بۆ مەبەستەکانیان ناوە، ئەوا کوڕ و کوڕەزاکانیان بە پێچەوانەوە لە سەردەمی گلۆبالیزەکردندا شت بەزۆریی لە دەرەوە وەردەگرن، هەروەها جرپنن، خۆ بەرە پێشەوەن، شت پێشاندەرن، بۆیە ئەو شتە کە لە میدیاکان و فیلمەوە فێری بوون، تەنیا بە حیلکە حیلک دووپاتی دەکەنەوە: بە ناباشی کۆپیی دەکەن! کردارەکانی کوشتنی هاوڵاتیان گەواهی دەدەن کە ئەوان کۆپیکەری خراپن. ئاخر دەشێت مرۆڤ بە سیناریۆیەکی کوشتن هۆشسام بێت کە موخابەراتێکی مۆدێرن ئەنجامی داوە (با لە ڕووی مۆرالیشەوە دژی بووەستێتەوە). لێرەدا ئەوە ئەنجامدانی سیناریۆکەی کوشتنە کە ئەوی هۆشسامکردووە. بە پێچەوانەوە کوڕ و کوڕەزای مەسئول کە بە حساب سیناریۆدانەرن، هاوشێوەی ئەو حەشاماتەن کە باوەڕدەکەن هەروا سووک و ئاسان هەر کارێک ئەنجام بدەن: ببن بە میدیاکار و بەڵێندەر، بە تەلارساز و وەستای بینا و باخساز، بە مامۆستای زانکۆ و کەبابچی و دەرکەری گۆڤار! بەکورتی ئەم یان ئەو شتی ناودار دەکەن. لێ بۆ نموونە زۆرینەی خانوو و تەلارەکان، کە ئەمڕۆ کوردەکانی ئێراق دروستیان دەکەن، هیچ ستروکتورێکیان نییە، ئەوەش هاوشێوەی کردارەکەی کوشتنە کە گۆیا سیناریۆی بۆ دانراوە؛ بەڵێ پاژە دانراوەکان کە بە حساب توخمی بیناکەن/کارەکەن، هیچ پەیوەندییەکیان بە یەکدییەوە نییە!
ڕەنگە مرۆڤ هەستێکی لا چێببێت و بە خۆی ببێژێت: "چۆن گیرۆدەی ئەم چڵیتانە بووین!". لێ ئەمە بەڕاستی هەستێکی بێبنەمایە. ئاخر کەس گیرۆدەی کەس نەبووە. ئەوە کەسە کە بڕیار بۆ هەڵوێستی خۆی دەدات. ئەوجا ئێمە چەند زۆر کرداری شاش و فەزحکەری کوشتن ببینین کە گۆیا سیناریۆیان بۆ دانراوە، یان ئەزموونی ئەوە بکەین کە چۆن مرۆ نەفامانە بەناوسیناریۆی پاراستنی کورسییەکەی بەردەخات و ناوی خەباتی دامەزراندنی دەوڵەتی ێدەنێت، هێندەش جەختتر دەبین کە ئەنجامدەری ئەو جۆرە کردارانە کەسانی ترسنۆکن، لێرەشدا بەتایبەتی کوڕ و کاڵەکان هەرگیز تەمەنی درێژی باب و باپیرانی خۆیانیان نابێت. ئاخر ئەمڕۆ پەیوەندییەکانی قەومگەلە ئێتنیکی کوردییەکەی ئیراق چەند ئاڵۆزیش بووبن، هێشتا هەر بەڕوونی دیارە کە سەرجەم بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتووری "گەنیو"ن، بۆیە تەمەنیان بە هەر شێوەیەک بێت، لە کۆتایی نزیک کەوتۆتەوە. ئەمڕۆ زۆر جیاوازە لە سەردەمی دوای ئاشبەتاڵ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە