تۆ بڵێیت ڕۆژێک بێت ئەو لاشە پیسانە لە گۆڕ دەربهێنرێن و لە نیشتمان دووربخرێنەوە؟

Saturday, 21/10/2017, 1:26

3889 بینراوە


 ڕابیندرانات تاگوور دەڵێت: "چولەکە خەم لەوە دەخوات، کە تاوس کلکەکەی بارە بە سەرییەوە"
ئەی ئێمە خەم لە چی بخۆین؟ خەم لەوەی کۆمەڵێک کۆیلە، تۆپەڵێک ترسنۆک و لەرزیوو، مرۆڤانێک کە هەموو ژیانیان لەسەر ئەژنۆ بەڕێ کردوە لەسەر گۆڕی ئەم خائین زادەیە، بەدوای لاشەی ئەم پیاوە پڕگومانەدا دەڕۆیشتن و قوڕیان دەپێوا؟
 لە دوای شین و شەپۆڕی خەڵکانی بێئرادە، خەڵکانی هەلپەرست، درۆزن، ماستاوچی، کۆیلە، بێکەسایەتی، گردبوونەوەی ئەو هەموو کەسە کە ویستیان ئەتوار و کردارەکانی تاڵەبانیمان بیر چێتەوە، نووسەری تێهەڵدراو، سیاسی تێکشکاو، کە دوو ووشە نازانێت، فایلدار، شەرواڵپیس، جەنەڕاڵی ئەستێرە پەڕۆ، کۆپتەر شکێنی فلیمی کارتۆن، گردبوونەوەی هەموو ئەوانە گوایە سەرکردەیەکی هەر چوار پارچە داگیرکراوەکەیان لە دەستداوە، ئەو زلحۆرتە کەبابخۆرەی، گوایە کوردستانی بووە.
قاسمی سلێمانی دوژمنی کورد و مرۆڤایەتی هات سەرەتا بە نامەیەک ستایشی تاڵەبانی کرد، کە چەندە کۆیلەیان بووە، غوڵامێکی چەند گوێڕایەڵیان بووە، چۆن قاسملۆ و شەرەفکەندی بۆ کردوون بەداوەوە، چەندە خزمەتی ڕژێمی ئاخوندەکانی کردووە، لە ناو دێرەکاندا دیارە، مرۆڤ دەتوانێت بیخوێنێتەوە، مەبەستمانە مرۆڤی ئازاد، ئەوانەی کە ئازادیی خۆیان بەسۆز ناگۆڕنەوە و دوای قەرەباڵغی ناکەون. دوای نامەکە لە سەردانێکی چاوەڕوانکراودا هات و لە سەر گۆڕی تاڵەبانی خۆی نمایش کرد و پێی ووتین ئێوە قوڕتان بۆ دڵسۆزێک و سیخوڕێکی ئێمە پێوا، ئێوە پرسەتان بۆ کۆیلەیەکی ئێمە گرت، پرسەی گەرم، شیعر و شانامەی جوانتان بە بەرۆکی یەکێکدا کرد، لە پیاوە بە ئەمەکەکانی ئێمە بوو.
 لە پشتییەوە برازا قارەمانەکەی تاڵەبانی دەست لە سەر دەست و چەماوە وەستاوە "ئاراس شێخ جەنگی" تا بەخەڵکی بڵێت ئەمە تاڵەبانییە، ئیتر بۆ ئێوە بۆی دەگرین، قوڕ دەپێوون؟ ئەو ئاراس شێخ جەنگییەی کە بە دەربڕینێک وەک باوەپیارەی خۆی بێت پێی دەگوت حاجی قاسم، دەک داوەشێیت بۆ ئەو سەروفەساڵە سیخوڕ و خائینە نوێکەی بنەماڵەی تالەبانی، ئێوەش ٣١ێکی ئابێکی ترتان بۆ خۆتان تۆمار کرد.
 ئۆشۆی مەزن لە کتێبی هۆشمەندیدا دەڵێت :"بەبێ ئەقڵ تەنها یەک پیشە هەیە، کە دەتوانیت هەتبێت، ئەویش سیاسەتە!"
 بە ڕاستی سیاسەت پیشەیە، کە تەنها بە کەسانی وەک تاڵەبانی دەکرێت، تۆ ئەو هەموو خیانەتە خۆفرۆشییە درۆیە پلانە بۆ تێکشکاندنی گەلێک بکەیت، ئەو هەموو دەستە گڵاوە تێکەڵ بکەیت، ئەو هەموو تاوانبارە ئازاد بکەی، گەلێک ئەتک بکەیت کەچی گەلەکەت قوڕت بۆ بپێوێت.ئەمە حیکمەتە، ئەمە لوتکەی گەیشتنە بە چێژ وەرگرتن.
 بۆیە ئەم لاشانە نابێت لە گرد و بەرزاییەکان بنێژرێت، کە بەدرێژایی مێژوو بەهۆی ئەم خائینانەوە خوێن لە جەستەی نیشتیمانێک دەڕوات، گەر ئێمە بمانەوێت بە ئازادیی بگەین، دەبێت ئەو گۆڕە بۆگەنانە لە ناو بەرین ،کە مایەی ناسۆرە بۆمان، لە نمونەی تاڵەبانی و بارزانی.
 تۆ بڵێی ڕۆژێک بێت گەلی ئێمەش وەک گەلی فەڕەنسا هۆشمەند بێت "مارابۆ" ساختەچییەکان لە گۆڕەکانیان دەربکەن و ئێسکەکانیان دادگایی بکەن؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە