شارستانیەکانیش وەکو مرۆڤ وان لەدایک دەبن ، دەچنە موراهیقی و گەنجی و پیردەبن و دەمرن

Monday, 20/11/2017, 21:37

2136 بینراوە


وەکو هێگڵ دەڵێت: شارستانیەکانیش وەکو مرۆڤ وان لەدایک دەبن ، دەچنە موراهیقی و گەنجی و پیردەبن و دەمرن. 
هیز و لایەنی سیاسیش بەهەمان شێوە تەواوی قۆناغەکان دەبڕن و تاقۆناغی مردن، بۆیە ئەوکاتەی رەخنە سەرهەڵدەدات لە ئەنجامی کارێکە، کەئەم کارە لە ئەنجامدا نەچۆتە شوێنی خۆی، بۆ ئەوەی شوێنی خۆی بگرێت پێویستە رەخنە گرتن بوونی هەبێت، کاتێک رەخنە لەناو هەرهێز و گروپ و دامەزراوەیەک سەریهەڵدا،
 لەوێدا کێشەیەک هەیە، لەوێدا لادانێک بوونی هەیە، تیایدا وەڵام دەرەوەی داخوازی کۆمەڵگاکەینیە، لەهەر شوێنێکیش داخوازی کۆمەڵگا تێر نەبوو، لەوێدا گازندە و نارەزای لەدایک دەبێت، ئەگەر پێشی پێنەگیرێت هەر لەوێدا ئاراستەیەکی نوێ دەبێتە جێگای گرنگی پێدانی خەڵکان و ئیتر ئەو هێزە جێدەمێێ و هێزیتر پێشەنگایەتی لەخۆ دەگرێت.
ئەوکاتەی هەرهێزێکی سیاسی توشی لادان دەبێت، جا ئەم لادانە بەرژەوەندی بێت، یان بەهۆکاری جۆراو جۆربێت، لەلایەن رەخنەگرەکانی خۆیانەوە توشی رەخنەگرتن دەبێتەوە، بۆئەوەی ئەم لادانە رەست بکرێتەوە و وزە وەربگرێتەوە پێشەنگایەتی کۆمەڵگای خۆی بکات، بەڵام کاتێک گوێ لە رەخنە ناگیرێت و سەرچاوەی رەخنەکە سەرکوت دەکرێت، ئەوکاتە لادانەکە بەرژەوەندی خوازانەیە، ئەوکاتەی بەرژەوەندی زاڵدەبێت و رەخنە نابێتە وەزە بۆ خستنەوەگەری بنەماکانی ئەو هێزە سیاسیە،
 ئەوکات تەوژمێکی گەورە لە رەخنەو تورەی لەناو ئەوهێزەدا سەر هەڵدەدات، لەسەر ئاستی ناوەخۆ تورەبونی گەورە لە کادر و خەڵکی خەمخۆری لێدەکەوێتەوە، لەسەر ئاستی دەرەوەش دەکەوێتە بەر رەخنەی توندی نەیارانی، ئەوەش دەرفەت دەدات بە نەیاران تابتوانن باشتر سود لەم پەشێویە وەربگرن، ئەوکات تورەی دەگاتە لوتکە. ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەم هێزە لە ئاستی تموحی خەڵک و وەڵام دەروەی داواکانیاندا نیە.
هێزی سیاسی وەک زەوی وایە، چەندە زەوی بەپیتبێت ئەوەندە خەڵک لەدەوری خۆی کۆدەکاتەوە، چەندیش پیتی کەم بکات ئەوەندەش خەڵک لێی دور دەکەوێتەوە، رەخنەش بۆ هێزی سیاسی وەک پەینە، کاتێک زەوی پێکهاتە باشەکانی لەدەست دەدات، ئەوکاتەش بەپێی کەمی پێکهاتەی بەرهەمی دەبێت، لەوکاتەشدا خاوەنی زەوی بۆئەوەی بەرهەمەکەی کەم نەکات بەشێک لەو پێکهاتەیەی کەمی کردوە، دەیەوێت بۆی بگێرێتەوە، هەڵدەستێت بەپێدانی پەین. بەڵام ئەوکاتەی زەوی هەموو پێکهاتەکانی لەدەست دا بەپەینیش پێکهاتەکانی نەهاتەوەبەر ، ئەکاتە خاوەنەکەی جێیدەهێڵێت، جارێکیتر ناگەرێتەوە سەری.
رەخنە گرتن لە هێزی سیاسی لەم زەویە دەچێت کاتێک بەشێک لەو پێکهاتانەی لەدەست داوە، ئەم هێزەش کاتێک لە بنەماکانی لادەدات، دەکەوێتە بەر رەخنەی خەڵکی دڵسۆزی خۆی بەرەخنەکانیان دەیانەوێت هەمیشە بەپیت بێت و جێگای سەرنجی خەڵک بێت، بۆیە کاتێکیش ئەوهێزە بەتەواوی لایدا ئیتر سودی نەبەخشی بە کۆمەڵگاو و هەوادارانی ئیتر کەس بەدوایەوە نامێنێت و خەڵکەکە دەچنە زەویەکیتر کە جێگای رەزامەندی خەڵکەکەی بێت.
بۆیە کاتێک ئەوهێزە پیردەبێت و بەرگەی رەخنە ناگرێت و دەشیەوێت وەک سەرەتای تەمەنی گەنجی خۆی نیشانبدات، دێت رەخنە دەکوژێت و ناهێڵێت رەخنە گەشەبکات، بۆ مانەوەی خۆشی هەموو رێگایەکی نایاسای دەگرێتەبەر، لەوکاتەدا ئەهێزە توانای وەڵام دەرەوەی داخوزی خەڵکەکەی خۆشی نیە، هەربۆیەش خەڵکەکەی لێی دوردەکەوێتەوە لەدەرفەتێدا دەمرێت و خۆشی نازانێ چۆن لە ناودەچێ،
 بەدرێژای رۆژگاری رابردوو ئەو هێزانەی لە ناوچونە بەهۆکاری لادانیان بوە لەو بەرنامەیەی دایانناوە، هەروەها توانای خۆ گۆرینی نەبوە لەگەڵ دۆخەکە، هەمیشە لەسەر کەرەستەی رابردووی ژیاوە، ژیانیش لەسەر کەرەستەی کۆن، لەو بەکتریا زیان بەخشانە دەچێت کە هەمیشە لەسەر پاشماوەی کۆن درێژەیان بەژیان دەدەن،
بۆیە هەر هێزێک دەیەوێت لە هەوڵو مەرجی گەوردە بمێنێتەوە و پێگەی لەشارستانیەتی نەتەوەکەیدا جێبگرێت، دەبێت بە تەلیسمی رەخنەدا سەرکەوێت تاببێتە هێزی نوێ و هەمیشە لەنوێدا بمێنێتەوە، هەموو روداوێکی گەورەش لە مێژوودا پێویستی بە بوونی شوێن و کات و بکەر هەیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە