ھیوای سەلامەتی بۆ كاك مسعود بارزانی دەخوازم

Thursday, 14/12/2017, 0:30

5385 بینراوە


ھیوادارم كاك مسعود بارزانی بێتەوە سەر كورسیەكەی و ببێتەوە بەسەرۆكی ھەرێم و كاك كۆسرەتیش زوو چاك بێتەوە بۆئەوەی ببێتەوە بەجێگری. چونكە ئەم پۆست و پایەو پارەو شێوە حوكمڕانیە ھەر لەبەژن و باڵای ئەوان جوانە.
ھیواخوازم ئەوانە نەخۆش نەكەون، چونكە لەم قۆناغەدا پارەی سەفەری ئەوڕوپامان نیە، ئاخر خۆ دەبێ سەردانیان بكەین و دوعای خێرو سەدەقەو قوربانیشیان بۆ بكەین. بۆیە با دەستەو دوعابین تا خودا ئەوانەمان لێ نەستێنێ.
ئەم سەردێرەی من ھیچ جودایی نیە لەگەڵ ھیوا خواستنەكەی بەڕێز یوسف محمدی سەرۆكی دەركراوی پەرلەمانی كوردستان كە بۆ كۆسرەت ڕەسوڵی دەخوازێت.
بەڕێز یوسفی سادق دەفەرموێ: ھیوای سەلامەتی بۆ بەڕێزیان.
بەڕێز كام بەڕێز؟
-ئەو بەڕێزەی كە ٤ ساڵی ڕەبەق ھاوتای مسعود بارزانی بێ ڕێزی بەشەرعیەت و پێگەی سەرۆكایەتی ھەرێم كرد.
خۆ ئەتۆش دەزانی، كە لەگەڵ درێژكردنەوەی ماوەو داسەپاوی بارزانی لەكورسی حوكمدا حوكمی كۆسرەت ڕەسوڵیش بەردەوام بوو..!!!
-ھیوای سەلامەتی بۆ دزێك دەخوازی تا بێتەوەو بەردەوام بێت لەدزی و درۆو جەردەو چەتەیی و گەندەڵی.
-سەردانی كەسێك دەكەی كە بەھۆی گەندەڵیەوە بۆتە ساحێبی ھەزاران دۆنم زەوی و ملیاران دۆلار.
-كەسێك بە (بەڕێز) ناودەھێنی كە نەخۆشخانەیەكی بەناوی شەھیدانەوە دروستكردووەو خەڵكی دەڕووتێنێتەوە، كەچی بۆ عیلاجی خۆی دەچێتەوە ئەوڕوپاو متمانەی بەنەخۆشخانەكەی خۆیشی نیە، خەڵكیش بەھۆی ئەوەوە لەنەخۆشخانەو داودەرمانی ئەم وڵاتە بەگومانن.
-سەردانی كەسێك دەكەیت كە دووجار فێڵی لەنەوشیروان مستەفا كرد و سێ جاریش لە بەرھەم ساڵح.؟
قابیلە ناڵێی ھیدایەتی بۆ دەبەم. خۆ ئەتۆ سادقی ھیدایەت نیت؟
ئەو بەقسەی ھاوڕێكانی نەكرد، فێڵی لەگشتیان كرد.
ئیتر ئەوانە نایەنە ڕێی ڕاست، چون فێڵ و درۆو گەندەڵی لەدەمارو خوێنیاندایە.
-تۆ لەئەوڕوپای بۆ ئەوەی سەردانی گەندەڵكارو داسەپاوەكانی كوردستان بكەی یان ڕای یەكێتی ئەوڕوپا ئاگاداربكەی لە سەرانی حوكمڕانی كوردی؟
كەواتە سەردانی ڕۆژ نوری شاوەیس و وەجی بارزانی و ئاشتی ھەورامیشت كردبا.
ئەرێ پێم ناڵێی تۆ لەئەوڕوپا چی دەكەی؟
ئەگەر دەتەوێ خزمەت بكەی وەرەوەو سەردانی بەغدا بكەو لەپێناو قوت و ژیانی خەڵك لەگەڵیان ڕێك بكەوە.
ئیشی تۆ لەوێ نیە دكتۆر، لێرەیە.
گریمان لەوێیت و خزمەت دەكەیت، ئەرێ پێم ناڵێی سەردانی ئەم مافیایانەت لەپێناو چیدایە؟
ئەرێ من و تۆ ئۆپۆزسیۆنی پارتین یان دەستەڵاتدارێتی فاشل و گەندەڵ كە یەكێتی جەمسەرێكە تێیدا.؟
خۆ ئەگەر بەتەنھا دژی پارتیبین كەواتە وەرەوەو با بچینەوە ناو ئەو حزبانەی لێوەی ھاتووین، تۆ یەكگرتوو و منیش یەكێتی.
ئەگەر یەكێتی بەمۆری مەلائیكە دەزانیت و تەنھا دژی پارتیت ئەوە تۆی لەمەھامی گۆڕان و گۆڕانكاری و ڕێبازەكەی كاك نەوشیروان تێنەگەیشتووی نەك خەڵكی كوردستان.
چون خەڵكی كوردستان لەپێناو ڕاماڵینی گەندەڵی و چەتەگەری ژێر دەستەڵاتی ھەردوو حزبەكە ئاڵای بزوتنەوەی گۆڕانی بەرزكردەوە نەك بەتەنھا لەدژی پارتی.
كاك یوسف، تۆ بەم سەردانەت سەردانی سەرانی كوردت بیرخستینەوە، كاتێ سەددام حسێن كیمیایی بەسەر خەڵكدا دەڕشت و ئەوانیش دەست لەملانێیان لەگەڵ دكتاتۆر دەكرد.
ئەھا پەشێوی شاعیر چۆن پەشێوتر بوو لەداخیان.
ئێمەش خەریكە لەداخی تۆ لەپەشێو پەشێوتر دەبین.
ئاخر كاكە گیان، تۆ سەردانی كەسێكت كردووە، كە بۆتە ھۆكاری ھەژاری من و ھەزارانی وەكو من.
بۆتە ھۆكاری نەبوونی یەك دڵۆپ نەوت.
ھۆكاری پەكخستنی ژیان و دام و دەزگاكانی بەڕێوەبردن.
ھۆكاری بەتاڵی گیرفانی من و ھەزارانی وەكو من.
ھۆكاری بێ ھیوایی نەوەی نوێ، تۆش ھیوای بۆ دەخوازیت.
بۆتە ھۆكاری لەدەستدانی ئەو خاكەی كە بەھەزاران قوربانی بۆدرا.
ھۆكاری ئومێد بڕاوی خوێندكاران.
ھۆكاری نەمانی ئینتماو متمانە بەحوكمی كوردی.
بۆتە ھۆكاری بێ دەرەتانی كەمئەندامان.
ھۆكاری خۆ كوشتنی پێشمەرگە.
ھۆكاری مانەوەی حوكمی چەپەڵ و كرداری چەوت.
ئێستا دەزانی ھیوات بۆ كێ خواستووە.؟؟؟؟؟
دەزانی گەر لێرە بیت سەردانی:
خوێندكارێكت كردبایە، كە بەھۆی سیستەمی خراپەوە لەھیچ زانكۆ و پەیمانگایەك وەرنەگیراوەو دەستەو ئەژنۆ لەماڵەوە دانیشتووە.
یا سەردانی مناڵەكانی سەمەدی پێشمەرگەت كردبایە كە بەھۆی ئەو كەسەی تۆ ھیوای بۆ دەخوازی خۆی كوشت.
-سەردانی ماڵێكت كردبایە، كە بەھۆی كۆسرەتەوە یەك دڵۆپ نەوتی نیەو كارەباكەشی ٦ سەعاتە. خەریكە سڕوگۆت دەبێت لەسەرمان.
-سەرانی ئەوانەت كردبایە كە بەھۆی سیاسەتی پیسی ئەو كەسەی ھیوای بۆ دەخوازی خەریكن ڕێگای ھات و نەھاتی ھەندەران دەگرنەبەر.
-سەردانی ئەوانەشت كردبایە كە بەرەنگاری كۆسرەت و ھاوشێوەكانی بوونەتەوەو ڕۆژانە تەھدید دەكرێن، دەكوژرێن، دەگرێن، سوكایەتیان پێدەكرێت.
لێرەبیت و سەردانی خەڵكانێ بكەی كەبەھۆی كردەوەكانی (ھیوا بۆخوازراوەكەت) توڕەن، پڕ لەقەھرن، ئامادەی بەختكارین.
كاك یوسف، دەزانی بەم كردارانەت، بەم خۆ تەریك كردنەت، ھیچ جوداییەكت لەگەڵ جەوھەر نامیق سالمدا نیە. بیرتە لەشەڕی نێوخۆیی ناڕازی بوو، لەھێنانی سوپای سەددام ناڕازی بوو.
بەڵام لەئەوڕوپاوە تەنھا ناڕازی بوو و ھیچیتر.
ئەویش وەكو تۆ سەرۆكی پەرلەمان بوو.
ئەوەی تۆ دەیكەی، ھەڵەیە، ئەو سەردانەشت شەرمەو نەنگیە.
ھیچ فەرقێك نابینم، لەگەڵ ئەوەی بچیتە سەردانی بارزانیش كاتێ نەخۆشكەوت و ھیوای (زووووووو) چاك بوونەوەی بۆ بخوازیت. بۆئەوەی جارێكیتر بەدەركردن وازت لێ نەھێنێت، بەڵكو بتكوژێت.
ھیواكەشت بۆ كۆسرەت ڕەسوڵ ھەمان پەیامی بۆ ئێمەمان ھەیە، بۆئەوەی (زووووووو) چاك بێتەوە، بێتەوەو لەجاران خراپتر دوو لینگانەمان دە ئەستوو دابێنێتەوە.
ئاخر خەبات واناكرێت برا.
خۆ ئێمە مكوڕین لەسەر داخوازیەكان، ئەمە ڕاستە.
بەڵام كوا؟
لەكوێ؟
كەی؟
وەكو بزوتنەوەی گۆڕان خۆمان كردووە بە خاوەنی ھاتنە شەقام و دەنگی ھەڵبڕاوی ناڕازی.؟
خۆ كاكە گیان خەباتی مەدەنی بەتەنھا بریتی نیە لە: دانیشتن بەدیارە بڕیارو كرداری ئەوانیترەوە.
بریتی نیە لە: لەدەرخستنی گەندەڵی و چەتەیی و تیرۆر.
ئەوەش ئیشی ئیعلامە كاكە.
ئەمە بەتاقی تەنھا بەمنیش دەكرێت.
ئێمە ڕەوت و ڕێبازێكی ڕێكخراوین، توانای گۆڕانكاری و وەرچەرخانی گەورەمان ھەیە، پێم ناڵێی بۆچی ئاوا خۆمان لە دابی كۆمەڵایەتی و سەردانی نەخۆش و مەزارو پرسەو بەیاننامە چڕگرتووە؟
ئاوا ناكرێت و ناشبێت.
خۆتەزانی ھەردەم بە سەرانی حكومەتمان گووتووە: (ئەگەر ئیدارەی ھەرێمتان پێنادرێت فەرموون دان بنێن بەشكەستی خۆتان و وازبێنن).
ھەربەجددی خەڵكیش بەئێمەمان دەڵێت: ئەگەر توانای خوڵقاندنی ڕوداوی كردەیی و وەرچەرخانتان نیە فەرموون دانیشن بەخانەنشینی.
بۆئێمەش ئەوە ڕاستیە كاك یوسف.
خەڵك بەحەق توڕەیەو باشترین ئالیەتی بەرەنگارین بەكردەوە بەرامبەر ئەم دەستەڵاتە.
ئەگەر خۆمانی لێ نەدزینەوە.
خۆ بیرتە سەردەمی كۆن ھیچ لەو وەسیلانەی كۆكردنەوەی دەنگی ناڕازی نەبوون. كەچی كۆشدەكرانەوە.
وەرەوە ھاوڕێباز، ئێستا باشترین ئاسانكاری لەبەردەستی ئێمەیە بۆ گۆڕانكاری و ڕاماڵینی گەندەڵی و مافیاكان، بەو مافیایەشی كە بەڕێزتان ھیوای چاكبوونەوەتان بۆ خواست.
بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی ٥٠٠,٠٠٠ دەنگ و ٦٠٠ كادری ڕێكخراو و ھەزاران ھەڵسوڕاوی بەجەرگ و خاوەن پێگەو ڕێگەو جێگەو زانیاریە.
وەرەوە با ئەو مەعدەنە مرۆییە لەوەرچەرخان و گۆڕانكاری بەڕێگەی مەدەنی وەبەربھێنین و ژیان بخەینە دۆخێكی باش و ئاراستەی حوكمڕانی تاكڕەوی بگۆڕین بۆ عەدالەت و دیموكڕاسی.
تكایە بەسە و چیتر ئەم خۆ گنخاندنە ناومەنێن سیاسەتكردن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە