دۆ و دۆشاو

Wednesday, 20/12/2017, 0:57

3133 بینراوە


ئەوەی ئێستا لە کوردستان نا، بەڵکو لە دەڤەرەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین، ڕوو ئەدا و چاوەڕێی ڕودانی تری لێئەکرێت؛ وەرنەگرتنی پەندە لەو هەموو وانەیەی کە لەو خوێندگەیە خوێندراوە. بەهەند وەرنەگرتنی ئەو ئەزمونە زۆرەی ناوچەیەکەیە، کە لە یادگەماندا سڕاونەتەوە،،،
--------------------------.
ناوزەندکردنی ئەو دەڤەرە بە سەوز، تەواوی کێشە و کێماسیەکانی ئەخاتە ئەستۆی حیزبێک کە خۆی بە خاوەنی ڕۆژهەڵاتی دێبەگە ئەزانێت. هەرچی تفەنگ و فەرهەنگ، هەرچی دراو و دەوەنە، لە ژێر کۆنترۆڵی ئەودایە کە یەکێتییە، ئەگەر بێبەشە لە خزمەتگوزاری و پرۆژەی حکومەت، ئەگەر ئاوەدانی و شارستانی بە هیچ سەکتەرێکەوە دیار نیە، ئەگەر ئازادی و فرە حیزبی هەیە، ئەگەر گەندەڵی و ستەم هەیە، ئەگەر خۆپیشاندان و خۆپیشاندەر کوشتن هەیە، هتد، هەمووی لە ئەستۆی یەکێتیدایە.
حاکم و حکومەت هەر خۆی بوو، ببڕ و بکوژ، ئاستەنگ و ئاسایش هەرخۆی بوو، کەچی لەوێیوە دەنگ بەرزئەکرێتەوە ئەوتریت: بڕۆخێ پارتی و حکومەت،،.
کە هەم وەک حیزب هاوبەشن و هاوپەیمانن لەگەڵ پارتی، هەم وەک خۆیان ئەڵێن؛ شەریکن لە حکومەت، کەواتە بە پلەی لێپرسراویش بێت، نیوەیان بەر ئەکەوێت، وەک چۆن خێر و بیریان بەرکەوتوە، ئاواش ئەستۆمەندیان بەر ئەکەوێت. ئەگەر بەکولتوری سڕینەوەی ماڵی بارزانی دنیایەک خەڵکیان لە خۆیان کۆکردەوە و شەڕی دەیان ساڵەی شاخ و شاریان بە ئەنجام گەیاند و دەیان هەزاریان بە کوشتدا، کەچی نە توانیان حیزبەکەیان پتەو و پایەدار بکەنەوە، نە توانیشیان ببنە پایەیەکی حکومەتێکی پوخت، کە نمونەیەکی باشتر لە پارتی نمایش بکات. ئەوەندە کارەکتەری بودەڵ و ناکارامەیان هێنایە ناو کایەکانی بەرپرسیارییەوە، ئەوەتا یەک لەدوای یەک، هەڵئەوەڕێن و بچوک ئەبنەوە، دیاریترین زەنگی پوکانەوەیان و نەچونە ژێر باڵی ڕیفۆرمەوە بوو، کە بریتیبوو لە دروستکردنی لیستی جودا و وازهێنای کاک نەوشیروان و دکتۆر بەرهەم و دەیان سەرکردە و کادر لەو حیزبە. بەو بەفراوەش نەتوانرا لە مەستیی پارە و پایە، هۆشیار بکرێنەوە و دوا فیلمی ڕیفراندۆمیان بە پاڵەوانییەتی بارزانی و نواندی ڕۆڵی کۆمبارسیان پێ بڕا،کۆتایی هات، کە بووە دوا شکستی کارەکتەرە هەمیشە لەبەرچاوە و زۆربڵێکانیان.
کەواتە یەکێتی لەو دەڤەرە خاوەنی کێشە و کەموکورتی و بەرپرسی نەهامەتییەکانە، تا 7/3/2018، بەڵکو کۆنگرە هەناسەیەکی نوێ بهێنێتەوە بە جەستەی کۆڵەواریدا. 
ئەگینا ئەگەر وا نەبێت، ئاسایش و پۆلیس و هەرچی چەکداری یونۆفۆرم لەبەری سەر بە دەسەڵاتی حکومەت و حیزبی یەکێتین، کە تەقە ئەکەن لە لاوانی خۆپیشاندەر،، ئەگەر لە بارەگای پارتییەوە تەقە کرا، ئەوا پارتین، هەر وەک چۆن لە ڕابردوو کردیان،،.
ئەمەوێت بڵێم ئایا پاراستنی ئاسایش و ئارامی و دەزگا حکومییەکانی خۆرهەڵاتی دێگەڵە، تەنیا لە ئەستۆی یەکێتیدایە، یا حکومەتە! (حکومەت = حیزبی دەسەڵات). کە بە داخەوە لە کوردستان شتێک نییە ناوی حکومەت بێت، پانتاییەکە حیزب خۆی و دەسەڵاتەکەی تێدا نمایش ئەکات و بەس.
یەکێتی و پارتی تاکە هێزن کە چەکدار و تفەنگچییان هەیە، کەواتە لە کوێدا چەک بەکاربێت، لە دژی هاوڵاتییانی خۆپیشاندەر و ڕێپێوەر، ئەم دوو حیزبە بەرپرسن.
لە ڕیکخراوێکی سیاسی و حیزبی و پاشان بۆ هێزی چەکداریی و پاشان بۆ حکومەت و سوپایەکی حیزبی، بەڵام بە ناوی پێشمەرگە و هێزی 70 و 80. هەر هەمان کارەکتەر و هەمان ڕوخسار. کەواتە ئەوەی لە کوردستاندا هەیە، نە حکومەتە و نە دەزگای دەوڵەتییە، بەڵکو بارەگای دوو حیزبی چەکدارە،. هەر بۆێە ڕق وکاردانەوەی هاوڵاتییان لە سوتاندنی بارەگا حیزبییەکاندا بە زەقی دیارە، ڕەنگدانەوە بارەگا سوتاندن، ئەگەر خۆیان بن یا خەڵک، هەمان پەیامە.
ئەوەی کە ئیستا ئەکریت، یاری پارتییە کە بارەگانی حیزبەکانی تر ئەسوتێنرێت وە دامەزراوە حکومییەکانیش وێران ئەکرێن و ئەسوتێنرێن.؛ بۆ ئەوەی خۆی قوتاربکات لە لێپرسراوەتی شکستی حکومەت و ڕیفراندۆم، وە بۆ ئەوەی ناوچەی سەوز وا تێک بچێت کە هەمیشە وەک وێرانە و بی خزمەتگوزاری بمێنیتەوە، چونکە ئەچێتە عەقڵی کێ تۆ بتەوێت، ئەم حکومەتە بڕوخێت و خۆت جێگەی بگریتەوە، کەچی دامەزراوەکانی حکومی بسوتێنێت، کە سبەی خۆت حکومی تێدا بکەیت؟،، وە هەوەها ئەیەوێت پەیام بدات بە دەرەوە کە ئەمانە دژی ئارام و ئاودانین، تا ئەوەی داوای مافی ڕەوای خۆیان بکەن، و یەکیتیش ناچاربکات توندوتیژی بەکار بێنێت، لە هەردوو حاڵەتەکەدا پارتی سودمەندە. وە سوتاندنی بارەگای گۆڕان و کۆمەل، بە فیتی هەردوو هێزە و یەکگرتووش هەرمەکییە. چونکە بسوتێنریت هەر باشە و نەشسوتێنرێت هەر باشە، چونکە لە بەرەی ئۆپۆزیسێۆن و پارتی یاری ئەکات.
ئەوەی کە گوایە ئێران دەستی هەیە، ئەوە درۆیەکە بۆ ترساندنی خەڵک و شاردنەوەی خۆیانە، ئەگینا لە ماوەی 27 ساڵدا نەیاتوانییەوە، هاوڵاتی تیبگەینن کە موڵکی گشتی (دامەزراوەی حکومی) موڵکی گەلە؟، بێگومان نەیانتوانیوە، چونکە سەدان موڵکی گشتی لە لایەن لێپرسراون و حیزبەوە داگیرکراوە، ئیتر چۆن میللەت فێری کولتوری مولکی گشتی و سەقامیگیری گشتی و بەرژەوەندی و سودی گشتیی ئەکەن،. لای ئەوان شتێک ناوی گشتی و حکومی نییە، جگە لە خودی وحیزبی نەبێت.
ڕاپەرین لە دژی ڕژێمێکی دیکتاتۆری ئەکرێت، ڕژێمێکی گەندەڵی ستەمکار، کە بەوە نەبێت نایەتە خوار لە دەسەڵات. وە خۆپیشاندان میتۆدێکی دیموکراسییە لە رژێمە دیموکراسییەکانی کە بە هەڵبژاردنێکی پوخت و پاراو هاتونەتە سەر چوار ساڵی دەسەڵات. ئەگینا ئەگەر دیموکراسین، ئەوا خەڵک لە چەند مانگێکی دیکە، بە دەنگەکانیان ئەتوانن دەنگ بدەن بەو حیزبە سیاسییەی کە ئامانج و مەفەکانی خۆیانی تیدا ئەبینن، بەڵام هەموو هەلبژاردەنەکانیش ئەوەندە پوخت و بێ ساختە نەبوون، تا هاوڵاتی پێی پەسەند بیت.
ئەوەی لە کوردستان ئەگوزەرێت، چییە؟؟ ڕاپەڕین یا داواکاری خەڵکە بۆ مافەکانیان. ئەگەر خۆپیشاندانە، ئەی چۆن هاونیشتمانیان ئەکوژرێت؟ ئەگەر ڕاپەرینە بۆ هیچ ڕێکخراوێکی سیاسی بە فەرمی سەرپەرشتی ناکات؟، ئەی کاتێک تۆ داوای مافی ڕەوا ئەکەیت، ئایا چاوەڕێی وەڵامیت لە حکومەتەکەت، کە لە ئەوروپا لە گەشتن، بە وشەیەکیش نە نیگەرانی نە بە پەلەش نەگەڕاونەتەوە..کەواتە ئەم جوڵە و بزاڤەی خەڵک ئەبێت، ڕیکبخریت و ئۆرگانیزە بکرێت، ئەگینا بێ ئامانج ئەبێت و ماڵوێرانی بە دوای خۆیدا ئەهێنیت، وە ئەمانگەڕێنێتەوە بۆ ساڵەکانی نەوەد.
هاوڵاتیان کوردستان و خەڵکی دڵسۆز و هێزی نیشتمانی ڕاستەقینە، زۆر وریایانە ئەبێت، ئەم تەنگەژەیە بەڕێبکەن و نەخزێنە ناو جوڵە گومانیاوەکان، و بە پلان و بەرنامەی ئێستا و دوای ئیستاش شێلگێرانە بەشداربن، ئەگینا دۆخەکە و گەمەکارەکانی ناوچەکە بە هەڵدێرێکی تردا ئەیبەن.
لەبەر ئەوە ئەم دوو حیزبە نەک هەر خۆیانن، باڵەکانیشیان لە ململانی و پەلوپۆ هاویشتندان، نەک بۆ چارە و ئاشتی و ئارامی، بەڵکو خوڵقاندنی ئەتمۆسفێرێکی دوکەڵاوی و بێ سەروبەر، کە درێژە بە تەمەنیان بدات، هەر بۆیە بە پلان و پرۆگرام دۆ ودۆشاویان تێکەڵ کردووە.

لاهای/هۆڵەندا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە