پەیامێک لەناو دار زەیتونەکانی عەفرینەوە

Saturday, 10/02/2018, 3:44

3772 بینراوە


سیاتڵ سەرکردەی هندەسورەکان لە ئەمەریکا لەنامە مێژوویەکەیدا نوسیبووی " منداڵ لەکاتی لەدایک بوونیدا، حەزی لە دڵەکوتێی دایکێتی ".
----------------------
 ئێمە لەخۆمانەوە دەترسین، نەنە پیرە نورانێکەی گەڕەکەکامان، هەمووجارێک کە سەربەرەوخوار گوزەری دەکرد بە گەڕەکەکەماندا بەچاوە کزەکانێوە لەکچە عەجولەکانی گەڕەکی دەڕوانی بە کچەکانی گەڕەکی ئەوت : ئەوە چی دەکەن ؟ ئیتر بەسە هەڵبەزوو دابەز مەکەن، یاری کوڕانە مەکەن خراپە زۆر خراپە لە دوایدا بێبن دەبن ها.
 ئەوسا منی منداڵ نەم دەزانی بێبن بوون چی یە...!؟ بەڵام لەگەڵ گەورەبوونی ئێمەدا کچەکانیش لەیاری کردن بوونەوە لەگەڵمان و دورکەوتنەوە، زوو زوو هەواڵی ئاگر تێبەربونێک کوژران و مردن و شوکردنی هاوڕی کچەکانمان دەبیست بەپیاوێکی پیر، لەبری خوێن بای گەورە بەبچوک هتد....
 ئەمڕۆ کچانی نیشتمانی من نەک یاری کوڕانە، بەڵکو لەجێی هەموو پیاوە سەربازێکان کە خۆیان بەئمپراتۆری شەڕ دەزانن، شەڕ دەکەن.ئەوان هەموو یاسایەکیان بەدرۆ خستەوە کە لەڕێگەی پیاوە دینێکانەوە ئاراستەیان دەکرا، ئەوان هەموو کەڵچەری کۆمەڵگاشیان جێهێڵا و ئێستا پێشەنگن.
 بەکچانیان دەوت : دەبێت بترسیت، خوا تۆی نەرم و نیان کردوە، لەماوەی ژیاندا مرۆڤ بەچەند شێوە هەڵسو کەوت دەکات.
 هەمووشمان لەپشتی ڕووپۆشێکەوە خۆمان حەشارداوە، ئێمە ڕق و قینە هێزمان پێدەبەخشێت، لەکاتێکدا هیچ هیوایەکمان نی یە.نەفرەت وڕق دەمان هێڵێتەوە....! کاتێک نەفرەتی دەدات لەخۆشێکان، ئەوسا هەموومان بۆ خوا دەگەڕێین، نازانین کە زۆر دواکەوتووین، بۆیە لەم کاتەدا کە ڕقلێبونەوەمان لە لوتکەدایە خوا خۆی پیشانمان نادات.
هەربۆیە دەکەوینە سەر ئەوەی ڕێکەوتنێک لەگەڵ ئەو ژیانە بێمانایەدا بکەین کەوەک چارەنوسیك بەرۆکی گرتووین.
 سەرئەنجام هەریەکەمان ڕێگەی خۆی هەیە بۆ دۆزینەوەی خوا، هەندێک ڕاکردن هەڵدەبژێرێت وەک ئێمە لەباشور کردمان.
لەڕۆژئاڤاش مانەوەو جەنگ و بەرگری، کچان و ژنان لەوێ تەنها فرمێسک ناڕێژن لەخۆیان نادەن و نالاوێنەوە و خۆیان نمایش ناکەن و بەرگی سەرتاپاڕەشی پرسە ناپۆشن.ئەوان لەبەرەکانی جەنگدان، کچان لەڕۆژئاڤادا محاڵیان تێک شکاند، هیچ ڕێگەیەک نی یە کەچی ئەوان ناوەستن.هەموو دنیا چاوەڕێ دەکەن کە بوەستن، ئاڤێستا ڕێگەیەکی نوێ پیشانی هەڤاڵەکانی دەدات، ئاڤێستا دەڵێت : دوام کەون ڕێگەیەک تۆزێ ئاستەمە، بەڵام ڕۆژ دیارە من ڕووناکێکەی لەناخمادەبینم، ئاڤێستا دەڵێت : تاریکی لەهەناوی خۆت دەرکە ڕێگابکەن ئێوە دەزانن " هەموو شتێک لەوەستاندا بۆن دەکات، گەر ئاویش بێت".
مرۆڤ پێویسە بەر لەوەی بەکارێک هەستێت یان خەریک بێت کارێک ئەنجام بدات، دەبێت لەخۆی بپرسێت من کێم ؟ 
 ئەوکاتەی ناتوانین بڕۆین ئەوە تاریکیە لەناو ناخماندا ڕێگەمان پێدەگرێت، پێچەوانەکەی کەڕووناکیە ژیان ڕازی دەبێت جوانتر دەبێت کەتۆی تیایت، من نامەوێت هیوات پێبدەم، چونکە تۆبڕیارد داوە کە هێچ شتێک ناگۆڕێت و وەستاوە.
 ئێمە دەتوانین هەڵهێین دورکەوینەوە، بەڵام بەڕێگەیەکی جیاواز، تەنها شتێک کە لەو تێکشکانە ڕزگارمان کات لەباشور لەو نیوە هەرێمە داگیرکراوە یەکگرتنی خەڵکە کەیەتی، خۆ دەسەڵات نەماوە، ئەوان ناتوانن سزای کەس بەن، بەڵام پەرت و بڵاوی ئێمە هەیکەلی دەسەڵاتێکی ناشرینی هێشتۆتەوە.
 ئێمە لەکوێین، کاتێک خۆمان لەبیر کردوە ؟ کاتێک مرۆڤ ئەوە بێنێت، کە بەبێ خراپەکردن محاڵە چاکە ناسازێتەوە.سەیری ئەم کچە شەڕڤانانە بکەن کە بە ماتماتیکی گولەی ڕاجیمەکان ئاراستەی داگیرکەران دەکەن، ئێمەش لەباشور کێمان بەرهەم هێناوە ؟ 
چاکترە بڵێم دەسەڵاتداران کێ و چیان بەرهەم هێناوە؟ ئەوهەموو پیاوە نەجمە بەشانانە لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا کەبەبەر چاوی کامێراکانەوە نەڕەنەڕیان دەکرد و خۆیان بادەدا و ئەستێرەو داڵ و شمشێری سەرشانیان نمایش دەکرد، چیان لێهات هاتن لەشەقامەکانی سلێمانی وەربوون تا سەرکوتی خەڵکی ناڕازی بکەن.
زۆرمان دەزانین ئەوڕووپۆشەی لە پشتێوە خۆمان حەشارداوە بێمانایە، ئێستا بێت یان دوایی ئەو ڕووپۆشە لەتوپەت دەبێت، ئەوسا وەک دوای ڕاپەڕین هەموو بەچیرۆکێکی دروستکراوەوە دێن و خۆتان نمایش دەکەن، بۆیە ڕاستیان ووتوە:
" پێش چارەسەری کێشە، هۆکار بدۆزەرەوە".
 لەباشور لەماوەی حاکمێتی کوردا هەزاران ئاڤێستا سوتا کوژرا ئەتک کرا درابەشیربای لەزیندانکران، شەوی سوریان پێدروستکردن، کەچی ناوێک نەبوە سمبوڵ.دوعاو ناز و پەری تەنها یەکدوو ڕۆژ لە هزرماندا جێگەی گرت، دوای خۆیان و ڕووداوەکانیان چیرۆکەکانیان کاڵبونەوە نەمان بوون بەهەڵم و ئاسمانی باشوریان لێڵترکرد.
 کچەکانی ڕۆژئاڤا وەک گۆڕستان بێدەنگن، بەڵام هەموو دەرکەوتنێکیان بورکانێکە بەجیهاندا پریشک بڵاو دەکاتەوە، کچەکانی ڕۆژئاڤا شاین گۆڤەندن هەوان شنەی بایەکن نازدار بۆنی خاک و زەیتون و گوڵەبەیبون و نیولوفەریان لێدێت.
خوا بەچرکەش چاو لەکچانی ڕۆژئاڤا ناتروکێنێت، ڕەنگە خوا لەبیری ئەوەدا بێت کە پەیامبەرێک لە ناویاندا دروستبکات و وەک دوا پەیامنێر بۆ عەرشی خۆی بینێرێت، پەیامنێرێک لە کچێکی ڕۆژئاڤای لەدەستە خوشکەکەی " ئاڤێستا "بەچڵێک زەیتونەوە بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو زەویەی جەنگ دوایی جەنگ بەرۆکی گرتووە.
 
سوهراب سپهری دەڵێت " مرۆڤەکان چەند هەڵەن، کاتێک بێگوێدانە گوڵێک لەتەنیشتێوە تێدەپەڕن، کەچی دەڕۆن تاشعر بەباڵای گوڵێکدا لەکتێبێکدا بدۆزنەوەو بیخوێنەوە ".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە