سوپای ووڵاتان و ئەوانەی لای خۆمان دوو تێگەیشتنی جیاوازن لە مانای مرۆڤ بوون

Saturday, 23/12/2017, 2:36

3664 بینراوە


ساتەکانی تاریکی و ڕوناکی دێن و دەڕۆن. ئێمەش لە سوڕێکی ڕۆژ و شەودا، ڕووداوەکان لەگەڵ خۆیاندا دەمان هێن و دەمان بەن، یان کارەکتەرێکی تەماشاکەرین ڕاستەو خۆ بەشدارین و لە جێگەیەک لەناو گەمەکەداین، لەناو ململانێکەدا لەبەرەیەکداین. ئێستا ئێمە هێشتا لە دەورانێکداین بەر لە ڕووداوە ڕاستەقینەکە. وەک دەڵێن: شادمانی و هەڵوێست تەنها بۆ کەسانی بوێرو بەجەرگ و دلێرە، چونکە هەڵوێستی جەوامێری کاتێک ڕوودەدا کە تۆ بەئاگاییەوە دادگایی خۆت بکەیت و پرسیار لەخۆت بکەیت و بپرسیت: "ئەرێ من خەریکی چیم ؟". 
 بەر لە چەند ساڵێک لە ووڵاتی سوئید لە قوتابخانە ی ئامادەی دەمخوێند، ڕۆژێک "خاچی سور" هاتن بۆ قوتابخانەکەمان و داوایان کرد کە خولی سێ ڕۆژیمان پێبڵێنەوە لەسەر خۆ ئامادەکردن بۆ ڕووداوەکان و یارمەتی سەرەتای بۆ فریاکەوتن. دیارە چوون ئەو خولە بە زۆر نەبوو، هەموو قوتابییەک دەیتوانی بچێت، یاخود بڵێ من نامەوێت و نەچێت. 
من چوم و لەوێ وانەی ڕەوشت و یارمەتی سەرەتایی ڕزگارکردن فێربووین، لەماوەی ئەو سێ ڕۆژدا، فێربووین لەگەڵ ڕووداوەکاندا چۆن بەرخورد بکەین، هەم بە خوێندن (تیوری) بۆمان باس دەکرا و ئەوسا بە کردار (پراکتیک) چالاکییەکەمان دەکرد، چەند نامیلکەیەکیشمان وەرگرت لە سەر مێژووی دروستبوونی "خاچی سور" و ئەو جێگایانەی لە جیهاندا ئەوان دەستیان پێگەیشتوە و لێی بوون، لەکاتی ڕووداوەکاندا وەکو ڕووداوی جەنگ، یاخود ڕووداوی سروشتی، پاشانیش بوووین بە ئەندام لەو ڕێخراوەدا بۆماوەی ساڵێک بە بێ ئابونەدان، دوای ساڵەکەش دەبوو پارەی ئەندامێتی بدەیت. 
 هەر ئەو ساڵە هاوینەکەی گەڕامەوە نیشتمان و لە سلێمانی لە ڕێگەی هاوڕیەکەوە کە ئەوسا بەڕێوبەری پۆلیسی فریاکەوتن بوو "کاک هوشیار " داوام کرد بوارم بۆ بڕەخسێنێت، من دەتوانم لەگەڵ فێرکردنی هونەری بەرگری، سەرەتای یارمەتی بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤەکان لەکاتی ڕووداودا خولی فێرکردن بکەمەوە و ئەفسەرو پۆلیسەکان بتوانن بەشداربن لەو خولەدا، کە من بەخۆبەخش ئامادەیم دەربڕی کە هەستم بەوکارە. 
پاش یەک دووڕۆژ چوین بۆسەرا کە فەرمانداری وەزارەتی ناوخۆ لەوێ بوو، مامۆستا جەلال پڕۆژەکەی پێباش بوو، منیش دەستم کرد بەخۆ ئامادەکردن، بڕیاردرا کە بۆماوەی سێ هەفتە هەموو پاش نیوەڕوانێک لە گۆڕەپانی پۆلیسی فریاکەوتن من وانە بڵێمەوە. کە لە شەقامی سالم بوو جێگەی پاسەکانی مەسڵەحەی کۆن، یەکەمین ڕۆژ زیاتر لە ٣٠ تا ٤٠ ئەفسەر و پۆلیس هاتن بە کاک هوشیاری بەرێوبەریشیانەوە. 
 دوای ئەوەی ڕاهێنان دەستی پێکرد هەستم بەوەکرد کە بەڕاستی ئەم هێزە بەتاڵن لەهەموو سەرەتای خۆشەویستی بۆ خاک و بۆ خەڵک. ئەمانە هەڵگری هیچ ئایدۆلۆژیایەک نەبوون و نیشتمان و خەڵکیش و خزمەتکردن لایان غایب بوو. چەند ڕۆژێک بەر دەوام بووین ڕۆژ بەڕۆژ هێزەکە کەمی دەکرد و بوون بەهەڵم، تاوای لێهات لەهەفتەی یەکەمدا ئیتر کەس نەهاتەوە. 
ڕۆژێک ئەفسەرێکی دوو ئەستێرەیی پێی ووتم : مامۆستا کە من تفەنگم پێبێت چ پێویستم بەوەیە، خۆم هیلاک بکەم ؟ ئەگەر بەرامبەرەکەم بەلەسەبوو ئەوا گوللەیەکی لێدەدەم بۆ خۆی و باوک و باپیری ئاقڵی دەکەم. 
 بۆم دەرکەوت گەلەکەم ڕۆژێک دێت، بەدەستی ئەمانە خەڵتانی خوێن دەکرێن، بۆیە هەر ئەوسا ژوان بومەوە لەو کارە کردم و ئێستا داوای لێبوردن دەکەم، کە ڕۆژێک بیرم کردۆتەوە، هونەری بەرگریی فێری هێزێک بکەم کە ئێستا سەنگەری لەگەلەکەی خۆی گرتوە. 
چەکداری پارتە کوردییەکان شێری ماڵەوە و رێوی دەرەوەن
شەهید ئارام دەڵێت: "هەموو بەرگ بۆرێک پێشمەرگە نییە" هیچ گەلێک لە دنیادا بەقەدەر گەلی کورد لە باشور ئاوەها تێک نەشکاوە و بێئرادە نەکراوە، لە کاتێکدا ئێمە گەلێکین بە حساب لە ڕێگەی شۆڕشەوە گوایە بەو بە ناو ئازادییە گەیشتووین. 
ئەمڕۆ ئەو هێزە بەرگ بۆر و دەرع و پۆستاڵ و چاویلکە ڕەش و تفەنگ بەدەستانەی کە لە شەقام و کوچەو کۆڵانەکان وەربوون، ئەو کاسانەن کە بەر لە مانگێک لە بەردەم هێزی میلیشیای حەشدا بێئیرادە سەنگەرەکانیان چۆڵ کرد، کەس نەی دەزانی لەکوێن ؟ تەنانەت هێندە کۆمێدی بوو، خاوەن ئەستێرە و داڵ و شییرەکان کە لەگەڵ حەشدی جاشدا دانیشتبوون خۆیان ڕووتکردبۆوە لە ئەستێرە و داڵەکانی سەر شانیان، چونکە کەسیان لە قوتابخانەی سەربازیدا پەروەردە نەبوون. ئەستێرەی سەرشانی ئەوانە لە و ڕیستۆرانەدەچێت کە بۆ فیان هەیەو بەدڵی خۆت قاپەکەت لە هەموو ڕەنگ و شێوەیەک پڕ دەکەیت، ئەوانیش ڕەنگە ئەستێرە و داڵ و شییرەکانیان لەسەر مێزێک بۆ دانابن و پێیان ووتبێتن خزمینە خۆت ئەستێراوییەکە بەدڵی خۆت. ئاخر ترا ژیدیایە گەلێک هەمووی نەقیب و قائید و وەزیرو گزیر بێت، بەڵام کاتێک، کە قەومان دێت لە پیش هەموویانەوە ئەستێرە بەشاناکان ببنە هەڵم. 
لە کاتێکدا سوپای ووڵاتان هەموویان لە خزمەتی گەلەکەیاندا ن، ئەوەبوو لە ووڵاتی میسر سوپا بەرەی گەلی گرت، حوسنی موبارەک بێدەسەڵات مایەوە، لە لیبیا، لە یەمەن، ئەگەر سوپای ئەو ووڵاتانەش نابێتە عیبرەت بۆتان، چاکە سەیری جوامێریی سوپای ژاپۆنی بکەن، کاتێک کە ڕووداوێکی سروشتی دەبێت، ڕۆڵی ئەو جوامێرو میراتگرانەی ساموراکان چی دەکەن و چۆن داپیرە و باپیرەکانیان لە کۆڵ دەکەن ؟ 
دورلە ئێستا سەردەمێک لەو چیایە بووم، ئێمە بەڕاستی درەومان لەگەڵ جوتیاردا دەکرد گەر خەریکی خانو دروستکردن بوایە قوڕکاریمان لەگەڵ دەکردن، لەگەڵ خەم و ئازاری گوندنشینەکاندا بووین، ڕەنگە هەموو وا نەبووبین بەڵام لە نامیلکەی "ڕەوشتی هاوڕێ کۆمەڵەدا" بەرنامەیەک هەبوو، بەئەخلاقەوە پەیڕەومان دەکرد. 
ئێستا من لەجێگەی ئەو هەموو چەکدارە ی وەربووە لە شارەکەم داوای لێبوردن دەکەم کە ڕۆژێک بەعەقڵی خۆم وویستم وانەی ڕەوشت کە فێرکرام لە ووڵاتی سوئید بە هاوزمانەکانم بڵێمەوە، پەیامێکیشیان بدەمێ کە مرۆڤ بوون لوتکەی کەرامەتە، من سەیرم لێدێت کوڕە هەژارێک چۆن تەقە لەهاوزمانێک وهاونیشتمانێکی خۆی دەکات. 
پەندێکی هیندی جوان هەیە دەڵێن :" هیچ سەگێک ناتوانێت ببێتە شتێکی باڵاتر لە سەگ" بەڵام مرۆڤ دەرفەتی گەشەکردنی هەیە. ئەو دەتوانێت باڵا بکات و بگۆڕێت، بۆیە کە هێزێک بەزمانی کوردی لەشەقامەکانی شارەکەم یان نیشتمانەکەم دەبینم لەخەڵک مۆڕ دەبێتەوە، تەنها دەتوانم بڵێم ئەم تەڵاشي بەردە بێفەڕانە کەی دەگۆڕێن ؟ کەی هۆش دێتەوە بەر خۆیان ؟ جوانی شکۆی مرۆڤ لەوەدایە لەخۆی بەرزتر بێتەوە تا مانایەک بدات بەژیان. 
" تاگور"ی مەزن دەڵێت:
مرۆڤ، 
لە ئاژەڵ خراپترە، 
ئەوکاتەی کە ئاژەڵە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە