ڤالانتاین و قەشە تاڵەبانى

Thursday, 15/02/2018, 20:53

4938 بینراوە


لەم وڵاتە هەتا بژیت شتى سەیر و سەمەرەو پێکەنیناوى دەبینیت. بەجۆرێک کە مرۆڤ نازانێت چ پێناسەیەک بۆ بکەران و ئەنجامدەرانى ئەو گاڵتە جاڕییە بکات..سەردەمى سەدام بۆ ئەوەى یادى نەورۆز لەبیرو زیهنى خەڵکدا کاڵ بکاتەوە ئەهات ئەو ناوەى ئەگۆڕى بە (عید شجرە) واتە جەژنى دارو درەخت،کە بۆخۆشى زۆر چاک ئەیزانى ئەوەى ئەیکات هەر خۆخەڵەتاندن و خۆ گێل کردنە لە بەرامبەر  ئەو بۆنە نەتەوەییە. بەڵام هەر سور بوو ئەنجامى ئەدا، لەولاشەوە خەڵک لە ئاگرکردنەوە دەربڕینى خۆشى و شادى کۆڵى نەئەدا و بەو هەواو نەفەسەوە پێشوازى لە نەورۆز جەژنى نەتەوەیى ئەکرد.
ئیمڕۆش کە رۆژى ڤالانتاین و بۆنەى عاشقانى دونیایە،دڵداران  گوڵى سور پێشکەش بەیەکترى ئەکەن. کەچى لەولاوە سەرانى یەکێتى یان باشترە بڵێم کچانى بلەى ئەحە رەش. ئەیانەوێت ئەو یادە جیهانییە بقۆزنەوە ،ئەو بۆنەیە بکەن بەبۆنەیەکى سیاسى و حزبى و،بەگوڵى سپى یەوە خەڵک ئەنێرن بۆ سەر قەبرەکەى تاڵەیانى. پێم سەیرە ڤالانتاین و تاڵەبانى چى کۆیان دەکاتەوە؟ خاڵى هاوبەشى نێوانیان چى یە؟ ئایا تاڵەبانى قەشە ڤالانتاینە؟ یان قەشە ڤالانتاین سەر بەبنەماڵەى تاڵەبانى یە؟ وا لەم رۆژەدا عاشقان پەست و نیگەران ئەکەن و ئەیانەوێت ئەو یاد و بۆنە جیهانیە ناشیرین و پیس بکەن؟!
ئەرێ بەدریٍژایى تەمەنتان بیستوتانە تاڵەبانى و هێرۆى ژنى بۆ یەک چرکەش  خۆشەویست بوبن؟ ئایا ئەوان هیچ لەماناى خۆشەویستى وئەوین تێدەگەن؟ ئایا ئەوان لەو حزبە سەرمایەدارە و خاوەن موڵکە توانیویانە دەستگیرۆیى یەک کوڕو کچى عاشق بکەن تا بچنە ژیانى هاوسەرى یەوە؟ ئایا ئەوان هیچ کار و پرۆژەیەکیان بۆ خۆشەویستى و عاشقان هەبووە؟ توانیویانە رێز لە عیشق و ئەوین و خۆشەویستى بگرن؟ لەژیانیاندا توانیویانە خۆشەویستى و سۆز و وەفا بۆ خەڵکى و میللەت ببەخشنەوە؟ ئەوان ئەو زاڵم و بەدکارانە، چەنێک عاشق و مەعشوقیان لەیەکتر کرد؟ چەنێک هیواو حەز و خۆزگەى عاشقانیان کردە قوربانى بەرژەوەندى خۆیان، لە سەردەمى شاخ لە کاتى شەڕى ناوخۆ، لە کاتى ئێستادا، چەنێک خەون و خۆزگەى ئەویندارەکانیان کردە ساقەى یەک فیشەک؟  بەراستى شەرم و حەیاچوونە بۆ کەسانێک کە بۆخۆیان ناخیان پڕ بێت لەرق و قین و بوغز، کەچى بێن  باسى خۆشەویستى بکەن!! ئەوە تۆمارى مێژوو بڕۆن تەماشاى کتێبەکەى هەڤاڵ کوێستانى بکەن، کە زۆر راشکاوانە دەڵێت، لەسەردەمى شاخ کچ و کوڕێک کە خۆشەویستى یەکترى بوون،  بنەماڵەکەیان رازى نەبوون تا هاوسەرگیرى بکەن، ئەوانیش بۆ ئەوەى بەیەک بگەن و پێکەوە هاوسەرگیرى بکەن، لەگوندەکەى خۆیان هەڵدێن و پەنا دەبەنە بەر هێزى یەکێتى و تا داڵدەیان بدەن و سوڵح و رێکەوتن یان بۆبکەن، کەچى  سەرانى یەکێتى زۆر نامرۆڤانە دەیان دەنەوە دەست عەشیرەت و بنەماڵەیان وهەر لەبەر چاوى ئەوان هەر لەوێداکەس و کاریان  گوللە بارانیان دەکەن. ئایا حزبێک  لەسەردەمى خەباتى رزگاریدا کەبەقەولى خۆیان بۆ رەنجدەران و هەژاران  تێکۆشاون، ئەوە هەڵوێستیان بێت لەبەرامبەر دوو عاشقدا، ئەى ئاخۆ ئێستا لەسەردەمى بێ ناموسى و شەڕواڵ پیسى و دزى و سەرسەریەتى ئەبێت رەفتاریان چۆن بێت و چۆن تەماشاى عاشقان بکەن؟ تکام وایە لەو خەڵکەى کە تائێستاش هەر نەفامى وگەمژەیى و گەلحۆیى بەرینەداوە، بێنەوە هۆش خۆیان، رێگە نەدەن ئەو یادە جوان و ناسک و پڕ لەهەستە،  لەگەڵ  ئەو تاوانکارەدا ئاوێتە بکەن و، وامان لێبکەن هەر کەیادى ڤالانتاین هات، لەبرى گوڵى سوور و پەیڤى عاشقانە، پەست و نیگەران و لێو بەبار بین.        ئێمە لەم مەملکەتەدا هیچمان نەماوە دڵمانى پێ خۆش بکەین، ئەوەتا هەرچى موڵک وماڵە،هەرچى داهات و خێر وبێرە، هەرچى خزمەتگوزاریى سەرەتایى یە ،مووچە و رەنجى خۆمانە، لێیان دزیوین و زەوتیان کردوە، تەنها هەر ئەو یادە ماوە،رێگە مەدەن  ئەوەش بدزن و بیکەنە دەستکەوت و بۆنەى حزبى.تکاشم لە کچانى ئەحە رەش و نەوەى تاڵەبانى یە. ئیدى با بەس بێت..وەک دەزانن چەند مانگێکە  رەنگ و روخسارو گۆڕ و ناوى تاڵەبانى لەپێش چاومان نەماوە و، ون بووە، پێم وابێت بۆخۆشى لەنێَو گۆڕدا ئاسودەترە،چونکە کەمتر نەفرەت و دوعا و قسەى نەشیاوى بۆدەچێت، بۆیە واز لەو کار و کردەوەو بیرۆکە سەقەتانەى شاناز بێنن، با برینمان نەکولێتەوە و جارێکى تر ئەو پیاوەمان بیر مەخەنەوە. با ئێمەش دەست نەکەینەوە بە  ناردنى رەحمەت  بۆى.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە