هاوکێشەکانی ئەمریکا لەبەرامبەر خۆرئاوای کوردستان و باشوری کوردستان

Monday, 19/02/2018, 22:15

4980 بینراوە


1- هاوکێشەی ئەمریکا - تورکیا - خۆرئاوای کوردستان
تورکیا هاوپەیمانێکی ستراتیجی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا، و بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی ناوخۆی سوریا بە دەستێوەردانی دەرەکی لە ساڵی 2011 دا، کورد لە خۆرئاوای کوردستان توانی بە پەیڕەوکردنی هێڵی سێیەم، خاکی خۆی ڕزگاربکات، و سیستمی کانتۆنی دابمەزرێنێ و ئەزموونێکی جوانی دیموکراسی و پێکەوەژیان، لە ناو گێژاوی تیرۆر و کاولکاری سوریادا پێشکەش بکات.
لە ساڵی 2014 دا، تورکیا لەڕێگەی چەتەکانی داعشەوە هێرشێکی وەحشیانەی کاولکارییانەی کردە سەر کانتۆنی کۆبانێ، تورکیا بە هەموو ئیمکانیەتێکی سەربازی و سیخوری یارمەتی چەتەکانی داعشی دەدا، بەڵام تێکۆشانی شەرڤانان ئەو پیلانەی تێکشکاند، و دوای دوومانگ بەرگری توانیان سەرنجی دنیا بەلای خۆیاندا ڕابکێشن، و هاوکاری نێودەوڵەتی و ئەمریکیش بەدەست بێنن، و قۆناغی فیرار و کۆڕەو و ئاشبەتاڵ لە مێژووی هاوچەرخی کورددا کۆتایی پێبێنن، و سیاسەتی بەرگری ڕەوا و دژە پیلان پەیڕەوبکەن.
تا سەرکەوتنی کۆبانێ، تورکیا لەگەڵ بەرەی خۆرئاوادا بوو، لە ئاریشەی سوریادا، و لەگەڵ ڕووخانی ئەسەد دا بوو، دژی ئێران و سوریا و عێراق و ڕووسیا.بەڵام لەگەڵ سەرکەوتنی کۆبانێ دا، ئەمریکاش لە ڕێگەی خۆرئاوای کوردستانەوە بە کرداری هاتە ناوچەکە، و چەند بنکەیەکی سەربازی لە کۆبانێ، و ناوچەکانی دیکە کردەوە، واتا کورد توانی بەرژەوەندی ئەمریکا بهێنێتە خۆرئاواوە و بە ئاڕاستەی بەرژەوەندی میللەت بەکاریبهێنێت، بە جۆرێک ئەمریکا وەکو جاران گوێی لە مەرج و خواستەکانی تورکیا ناگرت، چونکە ئێستا لە جیاتی تورکیا بەدیلی لە ناوچەکەدا هەیە، ئەویش خۆرئاوای کوردستانە، ئەمەش بە مانای تەسلیم بوون نیە، بەڵکو بە واتای سیاسەت کردن دێت بە ئاڕاستەی پێگەی کورد لە ناوچەکەدا، چەند جارێک تورکیا داوای لە ئەمریکا کرد، کە لە نێوان تورکیا و یەپەگە دا یەکێکیان هەڵبژێرێت، بەڵام لە بەرامبەردا ئەمریکا بنکەی سەربازی لە خۆرئاوا دەکردەوە، و ڕاستەوخۆش هێزەکانی سوریایی دیموکراتی پڕ چەک دەکرد، کە یەپەگە هێزێکی سەرەکی پێکهاتەی هێزەکانی سوریای دیموکراتە، ئەم سیاسەتی کورد و هەڵوێستەی ئەمریکا بوویە هۆی بەهێز بوونی کورد و پاشەکشێی تورکیا لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
تورکیای دووەم هێزی ناتۆ دوای یەک ساڵ لە هەڕەشە و پیلانگێڕی و ڕێکەوتن لەگەڵ ئێران و سوریا و ڕووسیا و هێڵی خیانەتی ناو کورد پاشان هێرشی کردە سەر عەفرین، پاش چوار هەفتە لە جەنگێکی نابەرامبەر لە ڕووی چەندێتی و چۆنێتییەوە ڕووبەڕووی بەرگرییەکی بێ وێنە بۆتەوە، و لە ناوخۆ و دەرەوەدا تورکیا ڕووبەڕووی قەیرانی گەورەی ئابووری و سیاسی کراوەتەوە.بەردەوامیش تورکیا داوا لە ئەمریکا دەکات لە مەنبج بکشێتەوە، چونکە هێرش دەکاتە سەر ئەو شارە، بەڵام ئەمریکا تا ئێستا بە هیچ شێوەیەک ئەو داوایەی قبوڵنەکردووە، و بەردەوامیش هاوکاری هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات، و بە هاوپەیمانی ستراتیجی خۆی لە سوریا لە قەڵەمی دەدات.
پاش سەردانەكەی ریكس تیلرسون وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ توركیا‌و دیداری لەگەڵ ئەردوگانی سەرۆك كۆماری توركیا‌و مەولود چاوش ئۆغلوی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، بەروونی پەیامی ئەمەریكای پێڕاگەیاندن‌و نائومێدی كردن.لەكۆنفرانسی ئاوەدانكردنەوەی عێراق لە کویت ڕیکس تیلرسون لەوتارەكەیدا ووتی:"ئێمە بەردەوام ئەبین لەراهێنانی سەربازی بەوهاوپەیمانەكانمان لەسوریا"، هەروەك لەتەوقیتی سەردانەكەشدا پنتاگۆن رایگەیاند 250 ملیۆن دۆلاری دیكە بۆ راهێنانی هێزەكانی سوریای دیموكرات تەرخان كردووە لەبوجەی ئەمەریكا‌و پێشتریش 300 ملیۆن بوو، پاش سەردانەكەش تیلرسون دوو پەیامی بۆ بەرپرسانی ئەنكەرە‌و تورك روونكردەوە پاش رەتكردنەوەی كشانەوەی پەیەدە لەمەنبەج ‌و پێكهێنانی هێزی هاوبەشی ئەمەریكی‌ و توركی لە مەنبەج.
لێرەوە دەمانەوێت بڵێین سەرکەوتنی بەرخۆدانی کۆبانێ و سیاسەتکردن و ڕاکێشانی بەرژەوەندی ئەمریکا، ئەگەر خۆرئاوای کوردستان نەبووبێتە بەدیلی تورکیا بۆ ئەمریکا ئەوە بۆتە هۆی لاوازبوونی پەیوەندی و هاوپەیمانی ستراتیجی نێوان ئەمریکا و تورکیا، و کوردیش لەو نێوەندەدا بوونی خۆی سەلماندووە و هاوکێشەکەی بە قازانجی خۆی شکاندۆتەوە، بە جۆرێ تورکیا نەتوانێت مامەڵەی پێوە بکات، لەگەڵ ئەمریکا یان ڕووسیادا، بەڵکو کورد لە هاوکێشەکەدا بۆتە ژمارەیەکی قورس.بەڵام ئەگەر کورد لە خۆرئاوای کوردستان و بە تایبەتی لە کۆبانێ بەرخۆدانی نەکردایە، و هەر زوو تەسلیم ببوایە، ئەوە هەر زوو عەفرینیش داگیرکرابوو، تەواوی خۆرئاوای کوردستانیش دەبووە شوێن نفوز و پێگەی تورکیا، و جەنگ و ئاڵۆزییەکانی سوریاش ئەوەندە درێژەی نەدەکێشا و چارەنووسی ئەسەدیش لە نێوان بەرەی خۆرهەڵات و خۆرئاوادا یەکلایی ببوویەوە، و خۆرئاوای کوردستانیش وەکو گۆشتی خێر دەبوو لەو نێوەندەدا.
2- هاوکێشەی ئەمریکا - عێراق - باشوری کوردستان
سەرەتا بە ووتەیەکی ( محەمەد موکری ) دەستپێدەکەین سەبارەت بە ئاشبەتاڵی ساڵی 1975دا کە لە ڕۆمانی ( سەگوەڕ )دا دەڵێت : " هەموو ئەو ( جوامێر و عەگید و ڕۆستەم)انەمان بینی، کە چۆن بە شەو و ڕۆژێ پێستی شێریان لەبەر داماڵین و کورتانیان لێنان، زۆربەی زۆری ( سکرابە سیاسییەکان ) هەریەکە حیزبێکی دامەزراند...هەموویش هەر دەیوت " حوکمی زاتی حەقیقی و لەسەر ڕێبازی مارکسی !" هەروەها سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری لە دوای ئاشبەتاڵەکە، دەڵێت : " هەیهۆ...هەیهۆ...هەمان دامودەزگا کۆنەکان....هەمان ڕووخسارە بێ ئامێزی چاپلووسی و هەمان گەوج و ئەحمەق، بە هەمان ڕەفتاری ئاغایەتی جاری جارانەوە، ( شۆڕشگێڕان )، بەڵام هەریەکە لە بەرگێکی ڕازاوە بە دەیان دروشمی بریقەداری کاڵفامخەڵەتێن، خۆیان خستووەتە ڕوو."
باشوری کوردستان لە ساڵی ۱۹۹۲ - ۲۰۰۳ یەکێتی و پارتی و هێزەکانی دیکە خراپترینی جۆری حوکمڕانیان ئەنجامدا، هەر لە دوو ئیدارەی و شەڕی ناوخۆ و گەندەڵی و دواکەوتووی سیاسی و ئابوری و بنەمەڵەچێتی و گرێدراوی تورکیا و ئێران، واتا نموونەیەکی جوانی حوکمڕانیان پێشکەش نەکرد.
لە ۲۰۰۳دا کاتێک ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی حوکمەتی بەعسیان لە ناوبرد بۆشاییەکی گەورەی سیاسی لە عێراقدا دروست بوو، سەرەڕای خراپی دەسەڵاتی کوردی، بەڵام بە بەراورد بە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بارودۆخی کوردستان باشتر بوو، کورد ژمارەیەکی قورستر بوو، بەڵام سەرکردایەتی کوردی لە جیاتی بە ڕێکخستنی کۆمەڵگا و بە نیشتیمانیکردنی دام و دەزگاکان و بنیاتنانی هێزێکی پێشمەرگەی مەشقپێکراوی یەکگرتوو و گەشەدان بە سەرخان و ژێرخانی ئابوری، و بەستنی پەیوەندی دبلۆماسی و فراوانکردنی ڕووبەری ئازادییە کەسی و سیاسییەکان و ئازادی ڕۆژنامەگەری و بنیاتنانی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕاکێشانی بەرژەوەندی ئەمریکی و ئەوروپی بۆ باشور، کەچی هێزەکانی باشوری بە تایبەتی یەکێتی و پارتی خەریکی بنیاتنانەوەی عێراقی نوێ و حیزبایەتی و پلە و پۆست بوون لەو عێراقە نوێیەدا، عێراقیان بە جۆرێ بنیاتنایەوە کورد بۆ دەستهێنانی مافەکانی گەڕایەوە بەغداد و دواتر هەر عێراق بەشە بوودجەی هەرێمی بڕی، و باشوریش دووچاری قەیرانێکی گەورەی ئابوری بوو، لە ناوخۆش بە هۆی پۆستی سەرۆکی هەرێمەوە دووچاری قەیرانێکی گەورەی یاسایی و سیاسی و کارگێڕی بوو، کە هێڵەکانی دوو ئیدارەی بە ڕوونی سەریهەڵدایەوە.
دوای هاتنی داعشیش، ئەگەر هاوکاری هاوپەیمانان نەبووایە باشور دووچاری داگیرکارییەکی هۆڤانە دەبوویەوە.بێ بەرگری پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرامبەر چەتەکانی داعش لە شەنگال هەڵهات، و ئێزدییەکان جینۆساید کران، و یەکێتیش لە جەلەولا هەڵهات.
ئەوکاتی بارزانیش بانگەشەی ڕیفراندۆمی دەکرد تاکو ئەنجامدانەکەی لە ۲۵/۹/۲۰۱۷ ئەمریکا بەردەوام بارزانی و سەرکردایەتی کوردی ئاگادار دەکردەوە، لە نەگونجاوی کاتەکەی، و هەتا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە نامەیەکدا دوایکرد لەم کاتەدا ڕیفراندۆم ئەنجام نەدەن، لە کاتێکی گونجاودا ئەمریکا پشتیوانی لە ڕیفراندۆم دەکات بە گرنتییەوە، بەڵام بارزانی و ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بێ لێکدانەوەیەکی واقیعی گوێیان لە داواکەی ئەمریکا نەگرت، و ڕیفراندۆمێکی شکست خواردوویان ئەنجامدا، ئیدی دوای تێکشکاندنی داعش لە موسڵ، و ڕیفراندۆمەکەی باشور، سوپای عێراق و حەشدی شیعی هەڕەشەی داگیرکردنی کەرکوکیان کرد، دوای کەمتر لە مانگێک داگیرکارییەکەیان ئەنجامدا بە هۆی خیانەتی یەکێتی لە شانزەی ئۆکتۆبەر، ئەمەش لەبەرئەوەی سوپا و حەشی شیعی توانا و ئاستی بەرگری پارتی و یەکێتیان لە هەڵهاتنی شەنگالەوە بۆ دەرکەوت، گەر لە شەنگال بەرگری بکرایە هاوکێشەکەش لە کەرکوک پێچەوانە دەبوویەوە.ئەمریکاش هیچ هەڵوێستێکی بەرامبەر بەو داگیرکارییە نەبوو، لە ڕاستیشدا گەر پارتی و یەکێتی کارێکیان نەکردبێت تا لە ڕێی پەیوەندی دبلۆماسی و سیاسییەوە باشور بکەنە ژمارەیەکی کاریگەر لە هاوکێشەی پەیوەندی ئەمریکا و عێراق دا، یان بە واتایەکی دیکە بەرگری نەکرێت، و خیانەت بکەن و هەڵبێن لە کەرکوک، چۆن ئەمریکا و لایەنی نێودەوڵەتی هەڵوێستیان دەبێت، و بەرگری لە هەرێمێکی شکستخواردوو دەکەن، کە هیچ ئاسۆیەک نەبێت، هەرێم ببێتە بەدیلی عێراق لە ناوچەکەدا، بە واتایەکی دیکە ئەمریکا هاوکێشەیەکی قازانجدار لەگەڵ عێراق ئاوەژووناکاتەوە بۆ هەرێمێکی شکستخواردوو لەڕووی سیاسی و ئیداری و یاسایی و سەربازی و ئابورییەوە.
یەکێک لە هەڵە گەورەکانی سیاسەتی باشور ئەوەیە پەیوەندییەکان بنەماڵەیی و حیزبی و کەسییە لەگەڵ تورکیا و ئێران و ووڵاتانی ناوچەیی و ئەوروپی و ئەمریکادا.هەر لەبەر ئەمە دوای نەخۆشکەوتن و دواجار مردنی تاڵەبانی پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ ئەمریکا و دنیا تووشی شکستی گەورە بوو.
واتا تا ئێرە و ئێستا باشور یان بە واتایەکی دیکە یەکێتی و پارتی و هێزەکانی دیکە نەیانتوانی ببنە ژمارەیەکی کاریگەر لە هاوکێشەی پەیوەندی ئەمریکا - عێراقی داگیرگەی ئەمریکادا، بەڵکو ئەمریکا پەیوەندییە سیاسی و دبلۆماسییەکانی لە ڕێگەی بەغدادەوە لەگەڵ هەرێمدا پەرە پێدەدات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە