ڕەڤ و بەرخۆدان (بەشی یەکەم)

Thursday, 08/03/2018, 0:01

3328 بینراوە


ڕەڤ بە واتای هەڵهاتن و بەرخۆدانیش بە واتای خۆڕاگری "مقاوەمەت"
وشەی "ڕەڤ" بۆ یەکەمین جار لە زاری خوالێخۆشبوو مەلا مستەفای بەرزانەوە داکەوتە نێو فەرهەنگی کوردی و هەمیشە هەڵهاتنی بە بەشێک لە ئازایەتی پێناسە دەکرد و دەیگوت 'ڕەڤ نیڤا مێرانێیە' واتە (هەڵهاتن نیوەی ئازایەتیە یاخود هەڵهاتن بەشێکە لە ئازایەتی).
وشەی بەرخۆدانیش بۆ یەکەمین جار لە زاری بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانەوە داکەوتە نێو فەرهەنگی کوردی. کاتێک بڕیاری شۆڕشی دژبە فاشیەتی تورکیدا گوتی 'بەرخۆدان ژیانە و تەسلیمبوون مردنە'.
ساڵی ١٩٧٤، منداڵێکی تەمەن نۆ ساڵان بووم، زۆر باش لە بیرمە کاتێک حکومەتی بەعسی عێراق هێرشی کردە سەر چیای ئەزمەڕ و داگیری کرد، پێشمەرگەکانی هێزی خەبات کە هەموویان خەڵکی ناوچەی شارباژێڕ بوون، شەڕێکی زۆر نەبەردانەیان کرد. لەو کاتەدا هێزی بەرزان کە لە کوردە بەرزانیەکان پێکهاتبوو هاتە ناوچەی شارباژێڕ و لە دووری زیاتر لە ٢٠ کیلۆمەترەوە بە دووربین لە شەڕەکەیان دەڕوانی و پاشان دەیانگوت ( ب خودێ پێشمەرگێن دەڤەرا سۆرا خووە وەکی گا ددانە کوشتن) واتە (بە خودا پێشمەرگە سۆرانیەکان وەکو گا خۆیان بە کوشت دەدەن).
منیش ئەگەرچی تەمەنەم زۆر منداڵ بوو، بەڵام ئەو گوتەیەم زۆر لە دڵ گران بوو، لەبەرئەوەی هەموو پیاوانی خێزانەکەمان پێشمەرگە بوون و لە نێو شەڕەکەدا بوون.
هەر بۆیە ڕووم کردە بەرپرسی هێزەکە و گوتم ئەو چەکدارە بەرزانیانە جنێو بە پێشمەرگەی ئەم ناوچەیە دەدەن. بەرپرسەکەش زۆر بە لوت بەرزییەوە گوتی: وا ت خەبەری غەڵەت نەگۆتییە، ژ بۆچی پێشمەرگە وەلێ خۆ ددەنە کوشتن، عەردێ خودێ بەرفرەهە، وەختی حکومەت هجوم بکی بلا پێشمەرگە بڕەڤن چیایەکی دن، ژ بۆ سەرۆک بارزانی گۆتییە ڕەڤ نیڤا مێرانێ‌یە. واتە: (چەکدارە بارزانیەکان ڕاستیان گوتووە، ئەی بۆچی پێشمەرگەی ئەم ناوچەیە خۆیان بە کوشت دەدەن خۆ سەرزەمینی خودا زۆر بەرفراوانە و دەتوانن لە کاتی هێرشەکانی ڕژێمدا شەڕ نەکەن و لەو شاخەوە هەڵبێن و ڕووبکەنە شاخێکی دیکە، چونکە سەرۆک بارزانی وتویەتی: هەڵهاتن بەشێکە لە ئازایەتی).
ئەم ڕەڤەی بارزانی بوویە کلتوورێک و کەوتە هەناوی هەموو پارتییەک و هەموو هەوادارێکی پارتیش لە پارچەکەنی دیکەی کوردستان. هەر بۆیە دەبینین لە هەر شوێنێک پارتی و هەوادارانی باڵادەست بن، لەو شوێنە تەسلیمکاری لە ئارادایە و ڕۆڵی داگیرکەر بەرفراوانە.
ڕەڤەکەی بارزانی ئاشبەتاڵی بەرهەم هێنا، ئاشبەتاڵێک کە لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا زیاتر لە سەد هەزار پێشمەرگە و دەیان هەزار بەرگری میلی خۆیان ڕادەستی داگیرکەرانی عێراق و ئێران کردا. بەهۆی ئەو ئاشبەتاڵەشەوە ئەنفال، کیمیاباران، جینۆساید، ڕاگواستنی کوردان و تەعریبکردن هەموو باشووری کوردستانی گرتەوە.
ڕەڤەکەی بارزانی هەر پەیوەست نەبوو بە خودی مەلا مستەفاوە، بەڵکو ڕەڤ بوویە کلتووری هەموو بنەماڵەی بارزانی و کوڕ و نەوەکانی مەلا مستەفاش خۆیان لەو کلتوورە لانەدا.
لە کاتی شۆڕشی ڕۆژاوای کوردستاندا، مەسعود بارزانیش زۆر ڕوو قایمانە ڕەڤی دەخستە پێش چاوی میلەت و دەیگوت: من هەموو لایەنەکانی کوردستانی سوریام کۆکردۆتەوە و پێمگوتوون لەو پارچەیەی کوردستان شاخ نییە هەتا لە کاتی هەڵهاتندا خۆتانی تێدا وەشارن، خاکەکەشتان بەسەر یەکەوە نییە هەتا لە کاتی هەڵهاتندا بە ئاسانی خۆتان دەرباز بکەن، لەبەرئەوە باشترین ڕێگەچارە بۆ ئێوە ئەوەیە کە ببنە بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا. (مەبەست لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئەو چەتانە بوو کە شەڕی وەکالەت بۆ دەوڵەتی تورک دەکەن و دڕندانەترین هێرشیان کردۆتە سەر عەفرین).
درێژەی هەیە...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە