دەستەوەستانى دیموکرات هۆکارى تیرۆرکردنێتى

Friday, 09/03/2018, 22:05

2587 بینراوە


لەناخەوە دڵتەنگ و نیگەرانم سەبارەت بەتیرۆرکردنى ئەو کادیرەى حزبى دیموکرات(قادر قادرى) هەروەها بۆ ئەو کەسەشى کەلەکردەوە تیرۆریستیەکەى هەفتەى پێشودا گیانى بەخشى. دڵنیام کە تاکو حزبى دیموکرات هەر بەوشێوەیە دەسەوەستان و بێ چارەو دەست وپێ سپى بێت، بەدڵنیایەوە ئەو پەتاى تیرۆر و لەناو بردنە هەموویان دەگرێتەوە. پێشم سەیرە کە سەرانى ئەو حزبە  تا نها هەر بێدەنگ و بێ هەڵوێستن و جگە لەدەرکردنى بەیاننامە و (مەحکومکردنى ئەو جینایەتە) بەقەولى خۆیان ،هیچ پەرچەکردارێکیان نییە.
لام سەیر و شتێکى زۆر هەرزەکارانەیە کە سەرکردەکانى ئەو حزبەلەکاتێکدا قاڵبوى پتر لەنیو سەدە خەباتن، هەمویان زۆر باش سیاسەت و تاوانکارى رژێمى پەت و سێدارە شارەزان، ئەوان هێندە دڕندەو هۆڤن دەستى تاوانیان دەگاتە ڤییەنا  و  ئەڵمانیا و سکرتێرى حزب تیرۆر دەکەن، ئەوجا چۆن ناتوانێت تۆ بکاتە پۆڕى خوراو کە لەبن دەستى دایت؟ چۆنە تا ئێستا  تەدبیریان بۆ ئەو شتە نەکردوە؟ ئەدى بۆچى لەهەمبەر هەر تیرۆر و تەقینەوە وتاوانێکدا، ئەوانیش وەڵامى رژێم نادەنەوە تەرزى شۆڕشگێڕیان لێ ناوەشێنن، هەرلەئۆردوگا بۆ خۆیان بەعاقڵى و سەرکز دانیشتون چاوەڕێى رۆژگار ئەکەن بەلایەکدا بکەوێت!
 ئایا مانەوەى دیموکرات بەم شێوەیە و لەئۆردوگا یەکدا کە وەک بارمتەو دەست بەسەر ژیان بەسەر دەبەن و هەموو جۆرە جموجوڵ وچالاکى یەکیان لێ قەدەغەیە، جیاوازى چى یەلەگەڵ ئەوەى لەژێر دەسەڵاتى رژێمى ئێراندا بژیت، ئایا بۆخۆیان هەستیان پێ نەکردوە کە ئەوان وەک کارتێکى گوشار وبوکەلەیەک وان بەدەست دەسەڵاتدارانى باشورەوە، هەرکات پێویست بکات و ئێران زۆریان بۆ بهێنێت ئەوا بێ سێ ودوو ئامادەن دوا کەسیان تەسلیم بە ئێران بکاتەوە، بەدڵنیایشەوە دەیڵێم کە ئەو تیرۆرانە بە هاوکارى وچاوساغى و رێخۆشکردنى دەسەڵاتى باشورن، ئەگەر نا ئەنجامدانى کارێکى لەو شێوەیە رەنگبێت قورس و گران بێت، ئایا دیموکرات هەستى پی نەکردوە کە ئێران بەهەزاران سیخوڕ و پیاوکوژ و تیرۆریستى لەژێر و ناو و پەردەى جیاجیادا ناردۆتە باشور؟ بەدەیان کۆمپانیاى بازرگانى و پیشەسازى و خزمەتگوزارى هەیە کە سەرلەبەریان ئیتلاعات و تیرۆریستن، بەڵام بەناوى ئیش و کار و کاسپى یەوە لێرە تەراتێن دەکەن، ئەدى باشە بۆ ئەوان(حزبى دیموکرات) گورز لەوان ناوەشێنن بۆ چاوترساندن، تۆڵە ناکەنەوە یان بەبارمتە نایانگرن؟ ئەرێ دیموکرات  کەئێستا زیاتر لەبن دەستى پارتى دا پاڵى داوەتەوە بەشى زۆریان بونەتە کارمەند و موچە خۆرى میرى، ناسنامە و فۆڕمى خۆراکیان هەیە، چ متمانەو گرنتیەکیان لە دەسەڵات وەرگرتوە، کە ژیانیان بپارێزێت، لەکاتێکدا چ یەکێتى وچ پارتى بەبێ رێنمایى و ئامۆژگاریى ئێران ناتوانن یەک هەنگاو هەڵبێنن؟!کەچى ئەمان زۆر خۆشباوەڕانە داوا لەوان دەکەن ژیانیان بپارێزن
مانەوە لەئۆردوگا و خۆقەلەوکردن و پشوودانتان چارەکە سەدەیەکى خایاندوە، ئەگەر بەراستى شۆڕش دەکەن ئەتانەوێت  رژێمى ئێران بڕوخێنن،ئەوە ئەوەى دەیکەن و کردوتانە بەدروشم جگە لە قسەى زل و خۆ لەگێلى دان هیچ مانایەکى نى یە، ئەرێ لەکام سوچى دونیا بوە پارتێکى نەیارى دەسەڵات پاڵى لێ بداتەوە و خەریکى کارو کەسابەت بێت ، بەدەساڵ جارێک چالاکیەک گورزێک لە دوژمنەکەى نەوەشێنێت دروشمى روخاندنیشى بەرزبکاتەوە( کە ئەوە لە خەیاڵى هەرزەو مناڵیشدا جێى نابێتەوە).
کتۆ خۆت بۆشۆرش تەرخانکرد و گیانت پێشکەشى گەل و خاک کرد ئیدى مانایەک بۆ تەسلیم بون و بێ دەسەڵاتى وزەبوونى نامێنێتەوە، مەرگ لێت دەترسێت، شاخ و کەژ و کێو و نیشتمان دەبێتە هاندەرو پشتیوانت، تۆ تەماشاى شەهیدبونەکەى پێشەوا بکەن، چەند بەسەربەرزى مرد چەندێک بەو گیانبازییەى چووە ناو دڵ و ناخى کوردى هەرچوار پارچە، بڕوانن بووە بەچ زانکۆ ئەکادیمیایەک بۆ هەموان، ئەى ئێوە خۆ میراتگرى پێشەواو درێژە پێدەرى رێبازەکەین، بۆچ هاوشێوەى ئەو خەبات ناکەن؟؟ بۆچ واز لەو ژیانە دیل و پڕ لە رەزالەتیە ناهێنن و هاوشێوەى پەکەکە ناچنە چیا و، ئەوێ ناکەن بەسەنگەر و سەربازگە و مەنزڵ؟،کە دڵنیابن بەهەمو هێزى ناتۆش ناتوانێت زەفەرتان پێ بەرێت و هەرلەوێشەوە وە ببنە هەڕەشە و ترس بۆ سەردڵى دوژمنان، ناچارى بکەن کە دان بەمافى کوردا بنێت و دانوستاندنتان لەگەڵ بکات، بەڵام بەدڵنیاییەوە گەر هەر بەو ژیانە پڕ لە میحنەت و سنوردار و ناچارییە رازى بن و هیچ  جوڵەیەکتان نەبێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە پێتان دەڵێم چاوەڕوانى تاوانى گەورەتربن


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە