ئەوەى نەفام نەبێت ئومێدى بەدەسەڵات نەماوە

Thursday, 15/03/2018, 22:21

4243 بینراوە


بەدرێژایی مێژووى چەند ساڵەى بەناو خەبات و کوردایەتى باشوور، کە حزبە کلاسیک وسەرکردە نەفامەکان بونەتە سورەى بەرلەشکر، چیمان چنیوەتەوە؟ بەرهەم و رەنج و خەباتمان چى بووە؟ میللەت تا چەنێک ئاسودە وئارام بووە؟  تا چەند ئەو بەناو شۆڕش و کوردایەتیە لەپێناو کورد ودۆزە رەواکەى بووە؟ بێگومان هیچ، جگە لەماڵ وێرانى و سەرگەردانى و تیاچوونى هەزاران رۆڵەى ئەم کوردە خێر لەخۆنەدیوەو ، هەتیو کەوتن و بێوەژن کردنى هەزاران کەس بترازێت  هیچ دەستکەوتێکمان لێیان نەدیتوە.. دوێنێش کە سەرانى حزبەکان بەناوى شەڕى داعش و(کەلەڕاستیدا بۆپاراستنى موڵک وماڵو پاسەوانى بیرە نەوتەکانیان خۆیان لەو شەڕە گلاند) بەهەزاران پێشمەرگەیان بەکوشت وسەرنگوم کردن دا. پاشانیش بەهۆى کاڵفامى کەللە رەقى مەسعود و،بەیت و بالۆرەى ریفراندۆم، ئەوەى کە بەدەست هاتبوو، ئەوەى کە بەخۆێن رزگار کرابوو،  چەشنى قومارچى  هەموویمان دۆڕاند وهاتینە سەرساجى عەلى.
ئەوەى کە دوێنێ بینیمان لەهاتنى سوپاى عەبادى بۆ کوردستان و کۆنتڕۆڵکردنەوەى فڕۆکەخانەو خاڵە سنورییەکان،بەلاى منەوە بۆ مەسعود و سەرانى ئەوانەى کە دەهۆڵیان بۆسەربەخۆیى دەکوتى، ئەوانەى پێى خۆش باوەڕ بوون، گەورەترین شکست و دۆڕاندن و چارە رەشییان بۆخۆیان و حزب و بنەماڵەیان تۆمارکرد، من وەهام پێشبینى دەکرد کە لەسەر ئەو شکست و دۆڕاندنەى کە ئەیانوت( کاتى ئەوەهاتوە عێراق تەڵاق بدەین) هێندە بوێر و بەجەرگبن ئەو شکست و تاڵاو و دۆڕاندنە قبوڵ ناکەن و یان واز لەدەسەڵات دەهێنن ،یان شەرەفمەندانە خۆیان  دەکوژن. بەڵام ئاش لەخەیاڵێک وئاشەوان لەخەیاڵێک،  ئەوە پێشەى کەسانى مەرد و رەندە، نەک کەسانێک کە لەژیانیاندا بەئەندازەى پێڵاوى گوندییەک زەحمەتیان بۆ وڵات نەچەشتوە. ئاخر لەکوێى دونیا کەسى نەخوێنەوار ئەکرێت بە سەرۆکى وڵات و فیتەر و نەفام و گەلۆر بەجێگرى و ، گوندى و دواکەتو نەفام و عەشایر بە رابەرى میللەت. کۆنە بەعسى و شەڕواڵ پیس بە وەزیر و پەرلەمانتار.؟!
کوردەى خێر لەخۆ نەدیو،پێشمەرگەى گیرفان بەتاڵ، پێم وابێت دەمێکە رووى راستى ئەو بەناو حزب و سەرکردانەهەڵماڵراوە، بەڵام بەهەر بیانو و هۆیەک بووە، خۆت گێل کردوە پشتیوانت لێکردون، بەڵام ئەوا ئیدى رووى راستیان تەواو تەواو هەڵماڵرا، بۆتان دەرکەوت ئەوانە چ فس فس پاڵەوانێکن، لەهەمبەر دوژمنان و نەیاراندا دەستەمۆ و سەرشۆڕن، بۆگیانى ئێمەش کە خۆپیشاندان دەکەین و داواى سەرەتاترین مافمان دەکەن لێمان دەبن بەگورگ و کەمتیار. بەئەرکى مەزانە ئاوڕێک لە رابردوو بدەرەوە  گوزەرێک بەژیانى خۆت و باو وباپیرت بکە و بزانە لەسەر دەستى ئەو حزبانە چیت فەراهەم کردوە؟ جگە لە شکست و راکردن و گریان و ماڵ کاول بوون،گیان بەختکردن و ، کوللە مەرگى و نەهامەتى؟
ئێمە ساڵان کە لەدژى بەعس هاو هەڵوێست بووین و سەنگەرو شاخمان لێگرتبوون، ئەمانگوت بەعس دوژمنى کوردە، ماف و ئازادى  لێ زەوتکردوین، کۆمەڵێک بەعسى و باڵادەست یارى بەچارەنووسى میللەتێک دەکەن، .دەى خۆ ئێستاش هەمان تاس و حەمامە ئەوەتا کێ دەوێرێت شتێک بەمەسعود یان بنەماڵە بڵێت( بۆخۆم کە ناوێرم خۆم دەرخەم لەبەر ئەوەیە) ئەترسم بەدەردى سەردەشت عوسمان و سۆران و کاوە گەرمیایم لێ بێت. یەکەو راست یان تیرۆردەکرێیت یان دەبرێتە زیندانە تاریکەکانى سەرى رەش وقەڵاچوالان  جارێکى تر دونیا نابینێتەوە.دەى  کە ژیانەکەمان هاوشێوەى ساڵانى بەعس بێت، کەس نەوێرێت ببێتە نەیار و رکەبەرایەتى دەسەڵات بکات، کەس زات نەکات لەخەویشدا قسە و رەخنە بە بنەماڵەو دەسەڵات بڵێَت، کەس نەوێرێت لەسەر مافى خۆى بێتە وەڵام، کەوایە جیاوازى نێوان ئەوان سەرانى بەعس چى یە؟ من لەروانگە و پێوانەکردنى یەکێتى وپارتى  بەبەعس سەدان جار رەحمەت بۆ ئەوان دەنێرم، خۆى سەردەمى ئێوەش وئەوانیش شتێک نەگۆڕاوە، جاران بەبەرگى سەربازى و جەیشى شەعبى یەوە تیرۆردەکراین، ئیمڕۆ بەجلى پێشمەرگەو شەڕواڵى کوردییەوە، جاران ئەمنەکان بەعەرەبى جنێویان بەخوشک و دایکمان دەدا و تەعەدایان لێ دەکردن، ئیمڕۆ ئاسایشەکان بە زمانى شیرینى کوردى و جنێوە مزرى خۆمانە مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن،  سەدام بەو هەموو زاڵمیەوە دیکتاتۆریەى خۆى، لەپاش نەمانى شتێکى لەپاش بەجێ نەما، تاکە یەک موڵک چى بوو بەناوى خۆیەوە نەبوو، کەچى ئێمڕۆ ئەندام کۆمیتەیەکى چڵمن، بەڕێوەبەرى فەرمانگەیەکى چەکل، خاوەنى دەیان ئوتومبیل و کۆمپانیا و ڤێلا و باخ و دەفتەر دۆلارە،ساڵانى ئەوسا هەمو شتێکمان هەبوو بەس ئازادى وماف نەبێت، خەڵک تێر و پڕ بو، کەس نەبوو موچەى بێوەژن و هەتیو و کەم ئەندام بدزێت، بەڵام ئیمڕۆ لەسایەى سەرى یەکێتى و پارتى نەک ئازادى بگرە لەسەرەتاترین پێداویستى ژیان بێبەشن. جا کەوایە حکومەتێک نەتوانێت بەخێوم بکات، ژیانم بپارێزێت، پێداویستى رۆژانەم بۆدابین بکات، لەسەر حسابى من بانکەکانى رۆژاوا سیخناخ بکات لە دۆلار، لێرەش هەرچى موڵک و ماڵ و سەروەت سامان هەیە بۆخۆى قۆرخ بکات، بۆ یەک ساتیش ئاوێزانى برسیەتى و نەبونى ئێمە نەبێت، سەربارى ئەوەش رۆژانە باج و سەرانەت لەسەر زیاد بکات، دزیت لێ بکات،. کوڕ و نەوە گەمژەکانى خۆیان بکەن بەگەورە و دەمڕاست، هەقى ئەوە نى یە هەتا ئەتوانیت ریزە جنێو بنێریت بۆ گۆڕى بارزانى وتاڵەبانى کە میللەتیان دوچارى ئەم رۆژە رەشە کردوە.؟؟ بەدرۆى ریفراندۆم و سەربەخۆیى قوڕیان بۆ ئەو خەڵکە گرتەوە، ئیمڕۆش زۆربێ شەرمانە پێشوازى لەو شاندەى بەغا ئەکەن کە هاتوون، بەبێ چەک و بەرگرى  واژوى تەسلیم بوون و خۆبەدەستەودانیان پێدەکەن، کەچى ئەوەندە بێ عار و روو قایمن، ئەڵێن کێشەکانى نێوان هەرێم وبەغدا خەریکە بەرەو چارەسەر ئەڕوات، سەیرە ئەو دۆڕاو و روو زەردانە تا ئێستاش خۆیان بەگەورە و بەرپرسى کورد ئەزانن، لەپێناوى مانەوەو دزى و بێ ئابڕوى خۆیان  ئامادەى هەموو فەرمانێکن. من بەدورى نازانم کەبۆ ئەوەى جێگە پێیان قایم بێت و کورسى و سوڵتەیان نەکەوێتە مەترسییەوە،  سبەى رۆژ هاوشانى جەندرمەى تورک  وسەربازى عێراق  بەشدارى شەڕى پەکەکە بکەن  هێرش بکەن بۆقەندیل، کە ئەوەش ئەگەرێکى زۆر بەهێزە، چونکە ئەو حزبە دۆڕاو بەزیو روورەشانە ژیانیان بە کۆیلایەتى و وابەستەیى وکلکە لەقێ بۆ دوژمنان بەندە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە