بەقازانجی بنەماڵەی بارزانیە

Wednesday, 21/03/2018, 1:56

3729 بینراوە


سوپای تورکیا بەقوڵی ٢٥کم ھاتۆتە نێو خاکی ھەرێمی باشوری کوردستان، لەسنوری ناوچەی برادۆست.ڕێفەراندۆمە درۆیینەکەی ٢٥ی ئەیلول ئائەمەی بەرھەمھێنا.
بارزانی بۆیە مکوڕ بوو لەسەر ئەنجامدانی ڕێفەراندۆم تا ئاغاکەی بەتەواوەتی بێنێتە نێو کوردستان و سوڵتەی موتڵەقی ھەبێت.
ئەوسا بنەماڵەی بارزانی لەژێر سێبەری سوڵتانی کۆماریدا ئەبن بەخەلیفە یاخود میری باشوری کوردستان.
بۆیە پێویستە ھەرچی زووە پێش بەم ئەجێندایە بگردرێت، کە بەرئەنجامی ڕێفەراندۆمەکەیە.
بۆ ئەم پێشگێریەکەش زەروورە پەیوەندیە ھەرێم لەگەڵ حکومەتی مەرکەزی (بەغداد) بەھێزبکرێت لەسەر ئاستی ھەرێم و بەغداد نەک حزب و بەغداد.
لەئانی ڕێفەراندۆمەکەدا داخستنی سنورەکان مژارێکی گەرم بوو.
ئیدارەدەرانی کانتۆنەکانی ڕۆژئاواش ھاوکاریان دەربڕی، کە پێویستە دەوڵەت لەباشوری کوردستان ڕابگەیەنرێت، ئەگەر سنورەکانیش داخران ئەوا لەڕێگەی خورئاواوە (عەفرین) باشوری کوردستان دەگەیەنن بەدەریا.
ئەم ڕێفەراندۆمە تەنانەت مەھانەی دایە دەستی دەوڵەتی تورکیا تا ھێرش بێنێتە سەر عەفرین.
ئەم جۆرە سیاسەتەی خورئاوای کوردستان بە تورکیا ھەزم ناکرێت بۆیە دەوڵەت بۆ لێدان لەم ئەجێندایەی کورد تەنازولی لەبەردەم مانەوەی ئەسەد کرد لەدەستەڵات و وەدانی نا بەنفوزی ئێران لەناوچەکە.
ھەڵەی کورد لەخۆرئاوای کوردستان ئەوەبوو کە نەیتوانی پڕۆتۆکۆڵ لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد ئیدامە پێبدات و بەشداری بەسوپای ڕژێم بکات لەبەرگریکردنی سنورەکانی سوریا لەبەرامبەر ھێرشەکانی تورکیا، لەناوچەی عەفرین.لە پەنجاویەکەمین ڕۆژی ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین بەئاشکرا دەرکەوت کە ڕوسیا پێشی بۆ ئارتەش چۆڵ کردووە، بۆیە لەماوەیەکی زۆر کەمدا تورکیا لەڕێگەی فڕۆکەکانیەوە نزیک بۆوە لەناوەندی شاری عەفرین، ھێزی شەڕڤانانیش بەم ئیمکانیاتە کەم و بە ماندوونێکی ئێجگار زۆرەوە ھێشتا بەرگریان دەکردو بەریاندابووە خۆ.بەڵام حەقیقەت ئەوەیە کەشەڕی مل بەل نەبوو، ئەوە شەڕی لۆجستی و تەکنۆلۆژیایە. بۆیە دەبوایە سیاسەتێکی حەکیم بەکاربێت لەم بەرخۆدانە.
عەفرین کەوتە دەستی تورکیا، بەگوێرەی ئەجێندای دەوڵەت بێت ئێستا نۆرەی شارەکانی (منبەج، حەسەکە، کۆبانێ، قامیشلی، تەبقەو ڕەققەیە)، بەپێی دواھەمین بڕیاری دەوڵەتی تورکیا بێت، دوای کۆنتڕۆڵ کردن ئەو ناچانە دەداتەوە دەستی ڕژێمی سوریاو ئاڵای بەعس لەوێ ھەڵدەداتەوە.
ھەربۆیەش ڕژێم کێشەی لەگەڵ سنوربەزاندی تورکیا نیە.
ھەرچەندە پێشوتر ڕژێمی سوریا ئامادەیی دەربڕی کە بەرگری لەعەفرین بکات بەمەرجێ ئاڵای ڕژێم لەوێ ھەڵبداتەوەو ئیدارەی ئەو ناچانە ببەسترێنەوە بە دیمەشق، بەڵام ئیدارەی کانتۆنەکانی خۆرئاوا بەمە ڕەزامەند نەبوو.
ڕێک وەکو ڕێفەراندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلول کەھەرێم ئیدیعای دەوڵەتی دەکردو بەھەموو شێوەیەک بەغدای ڕەت دەکردەوە.
ئێستا کەھەردوو پارچەی کوردستان لەژێر مەترسی داگیرکاری دووەمیندان، کورد لەئاستیدا مەلولەو بێخەم لێی داکوتاوە، تەنێ خەمی یادە مێژووییەکانیەتی.
لەشکرکێشی کۆماری تورکیا بەنەفەسی سەڵتەنەتی عوسمانی وادێتەوەو ھەردوو پارچە داگیرکراوەکەی ژێر ھەژموونی عڕووبەی سوریاو عێڕاق جارێکیتر داگیردەکاتەوە.
سوریاو عێڕاق کاتێ بینیان ناتوانن زاڵبن بەسەر نفوزی کورداندا ڕێیان کردەوە بۆ سوپایەکی بەھێزتر لەخۆیان و ڕێگەیاندا تورکیا سزاکانی بسەپێنێت، تاکو خاک و خەڵکی لکێنراو بە دەوڵەتەکانیان خەریک بکەن بە بەرگریکردن، بۆئەوەی دەرفەتی ھیچیان نەبێت.
سەرەڕای ئەوەش وەک ھەمیشە گروپی کوردی ھەیە کە خزمەت بە سیاسەت و کردارو خواستی داگیرکەر دەکات لەپێناو مانەوەی خۆی بە نۆکەری.
ڕۆژگاری ئەمڕۆ تەنھا زەرووری سیاسەتێکی حەکیمە نەک بەتەنھا شەڕێکی قوڕس، چونکە شەڕکردن بەتەنھا بەس نیە بەرامبەر دەوڵەتانی وەکو تورکیاو سوریاو عێڕاق، ئەمە کەم دیدێکیش دەزانێ نابەرابەرەو سەرکەوتن مەحاڵە، بۆیە دەکرێ لەئێستادا ڕێگایەکی باشتر لەشەڕو بەرەنگاری عەسکەری بدۆزرێتەوە بۆ مانەوە لەساحەکەداو دەستگرتن بەو دەستکەوتانەی کەوەدست ھاتون.
وە دەبێ ڕێگە بگردرێت لەھاودەستەکانی داگیرکەر چونکە ئەوانن کارئاسانی بۆ داگیرکاری ئەکەن، بۆ نمونە پارتی بەگشتی و بنەماڵەی بارزانی بەتایبەت ڕێ نیشاندەرو ھاوکاری داگیرکارانن تەنھا لەپێناو مانەوەی دەستەڵاتە داسەپاوەیان.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە