دادگای سەورەى بەعس، بە هەموو دڕندایەتییەکى رژێمەکەیان زۆر لە بنەماڵەى بارزانى شەریفتر بوون


کارخانەکانی بنەماڵە

Wednesday, 05.09.2018, 15:09

1993 بینراوە


یاسین محەمەد (جوانپەرست)
تازە دەزانین! 
هەموو ئەوانن -
هەر خێزانێکن،
دەمامکەکان هەموو بەرهەمی کارخانەیەکن. 
تازە دەبینین!
هەموو ڕەنگەکان پەژموردە بوون و زەرد دەچنەوە. 
تازە دەبیستین!
هەموو دەنگەکان لە یەک بڵندگۆ بەردەبنەوە.
تازە بۆکروز دێتە پێش کەپوو،
دەیناسینەوە دووکەڵی چی بوو؟!
تازە لەپێش چاو ڕوون دەبێتەوە!
هەمان شانۆیە و بە جۆرێکی دی لێ دەدرێتەوە.
هەمان پەردەیە و بە دەستێکی دی دادەدرێتەوە. 
تازە سەیر دەکەین کە چی قەوماوە!
شەبەنگەکانیش یەک ڕەنگیان ماوە. 
تازە هەست دەکەین!
تا نیشتیمانیش ڕەنگی پەڕیوە و زەرد داگەڕاوە. 
وەک گەڵای پایز لە دار بووەتەوە و وشک هەڵگەڕاوە.
تازە پەی دەبەین! 
ڕەنگی سەرابیی ئاسمان و دەریا 
کە لەپێش چاوان شینی تەواوە،
نزیک بیتەوە
 بە تەواوەتی ڕوون دەبێتەوە
کە سەرلەبەری زەرد دەچێتەوە، 
وەک خۆی نەماوە.
تازە تێدەگەین ئەوان تەنیا نین!
ئێمەیش هەموومان لەگەڵ ئەوانین.
ئەوان خاوەنی کارخانەکەن و 
ئێمە کەرەستەین: 
یان بۆ دەمامک یاخود پێڵاوین.
تازە دەزانین! 
تازە دەبینین!
تازە دەبیستین!
تازە بۆن دەکەین!
تازە هەست دەکەین!
تازە تێدەگەین! 
****
نەخێرهەرگیز تێنەگەیشتووم 
لە پلانی چەندین ساڵە ...
چۆن تێبگەم؟
بە ئاوەزێکی دەستەمۆ و
بە ویستێکی کەڕەواڵە. 
نەخێر هەرگیز سڵم نەکرد 
لە ژەهراوی بنەماڵە. 
بیرم نەبوو!
 ئەوەی کە وا لە مشک بێت 
ئیشی دڕینی جەواڵە!  
نەخێر هەرگیز نەمزانیوە! 
خۆفرۆشی ڕۆحی منیشی تەنیوە. 
بیرم نایەت تا چەند جاران 
بە ئاوازی خیانەتکار هەڵپەڕیوە. 
نەخێر هەرگیز نەمبیستووە!
گەر حەقیقەت بانگی دابێت بە گوێیشمدا
دەرم ناوە نەمویستووە.
لە ئاستیدا بە هەردوو دەست گوێیەکانم داخستووە.
نەخێر هەرگیز پەی پێ نابەم، نەمبردووە!
بە زۆر نییە،
ئەم کەللەیە
 لە هۆش و ویژدان خاڵییە –
ناوبۆش و جێپارەیە
هەر  بە وێنەی دەغیلەیە.
وا هەست دەکەم کڵۆمێکە و ناکرێتەوە 
هەر شایستەی یەک گوللەیە. 
****
ئەوەتانێ بەو چەکوشە 
کە هێمایەکی شۆڕشە 
پەیکەرێکی تر چێ دەکەم 
وا خەریکم پەرستگایەک سەرپێ دەخەم. 
بە داسەکەیش 
بە سیمای وەک ڕموزنم 
هەڵمەت دەبەم، بەرهەمی شۆڕش دەڕنم. 
ئەوەتانێ هەر خەریکم 
گۆشەنشین و تەریکم
لە شێخەکەم تەوەلا بووم 
لەگەڵ دێوانەی  شەریکم. 
ئەوەتانێ لە نێو شاریش 
لە قوربانیدا پێشەنگم 
هەنگەشەلە هەنگاو دەنێم 
کەڕ و کوێرم و پێلەنگم 
هەر ڕۆژە و وام لە سەنگەرێ 
هەردەم لە پێشەوەی جەنگم!
هەر جارە و بە دەمامکێ، 
هەر گاڤە و جۆرێ لە ڕەنگم. 
ئەوەتانێ هەر چاوەڕێم
 بۆ هەواڵێ گوێ لە مستم 
بۆ تیکەیەک لە دەمی نێم 
بۆ عانەیەک هەڵی دەیتە لەپی دەستم.
****
تازە لەپاش چی؟ 
کە تاریک داهات
کە تروسکەیەک نەما لە چاوم
 کە ئەستێرەیەک نەما لە ئاسمان 
کە بستە خاکێ نەما بۆ گۆڕم
ئیدی پێم ناڵێن:
کامە پاشەڕۆژ؟ کام ژیانی خۆش؟ 
کامە سیستەمی حوکم بگۆڕم؟!
ئیدی پێم ناڵێن:
کێ هەڵی بەستێ گۆڕی گومناوم؟
کێ میراتگر بێ بۆ گێڕانەوەی مافی خوراوم؟ 
تازە لە پاش چی؟ 
لەوەتی من هەم ڕووگە دەگۆڕم! 
لەوەتی من هەم خواوەندێک دەڕوا 
خواوەندێکی تر لە جێی دادەنێم 
عەرشی دەشۆرم.
لەوەتی من هەم لە سایەی تۆدا
هەر کاسەلێسم هەر چڵکاوخۆرم. 
لەوەتی تۆ هەی هەر حازرخۆر بووی لە بەر سێبەردا
لەوەتی من هەم ڕەتاوی کارم وام لە بەر خۆرم. 
****
ئەی یادەوەری بمگەڕێنەوە
بۆ نێو قەپاڵی ماری سەرشانی زوحاکی دوێنێ
بۆ نێو ئامێزی فیرعەونی ئەوسا 
لێم گەڕێن دەبا هەر کەللەم بخوا و هەر سەرم ببڕێ،
مێشکم بپژێنێ و ورگم هەڵدڕێ.
لێم گەڕێن تەنیا نەفرەت کەم لەوەی: 
کاوەی نەناسی و چەکوشەکەی هەڵگرت، 
موسای نەناسی و عەساکەی هەڵدا. 
نەفرەت کەم لەوەی کە زووحاکی کوشت 
مارەکانی برد، بەخێوی کردن، زاو و زێیان کرد.
نەفرت کەم لەوەی فیرعەونی ڕاونا، 
کورسییەکەی لێ سەند
لە سایەی ئەودا
 وا بێچووە مار و بەچکە فیرعەونیش وڵاتیان داگرت.
****
کە ئێَوە مار بن
 با هەر ڕەنگێ بن 
نابنە دۆستم، دەبنەدوژمن. 
کە ئێوە مار بن، 
بەتەما مەبن پەنجەم بخەمە نێو دەمتانەوە
 تا تێر بیگەستن.