بزوتنەوەی گۆڕان و چەند هەڵەیەک

Sunday, 20/05/2018, 11:29

3786 بینراوە


من وەک کەسێک کە حەزم دەکرد هەردوو لیستی بزوتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ لەم پرۆسەی هەڵبژاردنەدا سەرکەوتن بە دەستبهێنن، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان هەم لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن و هەم لە شێوازی نزیکبوونەوەی لە لایەنە سیاسیەکان توشی چەند هەڵەیەک بوو، ئەو هەڵانەش زۆر بە خراپی بەسەر بزوتنەوەکەدا شکایەوە و بوویە هۆی ئەوەی ڕێژەی دەنگەکانی لەچاو ڕابردوودا بە ڕێژەیەکی زۆر کەم بکات:
١- لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا هەموو هەوڵێکی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ شکستپێهێنانی نەوەی نوێ و لە بیرکردنی گەورەترین بەڵای لایەنە دەسەڵاتدارەکان بوو.
ئەو شێوازە بانگەشەکردنەش تا ڕادەیەکی زۆر کاریگەری خراپی بۆسەر بزوتنەوەی گۆران هەبوو و بوویە هۆی ئەوەی کەسانی بێلایەن بەڵام دڵسۆز بە بزوتنەوەی گۆڕان بێ ئومێد بکەن.

٢- هەوڵدان بۆ ناوزڕاندنی تەڤگەری ئازادی کە بڕبڕەی پشتی لیستی نەوەی نوێ بوون و ناو هێنانیان بە ئەنەکەسەی باشوور.
لە کاتێکدا لە هیچ کەسێک شارەوە نییە کە نزیکترین لایەن لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان "پەکەکە" تەڤگەری ئازادییە. لە هەمان کاتدا ئەنەکەسە کە وەک پیسترین ناو دێتە بەر گوێی جەماوەر، نزیکترین لایەنە لە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و بە پشتیوانی دەوڵەتی تورک و بۆ دژایەتیکردنی شۆڕشی ڕزگاریخوازی ڕۆژاوای کوردستان دروستکراوە. ئەوەی زۆرترین زەرەریشی لە ئەنەکەسە بینیووە گەلی کورد بە گشتی و تەڤگەری ئازادی بە تایبەتی بووە.

٣- کاتێک کاندیدەکانی نەوەی نوێ کەوتنە بەر هێرشی دڕندانەی شەقاوەکانی بارزانی و خەڵتانی خوێن کران، بزوتنەوەی گۆڕان نەک هەر ئەو کردەوە دڕندانەیەی شەرمەزار نەکرد، بەڵکو ڕاستەوخۆ پشتیوانیشی لەو جینایەتەی پارتی کرد.
لە کاتێکدا کەسایەتییەکی وەک دکتۆر کامەران بەرواری لە هەموو هەوڵە نەتەوەییەکاندا پێشەنگ بووە و ڕابوون مەعروفیش لە ڕابردوودا سەرۆکی فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان بووە، کەچی بزوتنەوەی گۆڕان هێرشی شەقاوەکانی پارتی بۆسەر ئەو دوو کەسایەتییە بە سیناریۆ دەزانی و ئەو شێوە هەڵسوکەوتەش ڕاستەوخۆ پشتیوانیکردن لە هێرشەکان و دەمەزەردکردنەوەی خەنجەری ژەهراوی بارزانی بوو.

٤- بزوتنەوەی گۆڕان بە هەموو شێوەیەک تەڤگەری ئازادی پشتگوێ خست و لە بەرامبەردا لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری لیستێکی هاوبەشی بە ناوی لیستی "نیشتمان" پێکهێنا.
هەم دوورکەوتنەوە لە تەڤگەری ئازادی و هەم نزیکبوونەوەش لە (کۆمەڵی ئیسلامی + هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری) گەورەترین زیانی بە بزوتنەوەی گۆڕان گەیاند.
چونکە بزوتنەوەی گٶران لە ڕابردوودا خۆی بە لایەنێکی زۆر نزیکی شۆڕشی ڕزگاریخوزی لە هەردوو پارچەی باکوور و ڕۆژاوای کوردستان دەزانی و لەو ڕووەوە ڕۆڵی زۆر دڵسۆزانەشی هەبووە، بەڵام کاتێک لە پرۆسەی هەڵبژاردندا لە دژی ئەو هێڵە بانگەشەی دەکرد و تۆمەتیشی بۆ دەهۆنینەوە، تا ڕادەیەکی زۆر دڵی کەسانی نەتەوەیی لە خۆی سارد کردەوە.
هاوکات پێکهێنانی لیستی "نیشتمان" زۆر جێگەی نیگەرانی جەماوەر بوو، لەبەرئەوەی دوو لایەنەکەی دیکەی نێو لیستی "نیشتمان" بریتیبوون لە:
آ- کۆمەڵی ئیسلامی کە هێزێکی مەزهەبگەرایە و هەوڵی بە مەزهەبیکردنی دۆزی گەلی کورد دەدات. لەبەرئەوەی گەلی کوردیش خاوەن دۆزە و لە دژی  بە مەزهەبکردنی دۆزەکەیەتی، ئامادە نابێت خۆی بخاتە گێژاوی مەزهەبگەراییەوە کە مەترسیترین گێژاوە.
ب- هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری کە ئەگەری زۆر هەیە دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح بۆئەوەی ببێتە سەرۆک کۆماری عێراق ئەو قەوارەیەی بە پشتیوانی پارتی دروست کردبێت. ئەوەش پێچەوانەی بیرکردنەوەی یادزیندو نەوشیروان مستەفا بوو. چونکە یەکێک لە هۆکارەکانی جیابوونەوەی کاک نەوشیروان لە یەکێتی بریتیبوو لە فەرامۆشکردنی باشووری کوردسنان لەلایەن تاڵەبانیەوە بە ئامانجی بوونە سەرۆک کۆمار.
جەماوەریش زۆر باش لەبەر چاویاندایە کە لە کاتێکدا تاڵەبانی بەو هەموو پێگە جەماوەری و دیپلۆماتییەی خۆیەوە نەیتوانیبێت لە پۆستی سەرۆک کۆماریدا بچوکترین دەستکەوت بۆ گەلی کورد مسۆگەر بکات و بگرە بەهۆی ئەو پۆستەوە زۆر دەستکەوتی گەلی کوردیشی لەدەست دابوو، ئەوا دکتۆر بەرهەمێکی بێ پێگەی جەماوەری نەک هیچ چارەسەرییەکی لێ چاوەڕوان نەدەکرا بەڵکو ئەگەری ئەوە هەبوو کە ئەوەی هەشە لە دەستی بدات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە