سەردەمی زێڕینی ئازادی بەیان و سکەی لە گەشاوە کەوتووی دیمۆکراسی

Friday, 08/06/2018, 1:25

4393 بینراوە


گەرووکان و تۆڕەکان:
ئازادی بەیان یەکێک لە قەبووڵکراوەترین بنەماکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیە لە سەردەمی ئێستادا.داکۆکیکارانی لەسەر ئەو بڕوایەنە دەستڕاگەیشتنی حکوومەتەکان بەکۆنترۆڵی گووتن و نووسین زۆر مەترسیدارە.سەرەڕای ئەوەش،بەگشتی کۆدەنگیەک بوونی هەیە بۆ ئەوەی ئازادی بەیانی ئەندێشە دەبێ شمووڵی کۆمەڵێک یاسا و ڕێسا بکرێت.هەر بۆیە زۆربەی گفتوگۆکان لەبارەی ئازادی بەیان لە ئێستادا هەر لەو بازنەیەدا دەسوڕێنەوە.
ئەو کاتەی لە جیهانی حەقیقدا ژینگەیەکی وەها دروست بووە بۆ لێکدانەوە و لێکۆڵینەوە لە بنەماکانی سەرەکی وشەی "ئازادی بەیان"و لە لایەن دەوڵەتەکان ناوەڕۆکی ئازادی رادەڕبڕین دیاری دەکرێت،ئەوە لەڕوی فەڵسەفیەوە جیاکردنەوەی ناوەڕۆکی ماف لە پاساوەکانیان زۆر ئەستەم دەبێت.هەر لەبەر ئەوەشە ئەمرۆ دەبینین ئازادی بەیان زیاتر بۆتە جێگەی گفتوگۆ کردن لەناوەندەکانی فیکری وسیاسیدا.
لێرەدا دەتوانین دیاری بکەین کامە بەشی ئازادی بەیان دەبێ مافی گفتوگۆ کردن لەخۆ بگرێت و گەڕەنتی کردنی چ جۆرە ئازادییەک بێت و چ پێگەیەک دەبێ تایبەت بەئازادی چاپەمەنی و بیروڕا بزانین.بۆ پاساوی ئازادی بەیان و داکۆکیکردن لە ئازادی ڕاگەیاندن کۆمەڵێک هۆکاری جیاواز باس دەکرێت.بەڵام سێ هۆکاری سەرەکی کە زیاتر لەهەمووان لە بەرگریکردن لە ئازادی باسی لێوەکراوە بڕیتین لە:
 ـ لێگەڕان لە حەقیقەت:
ئازادی بەیان بەشێوەیەکی ئاسایی وەک میکانیزمێک بۆ تێگەیشتین لە حەقیقەت پێناسە کراوە و داکۆکی لێدەکرێت.ئەگەر بڕیار وابێت پێشکەوتنی تێگەیشتن و مەعەریفە بێت،خەڵک دەبێ لە بەیان و گفتوگۆ کردن و ڕەخنە لە بیروبۆچوون و زانیارییەکان ئازاد بن،چوونکە بەلانیکەم دەرکەوتنی حەقیقەت تەنیا لە گۆڕەپانێکی ئازاد و ئاشکرای دیالۆگی بیروبۆچوونە جیاوازەکاندا مەیسەر دەبێت.
ـ دیمۆکراسی:
لە دەسەڵاتە دیمۆکراتەکاندا یانیش دەسەڵاتی خەڵک ساڵاری،ئازادی بەیان یەکێک لە پێکهاتە سەرەکییەکانێتی و دیمۆکراسی جێگیر ناکرێت،مەگەر ئەوەی جەماوەر بتووانن سەربەستانە تەعبیر لە بیروبۆچوونی خۆیان لەگەڵ یەکتری بکەن.
 ـ ئازادییە مەدەنیەکان:
ئازادی بەیان بەیەکێک لە بنەماکانی سەرەکی ئازادی تاکەکەسیش ناو لێدەکرێت و ڕێزی لێدەگیرێت.و لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی هەر کۆمەڵگایە کە تێدا ڕێکخراو و بیروباوەڕە پیرۆزەکان دەرفەتی ئەوە بەتاک دەبەخشن،ژیانی خۆی ڕێکبخاتەوە و دەست لەسەر بژاردە عەقڵانیەکان دابنێ و بگاتە لووتکەی کامڵبوونی مانای مرۆڤبوون.بەڵام شوناس و ئەتنیکە جیاوازەکان لەناو جیهانی پێکەوەژیانی بەزۆرەملیدا تووشی کۆمەڵێک کێشەی گەورە دەبنەوە کە دەکرێت،لێرەدا ناوی لێبکەین خەمساردی و بێ باوەڕ بوون بەهەموو بەها پیرۆز و سیمبووڵەکانی نەتەوەیی و نیشتیمانی.ئەمە یەکێک لەگەوڕەترین دەرهاویشتەکانی دونیای سۆشیال میدیا یانیش سەردەمی بەجیهانیبوونە.
تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئاستێکی بێ وێنەیان لە ئازادی بەیان پێشکەش کردوین،بەڵام لەبەرابەردا متمانەیان خەشەدار کردوین و هەتا ڕادەیەکیش لەناو بردوین،بەهۆی بەربڵاوی و خێرایی لەگەیاندندا بێ بوونی میکانیزمێکی شیاوی لێکۆلینەوە و لێپرسینەوە لە بەکارهێنەرانیان،چۆن کاتێک هەموومان دەتوانین بەئاسانی دەستڕاگەیشتنمان هەبێت بەسەرچاوەکانی هەواڵ و زانیاری و ئاڵووگۆڕ کردنی زانیارییەکان لە جیهانی مەجازییدا،بێ ئەوەی هیچ یاساییەکی تایبەتی مەجازیش بوونی هەبێ بۆ چاوەدێری کردن،دەبێ چاوەڕی دەرهاویشتە نێگەتیڤەکانیش بکەین لەبواری شکاندنی کەرامەت و کەسایەتی و سووکایەتیکردن بە تاک و کۆمەڵ.هەرچەندە لێرەدا مەبەست دروستکردنی پۆلیسی فەزای مەجازی نییە.وەک ئەوەی لە ئێستادا لەهەندێک وڵاتی دژە ئازادیدا پەیڕەو دەکرێت،بەناوی پاراستنی بەرژەوەندی نیشتیمانی و نەتەوەیی،سیستەمی سانسۆر کردنیان دامەزراندوە و تەواویی کاناڵەکانیان بەپێ خواست و حەزی خۆیان خستۆتە لیستی ڕەشەوە.خۆشبەختانە لە کوردستان ئێستا ئاستی ئینکۆباسیوونی مەجازی بەم شێوەیە پێش نەکەوتووە و تەنیا لەناو دونیای حەقیقیدا سیستەمی بێدەنگ کردن و کپ کردن پەیڕەو دەکرێت بەهێزی چەک و هەڕەشە و لێدان و ڕەفاندنی کەسایەتیە ڕەخنەگر و جیابیرەکان.
شێوازی پێوەری سانسۆر لە دەیەکانی ڕابردوو؛
سەرچاوەکانی سەرەکی بڵاوبوونەوەی هەواڵ ئاشکرا بکەن و ڕێگرییان لێبکەن.ئێستا ئەم شێوازە زیاتر کۆمیدیاترە هەتا ترسناکتر بێت.ئیتر سەرچاوەی سەرەکی بوونی نییە،و هەواڵەکان لە تۆڕێکی گەورەی پێوەندییە تاکە کەسیەکانی مەجازیدا دەست بەدەست دەکرێن.مرۆڤێکی شاراوە بە گوشی یانیش ئایپادێکەوە،دەتوانی بەئەندازی سی.ئێن.ئێن و هەموو کاناڵە زەبەڵاحەکانی تر لە کاتی ڕوداوەکاندا کاریگەری هەبێت.بەڵام زۆر ساویلکانەیە ئەگەر گومان بکەین ئاراستە کردنی بیروبۆچوون لەو سیستەمە مەترسیدارە دا لەناو چووە.
بەگشتی مێژووی مودێرن،سادەترین ڕێگەیە بۆ داخستنی کاناڵی بڵاوبوونەوەی تەک بۆچوون،ئەگەر پێش لە بڵاوبوونەوەی میکانێکی بگیرێت.بۆ نموونە رۆژنامەکان دابخەن،گوشار بخەنە سەر بەرپرسی ڕاگەیاندنەکان،سانسۆرچیەکی فەرمی لەناو بڵاو کراوەکاندا دابمەزرێنن،یانیش بەشێوەیەک ئەگەر زۆر پێویست بوو،چەک لەسەر ناوچاوانی پەیامنێرەکان دابنێن.
لەنموونەی بێدەنگردن بەچەک دەتوانین ئاماژە بە کودێتای ناوخۆیی لە تورکیە بکەین،ئەم ڕوداوی کۆتایی بەڕاستی بۆ جاری یەکەم لە تورکیە ڕویداوە.بەهاری ساڵی 1960))،گروپێک لە ئەفسەرانی سوپا تازە کۆنترۆڵی حکوومەت و ڕاگەیاندنە گشتییەکانیان دەست بەسەردا گرتبوو،و بڵاوکراوەکانیان بەتەواویی داخست،هەتا پێش بە هەماهەنگی کردن لەدژی هەر چەشنە مەترسیەک لەدژی کودێتاکەیان بگرن.بەڵام لە بەختی ڕەشی کودێتاچیەکان،بڕیار بوو دوو هەفتە دوای کودێتایەکە یاری تۆپی پێی لەنێوان دوو تاخمی تورکیە و سکۆتڵەندا ئەنجام بدرێت،جەماوەرێکی زۆر چاوەڕوانیان دەکرد.یارییەکانی تری هاوشێوەی ئەوە لە ڕادیۆکانەوە بڵاو دەبوونەوە و پێشکەشکارەکە یەک بەیەکی جووڵەکانی شرۆڤە دەکرد.هەموو جەماوەری تورکیە لە دەوری ویستگەی ڕادیۆکە کۆببوونەوە،هەتا هاندەری تاخمی نەتەوەیی خۆیان بن..
ڕیسکی هەڵوەشاندنەوەی یارییەکە بۆ کودێتاچیەکان زۆر قورس بوو، چۆن ئەگەری هەبوو چەخماخەی خۆپێشاندانەکان لێبدەن.بەڵام ئەگەر پەیامنێرێک لە وەشانی ڕاستەوخۆی ڕادیۆکەدا باسی پرسی سیاسی ناوخۆی وڵاتی کردبا چ دەبوو؟تەنیا ئاماژەیەک بەس بوو بۆ ئەوەی وڵاتێک بکەوێتە ناو ئاشۆبێکی مەزنەوە.هەر بۆیە ئەفسەرەکان گەیشتنە ڕێگە چاڕەیەکی ئاشکرا،ئەویش چەند نیشانە شکێنیان دەستنیشان کرد،هەتا لەکوێ دوو کاتژمێر و چڵ و پێنج خووڵەکی وەشانی ڕاستەوخۆدا،پێشکەشکارەکە تیرۆر بکەن.وێدەچوو ئەوەش مەترسی خۆی هەبووایە،بەڵام مەترسییەکی بەرنامە بۆ دڕێژراو بوو.لەکۆتاییدا ئەوان تەنیا ناچار بوون هەڕەشە لە پەیامنێرێک بکەن، یەک سەرچاوە بۆ کۆنترۆڵی شەپۆڵەکانی بڵاو بوونەوەی دەنگی ڕاگەیاندنکارێک،ئەم نموونەیە بەشێک بوو لە وتاری یەکێک لە پسپۆرانی بواری ئازادی بەیان و سۆشیال میدیاکان کە لە کتێبی "بەجیهانیبوون و ناسەقامگیری"دا بڵاو کراوەتەوە.
ئەیام زەمانێک ئەوە یاسایە لە هەموو دونیادا بوونی هەبوو،هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەتا ئەم دواییانەش چاپ و بڵاوکراوەکان،کارێکی زۆر ئەستەم و پڕ خرج بوون و ژێرخانەکانیان چەندین گەرووی هەبوو و لەژێردەستی کۆمەڵێکی تایبەت دابوون و سنووڕدار کرابوون.بەڵام ئەمرۆکە ئەو شێوازە ستانداردە کەم و زۆر هەڵوەشێندراوە و سڕدراوەتەوە.لەکاتێکدا هەر کەس دەتوانی لەماوەی چەند خووڵەکدا ئەکاونتێک لەسەر فەیسبووک و تێڵێگرام و ئینستاگرام و توویتەر دروست بکات،یانیش کاتێک لە نزیکی هەر ڕوداوێکدا ژمارەیەک خەڵکی کامێرا بەدەست بەگوشیە هۆشمەندەکانی خۆیان ئامادەگیان هەیە و لە دیمەنەکان وێنە و ڤیدیۆ و هەواڵ دروست دەکەن،ئەو کاتە دەسەڵات دەتوانی گەرووی چ کەسێک بگووشن؟
نموونەی زۆرمان لەبەر دەستە کە دەریدەخەن خێرایی لە گەیاندن و ئازادی بەیان لە دونیای مەجازییدا ئەمرۆ وەک گەورەترین مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتە ملهۆر و ستەمکارەکان هەژمار دەکرێت و هەر لەبەر ئەوەشە ئەمرۆ دام و دەزگا و پۆلیسی تایبەتی ئینتەرنێتی لەلایەن دەوڵەتەکانەوە دروست کراوە و رۆژ نییە هەڕەشە لە بەرپرسانی کۆمپانیا گەورەکانی سۆشیال میدیا نەکەن،بەناوی پاراستنی زانیاری و پێدانی زانیاری کەسێتی.ئەگەر جەنایتکارێکی جەنگی یانیش تاوانبارێکی گەورەی گەندەڵی ئابووری لەناو حەوشەی دادگا دا ژەهر بخواتەوە،هەواڵەکەی لەماوەیەی چەند خووڵەکدا وەک سەرەکیترین هەواڵ دەگاتە هەموو بەکارهێنەری تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان لە جیهاندا.بەڵام دەکرێت ئازادی بەیان و خێرایی لە بڵاو کردنەوەی زانیارییەکان لایەنی پۆزێتیڤ و نێگەتیڤی هەبێت.
لە فەزای نێتوۆرکێنگی ئەمرۆدا،کاتێک کەسێک وەشانی زیندو دەستپێدەکات یانیش ئەندێشە و هەڵوێستەکانی لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتی دا بڵاو دەکاتەوە ،وێدەچی سانسۆر شتێکی غەێرە موومکین بێت.هەر لەبەر ئەوەشە ئەم رۆژگارە دەتوانین بەسەرەدمی زێڕینی ئازادی بەیان ناو لێبکەین.بەشێوەیەکی ڕەها لە سەردەمێکی زێڕینی ئازادی بەیاندا دەژین،بەو مەرجەی باوەڕکردن بەدرۆ عادەتی ئاسایی و رۆژانەی چاوەکانتان بێت.
ئایا ئەو پارچە فیلمەی کاتێک سەیری دەکەین،حەقیقەتی هەیە؟ئایا بەڕاستی هەر لەو شوێنە و هەر لەو کاتەدا کە دەڵێن،ڤیدیۆی لە هەڵگیراوە؟ئایا پیسکۆپاتە ڕاستگەڕا توندڕەوەکان یانیش سوپای رۆبۆتەکانی ئەمریکا و ڕوسیا،خوێندنەوەیان بۆ ئەنجام نەداوە؟یانیش هەتا شایەد بەکۆمەکی هۆشی دەستکرد دروست کرابێت؟بەڵێ،کۆمەڵێک سیستەم بوونیان هەیە،کاریان خوڵقاندنی ڤیدیۆی ساختەیە و رۆژ لەدوای رۆژیش زیاتر بڕواپێکەر دەبن لەناو کۆمەڵگەدا و دەستکاری ڤیدیۆ و بابەتە حەقیقیەکان دەکەن،بۆ بەلاڕێدا بردنی ئەساسی ڕوداو و کارەساتەکان،ئەمەش دەتوانی بێ هیچ بەربەستێک شوێنی خۆی لەناو بیروهزری جەماوەردا دروست بکات و بەساڵانیش کاری پێویستە هەتا ئەم خراپ تێگەیشتنە گۆڕانی بەسەر دابێت،وەک ئەوەی لە وڵاتی خۆماندا لەکاتی تیرۆری رۆژنامەنووس و نووسەرانی ڕەخنەگر لە دەسەڵات و ستەمکاری حیزب و خێڵ و بنەماڵە،لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی حیزبەکان بەکۆمەڵێک ڤیدیۆی ساختە تاوانەکەیان خستە ئەستۆی دوژمنە وەهمیەکانی ئەو دیوی سنووڕەکانەوە و کۆمەلێک وێنە و بەڵگەی دروستکراویان لە شاشەی تێڤیەکانەوە بڵاو کردوە بۆ سەرپۆش کردنی ڕاستی ڕوداوەکان.
یانیش گریمان ئێوە ئەم ڤیدیۆیە بڵاو دەکەنەوە،لەو حاڵەتەدا ئایا کەسێک تەماشای دەکات؟یانیش لەناو دەریایەک لە نووسینە پڕ ناوەڕۆکەکانی تردا کە لەسەر ڕاستی ئەم ڕوداوە نووسراوە بزر دەبێت؟ئایا هاوتەڕیبە لەگەڵ سیاسەتە گشتیەکانی فەیسبووک؟شایەدیش خۆش شانش بین و لە بەشی گشتی ئۆلگۆریتمی ئەمرۆدا،بڕاوەی پسوولەی بەخت تاقیکردنەوە بین.
بینەر یانیش خوێنەرێکت پەیدا کردوە کەیفی بەئێوە دێت،یانیش ڕەقی لە ئێوەیە،ئایا پۆستەکانت خەڵوارێک لایک و کۆمێنتی وەرگرتووە؟یانیش زۆرێک لە فرە پێکەوە بوون بۆتە دەستکەوتی ئێوە،ئایا بە هەزاران پەیام،ئاد لینک،ڕاگەیاندن و ئیمێل گاڵتەتان پێدەکەن و هەڕەشەتان لێدەکەن؟ئایا لەبەر زەحمەتکێشانەکانت ناسنامەت ئاشکرا بووە؟ئایا جەماعەتێکی توڕە و نادیار،شتی خراپ و ناشیاویان بۆ پۆست کردونە،هەتا بۆ شوێنی کار و بەر دەرگای ماڵەکەتان؟ئایا هێزە دژە شۆڕشیان ئاگادار کردۆتەوە،یانیش هەر ئەو پیاوە ڕەشپۆشە دەمامکدارانەی لەناو گەرمی خەو و خواردندا هەڵدەکووتنە سەر ماڵەکەتان و دێنە ناو ژوورەکەتەوە بەچەک؟
ئەو کاتەی دەستەکانت لەسەر سەرت داناوە و لەوی ڕایانگرتووی،هەست دەکەی چۆن بۆچوونی خۆتان گووتوە و لە دەسەڵاتی تۆقێنەر و ترسناکی دەوڵەت سەپێچیتان کردوە.بەڵام لەڕاستیدا تەنیا جەماعەتێکی نیشتەجیی چوار ماڵپەرتان توڕە کردوە،یانیش سەرقاڵتان کردون،بەهەرحاڵ،پیرۆزباییەکانی ئێمە بەگرنگ وەرگرە و ئێوە خوێنەر و بینەرێکی تایبەتیتان پەیدا کردوە و خەڵک هەموو چاوەڕی دەکەن پۆست و بۆچوونەکانی داهاتووتان بڵاو بکەنەوە لەسەر ڕوداوەکان..
سەدەی بیست و یەکەم،سنووڕدار نییە بەو کەسانەی بەژێرخانی دەوڵەمەند و جێگرتوو بیروبۆچوونی خۆیان یانیش حیزبێکی سیاسی بڵاو دەکەنەوە و دەستڕۆشتوویان هەیە،بەسەر کۆمەڵێک ئیمکانات و سەرچاوەکانی داهاتدا.بەڵام لە بەرابەردا توانایی تاک بۆ ڕاکێشان و بڵاو کردنەوە گرنگی و سنوڕدار بوون دروست دەکات و هەر ئێستاش چەندین پڵاتفۆرمی دیجیتاڵی دەگمەن و هەتا ڕادەیەکی زۆریش مەترسیدار بەجووڵاندن و ئاگادار کردنەوەی دونیا فۆرم و شێوازی جیاواز دەبەخشن،وەک نموونەی ئامازۆن،فەیسبووک،گووگڵ و یووتیۆب و هەتا ڕادەیەکی کەمیش توویتەر و ئینستاگرام و تێلێگرام و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی تر کە هەر رۆژ ژمارەیان زیاتریش دەبێت لەناو گوندی جیهانیدا.
ئەم کۆمپانیانە حەزیان لێیە خۆیان وەک پێشەنگی ئازادی بەیان پێناسە بکەن و گەیشتوونتە پێوانەیەکی وەها کە جیهان هەرگیز بەخۆی نەبینیبووە و زاڵبوونە بەسەر ڕاگەیاندنەکاندا،و رۆژ لەدوای رۆژیش زیاتر دەبنە جێگرەوی بەشی گشتی.بەڵام بازاڕ و بازرگانی کردنیان لە ناوەڕۆکی خۆیدا سادەتر لەو باسەیە،ئەوان دەڵاڵی پرۆپاگەندە و ڕێکڵام کردن بۆ کاڵا و کەل و پەلەکانی دونیای سەرمایەداری و کاپیتاڵیزم.ئیشی بەردەوامیان بۆتە نیشانە گرتن لە چاوی بینەر و خوێنەرەکاندا بۆ کڕین و بازاڕ کردن.یانی بەشێوەیەک هەر کەسێک ئامادە بێت پارەی زیاتریان پێبدات،دەتوانی زیاتر هێزی ئەم کۆمپانیانە بۆ لای خۆی ڕاکێشی.ئەم سیستەمانە بەکەڵک وەڕگرتن لە چاوەدێری گشتگیری ئۆنڵاین و ئۆفڵاین هەر رۆژ زیاتر دەتوانن بەوەردی پێشبینی بکەن،کە ئێمە شیاوی قەبووڵکردنی کامە ڕێکلام و ناوەرۆکین و یانیش ئێمە سەرقاڵی کرتەکردن و خوێندنەوەی کامە بانگەشەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتین،بۆیە وەک خۆراکی بێ کۆتایی دەمانهێڵنەوە بۆ خۆیان و هەر کاتیش حەزیان لێبوو گەرممان دەکەنەوە بۆ خواردنی دوبارەیان.
ئەم بەشە گشتیە لە ئۆلگۆریتمەکانی ئەمرۆ بەشێوەیەکی ئاسایی چ شتێک دەرخواردی ئێمە ئەدات؟لە ئەدەبیاتی بەشی تەکنۆلۆژیا دا دەڵێن؛فەیسبووک و یووتیۆب باشترین بژاردەی پێکەوە ژیانن.داکۆکیکەرەکانیان دەڵێن،ئەم ڕەستەیە بەدروستی هەمان ئەو شتەمان پێ دەڵێت،کە پێویستیمان پێی هەیە.بەڵام ئەو شێوازەی فەیسبووک و یووتیۆب بۆ سەرنجڕاکێشانی ئێمە گرتوویانەتە پێش،دیاردەیەکی سروشتی و بێ دەرەتان نییە.ئێستا مۆدێڵەکان باش دەناسین.بۆ نموونە بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەری بەنێوبانگی "بازڤێد"لە مانگی نۆڤەمبەری 2016دا،کۆی گشتی ئەو بەکارهێنەرانەی باشترین جۆری هەواڵی درۆ و ساختەیان لەبارەی هەڵبژاردنەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەدەستهێناوە.زیاتر لە کۆی گشتی نۆزدە کاناڵی گەورەی ڕاگەیاندنی هەڵبژاردنەکان بووە لە جیهاندا."کەواتە زۆرترین درۆ و لێدۆانی و نووسینی بێ بنەما لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاو دەبێتەوە و ئەوەش وایکردوە ئێستا هەموو سیستەمەکانی ئینتەرنێتی سکرتێر یانێش هەمان رۆبۆتی قسەکەر دابمەزێنن بۆ تاقیکردنەوەی شوناسی حەقیقی بەکارهێنەرانیان.
مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە،ئێمە جگە لە تواناییەکانمان بۆ بەدەستهێنانی زانست و مانەوە لەناو کۆمەڵەکانی پێکەوە کارکردندا،توانای بەڕگری کردنی زۆرمان لەدژی دونیای سروشتی نییە،ئێمە بەتایبەتی لەبەرابەر گۆشەی ڕوناکاییەک لەسەر نوێبوونەوەی شتێک ئامۆژگاریمان دەکات،و لەبەرابەر ئەو پەیامەی ئەرێنیانەی لەسەر هەستی هەبوونی ئێمه کاریگەری دادەنێت،و لەبەرابەر پەیامە نەرێنی و توڕەکەراندا لە دژی دوژمنە وەهمیەکانمان لاوازین.ڕۆڵی ئەم جۆرە پەیامە لە کۆمەڵگەی مرۆڤەکاندا،هاوشێوەی ڕۆڵی خوێ و شەکر و چەوری بۆ حەزی ئینسانە.فەیسبووک رۆژانە خەڵوارێک لەم پەیامانە دەرخواردی ئێمە ئەدات،ئەوەش بەم شێوازەی "شان پارکێر"،یەکەمین سەرۆکی ئەو کۆمپانیایە،کە بەمدوایانە ناوی لێکردوە "بازنەی دوبارە پێکدادانی قەبووڵی کۆمەڵایەتی".
سەرەڕای ئەوەش،ئەگەر فەیسبووک وەک چێشتخانەیەک سەیر بکەین،ئەوە بەرهەم و براندەکانی بەهای خواردنیان نییە،لە ڕوانگەی فەیسبووک و یوتیۆوب و توویتەر،هەر بیر کردنەوە و گوتارێک چ ڕاپۆرتێکی هەواڵی بەپەلە بێت،یانیش گرتە ڤیدیۆیەکی سەرنجڕاکێش لە ئاژەڵان،یانیش کاریکاتێرێکی دژی یەهوودی،یانیش ڕێکلامێکی بەهێز بۆ تێغی ڕیش تاشین،لە ڕوی ناوەڕۆک تەنیا یەک شتە.هەر نووسینێک وەک پارچە کێکی ئامادە لەناو پێشدەستی خڕ دایە،هەر نووسینێکی تاکەکەسی هاوشێوەی ڕێکلام کردنە،و ئەم بانگەشەیەش زۆر لەشێوەی نووسینەکانی ناو رۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەچێت.کە هەستی خوێندنەوەی کەمتر لە رۆژنامەیەکی دەستکرد نییە.
سەرەڕای ئەوانەش،ئەو هەمووە گوتارە ئۆنڵاینە بەمانای نەریتە گشتیەکی ئاسایی نییە.هەندێکجار هەست دەکەین فەیسبووک و توویتەر بوونتە شوێنێک بۆ کۆمەڵێک خەڵک کە تێدا هاوکات شتێکی هاوبەش ئەزموون دەکەن.بەڵام لە ڕاستیدا،یەک شێوە ئۆڵگۆریتمی تایبەت بۆ وەڕگرتنی پۆستەکان بوونی هەیە،و بەکارهێنەر ئامانجەکەی هەنگاو بە هەنگاو دیاری دەکات.
ئەو شەبەحەی ئەمرۆ لەکەرتی گشتیدا هەیە،هەزار پارچە بووە و لەژێر هەزاران شینەدەماری تاکەکەسیدا شاردراوەتەوە.ڕاستە،بەشداری لە دیسکۆرسی گشتیدا بۆ هەر کەس ئاسان بووە،بەڵام لەهەمانکاتدا،ئەم دیسکۆرسە گشتیە شوێنی خۆی گۆڕیووە بۆ کۆمەڵێک گفتوگۆی شەخسی و گوێگرتنی تاکەکەسی کە لەپشت سەری ئێمەوە ئەنجام دەدرێت.ڕاستگۆ بین لەیەکتری و ئەسڵی قسەکانمان وەک دڵۆپ نەتکێنینەوە،ئەم نموونانە،بەشێکی سەرەکی لە بیرو باوەڕییەکانی ئێمەنە لەبارەی ئازادی بەیان لەروی ناوەڕۆک و ماف و ئەخڵاقەوە دەخەنە ژێر گومانەوە.
ئەمرۆ،کاریگەرترین جۆری سانسۆر داخستنی ڕێگەی گوتار نییە،بەڵکوو دەستکاری کردنی باوەڕی و متمانە و ئاگاییە،هەر بۆیە سانسۆر بەدڵنیایەوە هاوشێوەی فۆرمەکانی پێشوو نییە،بەڵکوو لە شێوازی کارە مەزنەکانی وەک ئازار و ڤاێرۆسی هەماهەنگ کراو دەردەکەون و لە تواناییە زیندو و توڕەکاندا هاوشێوەی ژەهر بڵاو دەبێتەوە،هەتا خەسارێکی گەورە و قەرەبوو نەکراوە و نەگونجاو بەسەر کردەوەکانی وەک ڕاگەیاندنی هەڵوێستدا دەسەپێنی.ئەوانە وەکو گشتگیر بوونی ڕاگەیاندنە چەواشەکارەکانن و دەیانەوی ڕیشەی باوەڕ پێکردنی سەرچاوەکانی هەواڵی جێگەی متمانە وەشک بکەن.ئەوان وەکوو جەنگی تاوانبارە بێ شووناسەکان و چەواشەکاری بیروڕای گشتین کە لەسەر شانی رۆبۆتەکان پێشرەوی دەکەن.یانیش دەیانەوی وەک درزە پارچە پارچەکانی زانیاری هاککراو سەرنجی هەموو ڕاگەیاندنە سونەتیەکان بۆ لای خۆیان ڕاکێشن.
ئەم شێواز و تاکتیکانە زۆربەی جار پێویست بەیاسا بەزاندن ناکات،یانیش ئاژیرەکانی مەترسی تەواوکاری یاسای بنەڕەتی وەدەنگ ناخات.بەڵام هەموویان هەر لەخزمەتی هەمان ئامانج دانە کە شێوازەکانی کلاسیکی سانسۆر چاوەدێرییان دەکەن؛ئەوانە باشترین میکانیزمن بۆ پێشگیری کردن لە بڵاو بوونەوەی هەواڵێک و گرنگ بوونی لەناو جەماوەردا و دەتوانن پڵاتفۆرمە مەزنەکان بگۆڕن بۆ شوێنی سکانداڵی گەورە.
هەندێکجار پڵاتفۆرمە گەورەکانیش کەسانێک بەهۆی پێشڵکاری و بەزاندنی ستانداردەکانی کۆمەڵگە لە تۆڕەکانیان دەردەکەن و بلۆکی دەکەن.ئەم هەنگاوەش بەڕای زۆربەی چاوەدێرانی نێتۆورکینگ بەڕاستی زۆر لەشێوە کۆنەکانی سانسۆر دەچێت.بەڵام ئەگەر وەها کارێک هەتا ئەگەر خۆنوواندنی دەسەڵاتی مەترسیداری پڵاتفۆرمەکانیش بێت،دووبارە بەمانا دروست و تەکنیکیەکەی پێشڵکاری ئازادی بیروڕا نییە.نموونەی لەو شێوازەمان زۆر لەبەر دەستە و دەتوانین بۆچوونی ئەو تیرۆریستە ڕاستڕەوە ڕادیکاڵە یانی"تێم گیونێت" ناسراو بە بێکدئەڵاسکا لە ئینتەرنێتدا بخوێنینەوە،توویتەر بەداخستنی ڵاپەرەکەی ناچاری کرد بێ بەشی بکات لە گەورە بوون و ناسراو بوون.
لە سەردەمی ڕاگەیاندنە کۆمەڵایەتیەکاندا،زۆر لە بیرۆکە گەورەکانی قەدیمی لەبارەی ئازادی بەیان لە پێوانە و هەژمار کردنی "ڕایانشی" دا جێگایان نابێتەوە.بڵاو کردنەوەی ڤاێرۆسی هەواڵی ساختە،تەور لێدانە لە ڕیشەی بیرۆکەی "جان ئێستوارت مێل"کە لەسەر ئەو بڕوایە بوو "بازاڕی بیرۆکەکان"دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ڕاستیەکان.و کاتێک بەیان لەو بەشەدا هەم جەماوەری و هەمیش غەێرە گشتی دەبێت،ئەم پەندە نەستەق و ناسراوەی ئەمریکاییەکان کە دەڵێن؛ "باشترین دەرمانی قسەی خراپ،قسەی زیاترە"تەواویی ماناکەی خۆی لەدەست ئەدات.چۆن وەڵامی شتێک ناتوانین بیبینین دەدێنەوە؟چۆن دەتوانین کاریگەرییەکانی قسەی خراپ دەرمان بکەین،هیچ ڕێگایەک بۆ لێدان لە ئامانجەکانی بینەر و خوێنەر و گوێگرێک نییە کە پەیامی یەکەمی وەڕگرتووە.
ئەوەی لێرەدا باسم کردوە،گەڕانەوە بۆ نۆستالیژیا نییە.لە ڕابردوو دەنگە پەراوێزەکان بەسەختی دەیانتوانی گوێگری زۆر بۆ لای خۆیان ڕابکێشن.ئەم دەنگانە هیچکات نەیاندەتوانی لە بەربەستی پاسەوانەکانی دەروازەی هەواڵی نووسی شەوانە تێپەرن.بۆیە تەنیا کارێک ناڕەزاییەکان دەیانتوانی ئەنجامی بدەن دروست کردنی دیمەنەکانی شانۆگەری گشتی بوو،ئەویش پێویستی بەقوربانی زۆر هەبوو،بەڵام پاسەوانەکانی هەواڵی شەوانەش نەیاندەتوانی لەئاست ئەم جۆرە دیمەنانە چاوی خۆیان بنووقێنن، وەک نموونەی سەرۆکەکانی بزووتنەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئەمریکا کە منداڵانی قوتابخانەکانیان دەناردە سەر شەقامەکان بۆ خۆپێشاندان بۆ ئەوەی دڕەندەترین شێوازی بێڕەحمی پۆلیسەکان ئاشکرا بکەن،لەدژی سەرکووتی ناڕەزایەتیەکان لەبەر چاوی کامێرا.بەڵام ئەو سەردەم ئێستا شێوازەکانی ئازادی بڵاو کردنەوەی زانیاری بەو شێوەیەی ئێستا پێش نەکەوتبوو کە لەچرکەیەکدا سەرنجی هەموو دونیا بۆ خۆی ڕابکێشی و دڕندەیی هێزە سەرکووتکەرەکانی دەوڵەت پێشانی ڕای گشتی بدات.
بەڵام لەو سەردەمەدا،هەر چاڵاکێکی سیاسی کەم و زۆر دەتووانی هەر ئەو شتانە ببینی کە خەڵکی تریش دەیانبینی،ئەمرۆ هەتا بەهێزترین داهێنەرەکانیش ناتوانن تاخمێکی گونجاوی جەماوەر لەدەوری یەک کۆبکەنەوە،هەتا بەڕەنگاری هەواڵە ژەهراوییەکان ببنەوە.بۆ نموونە لەکاتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکۆماری لە ئەمریکا لە ساڵی 2016 دا،لایەنگرانی "دۆناڵد تڕامپ"لە توویتە ڕەشەکان کەڵکیان وەردەگرت، ئەو توویتانەی خوێنەرێکی تایبەت دەکەنە ئامانجی خوێندنەوەی خۆیان،بۆ ئەوەی ڕەشپێستەکان لە ویڵایەتە جێ ناکۆکەکانی نێوان دیمۆکراتەکان و کۆماریخوازەکان لە دەنگدان پاشگەز بکەنەوە.هەر بۆیەش تیمی"هیڵاری کلینتۆن" نەیاندەتوانی ئەم نووسیانە چاودێری بکەن،چ بگات بەوی بتووانن ڕاستەوخۆ بەڕەنگاریان ببنەوە.ئەگەر هیڵاری کلینتۆن بەشداری بەشی هەواڵەکانی شەوانەشی کردبایە ئەوە دوبارە ڕێگەیەک نەبوو بۆ دەستڕاگەیشتن بە لایەنگرە خەمبار و توڕەکانی ئەو پەیامانە.چۆن تەنیا تیمی"دۆناڵد تڕامپ" و کۆمپانیای "فەیسبووک" دەیانزانی ئەم کەسانە کێن و لەکوێ دەژین.
دەبێ لێرەدا باسی ئەم خاڵەش بکەم،کەڵک وەرگرتنی تیمی کاری"دۆناڵد تڕامپ" لەم نووسینە ڕەشانە بەو مانایە نییە، ئامێرێکی سادە و بێتاوانیان بەشێوەیەکی شەڕەنگێزانە بەکارهێناوە.بەڵکوو ئەم تیمە لە فەیسبووک بەدروستی هەمان ئیستفادەیان کردوە کە خودی فەیسبووک بۆی دیزاین کردونە.و ئەم کارە بۆ هاورێیانی شاندی تڕامپ کەم خەرجتر بوو،چۆن کارمەندانی فەیسبووکیش لە شوێنی کاری خۆیان دانیشتبوون و هاریکاریان دەکرد.یانی هەر ئەو کارەی کۆمپانیاکانی تێکنۆلۆژی بۆ زۆربەی بانگەشەکەرەکان وکەسایەتیە گەورەکانی ناو سیاسەت ئەنجام دەدن.هەتا ئەو کاتەی خەڵک بانگەشەکان ببینن،هیچ گرنگیەکی نییە ئەم گوتارە لەکوێەوە دێت یانیش چ کاریگەرییەکی دەبێت،ئەویتر فەیسبووک خۆی لێ بەرپرسیار نازانی.
سەرۆکی کۆمپانیای فەیسبووک "مارک زاکێربێرگ"دەڵێت؛ ئەرکی فەیسبووک بۆ بەستنەوەی دونیا و نزیکتر کردنیکولتوورەکانە لە یەکتری،ئەوەش سیاسەت و ئامانجی دڕێژخایەنی کۆمپانیای ڕاگەیاندنی فەیسبووکە.مارک زاکێربێرگ لە ڤیدیۆیەکی ڕاستەوخۆ باسی هەڵبژاردنی پێشووی کردوە و بەو پەری شانازییەوە دەڵێت: لە ساڵی 2016 دا،بەملیار خەڵک گفتوگۆ و باسی پێکەوە ژیانی ئەرێنیان لە فەیسبووکدا ئەنجام داوە،بەربژێرەکان،کاناڵی ڕاستەوخۆیان بۆ پێوەندی گرتن لەگەڵ دەیان ملیۆن هاووڵاتی و لایەنگری خۆیان دروست کردوە.
دروشمی بەرچاو لە پێشەی داهێنان و تێکنۆلۆژیا ئەم بیرۆکەیە،زۆر بوونی وشە و دەڕبڕین و گووتار (بەشداری زیاتر،پێوەندی زیاتر)،بەڕێزترین و بێخەوشترین ڕەوشتپاکی دروست دەکات.بەڵام مێژوو نووسێک ئەتوانی زۆر بەخێرایی پەرتوێژی ئەم دروشمە لێک جیا بکاتەوە.فەیسبووک تەنیا ناڕەزایانی دۆستی دیمۆکراسی میسری و لایەنگرانی یاری ڤیدیۆیی "شارستانیەت"پێکەوە نابەستێتەوە.بەڵکوو گەورەیی خوازی و  لەسەرتر بوونی سپی پێستەکانیش کۆ دەکاتەوە کە لە ئێستا خۆپێشاندانی زۆر گەورەتر ئەنجام ئەدەن.فەیسبووک لە ئێستادا یارمەتی پێکەوە لکاندنی پرۆگرامی ڕاهیبە توندڕەوەکانی بۆدایی لە میانمار دەدات، کە لە ئێستادا کاناڵی زۆر بەهێز و گەورەیان لەژێر دەستدایە بۆ ئەوەی لایەنگرانیان هانبدەن بۆ کۆمەڵکوژی ڕەگەزی مسڵمانەکان.هەر ئەوەش بۆتە هۆی قەیرانی کۆچبەری لە دونیای ئەمرۆ دا کە رۆژانە خەڵکێکی زیاتر ئاوارە دەبن.
ئازادی بەیان یەک لە ستوونە گرنگیەکانی دیمۆکراسیە،و هیچ بەهایەکی بەنرختر لەمەش بوونی نییە،لە فەرهەنگی لیبڕاڵ دا،ئازادی بەیان زۆربەی کات وەک بزوێنەر هەژمار دەکرێت،یانی پێش مەرجێکی سەرەکی بۆ بەدەستهێنانی ئایدیاڵە کۆمەڵایەتیەکانی تر،بۆ خوڵقاندنی کۆمەڵگایەکی هۆشیار،بۆ وەڕێ خستنی دیاڵۆگی تەندروست،عەقڵانی و هۆشیارانە،بۆ ناچارکردنی تاک و ڕێکخراوەکانی خاوەن هێز و دەسەڵات بۆ لێپرسینەوە و بۆ زیندو هێشتنەوە و پێشکەوتنی کۆمەڵگاکان.ئەمرۆ ئێمە شایەدی ئەوەینە کاتێک لەگەڵ ئازادی بەیان هاوشێوەی ئامانج نەک ئامراز هەڵسوکەوت دەکەین،ئەگەری هەیە،هەموو ئەو شتانەی چاوەڕوانیمان دەکرد بەدی بێن،بەڵام بێبەرهەم و چەواشە کراو.
بەمەبەستی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار دەبێ بەلانیکەم چەند هێمایەکی بەکەلک بۆ لێک جیاکردنەوەی حەقیقەت لە درۆ بوونی هەبێت.پەرەپێدانی گفتوگۆیەکی تەندروست و عەقڵانی و هۆشیارانە لەناو کۆمەڵگەیەکدا پێویستی بە ڕێگە چاڕەیەک هەیە کە بۆچوونە دژبەرەکان بەباشترین شێوەی موومکین بتووانن باسی خۆیان بکەن.لەسەر ئەو بڕوایەم هیچ بەشێکی گشتی ناتوانین بدۆزینەوە بەتەواویی گەیشتبێتە ئەم بارودۆخە ئایدیاڵە،بەڵام بەلانیکەم ئەم ئایدیاڵانە بوونیان هەیە،بتووانین خۆ بەدوور گرتن لەوانە لێک جیا بکەینەوە.لە بەرابەر دا ئۆڵگۆڕیتمەکانی پێکەوە سازانی ئەمرۆ هیچ جۆرە باشتر بوونێکیان لە بەشی گشتیدا نییە.
هەندێک لە پسپۆرانی بواری خۆراک و تەندروستی پێشبینی ئەوە دەکەن،لەماوەی چەند ساڵی داهاتوو ژمارەی ئەو منداڵانەی کە کێشەی کێشیان هەیە،زیاتر دەبێت لەو منداڵانەی لەگەڵ برسێتی ڕووبەڕو دەبنەوە،بۆچی؟لە رۆژگارێکدا کە برسێتی و قاتوقڕی یەکێک لە نیشانە بەرچاوەکانی دۆخی مرۆڤایەتی بووە،حەز بۆ کالۆری زۆریش جێگای پەسەندە،ئێمە ئێستا لە ژینگەیەکی تەواو پڕ لە خۆراکیدا ژیان بەسەر دەبێن و بەرگریکردنی ژنێتیکی،کولتووری و دەروونیمان لەبەرابەر ئەم مەترسیانەدا دەست لێنەدراوە.هەر بەو ڕادەیەش لە ئێستادا لەناو قەبارەیەکی یەکجار زۆری وتەی بێ بنەمادا نووقم بووینە.بەرگریکردنێکی سنوڕادریش بۆ بەرەنگاری کردن لەبەرابەر ئەم مەترسیانە دەست لێنەدراو و بەهێزیش لەدژی ئایدیاڵەکانی بەیان و گوتاری دیمۆکراتێک بوونی هەیە.
ئاسەواری کۆمەڵێک شت لەگۆڕێیە کە ئەبەدن بێ نرخ نین.لە ڕابردوودا چەندین نەوە دڕێژی دەکێشا هەتا دژە ژەهری سیاسی،کولتوری و ڕێکخراوەیی لەبەرابەر نوێبوونەوە و گۆڕانکاری شۆڕشەکانی پێشوودا لە بەشی ڕاگەیاندن دروست بکرێت.ئەگەر فیلمەکانی "لەدایکبوونی نەتەوەیەک"و "سەرکەوتنی ئیرادەکانی"سێ ئەمرۆ نەمایش دەکران،تووشی شکەست دەبوون،بەڵام ئەو فیلمانە هەر دووک زەمەنێک نەمایش کران کە پێشەی سینەما لە قۆناغی سەرەتایی خۆیدا دابوو،و کەڵک وەرگرتنی نوێگەرایانە لەو ڕاگەیاندنانە لە قۆناغی گەشەپێدانی کۆمەڵەکانی ڕەگەزپەرەستی و توندڕەوی ئەمریکایی و لووتکەی دروستبوونی نازیزم ڕۆڵی دەبینی..
هەتا ئێرە ئەوەندەی بزانین پۆڵێنبەندی بنەماکانی سەرەکی پێشەی پڵاتفۆرمی کۆمپانیا گەورەکانی تێکنۆلۆژیا بەم شێوەیە،(درۆنە کردنی ئاگایی جەماوەر بەکەڵک وەرگرتن لە ژێرخانەکانی بەربڵاوی چاودێری کردن،بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی بانگەشەی ئامانجدار و بەزۆری ئۆتۆماتیک بەپێوانەی زۆر گەورە)،بەدەسەڵاتخوازی و پرۆپاگەندە و ڕاگەیاندنی نادروست و بەجەمسەر کردنی کۆمەڵگە زۆر بەباشی پێکەوە دەبەستنەوە.ئەم دژە ژەهرانە یانیش ئەو ڕێکخراوانەی هەتا ئێستا مرۆڤ بۆ پارێزگاری کردن لەخۆی لەدژی سانسۆر و پرۆپاگەندە دروستی کردون وەک (یاسا،یاساکانی شەرەفی کاری رۆژنامەوانی،دادوەرە سەربەخۆکان،پەروەردی گشتی)هەمووان بۆ جیهانێک دروست بوونە کە تێدا گووشینی گەرووی چەند داکۆکیکاری هەواڵ و هەڕەشەی چەند کەسێک دەتوانی ڕێگایەکی گاریگەر بێت بۆ داخستنی کاناڵی گووتار و ڕادەبڕین.ئەم دژە ژەهرانە ئیتر وەڵامدەرەوە نین.
بەڵام ناچاریش نین تەسلیمی ئەم دۆخەی ئێستا بین،فەیسبووک تەنیا سێزدە ساڵ تەمەنی هەیە و تویتەر یازدە ساڵ و هەتا گووگڵ زیاتر لە نۆزدە ساڵ تەمەنی نییە.کاتێک دەبینین پێکهاتە سەرنجڕاکێشەکان بوونتە بنەمای سەرەکی ئاگاداری و چاوەدێری لە ئینتەرنێتدا دەبێ گۆڕانکارییان بەسەردا بێت و ئەگەر بمانەوەی بەوێژدانەوە بڕیار بدەین لەسەر توڕە کۆمەڵایەتیەکانی وەک فەیسبووک و تویتەر و یوتیۆوب و ئینیستاگرام و تێلێگرام،دەبێ ئەوەش لەبەر چاو بگرین کە ئەمانە خزمەتێکی باشی پێشکەوتنی فەرهەنگی و چاند و هونەری و ڕۆشنبیری کۆمەڵگاکانیان کردوە بەگشتی و لەبەرابەر ئەوەشدا،دەبینین دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی دژە ئازادی بەیان و ئەندێشە چۆن سەرمایەگوزاری دەکەن، بۆ داخستنی ئەم کۆمپانیانە لەسەر فەزای مەجازی بۆ ئەوەی هاووڵاتیان نەتوانن دەستڕاگەیشتنیان هەبێت،بەسەرچاوەکانی هەواڵ و کاناڵەکانی ڕاگەیاندن لەدەرەوی دەنگ و ڕەنگی تەک لایەنەی خۆیان،کە بەردەوام خەریکی خەساندنی بیرو ئەندێشەی کۆمەڵگاکانن بەئاراستەی بیروباوەڕی سیاسی و ئایدۆلۆژی خۆیان.بەڵام هەموومان لەو قەڕنەدا دەبینین سەرچاوەکانی بڵاو بوونەوەی زانیاری ئەوەندە خێرایی وەڕگرتووە کە دەوڵەتەکانیش ناتوانن کۆنترۆڵی بکەن،لەهەندێک وڵاتانی دژە ئازادی و دیمۆکراسی و مافی مرۆڤدا بەئاشکرا سیستەمی دژە ئازادی بەیان لە جیهانی حەقیقی و مەجازیدا پیادە دەکرێت و رۆژانە لەسەر نووسین و وێنەیەک چاڵاکانی مەدەنی راپێچی زیندانەکان دەکەن بەناوی بەزاندنی هێڵە سوورەکانی بەرژەوەندی نیشتیمانی.
نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت،کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تۆڕی جیهانی ئینتەرنێت دروست نەبوونە بۆ ئەوەی کێشەکانی ئێمە لەناو هات و هاواری دونیای حەقیقیدا چاڕەسەر بکەن،بەڵکوو ئەوان تەنیا دەرگای گفتوگۆیەکی تەندروست بەسەر جەماوەردا دەکەنەوە بۆ ئەوەی بەئاسانی لەڕێگای دیاڵۆگەوە بگەن بە چاڕەسەری کۆتایی لەبڕی ئەوەی هێرش مەیدانی بکەنە سەر یەکتری بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و ناکۆکییەکانی خۆیان،ئەمرۆ چاڵاکانی بواری ماف و ئازادیە مەدەنیەکان زیاتر لەهەمووان دەنگیان بەرزترە لەناو فەزای مەجازیدا بۆ ئەوی جیهانێکی بێ کۆت و بەند دروست بکەن بۆ ئینسانەکان کە تەنیا تێدا شوناسی مرۆڤبوون ببێتە بنەمای هەموو شتەکان بێت..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە