شەڕ لەگەڵ ئەمریکا هەتا کەی دەبێ دڕێژەی هەبێت؟

Sunday, 13/05/2018, 1:38

3028 بینراوە


پرسیاری سەرەکی لە پێوەندی ئێمه لەگەڵ ئەمریکا ئەوە نییە،کە چ کەسێک سەرۆککۆماری ئەم وڵاتەیە، گرنگتر ئەوەیە کە چ عەقڵ ومەیلێكی زگماكی لەپشت ئەم سیاسەتەیە کە دەبێ ئێمە مێشک وشکترین دوژمنی ئەمریکا بین؟
 ئایا ئابووری ئێران توانای بەردەوامی دانی بەم شەڕە ساردە لەگەڵ ئەمریکا هەیە؟
ئەم شەڕە هەتا چ کاتێک دەبێ درێژە پەیدا بکات؟
 ئایا ئەوڵەویتی گرنگتر لە شەڕ لەگەڵ ئەمریکا بۆ سیاسەتڤانانی ئێرانی بوونی نییە؟
ئایا ئەگەر دەست لەم شەڕە سایکۆلۆژیە لەگەڵ ئەمریکا هەڵبگرین شەرەف و شکۆی سەربەخۆیی نەتەوەیی ئێران دەکەوێتە مەترسیەوە؟
ئایا بەڕاستی هەر وڵاتێک لەگەڵ ئەمریکا شەڕ نەکات، بەناچاری دەبێتە کویڵە ئەمریکا و دەبێ ملکەچی دەسەڵاتی ئەمریکا بێت.ئەگەر وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە پۆزەێتیڤە،ئایا چین،هیند،بەرازیل،فەڕەنسا،مالیزیا،ئەڵمانیا،و.....هەموو لە ژێر داگیرکاری ئەمریکا دانە.و ئەگەر هەر بەو شێوەیەی کە ئەمریکا بۆ بوژانەوەی ئابووری سەربازی و فرۆشتنی چەک پێویستی بەدوژمن هەیە،ئێمەش پێویستیمان بەدوژمن هەیە،کەواتە بۆ ناچین دوژمنێکی هاوتای خۆمان پەیدا بکەین،کە خەسارەکانی بەم ڕادەیە زۆروزەوند نەبێت؟
 نووسەری ئەم بابەتە نەهەڵخەڵتاوی ئەمریکایە نە تۆبە کردوی زەرورەتی دژایەتیکردن لەگەڵ ستەمکاران، بەڵام باوەڕیم بەچارەسەری کێشە و قەیرانە گرنگ و ستراتیژییەکانی وڵاتەکەمان وەک داڕوخانی ئابووری،بێکاری،گەندەڵی،خەسارە کۆمەڵایەتیەکان هەیە،کە درزەکانی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگای ئێرانی رۆژبەرۆژ زیاتر دەکات و پێموایە چارەسەریان ئاسانترە،لەدژایەتیکردنی گەورەترین دەسەڵاتی سەربازی،ئابووری و تەکنۆلۆژی ئەمرۆی دونیا.
سەرەڕای ئەوەش باشتر نییە ئێمە بە خەرجکردنی داهاتی سەرچاوەکانی سروشتی و سنووڕداری خۆمان بۆ ئەنجامدانی پرۆژەکانی ئابووری و بژێوی ژیانی خەڵکی ئێران کە لەم رۆژانەدا لەخراپترین دۆخی خۆیدایە و پێویستی بەکۆمەڵێک ڕیفۆرمی ڕیشەیی هەیە خەرج بکەین، هەتا دواتر بەو شێوەیەی ئێستا وزە و لێهاتوویی خۆمان بۆ ئەنجامدانی کاری سەختتر وەک هەڕەشە و شەڕی ئەمریکا و زلهێزەکانی دونیا خەرج بکەین؟
ماوەی زیاتر لە چڵ ساڵە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران خەریکی هەڵگۆزینی وزەی کۆمەڵگای ئێرانیە لە ئاراستەی سیاسەتی دژایەتیکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل،کە بەهۆی ئەم سیاسەتە چەوتەوە لە کاروانی پێشکەوتنەکانی جیهانی ئەمرۆ دواکەوتووینە و رۆژبەرۆژ زیاتریش دوادەکەوین..
"دۆناڵد تڕامپ" لەسەرەتای هاتنە سەر دەسەڵات لە پۆستی سەرۆککۆماری ئەمریکادا،لە ئاشکرا کردنی سیاسەتە گشتیەکانی ئەمریکا لە قۆناغی دوای ڕێککەوتنی مێژوویی ئەتۆمی کە ناسراوە بە (بەرجام)خۆی دەبوێرا،لەکۆتاییدا چەند شەو بەر لە ئێستا ئاشکرای کرد،ئەمریکا چیتر پابەندی سیاسەتی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران نابێت و بەرجامی بەتەواویی هەڵوەشاندوە و ڕایگەیاند،ئێمە لەدژی پاوانخوازی و هەژموونی و دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکداین و ڕێگە نادەین ئێران هەژموونی خۆی بەناوی سیاسەتی پشتیووانی لە وڵات و گروپە چەکدارە شیعەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەشە پێبدات.
لە بەردەوامی سیناریۆکانی جێگای متمانە کە دەتوانی هەڵسوکەوتی دۆناڵد تڕامپ شەڕۆڤە هەڵگر بکات،بڵاو بوونەتەوە و چۆن بە دروستی نازانم کامە سیناریۆ مێنتالیتەی عەقڵی ڕەفتاری تڕامپ پێشاندەدات،یانیش دەبێ هەموو سیناریۆکان بەجیدی سەیر بکەین.
ئەم چوار سیناریۆیە لە رۆانگەی ئەمریکاوە ڕێکخراوە و ئەگەری هەیە سیناریۆی چوارەم کاری لەسەر بکرێت لە قۆناغی داوی دەرکەوتنی ئەمریکا لە بەرجام..
 ⭕️ سیناریۆی یەکەم: بگەڕێنەوە بۆ خاڵی دەستپێکردنی دانووستانەکان
دۆناڵد تڕامپ هەوڵدەدات هەتا بگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش ڕێککەوتنی ئەتۆمی"بەرجام"،ئیسرائیل وعەرەبستان هاوکات لەگەڵ ئەمریکا دەبن."دۆناڵد تڕامپ" ئێران بەمەترسییەکی بەهێز بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکدا دەزانی و ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە روانگەی"تڕامپ"ەوە ڕێککەوتنێکی باش نەبووە و بگرە زۆریش خراپ بووە لە مێژووی ئەمریکادا کە ئەمرۆ هەموو هاووڵاتیانی ئەمریکا هەست بەشەرمەزارییەکی گەورە دەکەن،لەئاست ئەم ڕێککەوتنە لەگەڵ کۆماری‌ئیسلامی ئێران.
عەرەبستانی سعوودی حەزی لێیە گەمەکەری سەرەکی لە سووریە و ناوچەکدا بێت و ئەوەش تەنیا لەڕێگای سڕینەوە و گۆشەگیر کردنی ئێران مسۆگەر دەبێت.
ستراتیژی سەرەکی ئەمریکا"وروژاندنی ئێران بۆ پێشێڵکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی (بەرجام)ە و لە پاڵ ئەوەشدا ئەم سیاسەتانەی خوارەوە دڕێژە پێدەدات:
ـــ تێگەیاندنی جێگای متمانە نەبوونی ئێران 
ــــ دروستکردنی هاوپەیمانی گشتی لەدژی ئێران 
⭕️ سیناریۆی دووهەم: گۆشەگیر کردنی ئێران!
 دۆناڵد تڕامپ تەنیا ڕێگای کۆنترۆڵی ئێران لە ناوچەکدا سەپاندنی سزای تووندی ئابووری لەسەر ئێران دەزانی.کەواتە دەبێ ڕۆڵی پۆلیسی خراپی لە جیهاندا هەبێت.
لەم سیناریۆدا ئەمریکا بەڕاستی حەزی لە هەڵوەشاندنەوەی بەرجام یانیش ڕێککەوتنی ئەتۆمی نییە،و هیچ قازانجی نییە بۆی!بەڵام ڕۆڵی پۆلیسی خراپ نەتەنیا ئێران کۆنزەرڤاتیف تر و بەپارێزتر دەکات،بەڵکوو بازاڕی فرۆش بۆ وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە گەرم و گوڕتر دەکات.
بەڵام بەرژەوەندی تری ئەمریکا لەوە دایە کە ئاسۆی بەرچاوی کۆریای باکوور لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوشێوەی بەرجام،لەناو ببات.ئەو بەڕاستی بە کۆریای باکوور دەڵێ:کە دەبێ زیاتر لەوەش پاشەکشە بکات.هەتا ئەزموونی ئێران دوبارە نەکرێتەوە لە ڕێککەوتنەکەیاندا کە بەمزووانە کۆبوونەوەی لەسەر دەکەن.
هەروەها ئێران دەبێ قەبووڵی بکات کە هەمیشە بژاردەی هێرشی سەربازی لەسەر مێزە و "تڕامپ"کەسایەتیەکی نەخۆش و دێوانەیە.!
 ⭕️سیناریۆی سێهەم : پێداچوونەوە و گشتاندنی بەرجام
دۆناڵد تڕامپ هەوڵدەدات هەتا بە گوشار خستنە سەر ئێران،ناچاری بکات بێتەوە سەر مێزی دانووستان و کۆمەڵێک بابەتی تر بەسەر ئێراندا بسەپێنی بۆ بەچۆکدادانی..
بابەتەکانی وەک پرۆژەی مووشەکی دوورهاوێژ یانیش هەتا شەڕی نێوان ئێران ـ ئەمریکا ئامانجی پێراگەیشتنی دوبارە بە ڕێککەوتنە ئەتۆمیەکەی نێوان وڵاتانی یەک کۆ پێنجە.لەو کاتەشدا دەبێ قەبووڵی بکەین عەقڵ و بیرکردنەوەی تڕامپ هاوشێوە بازرگانەکانە.!
⭕️ سیناریۆی چوارەم: بەسووریە کردنی ئێران!
 ئەمریکا لەو بڕوایە دایە کە نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ لە گۆڕانکاری لە سنوورەکانی ئەو ناوچەیەوە مسۆگەر دەبێت،و جۆگرافیای ئێران بۆ هێرشی ڕاستەوخۆ زیاتر لە ڕادەی پێوێست گەورەیە،کەواتە دەبێ ئێران دەرگیری شەڕێکی تیرۆریستی و ناوخۆیی بکات.
لەم سیناریۆیەدا ناکارا کردنی ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی (بەرجام)لە ڕێگەی زیاتر کردنی گوشارەکانی ئابووری لە سەر ئێران و بەهێزکردنی سێگۆشەی"ترس،بێ باوەڕی و گومان" لە ناو جەماوەردا جێبەجێ دەکرێت.
کرانەوە و ئازادییە مەدەنیەکان لە ناوخۆی ئێران ئامانجی سەرەکی ئەمریکایە کە لە پاڵ پڕچەککردنی گروپە ئۆپوزیسیۆنەکانی دژە ئێران هەوڵدەدات بۆ نفوزی زیاتری ئەم هێزانە لەناوخۆی ئێران،کە ئەوەش سیاسەتی سەرەکی ئەمریکا بۆوە بەدڕێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران.
بەڵام هەر وەکوو دەبینن ئەم سیاسەتە وەڵامدەر نەبووە و هیچ هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی دژە ئێرانی لەدەرەوی سنوورەکانی ئێران نەیتووانیوە خۆی بەهێز بکات و بەرەیەکی یەکگرتوو بۆ شەڕی مەیدانی و سیاسی و دیپلۆماسی دروست بکات،لە ئاکامی بەرژەوەندیخوازی و تاک پەرەستی و کێشەی دەسەڵات و کورسی.
خۆ ئامادە کردنی ئێران بۆ هەموو سیناریۆکان یەکەمین هەنگاوی پڵانەکانە،هەڵسوکەوتی ئێران نابێت لەناو گۆڕەپانی یاری کردنی تڕامپ دا شرۆڤە بکرێت،ئەگەری هێرش کردنە سەر ئێران لاوازە و مەسەلەی سەرکەوتنی ئێران لە داهاتوودا پرسێکی ناوخۆییە،پێش ئەوەی کە دەرەکی بێت،ئەوەی کە ئێران چ ڕەفتارێک دەنوێنی زۆر ستراتیژی ترە لەوی کە وڵاتانی دەرەوە چۆن هەڵسوکەوت دەکەن..
چۆن داهاتووی نەتەوەکانی ئێران و پرسی مافی چارەخۆنووسین یەکێکە لە مژارە هەر سەرەکیەکانی ئەمرۆی ناو گۆڕەپانی سیاسیەتی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بۆ دروستکردنی کۆدەنگی نێودەوڵەتی و گوشار و سەپاندنی گەمارۆی ئابووری بەسەر دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەن وڵاتانی ئەمریکا و رۆژئاوایەوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە